مانگ

له‌لایه‌ن: - یوسف علی - به‌روار: 2021-05-12-13:58:00 - کۆدی بابەت: 18
مانگ

ناوه‌ڕۆك

مانگ

هەروەها پێی دەوتریت ھەیڤ (بەئینگلیزی: Moon، بەعەرەبی: القمر) بەکار ئەھێنرێت بۆ ئاماژەدان بەھەر تەنێکی ئاسمانی یان دەستکرد، کە بە خولگەیێکی دیاری کراو بەدەوری زەویدا ئەسووڕێتەوە ، یان ھەر ھەسارەیەکی تر ، بۆ نموونە ھەسارەی کەیوان ھەژدە مانگی - پاشکۆی ھەیە . مانگ ناوێکی تریشی ھەیە، کە ھەندێ جار پێی ئەگوترێت (لونا) ، لایەکی تری مانگ کە لەسەر زەویەوە نابینرێ پێی ئەوترێ (لای - تەنیشتی - دوور) ، یان (ڕووی تاریک) ، بۆیە ئەم ناوەی پێ دەوترێ چونکە مرۆڤ ناتوانێ لەسەر زەوی بیبینێ، وە ئەگەر گالیسکەیەکی بۆشایی بچێ بۆ ئەم ڕووە تاریکە ، پەیوەندی بێ تەلیش ئەپچڕێ لە نێوان زەوی و گالیسکەکەدا. لەم وتنانەش مەبەست مانگە ناسراوەکەی نێو خەڵکانە ، مانگی پاشکۆی زەوی.

 

جوڵەی مانگ

مانگ نزیکەی چوار ھەفتە جارێک خولێک بە دەووری زەویدا لێ ئەدات، وە لەدوای تێپەڕ بوونی ھەر کاتژمێرێک، بە ئەندازە نیو پلە ئەجوڵێ ، و ڕۆیشتنەکەشی بەسەر خولگەیەکە کە لار ئەبێتەوە بەسەر بازنەی کۆشک (zodiac) بە نزیکەی پێنج پلە. خولانەوەی مانگ بە دەووری زەویشدا ، بە پێوەری مانگە ئەستێرەییەکان، و مانگە نزیکەکان ئەبێ.

خولی ئەستێرەیی

بریتیە لەم ماوە کاتییەیی کە مانگ پێویستی ئەبێ بۆ ئەوەی خولێک لێ بدات بەدەوری زەویدا، لە ئاست ئەستێرەکان، کە (27) ڕۆژ و سێ چارەکە ڕۆژ ئەخایەنێت.

خولی لێک نزیک بوونەوەیی

بریتیە لەو ماوە کاتیەی مانگ پێویستی پێیەتی، بۆ ئەوەی خولێک لێبدات، بە دەوری زەویدا ، لەئاست ڕۆژ، کە (29) ڕۆژ و نیو ئەخایەنێت ، مانگ ھەمان کاتیشی پێویستە بۆ ئەوەی خولێکی تەواو لێبدات بە دەوری خۆیدا، ھەر بۆیە ئەو کەسەی کە سەیری مانگ ئەکات، تەنھا ئەم ڕووەی مانگ ئەبینێ.

 
مانگ و زەوی ، پیشاندانی دووری نێوانیان و قەبارەیان هەروەها ئەو هێڵە زەردە بریتییە لە تیشکی ڕووناکی کە لە زەوییەوە بۆ مانگ دەچێت بە ماوەی (1.26) چرکە
 

کاریگەریەکانی مانگ لەسەر زەوی

مانگ چەندەها کاریگەری هەیە لەسەر زەوی:

  1. دروست بونی هەڵچوون و داچوون لە زەریاکاندا.
  2. دروست بوونی وەرزەکانی ساڵ.
  3. جێگیر کردنی تەوەرەی خولانەوەی زەوی.

 

تایبەتمەندیەکانی مانگ

بەھۆی ئەم ھاوکاتییەی کە مانگ وەری ئەگرێ، بۆ خولانەوە بە دەووری خۆی ، و خولانەوە بە دەووری زەویدا، خەڵکانی سەر زەوی تەنھا ئەم ڕووە ئەبینن کە ڕوو بە ڕووی زەویە، و ناگۆڕدرێ. جوڵان و خولانەوەی مانگ بەدەووری زەویدا کاریگەری ئەبێ بەسەر دەریا و زەریاکانی زەویدا، وە ئەبێتە ھۆی دیاردەی ھەڵکشان و داکشان. ھەر لە کۆنیشەوە زانایان ناکۆکن لەسەر سەرەتا و چۆنیەتی سەرھەڵدانی مانگ، بەڵام بە بۆچوونی زۆرینەی گەردوونناسان، کاتی خۆیی و لە زوودا زەوی تەنێکی گەورەی بەرکەوتووە، کە بە ئەندازە بە قەد ئەندازەی مەریخ ئەخەمڵێندرێت، و لەکاتی بەرکەوتنەکەشدا، زەوی ھەندێک پارچەی لێ دەبێتەوە، و بڵاوبووەتەوە و پاشان یەکیان گرتووەتەوە ، و ئەم مانگەیان دروست کردووە، ئەم بیردۆزەش بە بیردۆزی "بەریەککەوتنی گەورە" ئەناسرێ، لە مانگی 8 ساڵی 2001دا زانایان کاریان کرد بۆ لێک چوواندنی بیردۆزی بەریەککەوتنی گەورە، وە لەسەر پێگەش بڵاو کرایەوە، لە وێکچوونی پێکھاتەکانی مانگ، بەم کانزاییانەی کە ھەن لەسەر ھەسارەی زەوی، بیردۆزی بەریەککەوتنی گەورەی پەسەند و وەرگیراوتر کرد لە ناوەندە زانستییەکاندا.

 

پێکھاتەکانی مانگ

بەر لە چوار ملیار ساڵ و نیو ، ڕووی مانگ داپۆشرابوو بە بڵێسە گڕکانییە ھەڵگیرساوەکان ، کە وەک زەریا وابوون. توێکڵی مانگیش لەم پێکھاتە سەرەکیانە پێک ھاتووە: (یۆرانیۆم، وپوریوم، پۆتاسیۆم، ئۆکسجین، سلیکۆن، مەگنیسیۆم، ھایدرۆجین) و کاتێکیش کە تیشکە گەردوونیەکان ئەکەون بەسەر ئەم پێکھاتە سەرتاییانە، ئەوا ئەم پێکھاتانە ھەڵدەستن بەڕەنگدانەوەی ئەم تیشکانە، بە تایبەتمەندی جۆرا و جۆر ، کە پشت ئەبەستێ بە سروشتی پێکھاتەی یەکەمی ھەڵگێرەڕەوەی تیشکەکان ، و بە شێوەی تیشکەکانی (گاما) ، شایانی باس کردنە، ھەندێک لە پێکھاتە سەرتاییەکانی سەر ڕووی مانگ، تیشکەکانی گاما دەر ئەدەن بێ ئەوەی پێویستیان بەبەرکەوتنی پێکھاتە سەرتاییەکان ھەبێ، بۆ ھەر جۆرێکی تیشکی گەردوونی، وەک (یۆرانیۆم، پۆتاسیۆم، پوریوم).

 

بوونی ئاو

زۆر جاران (نەیزەک) و ئەستێرە کلکدارەکان خۆیان بە مانگدا داوە، ئەمەش بە ڕوو ئەبینرێ لە چاڵەکانی سەر رووی مانگ، زۆریش لەم (نەیزەک) و ئەستێرانە ئاویان ھەڵگرتووە، و کەوتۆتە سەر ڕووی مانگ لەگەڵ ئەم نەیزەک و ئەستێرانە، وە کە گەرمایی خۆریش بەر ئاوەکە ئەکەوێ یەکسەر ئاوەکە ئەگەڕێتەوە بۆ پێکھاتە سەرەکیەکانی - ھایدرۆجین - ئۆکسجین و بڵاو ئەبێتەوە بە بۆشاییدا ، و ئەگەری بوونی ئاویش وەک خۆی بمێنێتەوە ، یان ئەوەتا لەسەر ڕووی مانگ، یان لە ژێر توێکڵەکەیەتی، و ئەندازە و بڕی ئاوەکەش بەیەک بلیۆن مەتری چوارگۆشە مەزندە ئەکرێ.

 

خۆر گیران و مانگ گیران

مانگ ئەگیرێ ئەو کاتەی کە زەوی ئەکەوێتە نێوان تیشکی خۆر، و بەشێک لە مانگ یان ھەمووی، چونکە سێبەری زەوی ئەکەوێتە سەر مانگ، ئەو کاتەی کە زەوی لەسەر ڕێرەوی خۆیدا بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، و خەڵکانی سەر زەوی مانگ وا ئەبینن، کە بەشێک لە ڕووناکیەکەی پچڕاوە. لێرەوەش ئەوە باس ئەکەین کە، مانگ خۆی ھیچ ڕووناکییەکی سروشتی خۆی نییە ، و ئەم ڕووناکیەی کە لێشی ئەدرەوشێتەوە، ڕەنگدانەوەی تیشکی خۆرە، وە بۆ زەوی دێتەوە، وە خەڵکانی سەر زەوی ئەیبینن وەک ڕوناکیەکی درەوشاوە. ھیچ کاتێکیش دیاردەی مانگ گیران ڕوونادات، تەنھا ئەم کاتەی کە مانگ تەواو بێ - مانگی چواردە - خۆر گیرانیش لەم کاتەدا ڕوودەدات کە مانگ بەری تیشکی خۆر ئەگری لەزەوی، لەسەرتای تەواو بوونی مانگ، واتە لە کاتی کەوانە بوونی مانگ.

 

دۆزینەوەکانی مانگ

وێنەی هەسارەی زەوی لەسەر ڕووی مانگەوە کە لە کۆتایی ساڵی (1968ز) وێنەی گیراوە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی ئەپۆلۆی 8 لەلایەن دەزگای ناسا

یەکەم کەسێک کە ھەڵسابێت بە دۆزینەوەی بەشە تاریکەکەی مانگ، گالیسکەی بۆشاییگەری سۆڤیەتی (لۆنا 2) بوو، کاتێک کە ھەڵسا بە ھەندێ گەشتی خولگەیی بە دەووری مانگ، لە (15)ـی سێبتێمبەری ساڵی (1959)ز، یەکەم کەس پێی نابێتە سەر ڕووی مانگ (نیل ئارمسترۆنگ)ـی ڕێبەری گالیسکەی بۆشاییگەری ئەمریکی (ئەپۆلۆ 11) بوو ، لە (20)ــی یۆلیۆی ساڵی (1969)ز. ئەمە لە کاتێکدا کە شەڕی ساردی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤیەت لە لووتکەدا بوو، بۆیەش ئەم دەستکەوتە ئەمریکییە پێشبڕکێیەکی دروست کرد، بەرە و بۆشایی لە نێوان یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتە یەکگرتووەکان. جا گەشتیاری بۆشایی (نیل ئارمسترۆنگ) تابلۆییەکی کانزایی لەسەر مانگ دانا، کە تیایدا نووسرا بوو (لێرەوە بۆ یەکەم جار ھێنری یەکەم پیاوی ھەسارەی زەوی پی دانا سەر مانگ، و لە مانگی یۆلیۆ، لە ساڵی (1969)ز، بە ئاشتی ھاتووین بەناوی هەموو مرۆڤایەتی) ، ھەرسێ گەشتیارەکە واژووی خۆیان لەسەر تابلۆ کانزاییەکە کرد ، بەھەمان شێوەش سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا (ڕیچارد نیکسۆن) واژووی کرد بوو.

 

چوونەوە سەر مانگ

ناسا لە ساڵی 2005 پرۆژەیەکی راگەیاند بە ناوی (the constellation program) کە ناوی گەڕانەوە بۆ سەر مانگی ھەڵگرتبوو، بڕیار بوو دووبارە مرۆڤایەتی بچنەوە سەر مانگ بەڵام ئەمجارە بە سەردان نا بەتەما بوون نیشینگەیەک لەوێ دابمەزرێنن. تا ساڵی 2009 ھەموو شتێکی تەواو بوو و چەندین بەشی ئەو پرۆژەیە جێبەجێ کرا و موشەکی بۆ دروست کرا بە ناوی Ares I-X بڕیار بوو تا ساڵی 2020 بە تەواوی پرۆژەکە تەواو ببێت و ساڵی 2020 مرۆڤ لەسەر مانگ بێت، بەڵام کاتێک باراک ئۆباما سەرکەوتنی بەدەست ھێنا لە ھەلبژاردنەکان و بووە سەرۆکی ئەمریکا بیر و باوەڕی وابوو کە ئەو پارەیەی خەرج دەکرێت بۆ ئەو پرۆژەیە زیادەیە و پێویستە لە شتێکی تردا خەرج بکرێت، لەبەر ئەوەی ھیچ کارێکمان بە مانگ نەماوە و ھیچ پێویستیش نییە بچینەوە سەر مانگ ھەر لەبەر ئەوە بە بڕیاری ئۆباما سەرجەم پارەکە گەڕێندرایەوە وێستگەی بۆشاییی نێونەتەوەیی.


سەرچاوەکان



13076 بینین