پەیوەندیی نەوت بە دۆلاری ئەمریکییەوە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-07-02:01:00 - کۆدی بابەت: 5771
پەیوەندیی نەوت بە دۆلاری ئەمریکییەوە

ناوه‌ڕۆك

دۆلاری ئەمریکی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

ناسینی بەکارهێنانە نێودەوڵەتییەکانی دۆلاری ئەمریکی گرنگە بۆ ناسینی پەیوەندیی نەوت بە دۆلاری ئەمریکییەوە، دۆلار دراوی فەرمیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، دۆلار وەک یەکەیەکی پێوانەکردنی دراوەکان دادەنرێت لە بازاڕە جیهانییەکانی کاڵاکاندا، وەک ئاڵتون و نەوت، لە دواییانەدا نەوت پێشی دەوترێت پترۆکیمیاییەکان و ئەمەش سەرچاوەی زاراوەی پترۆدۆلارە، هەندێک کۆمپانیای ''نا ئەمریکی'' لە بازاڕە جیهانگیرکراوەکاندا دۆلار بەکاردێنن لە کاتی مامەڵەکانیاندا، وەک کۆمپانیای ئێرباس ''Airbus''.

دۆلاری ئەمریکی دراوی یەدەگی یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان و لە دوای ئەویش یۆرۆ دێت، هەروەها لە لایەن بانک و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پشتپێبەستراوە و کاری پێدەکەن، ڕاستییەکیش هەیە کە زۆربەی ئەو دۆلارانەی کە هەن دەکەونە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.

نەوت و ئابووری و تاک

بۆ ئەوەی بزانین کە پەیوەندیی دۆلار بە نەوتەوە چۆنە دەبێت زانیاریمان لەسەر پەیوەندیی نەوت هەبێت بە تاک و ئابوورییەکانەوە، لەبەر ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە هۆی زیادبوون لە نرخی سووتەمەنییەکان، نرخی سووتەمەنیش 55%ـی پەیوەندیی بە نەوتەوە هەیە، ڕێژەکەی دیکەی کە 45%ـە پەیوەندیی بە دابەشکردن و باج و وەرگرتنی قازانجەوە هەیە، هەروەها نرخی نەوت کاریگەریی لەسەر 96٪ـی کرێی گواستنەوە و 43٪ـی بەرهەمە پیشەسازییەکان و 3٪ـی کارەبا هەیە، هەر بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نرخی هەموو شتێک کە دەیکڕین گران دەکات و بەم شێوەیەش هەڵاوسان دروستدەکات.

هەموو ئەم کاریگەرییانە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە کاریگەریی نەوت لەسەر ژینگە بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییەوە، کە دوانۆکسیدی کاربۆن فڕێدەداتە ژینگەوە، لە گرنگترین ئەو دیاردانەش کە نەوت لەسەر ژینگەی دروستدەکات پەنگخواردنەوەی گەرمایە.

پەیوەندیی نەوت بە دۆلاری ئەمریکییەوە

نەوتی خاو بە دۆلاری ئەمریکی پێوانە دەکرێت، لەبەر ئەوە هەر بەرزبوونەوە یان دابەزینێک لە بەهای دۆلار یاخود نەوتدا دەبێتە هۆی دووبارە ڕێکخستنەوەیەک لە نێوان دۆلاری ئەمریکی و جووتەکانی فۆڕێکسدا، ئەم جووڵەی نرخ و پێوانانە کاریگەرییەکی کەمتری هەیە لەسەر ئەو وڵاتانەی ڕێژەیەکی کەمی یەدەگی نەوتیان هەیە، وەک ژاپۆن، بەڵام پەیوەندییەکەی بەهێزترە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە یەدەگێکی زۆری نەوتییان هەیە، وەک کەنەدا و ڕووسیا.

ئەو وڵاتانەش کە نەوتی خاو دەکڕن یاخود ئەوانەی کە بەرهەمهێنی نەوتن دۆلار بە سیستەمێک ئاڵوگۆڕ دەکەن کە پێی دەگوترێت پترۆدۆلار.

بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە پەیوەندیی نەوت بە دۆلاری ئەمریکییەوە، دەبێت بزانین دۆلار چ کاریگەرییەکی لەسەر نەوت هەیە، لە کاتێکدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستکاریی سیستەمەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی دەکرد لە جیهاندا، دۆلاری ئەمریکی سوودی لە دابەزینی زۆر توندی نرخەکانی نەوت دەکرد لەبەر چەند هۆکارێک، لە نێوانیان: گەشەسەندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بازاڕی دابەزینی نرخەکاندا بە شێوەیەکی ناسروشتی زۆر بوو بە بەراورد لەگەڵ شەریکە بازرگانییەکانی، ئەمەش بووە هۆی پارێزگاری کردن لە سەلامەتیی و جێگیریی میزانییەی وڵاتەکە، هەروەها کەرتی وزەش بە شێوەیەکی زۆر هاوکاری دەکات لە بەرزکردنەوەی کۆی داهاتی خۆجێی ساڵانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

تیڕامان لە سیستمی پترۆدۆلار پەیوەندیی نێوان نەوت و دۆلاری ئەمریکی ڕووندەکاتەوە، لە سەرەتادا دەبێت سیستمی پترۆدۆلار بناسین و پاشان تێبگەین کە پترۆدۆلار پەیوەندیی بە خودی دۆلاری ئەمریکییەوە چییە، ئەمەش ڕێبەریمان دەکات بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نەوت بە دۆلاری ئەمریکییەوە.

سیستمی پترۆدۆلار

سیستمی پترۆدۆلار بریتییە لە ئاڵوگۆڕکردنی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە نەوت دەکڕن یان بەرهەم دێنن، دوای داڕمانی پێوانەی ئاڵتوونیی ''بریتون وودز Bretton Woods'' لە سەرەتای حەفتاکاندا، ویلایەتە یەکگرتووەکان هەستا بە ئەنجامدانی گرێبەستێک لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودی بۆ ئەوەی نرخی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی پێوانە بکرێت، لە ڕێگەی ئەم گرێبەستەوە سیستەمی پترۆدۆلار هاتە کایەوە.

سیستمی پترۆدۆلار ئاستی دۆلاری ئەمریکیی بەرزکردەوە و کردییە دراوی یەدەگی ژمارە یەک لە جیهاندا، لەبەر ئەمە ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی کورتهێنانێکی بازرگانیی بەردەوامە کە بریتییە لە کۆنترۆڵێکی بەردەوامی ئابووریی جیهانی، سیستمی پترۆدۆلاریش سەرچاوەیەکی نەختینە و هەڵقوڵانی دارایی سەرمایەی بیانییە بۆ بازاڕە داراییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە نەوت بە پڕ خواستترین کاڵا دادەنرێت لە جیهاندا و بە دۆلار نرخی لەسەر دادەنرێت، بۆیە پترۆدۆلار یارمەتی بەرزبوونەوەی دۆلاری ئەمریکی داوە و کردوویەتییە دراوی ژمارە یەک لە جیهاندا.

بە سادەیی نەوت بە دۆلار ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ئەو وڵاتانەش نەوت بەرهەم دێنن دۆلاریان پێدەدرێت، هەروەها دۆلار سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە بۆ زۆرێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی ''ئۆپیک'' و دوو بەرهەمهێنەکەی دیکە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە نەوت بە دۆلار حساب دەکرێت، بۆیە توانای کڕین لە پترۆدۆلاردا لەسەر بەهای دۆلاری ئەمریکی بەندە، لەبەر ئەمە کاتێک دۆلار بەهای دادەبەزێت پترۆدۆلاریش نزم دەبێتەوە.

دۆلاریش کاریگەریی لەسەر چەندین کاڵا هەیە، لە نێوانیاندا نەوت، کە نەختینەیەکی جیهانییە و لە هەموو جیهاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت، هەروەها کڕیارە بیانییەکان هەڵدەستن بە کڕینی کاڵا ئەمریکییەکان، وەک نەوت بە دۆلار، لەبەر ئەوە کاتێک نرخی دۆلار دادەبەزێت کڕیاران توانای کڕینیان گەورەتر دەبێت، لەبەر ئەوەی کە پێویستیان بە بڕێکی کەمتری پارەی خۆیان دەبێت تا دۆلاری پێ بکڕن.

بەپێی ئابووریی کلاسیکی کەمبوونەوەی نرخ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی داواکاری، بەم پێیەش ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە پەیوەندیی نەوت بە دۆلارەوە پەیوەستە بە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و نرخی بەرمیلی نەوت.


سەرچاوەکان

384 بینین