تایبەتمەندییەکانی خەسوویەکی باش چییە؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-24-12:15:00 - کۆدی بابەت: 5507
تایبەتمەندییەکانی خەسوویەکی باش چییە؟

ناوه‌ڕۆك

تایبەتمەندییەکانی خەسوویەکی باش

کاتێک کەسێک هاوسەرگیری دەکات کەسێکی تازە دێنێتە ناو خێزانەکەیەوە و لەوانەیە لە زۆر ڕووەوە جیاواز بێت، هەر بۆیە دووچاری جۆرەها کێشە دەبنەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیاندا و بەتایەت کێشەی خەسوو کە زۆر باسی لێوە دەکرێت.

زۆر جار دایکەکان ئامانجیان خۆشبەخت کردنی منداڵەکەیانە، بەڵام بووکەکەی یاخود زاواکەی بەشێوەیەکی تر تێدەگات و هەست بە خۆهەڵقورتاندن دەکات و وادەزانێت کە خەسووی کێشەی هەیە لەگەڵیدا، بەڵام چارەسەری ئەم کێشانە ئاسانە ئەویش بەچەند ڕێگایەک.

پێش ڕەخنەگرتن تایبەتمەدی و شتە باشەکان ببینە

وەک خەسوویەکی باش پێش ئەوەی کە خاڵی لاواز و خراپە ببینیت، بەدوای دۆزینەوە و سەرنج خستنە سەر خاڵی باشدا بە، کوڕەکەشت حەز دەکات کە باسی چاکەی هاوسەرەکەی بکەیت و وەسفی بکەیت، ئەمە وادەکات پەیوەندیەکەتان زۆر پتە و باش بێت.

ڕێزبگرە لە سنووری ژیانی تایبەتییان

هەوڵمەدە وردەکاری ژیانیان بزانیت و زانیارییان لەسەر کۆکەیتەوە، لەبیرت بێت کە ماڵ سنووری تایبەتە و نابێت ببەزێنرێت، تەنانەت ئەگەر بەهۆی دڵسۆزیشەوە بێت.

پێداگیر مەبه لەسەر ئەوەی کە بە دایە بانگت بکات 

بووکەکەت یاخود زاواکەت ناچار نیین کە تۆ بە دایە بانگ بکەن، تۆش نابێت کە ئەمە بە زۆر بسەپێنیت و پێداگیری بکەیت، ئەم کارانە تەنها کاتێک جێگای ڕێزن کە بەتەواوی باوەڕ بەخۆبوونەوە بکرێن نەک بە زۆر.

پێداگیر مەبە لەسەر منداڵ بوونیان

هەموو دایک و باوکەکان ئارەزووی بینینی نەوەکەیان دەکەن، زۆر باوە کە خەسوو فشارێکی زۆر دەخاتە سەر بووکەکەی تاکوو زوو منداڵێکی ببێت بەڵام ئەمە گونجاو نییە و منداڵبوون شتێکی تایبەتی ژیانیانە.

بە بێ ئاگادارکردنەوە مەڕۆ ماڵیان

ئەوانیش وەک هەموو ماڵێکی ترن و نهێنی و تایبەتمەندی ژیانی خۆیان هەیە بۆیە هەرگیز بە بێ ئاگادارکردنەوە مەڕۆ ماڵیان.

منداڵەکەت مەهێنە ناو کێشەکانەوە

کاتێک لەگەڵ بووکەکەت یان زاواکەت کێشەت بۆ دروست دەبێت هەر لەگەڵ خۆشیدا چارەسەری بکە و منداڵەکەت تێکەڵی کێشەکە مەکە کە پەیوەندی پێوەی نییە.

ڕەفتاری ناشایستەت نەبێت

کاتێک کێشەیەکت بۆ دروست دەبێت لەگەڵ بووکەکەت یاخود زاوکەتدا تەنها ڕێگا چارەسەر قسەکردن و گفتوگۆیە، زویربوون و بێدەنگی و پشتگوێخستن یاخود توانج دان، هیچ کام لەمانە هیچ یارمەتییەکت نادەن و بەڵکوو بارودۆخەکە قورستر دەکەن.

سوپاس کردن لەبیرمەکە

ڕاستە بووک و زاوا ئەرکی سەرشانیانە کە خزمەتت بکەن چونکە تۆش لەجێی دایکیت بۆیان، بەڵام هەمیشە بۆ هەر کارێک کە بۆت دەکەن سوپاس کردن لەبیر مەکە و سوپاسیان بکە تاکوو ڕێز و خۆشەویستی زیاتر ببێت لە نێوانتاندا.

لە هیچ شوێنێک بە خراپە باسیان مەکە

چەندیش ئازاریان داویت بووک یان زاواکەت لە شوێنان و لەناو خەڵک بە خراپە باسیان مەکە، و هەرچیش ڕووبدات تازە ئێوە خێزانێکن و بە باسکردنی هیچ شتێک چارەسەر نابێت.

هەقت بەسەر پاکوخاوێنی ماڵیانەوە نەبێت

ئەگەر چی ئەم کارە لەڕووی دڵسۆزییەوەیە بەڵام بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت لەم بارەیەوە قسە مەکە.


سەرچاوەکان



644 بینین