چی کار دەکاتە سەر نرخی نەوت؟

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-07-01:40:00 - کۆدی بابەت: 5770
چی کار دەکاتە سەر نرخی نەوت؟

ناوه‌ڕۆك

بەکاربردنی نەوت

لەبەر زیادبوونی ڕێژەییەکی بەرچاوی دانیشتوانی زەوی، داواکاریی جیهانی لەسەر نەوت زیاد دەکات، بەپێی ئامارەکانی دەزگای بەڕێوەبردنی زانیاریی وزەی ئەمریکی، ڕۆژانە زیاتر لە 18 ملیۆن بەرمیلی 42 گاڵۆنی لە نەوت بەکار دەبرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کە بەم ڕێژەیە ئەمریکا گەورەترین بەکارهێنەری نەوتە، داواکاری لەسەر نەوت لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا زیاترە، چین و ژاپۆن و هیندستان لە دوای ئەمریکاوە دێن لە ڕووی بەکارهێنان و یەدەگی نەوتەوە.

یەکێک لەو شتانەی کاریگەری دەبێت لەسەر نرخی نەوت بریتییە لە توانای جێبەجێکردنی بڕی ئەو داواکارییە، ئەمە کورتەی تێگەیشتنە لەوەی کە چی کاریگەری دەکاتە سەر نرخی نەوت.

خستنەڕوو و خواست لەسەر نەوت

سەرەتا دەبێت لەوە تێبگەین خستنەڕوو و دابینکردنی نەوت چۆن دەبێت لە یەدەگە جیهانییەکانی نەوتدا، لە زۆربەی کاتەکاندا یەدەگی نەوت دەربڕینە لە ''ئەو یەدەگەی بە دڵنیاییەوە بەردەستە'' و ئەو یەدەگە بێ شکەی کە پێشبینی دەکرێت، دیاریکردنی ئەمەش لە لایەن جیۆلۆجیناسەکانەوە دەکرێت و زیاتر لەو جۆرە دڵنیان کە ئەگەری زۆر گەورەی هەیە کە بە ئاسانی دەربهێنرێت بەو تەکنەلۆژیایەی ئێستا بەردەستە، دەکرێت یەدەگە نەوتییەکان بە تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دۆزینەوەی ناوچەی دەوڵەمەندی نوێ زیاد ببن.

کاتێک کاڵایەکی بەسوودی وەک نەوت دەگمەن دەبێت بێگومان هەمیشە ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری دەبێت، هەروەها کاتێکیش جۆرێکی بێکۆتا لە وزە دەدۆزرێتەوە ئابووری سوودمەند دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەهای ئابووری بە بەهای ئەو کاڵا و خزمەتگوزاریانە پێوانە دەکرێت کە بەرهەمی دێنێت، ئەگەر حاڵەتێکی کتوپڕ ڕوونەدات نرخی نەوت لەپڕدا دانابەزێت، لە بەرامبەریشدا لەپڕ بەرز نابێتەوە.

لە ماوەی حەفتاکانی سەدەی پێشوودا هەندێک وڵات هەستان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆ ئەوەی نرخی جیهانیی نەوت بەرز بکەنەوە، ئەمە بە تەواوی جیاوازە لە دابەزینی سروشتیی و هێواشی پێشکەشکردنی نەوت بەهۆی تەواوبوونی بیرە نەوتییەکانەوە، بۆیە ناکرێت وای بیر بکەینەوە کە لەبەر ئەوەی کە نەوت بەرەو نەمان دەڕوات ئەوا بەهاکەشی لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا زۆر بەرز دەبێتەوە، هەر لە بنەمادا حکومەتەکان هەوڵ دەدەن ئەمە ڕوونەدات، لە ڕێگەی برەودان بە تەکنەلۆژیای نوێ بۆ دەرهێنانی نەوت لە ناوچە سەختەکان، بەهای ئەم پێشکەوتنەش زیادبوونی نرخی نەوت دابینی دەکات، بەم شێوەیە نەوت زۆر دوورە لە تەواوبوون.

چی کار دەکاتە سەر نرخی نەوت؟

کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوت لە لایەن ئەو بازرگانانەوەیە کە نرخی نەوت لە بازاڕی کاڵاکاندا دەستکاری دەکەن، لەبەر ئەم هۆکارەش بەردەوام و ڕۆژانە نرخی نەوت لە گۆڕاندایە، نرخی هەر ڕۆژێک پەیوەستە بە مامەڵەی ئەو ڕۆژەوە.

نرخەکانیش لە لایەن چەن بەرەیەکەوە دەکرێت دەستێوەردانی تێدا بکرێت، وەک لایەنە دەسەڵاتدارەکانی حکومەتی ئەمریکا و ڕێکخراوی وڵاتە بەرهەمهێنەکانی نەوت، لە زۆربەی کاتەکاندا کڕینی نەوت بە گرێبەستی پێشوەختە دەکرێت، کاتێک هەردوولا لەسەر نرخێک ڕێکدەکەون کە لە داهاتوودا بڕێکی نەوتی لە بەرامبەردا ئاڵوگۆڕ بکرێت و دەربێنرێت، سێ هۆکاریش کار لەسەر ئەم نرخانە دەکەن:

خستنەڕووی ئێستا

ئۆپیک بڕی سنوورداری نەوتی هەیە لە هەناردەکانی نەوتی جیهاندا، بەڵام بەرهەمهێنانی گازی بەردین و نەوتی بەردین زیادی کردووە و ئاسانکاری کردووە لە زیادبوون و دەستخستنی نەوتدا.

بە کورتی جووڵانی نرخی نەوت بەهۆی گۆڕان لە بڕی خستنەڕوو نەوت و هەڵسوکەوتی ئۆپیک و خواستی جیهانی کاریگەر دەبێت.

ئەگەری دەستکەوتنی نەوت لە داهاتوودا

ئەگەری دەستکەوتنی نەوت لە داهاتوودا پشت بە یەدەگی نەوت دەبەستێت، دەستکەوتنی نەوت زۆر ئاسان دەبێت ئەگەر پێشکەشکردن زیادی کردبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە.

خواست لەسەر نەوت

بۆ پێشبینی کردنی ئەم لایەنەش پسپۆڕان و بازرگانان هەڵدەستن بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و هەڵسوکەوتی خەڵکی لە ماوە و وەرزەکاندا، بۆ نموونە لە وەرزی هاویندا لێکی دەدەنەوە کە ئایا خەڵک ڕێژەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی زیاد دەکات یان نا، بەم پێیەش بڕیار دەدەن کە ئایا خواست لەسەر نەوت زۆر دەبێت یاخود بە پێچەوانەوە.


سەرچاوەکان

479 بینین