منداڵبوون بە نەشتەرگەری

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-25-15:33:00 - کۆدی بابەت: 5677
منداڵبوون بە نەشتەرگەری

ناوه‌ڕۆك

نەشتەرگەری منداڵبوون چۆن ئەنجام دەدرێت؟

لەکاتێکدا دایک نەتوانێت بە شێوەیەکی سروشتی منداڵی ببێت، ئەوا پزیشک بڕیار دەدات کە نەشتەرگەری بۆ بکات و بە نەشتەرگەری منداڵی ببێت.

نەشتەرگەری منداڵبوون بە چوار هەنگاو دەکرێت

سڕکردن

سڕکردن و بێهۆش کردنی خانمەکە کە ئەمیش دوو جۆری هەیە، سڕکردنی گشتی و سڕکردنی نیوه، و زیاتر سڕکردنی نیوە ئەنجام دەدرێت و بە دەرزی لێدان لە بەشی خوارەوەی دڕکەپەتک.

لەم سڕکردنەدا دایکەکە ئاگادارە و هۆشی هەیە و تەنها ناوچەی حەوزی و قاچەکانی سڕکراون و هەستیان پێناکات، بەڵام ئەگەر دایکەکە ڕازی نەبێت بە سڕکردنی نیوە ئەوا سڕکردنی گشتی بۆ دەکەن کە زیان و مەترسی زۆری هەیە بۆ سەر دایک و منداڵەکە و لەم سڕکردنەدا دایکەکە بەتەواوەتی بێهۆش دەبێت و ئاگای لەخۆی نامێنێت.

بڕینی پێستەکە

لە هەنگاوی دووەمدا پزیشک بڕینی پێست دەست پێدەکات، پزیشکەکە بەپێی ئەزموونی خۆی بڕیار دەدات کە بڕینەکە ستوونی بێت یاخود ئاسۆیی، ئەم بڕینە بە مەودای ٢.٥ سانتیمەتر دوور لە ناوچەی زێ دەکرێت و واتە دوورترین ئاستی سکی دایکەکە و بەگشتی پزیشک بەشێوەیەکی ئاسۆیی دەیبڕێت و بەڵام ئەگەر حاڵەتێکی نەخوازراو بێت و پزیشکەکە بیەوێت زووتر بگات بە منداڵدان ئەوا بەڕێگای ستوونی دەیبڕێت.

بڕینی منداڵدان

لە هەنگاوی سێیەمدا بۆ هێنانە دەرەوەی منداڵەکە بڕینێک بەشێوەیەکی ستوونی بە ئەندازەی منداڵەکە دەکرێت لە منداڵداندا و دواتر منداڵەکە لە منداڵدان دەردەهێنرێت و لەهەمان کاتیشدا وێڵاشەکەش دەردەهێنرێت.

دوورینەوە

لە هەنگاوی کۆتاییدا، هەموو بڕینەکان دەدورێنەوە و دوورینەوەکان دوورینەوەی گۆشتین.

دوای تەواوبوونی نەشتەرگەریەکە دایکەکە دەبرێتە قاوش و دوای ئەوەی کاریگەری دەرمانە بێهۆشکاریەکانی لەسەر نەما و هۆشی هاتەوە، دەبێت وردە وردە دەست بکات بە ڕۆشتن و خواردنەوەی شلەمەنی.

نەشتەرگەری منداڵبوون چەند کات دەخایەنێت؟

لەو کاتەوەی کە دایکەکە دەچێتە ژووری نەشتەرگەری تاکوو دەرهێنانی منداڵەکە ١٠ تاکوو ١٥ خولەک دەخایەنێت.

چ کاتێک نەشتەرگەری منداڵبوون دەکرێت؟

هەندێک کات هەندێک خانم بەهۆی ترسیان لە منداڵبوونی سروشتی پەنا دەبنە بەر نەشتەرگەری و بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکیان هەبێت بۆ منداڵبوونی سروشتی داوا دەکەن نەشتەرگەریان بۆ بکرێت.

بەڵام هەندێک کات بەهۆی هەندێک هۆکاری تایبەتەوە پزیشک بڕیار دەدات کە دایکەکە بە چ ڕێگایەک منداڵەکەی ببێت و لە هەندێک حاڵەتدا کە ناتوانێت بە سروشتی منداڵی ببێت دەبێت بە نەشتەرگەری منداڵەکەی لێ دەربهێنن.

بۆ چ حاڵەتێک نەشتەرگەری منداڵبوون پێویستە؟

  • دایکەکە بۆ منداڵبوونەکانی پێشتری هەر بە نەشتەرگەری منداڵی بووبێت.
  • کاتێک کە منداڵەکە پیسایی کردبێتە ناو منداڵدانی دایکەکەوه.
  • کێشەی هاتنەخوارەوەی وێڵاش
  • هاتنەخوارەوەی ناوکەپەتک
  • لێبوونەوەی ناوکەپەتکی منداڵەکە لە منداڵدانی دایکەکە.
  • نیشانەکانی تەنگەنەفەسی توندی منداڵەکە دوای ٢٤ هەفتەیی
  • هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێی خانمەکە 
  • گیربوونی شانی منداڵ کاتی لەدایکبوونی بە ڕێگای سروشتی 
  • دایکەکە شەکرەی هەبێت
  • منداڵەکە کێشی لە ٤.٥ کیلۆگرام زیاتر بێت.
  • بوونی کێشە لە منداڵداندا
  • ئەو دایکانەی توشبووی نەخۆشی ڤایرۆسی و گواستراوەن وەک (ئایدز)

سوودەکانی منداڵبوون بە نەشتەرگەری

تاکە سوودی منداڵبوون بە نەشتەرگەری ئەوەیە کە خانمەکه نەتوانێت بەهۆی کێشەیەکەوە بە سروشتی منداڵی ببێت و منداڵبوونی سروشتی مەترسی بێت بۆ گیانی خۆی و منداڵەکەی، بۆیە لەم کاتەدا منداڵبوون بە نەشتەرگەری تاکە ڕێگایە و سوودبەخشە.

زیانەکانی منداڵبوون بە نەشتەرگەری

  • ئەگەری بوونی هەوکردن لە منداڵدان و زێی ئافرەتەکە لەو خانمانەدا زیاترە کە بە نەشتەرگەری  منداڵەکەیان دەبێت بەتایبەت ئەگەر نەشتەرگەریەکە لەلایەن کەسێکی شارەزاوە نەکرابێت و سەرکەوتوو نەبێت.
  • چاکبوونەوە دوای منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیاتری پێدەچێت و بەمەش کەمتر دەتوانیت چاودێری منداڵەکەت بکەیت.
  • کاتێک بە نەشتەرگەری منداڵت دەبێت خوێنێکی زیاترت لێ دەڕوات و ئەگەری خوێنبەربوون زۆر زیاترە هەر بۆیە دوای منداڵبوونەکە پێویستە خواردنی باش بخۆیت تاکوو قەرەبووی ئەم حاڵەتە بکەیتەوە.

تێبینی: لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەرگیز خۆت بڕیار مەدە کە منداڵەکەت بە چ ڕێگایەک ببێت و پرس بە پزیشک بکە و ئەو پێویستە بڕیار بدات و ئەگەریش هیچ کێشەیەکیشت نەبوو ئەوا هەرگیز منداڵبوون بە نەشتەرگەری هەڵمەبژێرە.


سەرچاوەکان



12953 بینین