سەوزی پیسایی منداڵی تازە لە دایکبوو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-24-14:37:00 - کۆدی بابەت: 5667
سەوزی پیسایی منداڵی تازە لە دایکبوو

ناوه‌ڕۆك

پیسایی سەوزی منداڵ نیشانەی چییە؟

پیسایی منداڵ هەر ڕەنگێک بێت نیشانەیەکە بۆ شتێک و هەندێک کات ئاساییە و هەندێک کاتیش مەترسیدارە، یەکەمین پیسایی منداڵ ڕەش و بەلای ڕەنگی سەوزێکی تۆخدا دەڕوات و پێی دەڵێن (میکۆنیەم) کە لە شلەی ئەمنیۆتیک و لینجە ماددە خانەکانی پێست و شتی کە دروست بووە لەماوەی کۆرپەلەیدا و لە سکی دایکیدا، ئەم پیساییە بۆنێکی تایبەتی نییە.

دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر لەدایکبوونی منداڵەکەدا ڕەنگی پیساییەکەی کاڵتر دەبێتەوە و ئەم گۆڕانکاری ڕەنگە نیشانەی جوان کارکردنی کۆئەندامی هەرسی منداڵەکەیە.

پیسایی ئاسایی منداڵ چ ڕەنگێکە؟

کاتێک منداڵ شیری دایکی بخوات پیساییەکەی شل و زەردێکی زیرەییه کە بۆنی ترشاوی دەدات و تا کاتێک کە شیری دایک بخوات و هیچی تر نەخوات هەر ئاوا دەبێت، ئەو منداڵەی شیری وشک دەخوات ڕەنگی پیساییەکەی زەردێکی کاڵ و ڕەق و ترش یان تفتە و بۆنێکی زۆری هەیە.

ژمارەی پیسایی کردنی منداڵ لە ڕۆژێکدا

٤ تا ٧ جار لە ڕۆژێکدا ئاساییە بۆ ئەو منداڵانەی کە شیری دایکیان دەخۆن و بەڵام ئەوانی شیری وشک دەخۆن کەمترە.

هۆکار چییە کە منداڵ پیساییەکەی سەوز دەبێت؟

هۆکاری سەوزی پیسایی منداڵ بەهۆی خێرا کارکردنیکۆئەندامی هەرسکردنیەوەیەتی کە ڕەنگەکانی زراو فریای گۆڕینی ڕەنگ ناکەون لە ڕیخۆڵەدا، هەروەها دایکانی شیردەر دەبێت دوورکەوێتەوە لەو خواردنانەی کە دەبنە هۆی غازاتی ناوسک و چونکە کاریگەری دەخەنە سەر شیری دایکەکە.

ئایا پیسایی سەوزی منداڵ نیشانەی سەرمابوونیەتی؟

زۆرێک ئەمە دەڵێن و بەڵام ڕاست نییە چونکە تاکوو ٦ هەفتەی ڕەنگی پیسایی هەر منداڵێک سەوز دەبێت.

پیسایی بە ڕەنگی سەوزی تۆخ

ئەگەر منداڵەکەت شیری خۆت دەخوات و تەواوکەری ماددەی ئاسنی پێ دەدەیت یاخود شیرێکی وشک دەخوات کە ماددەی ئاسنی تێدایە ئەوە هۆکارەکەی ئەو ئاسنەیە و جێگای نیگەرانی نییە لە حاڵەتێکدا کە منداڵەکە وەک جاران شیر بخوات و حەزی نەگۆڕابێت، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێکدا منداڵەکە حەزی بۆ شیر نەما ئەوا دەبێت بیبەیتە لای پزیشک.

پیسایی بە ڕەنگی سەوزی کاڵ

کاتێک کە شیری دایک شیرین و ئاودارترە منداڵەکە زیاتر حەزی لێیە و زیاتر دەیخوات وەک لە شیری خەست و چەور بۆیە ڕەنگی پیساییەکەی دەبێت بە سەوزی کاڵ و جێگای نیگەرانی نییە، بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتەش پێویستە دایکەکە وەک و یەک هەردوو مەمکی بدات بە منداڵەکەی تاکوو هاوسەنگ بێت.

تێبینی: ئەگەر ڕەنگی پیسایی منداڵەکە مەیلەو زەرد بێت و تاڵی لینج و بریقەدار بێت نیشانەی بوونی لینجە مادەیە لەناو پیسایەکەیدا و نیشانەیەکە بۆ هەوکردن کە پێویستە پزیشک بیبینێت.


سەرچاوەکان



4822 بینین