ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر خانماندا دێت دوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-24-20:24:00 - کۆدی بابەت: 5673
ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر خانماندا دێت دوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

گۆڕانکاری دوای منداڵبوون

منداڵبوون ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش و جوانە بۆ دایکان، کە گۆڕانکاری زۆری بەدوادا دێت چ لە لایەنی جەستەییەوە و چ لە لایەنی دەرونییەوە، دایکان ٩ مانگ منداڵێک پەروەردە دەکەن لە منداڵدانیاندا و ناچارن بەرگەی زۆر گۆڕانکاری قورس بگرن لەم ماوەیەدا تاکوو منداڵەکە لەدایک دەبێت بەڵام دوای لەدایکبوونیشی گۆڕانکارییەکان هەر بەردەوام دەبن و کاریگەری منداڵبوونەکە لەسەر جەستەی دایکەکە دەمێنێتەوە.

گۆڕانکاریەکانی کاتی دووگیانی دوای لەدایکبوونی منداڵەکە نامێنن بەڵام لەبری ئەوە گۆڕانکاری تر ڕوودەدات لە جەستەی دایکەکەدا.

ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر خانماندا دێت دوای منداڵبوون

مەمکت گەورەتر دەبێت لە ئاستی ئاسایی

مەمکی خانمەکە بە ڕادەیەک گەورە دەبێت کە لەکاتی دووگیانیشدا بەوشێوەیە نەبووە، دوای منداڵبوون هۆڕمۆنەکان پەیامێک دەنێرێن بۆ مەمکەکان و ڕایدەگەیەنن کە کاتی بەرهەمهێنانی شیر دەستی پێکردووە و یەکەم شیری دایکیش بەناوی ژەک کە پڕە لە ماددەی باش و پڕ وزە و بۆ منداڵەکە زۆر گرنگە و هەروەها یارمەتی منداڵەکە دەدات کە یەکەمین پیسایی خۆی بکات، دوای دوو بۆ سێ ڕۆژ مەمکت زۆر گەورەتر و ڕەقتر دەبێت و کە دەبێتە هۆی دڵگرانیەکی زۆری دایکەکە.

زێ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەئاوسێت و شین دەبێتەوە

زێ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەئاوسێت و شین دەبێتەوە بۆئەوەی ئەم حاڵەتە کەم ببێتەوە واباشترە دایکەکە لەجێی دانیشتن بەردەوام پاڵبکەوێت و پشوو بدات، و ئەگەریش ناچار بوو دانیشێت با لەسەر شتی نەرم و سەرین دانیشێت نەک کورسی ڕەق و با جلەکانی ژێرەوەت و ئەو سانتیەی بەکاری دەهێنیت بەشێوەیەک بێت کە ئازار و هەڵئاوسانەکە زیاتر نەکات.

لەناکاو کێشت دادەبەزێت

بە درێژای هەفتەی یەکەمی دوای منداڵبوون، خانمەکە کێشێکی زۆر لەدەست دەدات ئەویش بەهۆی ئەوەوەیە دایکەکە زۆر میز دەکات و زۆریش ئارەق دەکاتەوە و ئەگەریش شیرت تێدایە و شیری خۆت دەدەیت بە منداڵەکەت دەبێت چاوەڕێ بکەیت کە جەستەت زیاتر دابەزێت.

منداڵدانت گرژ دەبێت

بەردەوام منداڵدانت گرژ دەبێت و ئازاری دەبێت و شیردانت دەتوانێت ئەم گرژبوونانە خێراتر بکات، و هەندێک جار دەکرێت زۆر بەئازار بێت وەک ئازاری سوڕی مانگانە، بەکارهێنانی شتی گەرم بۆ سەر سکت ئازارەکەت کەمتر دەکاتەوە و هەروەها بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن (بەوریاییەوە و پرسی پزیشک چونکە شیر دەدەیت)

خوێنبەربوونت هەیە

چ منداڵبوونی سروشتی بێت یاخود منداڵبوون بە نەشتەرگەری دوای منداڵبوونەکەت تووشی خوێن بەربوون دەبیت، و ماوەی هەفتەیەک خوێنبەربوونەکە زۆرە و ئەم خوێنبەربوونەش بەسوودە بۆ پاکبوونەوەی منداڵدان و جەستەت لەهەر پیسییەکی دوای منداڵبوون، لە هەفتەی یەکەم دا خوێنبەربوونەکە توند و بەردەوام و قورسە و ڕەنگەکەی سورێکی ڕوونە و دوای ئەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی قاوەییەکی ژەنگاوی و هێواشتر و کەمتریش دەبێتەوە، ئەگەر لەکاتی خوێنبەربووندا گرێ گرێ و تۆپەڵ بوو خوێنەکە لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا ئەوا سەردانی پزیشک بکە چونکە لەوانەیە تووشی خوێنبەربوونی نائاسایی بووبیتەوە.

ناوچەی حەوزت پێویستی بە چاودێری دەبێت

بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی کە کاتی منداڵبوون لەسەر ناوچەی حەوزت هەیە و زۆر دەکشێت دواتر دەبێتە هۆی ئازار و لەوانەیە خانمەکە میزی بۆ ڕاگیر نەکرێت کە ئەمەش هیچ جێگای شەرم نییە و ئاساییە، و هەوڵبدە بۆ باشبوونەوەت کەم بە پێوە ڕاوەستە و زۆرینەی کاتەکان پاڵبکەوە و زۆر مەجوڵێ.

ئاوسانی سک تا ماوەیەکیش دوای منداڵبوون

شیردانت بە منداڵەکەت وادەکات کە پێستت ساف و ڕێک ببێتەوە و هەروەها منداڵدانیشت گرژ ببێت و سکت بگەڕێتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی و هەروەها خواردنی سەلامەتیش زۆر گرنگە بۆ دابەزاندنی سکت.

لەوانەیە قژەکانت جوانی و ڕەونەقی خۆیان لەدەست بدەن

لەکاتی دووگیانیدا قژت پڕ دەبێت و قورس دەبێت بەڵام دوای منداڵبوون قژت هەڵدەوەرێت و جوانی خۆی لەدەستت دەدات، خانمان نیگەران مەبن ئەم حاڵەتە تەنها چەند مانگێکە و دواتر قژت دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی و ئاگاداربە بۆ ئەم حاڵەتە هەرگیز ماددە جوانکارییە کیمیاییەکان بەکارمەهێنە چونکە زیانی هەیە بۆ خۆت و بەتایبەت بۆ کۆرپەکەت کە شیری پێ دەدەیت.

تەقەڵەکانت پێویستیان بە چاودێری هەیە

ئەگەر تەقەڵی سروشتی ناوچەی زێت هەیە بە پاکوخاوێنی ڕایگرە و بە خۆشۆردن و هەروەها شۆردنی بە ئاوی شلەتێن و خوێ پاکیبکەرەوە، و دەتوانیت لەماڵەوە جلی ژێرەوە لەبەرنەکەیت تا ئازاری تەقەڵەکانت نەدات.

جوتبوون دوای چاکبوونەوەی تەقەڵەکان ئازاربەخشە بۆ خانمەکە و بۆیە دەبێت وریابن و هەروەها ئەگەر نایانەوێت منداڵیان ببێتەوە ئەوا ڕێگری بکەن چونکە مەرج نییە شیردان ڕێگری بکات لە دروستبوونی منداڵ و بەدڵنییایەوە لەکاتی شیردانیشدا خانمان دەتوانن دووگیان ببن.

ئەگەریش بە ڕێگای نەشتەرگەری منداڵت بووە و تەقەڵەکانت ڕەش بوونەتەوە و ڕەنگی پێستی سکتی گۆڕیووە و هەروەها ئاوسان و سووربونەوەشی هەیە دەتوانیت بە ئاوی گەرم و سابوون پاکیبکەیتەوە و بهێڵیت وشک ببێتەوە بە هەوا ئینجا دایبۆشیت.

تێکچوونی هەستەکانت

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ٪٨٠ـی دایکان دوای منداڵبوون تووشی قەلەقی و خەمۆکی و بێتاقەتی بوونەتەوە و هەستەکانیان گۆڕاوە، و بەڵام ئەم هەستانە زۆر جار زوو لادەچن و بەردەوام نابن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەم پەستانە دەروونیانەت لەسەر بوو و زیادی کرد ئەوا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بکەیت لەوانەشە دووچاری لەبیرچوونەوە ببیت ماوەیەک بەڵام ئەمە ئاساییە و بەهۆی منداڵبوونەکەت و مەشغوڵبوونە پێوەی.


سەرچاوەکان



6775 بینین