پڕۆژەی مانگی خۆشەویست

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-03-02:21:00 - کۆدی بابەت: 5726
پڕۆژەی مانگی خۆشەویست

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

پڕۆژەی دیەرموون یاخود مانگی خۆشەویست، بریتییە لە گەشتێکی ئاسمانی بۆ سەر مانگ کە پێداویستییە داراییەکانی لەلایەن ملیاردێری ژاپۆنی یوساکو مەیزاوا (Yusaku Maezawa) دابین دەکرێت، ئەم گەشتە سوود لە کەشتی ستارشیپی سپەیس ئێکس  (SpaceX Starship) وەردەگرێت بۆ ئەنجامدانی یەک سوڕانەوە بەدەوری مانگدا، سەرنشینەکانی ئەم گەشتە پێکدێت لە یوساکو مەیزاوا و هەشت کەسی تر لەگەڵ دوو ئەندامی کەشتییەکە، ئەم پڕۆژەیە لە ئەیلولی سالی 2018 ئاشکرا کرا و چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی 2023 ئەنجام بدرێت.

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە هەڵگرتنی 6 بۆ 8 سەرنشین لەگەڵ یوساکو مەیزاوا بۆ گەشتکردن بەبێ بەرامبەر، مەیزاوا چاوەڕێی ئەوە دەکات کە ئەم گەشتە ببێتە هۆی هاندانی سەرنشینەکان بۆ ئەنجامدان و دروستکردنی کاری نوێ و جیاواز.

یوساکو مەیزاوا پێشتر لە ساڵی 2017 دا پەیوەندی بە کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم گەشتە بە کەشتییەکی بچووکتر، کە ناوی کەشتییەکە بریتییە لە دراگۆن 2 (Dragon 2) کە بەیارمەتی فاڵکۆن هێڤی (Falcon Heavy) هەڵدەدرا بەڵام ئەم کەشتییە بچووکە و تەنها جێگای 2 سەرنشینی تێدا دەبێتەوە، بە پێی بڵاوکراوەیەکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئەم پلانەی فالکۆن هێڤی ئەنجام نادرێت بەبۆنەی کەشتی ستارشیپ کە لە کەشتی دراگۆن 2 باشتر دەبێت.

تا ئێستا (واتا ساڵی 2021) کەشتی ستارشیپ لەبەرهەمهێنان و بەرەوپێشبردندایە، گەشتەکە بە سەرنشینەکانەوە ئەنجام نادرێت تاکوو بە تەواوەتی کەشتییەکە تاقیدەکرێتەوە و گەشتێکی بێ سەرنشین ئەنجام دەدات بە دەوری مانگدا.

مێژوو

لە مانگی شوباتی ساڵی 2017، کۆمپانیای سپەیس ئێک ڕایگەیاند کە پلانی ئەوەیان هەیە کە 2 گەشتیار بنێرنە بۆشایی ئاسمان بۆ ئەنجامدانی یەک سوڕ بەدەوری مانگدا، کە سەرنشینەکان بریتیبوون لە یوساکو مەیزاوا و هاوڕێیەکی، ئەم گەشتە بڕیار بوو لە کۆتاییەکانی ساڵی 2018 ئەنجامبدرێت بە بەکارهێنانی کەپسوولی کریو دراگۆن 2 (Crew Dragon 2) کە لەژێر گرێبەستی ناسادا دروستکرابوو و بە یارمەتی موشەکی فاڵکۆن هێڤی (Falcon Heavy) هەڵدەردرێت.

لە کاتی ئەو ڕاگەیاندنەدا هێشتا کەپسوولی کریو دراگۆن 2 لە ژێر دروستکردندا بوو، هەروەها هێشتا موشەکی فاڵکۆن هەڵنەدرابوو، بۆیە بەپێی شیکردنەوەکان دەرکەوت کە ئەو کاتەی کە کۆمپانیای سپەیس ئێکس ڕایگەیاندبوو هیوایەکی بەرزەفڕە و کاتێکی زۆری دەوێت تا تاقیکردنەوە ئەنجامدەرێت لەسەر موشەکەکە و ئامادە دەبێت بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە.

لە شوباتی ساڵی 2018 کۆمپانیای سپەیس ئێکس ڕایگەیاند کە چیتر کەپسوولی کریو دراگۆن 2 بەکارناهێنن بۆ ئەنجامدانی گەشتەکە، بەڵکو کەشتی ستارشیپ بەکاردەهێنن، پاشان لە 14ـی ئەیلولی 2018 کۆمپانیای سپەیس ئێکس ڕایگەیاند کە ئەو سەرنشینەی کە گرێبەستی لەگەڵدا کراوە (واتا یوساکو مەیزاوا) بە کەشتی ستارشیپ گەشت دەکان بە دەوری مانگدا کە لە ساڵی 2023 ئەنجام دەدرێت.

دەستە

لە 7ـی شوباتی ساڵی 2019 لە چانێڵی یوتوبی پڕۆژەی دیەرموون ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا یوساکو مەیزاوا چاوپێکەوتن دەکات لەگەڵ دەیمیێن شازێڵ (Damien Chazelle) کە دەرهێنەری فیلمی (First Man)ـە لەگەڵ ڕایان گۆسلین (Ryan Gosling) کە ئەکتەری سەرەکی فلیمەکەیە، لە چاوپێکەوتنەکەدا بە ئاشکرا یوساکو مەیزاوا بانگهێشتی دەیمیێن شازێڵ دەکات، کە شازێڵ یەکەم کەسە کە بە ئاشکرا بانگهێشت بکرێت بۆ گەشتەکە، بەڵام شازێڵ لە وەڵامدا دەڵێت کە پێویستە بیری لێبکاتەوە و هەروەها دەبێت لەگەڵ خێزانەکەیدا باسی بکات.

لە 3ـی مارتی ساڵی 2021 یوساکو مەیزاوا ڕایگەیاند کە هەشت کەس هەڵدەبژێرێ بۆ بەشداربوون لە گەشتەکەی دیەرموون.

ئامانجی گەشتەکە

سەرنشینەکانی گەشتی دیەرموون پێکدێت لە یوساکو مەیزاوا لەگەڵ شەش بۆ هەشت هونەرمەندی بەهرەمەند کە مەیزاوا خۆی هەڵیادەبژێرێت و بەبێ بەرامبەر لەگەڵیدا گەشت دەکەن، لەگەڵ دوو کەشتیوان و چەند فڕۆکەوانێکی سپەیس ئێکس.

یوساکو مەیزاوا دەیەوێت هانی ئەو هونەرمەندانە بدات کە لەگەڵی دێن و هەروەها دەیەوێت ئەم گەشتە ببێتە هۆی دروستبوونی هونەرێکی نوێ، کە پاش گەڕآنەوە لە گەشتەکە هونەرەکان لە پێشەنگایەکدا پێشکەش دەکرێن.

ئەو هونەرمەندانەی کە یوساکو مەیزاوا بانگهێشتی کردوون بۆ گەشتەکە:

دەیمیێن شازێڵ (Damien Chazelle)، دەرهێنەری فیلم. (بەڵام هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)

کورتەی گەشتەکە

گەشتەکە لە ساڵی 2023 ئەنجامدەدرێت، کە بریتییە لە سوڕانەوە بە دەوری مانگدا، کە چاوەڕێ دەکرێت ماوەی شەش ڕۆژ بخایەنێت، هەروەها لە ساڵی 1970 گەشتی ئەپۆلۆ 13 هەمان ڕێگای بەکاردەهێنا کە گەشتی دیەرموون دەیەوێت بەکاری بهێنێت.


سەرچاوەکان



871 بینین