مانگی زەوی

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-22-23:52:00 - کۆدی بابەت: 1500
مانگی زەوی

ناوه‌ڕۆك

مانگ (مانگی زەوی)

مانگ تاکە پاشکۆی بەردەوامی گۆی زەوی بووە، تیرەکەی ٣٤٧٤ کیلۆمەترە، بە بەراورد تیرەکەی پتر لە سێ جار و نیو لە تیرەی زەوی بچووکترە، بارستەی مانگ زۆر لە بارستەی گۆی زەوی کەمترە، هەر بۆ بەراورد بارستایی زەوی ٨٢ ئەوەندەی بارستایی مانگە.
مانگ زۆرترین لێکۆڵینەوە و چاودێری کراوە لە لایەن مرۆڤەوە لەبەر ئەوەی نزیکترین تەنی گەردوونیە لە گۆی زەوی، هەروەها ئاژانستی ناسا شەش گەشتی بە مرۆڤەوە کردووە بۆ سەر ڕووی مانگ کە ئەوانیش گەشتەکانی ئەپۆلۆ بوون (ئەپۆلۆ ١١، ١٢، ١٤، ١٥، ١٨، ١٧)، لە ڕێگەی گەشتی ئەپۆلۆ ١١ بۆ مرۆڤ بۆ یەکەم جار لە بەرواری ٢٠ ی تەمموزی ساڵی ١٩٦٩ قاچی نایە سەر مانگ، لەو ڕۆژە هەردوو کەشتیەوان (نیل ئارمسترۆنگ) و (بەز ئەلدرین) لەسەر مانگ نیشتنەوە.
مانگ بەرگە هەوای نییە و ئاویش لەسەر ڕووەکەی نییە، ئەگەر لەسەر ڕووی زەویەوە چاودێری مانگ بکرێت دەبینرێت بە ٢٩.٥ ڕۆژ مانگ خولێک بە دەوری خۆیدا تەواو دەکات، هەروەها لە هەمان کاتدا خولێک بە دەوری گۆی زەویدا تەواو دەکات، ئەگەر لە ئەستێرەکەی تریشەوە (تەنێکی وەستاو) چاودێری مانگ و گۆی زەوی بکرێت ماوەی هەردوو خولانەوە یەکسانە بە ٢٧.٣ ڕۆژ.
لەبەر ئەوە شەو و ڕۆژی زۆر درێژترە لە شەو و ڕۆژی سەر ڕووی زەوی و یەکسانە بە ٢٩.٥ ڕۆژ، ئەمەش وای کردووە جیاوازی نێوان پلەی گەرمی لە نێوان شەو و ڕۆژدا گەلێک زۆر بێت بە بەراورد بە پلەکانی گەرما لەسەر گۆی زەوی، پلەی گەرمی لەسەر ڕووی مانگ لە شەودا کەمترین پلە دەگاتە ١٧٣ پلەی سەدی لە ژێر سفر و لە ڕۆژیشدا بەرزترین پلە دەگاتە ١٢٧ پلەی سەدی.

بۆچی لەسەر ڕووی زەویەوە تەنیا یەک ڕووی مانگ دەبینین؟

مانگیش وەکو گۆی زەوی بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، کەواتە بۆ دیوەکەی تری دەرناکەوێت؟
مرۆڤ بە درێژایی بوونی لەسەر ڕووی زەوی کاتێک تەماشای مانگی کردووە تەنیا یەک ڕووی بینیوە، هۆکارەکەی بە کورتی ئەوەیە  کە ماوەی سوڕانەوەی یەک خولی مانگ لە خولگەکەی بە دەوری گۆی زەوی بە تەواوی یەکسانە بە ماوەی خولانەوەی مانگ یەک جار بە دەوری تەوەرەکەی خۆی، هەردوو ماوەکە بە وردی بۆ ئێمە لەسەر زەوی ٢٩.٥ ڕۆژە، ئەگەر لە دەرەوەی مانگ یان زەویش (لە شوێنێکی وەستاو) چاودێری ئەو سوڕانەوانە بکرێت ئەوا بە ووردی یەکسانە بە ٢٧.٣ ڕۆژ.
بەڵام بۆ وایە؟ ئایا ئەمە ڕێکەوتە یان هۆکارێک هەبووە بۆ ئەمە؟
بەڵێ هۆکارێک هەیە بۆ ئەمە، ئەویش بەهێزی و زۆری هێزی کێشکردنی گۆی زەویە بە بەراورد بە هێزی کێشکردنی مانگ، دیاردەکە پێی دەگوترێت ''بەندکردنی مانگ لە لایەن گۆی زەوی''.
واتە زەوی لە ڕێگەی هێزی کێشکردنیەوە مانگی بەند کردووە لای خۆی، گۆی زەوی خولانەوەی مانگی بە دەوری خۆی بە شێوەکەی سنووردار کردووە، وەکو ئەوەیە مانگ بە دەوری خۆر نەسوڕێتەوە، ئەو خولانەوەیەی مانگ هەیەتی بە دەوری خۆی تەنیا لەبەر ئەوەیە مانگ بە دەوری گۆی زەوی دەسوڕێتەوە، هەر لەبەر ئەمە یەکێک لەسەر ڕووی ئەم دیوەی مانگ بێت و تەماشای ئاسمان بکات، ئەوا بە بەردەوامی گۆی زەوی دەبینێت لە بازنەیەکی بچووکی ئاسمانی مانگ.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان بەر لە چەند ملیار ساڵێک خولانەوەی مانگ بە دەوری تەوەرەی خۆی زۆر خێراتر بووە لە ئێستا، تاوەکو وردە وردە بەهۆی هێزی کێشکردنی زەوی خێراییەکەی کەمبۆتەوە، خێراییەکەی لە کۆتاییدا گەیشتووە بە ئاستێک ماوەکەی یەکسان بووە بە ماوەی سوڕانەوەی مانگ بە دەوری گۆی زەوی، واتە خێراییەکەی گەیشتووە بەو ئاستەی مانگ هەموو کاتێک هەمان یەک دیوی ڕووی لە زەوی بووە و بەند بووە لەم بارودۆخە، لەمەودواش هەر وادەبێت چونکە هێزی کێشکردنی زەوی مانگی لەو ئاستە ڕاگرتووە.
مانگ کرۆکێکی چڕ و گەرمی هەیە کە تیرەکەی نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتر پێک دێت و زۆربەی لە ئاسن پێک دێت، ئەم کرۆکەش بە چینێک لە ئاسنی تواوە دەورە دراوە کە ئەستووریەکەی نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر دەبێت، دوای ئەوە چینێکی نیمچە شڵ دێت کە ئەستووریەکی نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبێت، ئەو چینەی کە ئەمێنێتەوە ڕەقە و لە کۆمەڵیک کانزا پێک دێت، ئەم چینەش بە توێکڵ دەورە دراوە کە چینی سەرەوەیە و ئەستووریەکی نزیەکی ٥٠ کیلۆمەتر دەبێت، توێکڵی لە بەردی سیلیکات و کانزاکان و لایم پێ دێت.

ناوی چییە؟

ھە‌یڤی زە‌وی كە‌ پێی دە‌وترێت لۆنا، دە‌ركە‌وتووە‌ تە‌مە‌نی تە‌نە‌ ڕە‌قە‌كانی (تاوێرە‌كانی)ھە‌یڤ كە‌ بۆ زە‌ویان ھێنابوو بە‌ ھۆی گە‌شتە‌كانی ئە‌پۆڵۆ نزیكە‌ی ٤.٦ ملیار ساڵ، وە‌ لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ی ئە‌و تاوێرانە‌ نە‌گۆڕاون لە‌و كاتە‌ی كە‌ دروست بووە‌، بۆیە‌ زانایان گە‌یشتنە‌ ئە‌وە‌ی كە‌ بزانن تە‌مە‌نی كۆمە‌ڵە‌ی خۆریش ھە‌ر دە‌گاتە‌ نزیكە‌ی ٤.٦ ملیار ساڵ.


سەرچاوەکان

222 بینین