نوێژە فەرزەکان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-20-02:41:00 - کۆدی بابەت: 5427
نوێژە فەرزەکان

ناوه‌ڕۆك

یەکەمین نوێژ

یەکەم نوێژ کە ئەنجام درا نوێژی نیوەڕۆ بوو، کە یەکەمین نوێژ بوو کە پێغەمبەر (د.خ) ئەنجامیدا و جبریلی فریشتە (سەلامی خودای لێبێت) بەرنوێژی بۆ کرد، نوێژکردن یەکێکە لە پێنج پایەکەی ئیسلام و یەکێکە لە گرنگترین فەرز و پایەکانی ئیسلام، نوێژکردن کاتێک لەسەر پێغەمبەر (د.خ) فەرز کرا کە لە ئیسرا و میعراج بوو.

هەروەها یەکەمین نوێژیش کە پێغەمبەر (د.خ) ئەنجامیدا لە ''مزگەوتی پێغەمبەر''ـدا نوێژی عەسر بوو، هەروەها یەکەمین نوێژیش کە لە مزگەوتی قوبا کرا نوێژی بەیانی بوو، ئەوەی کە پێغەمبەر (د.خ) نوێژی بەیانی نەکردووە لەو ڕۆژەدا مانای ئەوە نییە کە وازی لە نوێژی بەیانی هێنابێت، لەبەر ئەوەی کە نوێژ لەو کاتەوە فەرزە کە دەگات بە مرۆڤ، یەکەمجار جبریل (علیە السلام) کە پێغەمبەری فێرە نوێژکردن کرد کاتی نیوەڕۆ بوو، بەڵام بەیانی ئەو ڕۆژە دیار نەبووە کە نوێژ چۆن بکرێت.

نوێژ کەی فەرز کرا؟

نوێژ پێش ساڵێک لە کۆچکردن فەرز کرا، نوێژکردن لە پێش ئیسرا و میعراجدا تەنها دوان بوو، یەکێک لە پێش هەڵهاتنی خۆر و یەکێکیش لە پێش خۆراوابوونی، بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەم ئایەتە پیرۆزەیە: (وَسَبِّح بِحَمدِ رَبِّكَ قَبلَ طُلوعِ الشَّمسِ وَقَبلَ غُروبِها)، ئەو نوێژانە دوو ڕکات دوو ڕکات بوون، لە شەوڕەویشدا (أسراء والمعراج) پێنج نوێژ لەسەر موسڵمان فەرز کران.

نوێژە فەرزەکان

نوێژە فەرزەکان ئەو نوێژانەن کە لە شەوی شەوڕەویدا لەسەر هەموو موسڵمانێکی خاوەن بەرپرسیارییەتی و توانا (عەقڵی و جەستەیی) فەرز کراوە، کە بریتین لە پێنج نوێژە ناسراوەکە: بەیانی، نیوەڕۆ، عەسر، مەغریب، عیشا، ئەم نوێژانە لە قورئان و سوننەتدا سەلمێنراون، فیقهزان و زانایانیش لەسەر ئەوە کۆکن کە فەرزن لەسەر موسڵمان و ئیسلام بەندە بە نوێژەوە، لەبەر ئەوەی یەکێکە لە پایەکانی ئیسلام، هەروەها فیقهزان و زانایان لەسەر ئەوە کۆکن لە ژمارەی ڕکاتەکان بەم جۆرەن:

  • نوێژی بەیانی 2 ڕکات.
  • نوێژی نیوەڕۆ 4 ڕکات.
  • نوێژی عەسر 4 ڕکات.
  • نوێژی مەغریب 3 ڕکات.
  • نوێژی عیشا 4 ڕکات.


سەرچاوەکان



2753 بینین