سنووری سیاسی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-09-17-13:20:00 - کۆدی بابەت: 14654
سنووری سیاسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سـنووری سیاسی (بە عەرەبی: الحدود السياسية، بە ئینگلیزی: Political boundaries). سنوور دیاردەیەکی سیاسییە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی سیاسی نێوان دوو دەوڵەت یان زیاتر دیاریدەکرێت و خاوەنداریەتی و دەستەڵات و سەروەری یاسایی دەوڵەت سەبارەت بە وڵاتانی دەورووبەر دیاریدەکات. لەم ڕوانگەیەوە سنوور پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بۆ نموونە: لە ڕوانگەی جوگرافییەوە (سنووری بریتییە لەو ھێڵە دەستکردانەی کە یەکە ڕامیارییەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە و سەروەری خاک تیایدا کۆدەکاتەوە).

ئەم جۆرە سنوورە لە شێوەی ھێڵێکی ئاسۆیی دەکێشرێت و دەسەڵات لە چوارچێوەی ئەو سنوورە درێژ دەبێتەوە لە نێوان بۆشایی ئاسمان و ناخی زەوی. بەڵام لە ڕوانگەی یاساییەوە (سنووری بریتییە لەو ھێڵانەی کە ڕژێم و دەسەڵات و یاساکان لە یەکتری جیادەکاتەوە. لە ڕوانگەی سەربازییەوە (سنوور بریتییە لە ناوچەی یەکەمی ھێرش و بەرگری، واتە لە یەکەم ھێڵی ھێرشکردن بە ڕووی دوژمن و یەکەم ھێڵی بەرگریکردن بە ڕووی سوپای ھێرشکردوو.

جیاوازی نێوان سنوور و تخوب

تخوب بریتییە لەو ڕووبەرە یاخود پانتاییە سروشتییەی گوێزەرەوەیە (انتقالی) لە نێوان دوو ھەرێمی جوگرافی کە لە کۆندا زیاتر بەکارھاتووە بۆ جیاکردنەوەی سنووری نێوان دوو دیاردەی سروشتی وەکوو (چیا یان بەرزاییەکان، ڕووبار و دارستانەکان و دەشتەکان).
١- تخوب ڕووبەرێکە لە زەوی، بەڵام سنوور بریتییە لە ھێڵێک.
٢- سنووری سیاسی دانپێدانراوە، بەڵام تخوب دانپێدنرارو نییە.
٣- تخوب دەبێتە ھۆی پچڕانی پەیوەندی نێوان دوو کۆمەڵە یان دوو دەوڵەت بەھۆی سروشتەکەیەوە، بەڵام سنوور دەبێتە ھۆی ھێڵی پەیوەندی و پەڕینەوەی دانیشتوان. 
٤- تخوب دیاردەیەکی کۆن و سروشتییە و ناتوانرێت بگوازرێتەوە و بگۆڕدرێت بۆیە ھەر لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام سنوور دیاردەیەکی نوێ و مرۆییە و ناجێگیرە.

گرنگترین جۆرەکانی سنوور

لۆرد کرزۆن لە ساڵی (١٩٠٧) یەکەم کەس بوو کە ئاماژەی بە پۆلێنکردنی سنوور کردووە بۆ دوو جۆر کە بریتین لە (سنووری سروشتی و سنووری مرۆیی) لە دوای ئەو ھەریەک لە فۆست لە ساڵی (١٩١٨) و بوجەر لە ساڵی (١٩٤٠) لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر تیۆرەکەی (لۆرد کرزۆن) دەستتێکرد و وردەکاری زیاتریان خستەڕوو.

سنوورە سروشتییەکان

ھەموو ئەو سنوورە سروشتییانە دەگرێتەوە کە بەیەکێک لە دیاردە سروشتییەکان دەستنیشان دەکرێن و دەبنە ھێڵی سنوور دابەش دەبن بۆ دوو جۆر: 

  • سنووری ئاو: وەکوو (ڕووبار و دەریا و دەریاچە)
  • سنووری وشکانی: وەکوو (چیا و بیابان و دارستان)

سنوورە سروشتییەکان بە باشترین جۆری سنوور دادەنرێن بۆ دیاریکردنی سنووری سیاسی (ڕامیاری)، چونکە ئەو سروشتەی کە ھەیەتی ھۆکارێکە بۆ دابڕان و پەکخستنی گواستنەوە و بە خاڵێکی بەھێزی ھێڵی بەرگریکردن دادەنرێن لە دژی ھەر ھێرشێکی دەرەکی.

١- سنووری چیاکان: ئەم جۆرە سنوورە بە سنوورێکی زۆر بەھێز دادەنرێت بۆیە (ھۆڵدش) بۆچوونی وایە کە ئەو ھێڵانەی لێوارەکانیان بەسەر لوتکەی چیاکان دادەڕوات باشترین و شیاوترین بەربەستن، جیاکەرەوەیەکی گونجاوی نێوان کۆمەڵەی مرۆڤەکانن، چونکە بڕین و پەڕینەوە لەم جۆرە سنوورە کارێکی ئاسان نییە. بۆ دیاریکردنی ئەم جۆرە سنوورە دوو شێواز ھەن کە جێبەجێ دەکرێن، ھەردوو شێوازەکە دەوەستێتەوە سەر ڕێککەوتنی ھەردوو لایەکە: 

  • شێوازی یەکەم: بەرزایی چیاکە بە شێویەکی گشتی بەر لایەک دەکەوێت، واتە ھێڵی سنوور بە دامێنی چیاکەوە دەبێت.
  • شێوازی دووم: ھێڵی سنوور بەسەر لوتکەی چیاکە تێدەپەڕێت، نموونە وەکوو سنووری نێوان وڵاتانی (ئەرجەنتین و شیلی) یان سنووری نێوان وڵاتانی (عێراق و ئێران یان عێراق و تورکیا)، بەڵام لە شێوازە دابەشکردنەدا زۆرجار کێشە لە نێوان وڵاتان دروست دەبێت، بە تایبەتی ئەگەر لە نێوان چیاکاندا دەشتی بەپیت ھەبوو یاخود نەتەوەیەک لە قەد پاڵی چیایەك نیشتەجێببوو.

٢- سنووری بیابانەکان: بیابانەکان بەھۆی ئەو ئاو و ھەوا گەرم و وشکەی کە ھەیانە دەبنە سنوورێکی سیاسی گونجا، بە ھۆکاری ھەژارییان و کەم توانایی کێشکردنیان بۆ دانیشتوان، ئەمەش جگە لەوەی کە دانیشتوانی تیادا کەمە بەھۆی ئەوەی کە ژیانکردن تیایدا سەختە. بەڵام لە ھەمان کاتدا ھەموو بیابانەکان نەبوونەتە کۆسپ و ڕێگر لە بەردەم شاڵاوی سوپا داگیرکەرەکان یاخود ھێرشبەرەکان، نموونە وەکوو (خالیدی کوڕی وەلید) کە توانی سوپاکەی بە بادیەی شامی نێوان سوریا و تورکیا بپەڕێنێتەوە. ژەنەڕاڵ (لوکیر) لە جەنگی جیھانی دووەمدا بیابانی گەورەی ئەفریقای بڕی. ھێزی ھاوپەیمانانیش توانیان لە ڕێگای بیابانەوە بگەنە بەغدا نێو خاکی عێراق کە توانیان عێراق ڕزگار بکەن. ئەگەر چی لە ئێستادا بیابانەکان بایەخ و گرنگیان لە دەستداوە، بەھۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی گواستنەوە و کەرەستە جەنگییەکان، بەڵام ھێشتا بڕینیان و تێپەڕبوون پیایاندا کارێکی ئاسان نییە، چونکە ڕێگاکانی ھاتووچۆی کەم و دیاریکراون.

٣- سنووری دارستانەکان: دارستانەکان ھەمیشە بەوە جیادەکرێنەوە کە ڕووبەرێکی زۆر لەسەر زەوی و نەخشە داگیردەکەن، لەبەر ئەم ھۆکارەیە بە بەربەست و خاڵی جیاکەرەوەی نێوان گەلان و نەتەوەکان دادەنرێن، ڕۆیشتن و تێپەڕبوون بە دارستانەکان کارێکی ئاسان نییە بەھۆی بەرکەوتن بە دار و درەختەکان لەلایەن ھێزی ھێرشبەر. بۆیە ھەمیشە لە ڕووی سەربازییەوە بە تایبەتی لەکاتی تێپەڕبوون بە دارستانەکان ھەمیشە پاکراونەتەوە لەو دار و درەختانەی کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم تێپەڕبوونی سوپا، جگە لەمەش زۆر جار بەھۆی چڕی و سەختی دار و ڕووەکەکان مەترسی بوونی ئاژەڵ و خشۆکی دڕندە بوونی ھەیە کە دەبنە مایەی ترس بۆ مرۆڤ لەم ژینگەیە.

لەکۆندا دارستانەکان وەکوو سنوور بەکارھێنراون لە ھەمان کاتیشدا دارستانەکان ڕۆڵی پارێزگاریکردنیشیان بینیووە، بۆ نموونە لە دارستانەکان میرنشینی بچووک دروستبوونە کە باوەڕیان بە سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردن ھەبووە وەکوو دارستانەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە جەنگە ڕزگاریخوازەکان دژی ھێزە کۆڵۆنیالیزمەکانی ئەمریکا لە ڤێتنام، ھەروەکوو چۆن دارستانەکان ڕێگر بوون لە بەردەم بەرەوپێشچوونی ڕۆمەکان لە ئەورووپا. ھەروەھا دارستانی (ئاردێن) ڕێگربوو لە بەرەوپێشچوونی سوپای ئەڵمانیا لە بەلجیکا، لە ھەمان کاتدا دارستانەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینی بۆ فەڕەنسا لە جەنگی جیھانی دووەم.

٤- سنوورە ئاوییەکان: سنووری ئاوی بە یەکێک لە باشترین و گرنگترین ھۆکارەکانی گواستنەوە و بازرگانی دادەنرێت بۆ دەوڵەت، لە کاتێکدا ھۆکارێکیشن بۆ کرانەوەی دەرگای داخراو بەڕووی دەوڵەتان لە کیشوەرەکانی جیھان. بۆ ئەم مەبەستەش سنووری ئاوی پۆلێندەکرێت بۆ سێ جۆر:

آ- سنووری ڕووبارەکان: ڕووبارەکان دوو ڕۆڵی دژبەیەکیان ھەیە لە سیاسەتدا و ھۆکارێکیشە بۆ یەکێتی وڵاتان، لەم بارەیەوە (کۆرزۆن) دەڵێت: ڕووبارەکان ھۆکاری گەیاندنن نەک دابران وە لە لێواری ڕووبارە گەورەکان شارستانەیەتی مێژووی گەورە درووستبوونە. ڕووباری نیل لە میسر یەکێکە لەم نموونانە بۆتە ھۆی کۆکردنەوەی کۆمەڵێک مرۆڤ و دواتر بوونەتە نەتەوەیەک کە سەرەتای کارکردنیان بەیەکی بەستوونەتەوە. ڕووباری دیجلە و فوڕات و ڕووباری یانگستیش و چەندانی دیکەش بەھەمان شێوەی ڕووباری نیل بوونە. دیاریکردنی سنوور لە ڕووبارەکان بە سێ جۆر ئەنجام دەدرێت کە بریتین لە: 

  • ھێڵی ناوەڕاست
  • ھێڵی زۆرترین قوڵایی
  • ھێڵی ڕۆخێکی ڕووبار

ب- سنووری دەریاچەکەکان: دەریاچە بریتییە لە ڕووبەرێکی ئاوی گەورە کە ھەرچواری لای بە وشکانی دەوردراوە. لە ھەندێک بارودۆخدا دەریاچەکان دەبنە سنووری سیاسی نێوان دەوڵەتان، سنووری دەریاچەکان لە سنووری ڕووبارەکان دەچن کە ھۆکارێکن بۆ گواستنەوە و بازرگانی، بەڵام ھەمیشە بەوە لە ڕووبارەکان جیادەکرێنەوە کە ڕووبەر و پانتاییەکی فراوانتریان ھەیە.

ئەم فراوانییە لە ڕووبەری دەریاچەکان زۆرجار دەبێتە ھۆی دابڕانی دەوڵەتان لە یەکتری، ئەگەر چی ھیچ یاسایەکی دیاریکراو نییە بۆ دیاریکردنی ئەو جۆرە سنوورانە کە ھەندێک جار ئەم جۆرە سنوورانە لەگەڵ یەکێک لە کەناراوەکان درێژ دەبێتەوە و ھەندێک جاریش ھێڵی سنوور بە ناوەڕاست دادەنرێت یان لەلایەکی دەریاچەکە درێژ دەبێتەوە.

ئەم جۆرە سنوورانە کێشەی زۆریان لێدەکەوێتەوە بۆ ئەو دەوڵەتانەی بەسەر دەریاچەکان دەڕوانن کە زۆرینەی ئەو کێشانە لەوە سەرچاوە دەگرن کەبە کردەوە ئەو ھێڵە سنوویانە دیاریناکرێن لەناو دەریاچەکان، گریمان ئەو ھێڵەش کێشرا، ئایە دەریاچەکە دەبێتە دوو بەشی یەکسان لە نێوان دوو دەوڵەت؟ 

ئەگەر کۆمەڵێک دوورگە لە ناوەڕاستی دەریاچەکان ھەبن وەکوو وسێتگە و شوێنی حەسانەوە بۆ کەشتییەکان و یەختە گەشتیاری و بازرگانییەکان بەکاربێت ئەوا دۆخەکە زۆر سەختر دەبێت. نموونە وەکوو دەریاچەی (ڤیکتۆریا) لە کیشوەری ئەفریقا کە بە کۆگای ئاوی ڕووباری نیل دادەنرێت و دووەمین دەریاچەی ئاوی شیرنی جیھانە لە ڕووی ڕووبەرەوە کە (٦٨,٨٠٠) کیلۆمەتر دووجایە، لە نێوان کینیا و تەنزانیا و ئۆگەندا یان دەریاچەی (مالاوی) لە نێوان مۆزەمبیق و کینیا و زامبیا کە دەریاچەیەکی گەورەی کیشوەری ئەفریقایە. دەریاچەی (تیتیکاکا) دەکەوێتە نێوان پیرۆ و پۆلیڤیا لە چیای ئەندێز لە کیشوەری ئەمریکای باشوور ھەڵدەقوڵێت.

ج- سنووری دەریاکان: لە ساڵی (٢٠٠٦) ژمارەی یەکە سیاسییەکان گەیشتە نزیکەی (١٩٣) دەوڵەت، ئەگەر چی ھەموو وڵاتانی جیھان ھاوڕانیین لەسەر ئەو ژمارەییە، چونکە دەوڵەتە زلھێزەکان ژمارەی جیاوازیان ھەیە لە دانپێدانان، زۆربەی ئەو دەوڵەتانە سنووریان دەگاتە سەر دەریا و زەریاکان جگە لە (٣٩) دەوڵەت نەبێت کە ھیچ سنوورێکی ئاویان نییە و بە دەوڵەتی داخراو (دولة مغلقة) دادەنرێن.

ئەم جۆرە دەوڵەتانەش ھەڵکەوتەی جوگرافی شوێنەکەیان ناچاریان دەکات بە بەستنی پەیوەندیەکی بەھێز لەگەڵ دراوسێکانیان (پەیوەندی دراوسێیەتی باش) لەگەڵ ئەو وڵاتە دراوسێیانەی کە سنووریان دەگاتە کەنار ئاوەکان، جگە لەمەش ڕێکەوتنی ئابووری و ڕێکخستنی گومرگەکان لە نێوان ھەردوو وڵات و بەخشینی ھەندێک مافی زیاتر بە دەوڵەتە سنوور دەریاکان. ھەندێک لە وڵاتان ھەژموونی خۆیان لەسەر سنووری ڕووبەرە ئاوییەکان زیاتر دەکەن، بۆیە زۆربەی پسپۆڕان و زانایان ڕووبەرە ئاوییەکانیان بۆ پێنج پشتێنە پۆلێنکردووە بەم شێوەیە:

  • ئاوی ناوخۆیی: ئەم ناوچەیە کەنداوەکان و بەندەرەکان و ڕێژگەی ڕووبارەکان و دەریاچە کەنارییەکان و دەرگا کەنارییەکان دەگرێتەوە، دوای ئەم ناوچانە ئاوی ھەرێمایەتی دەستپێدەکات. دەوڵەتە کەنار ئاوییەکان لە ناوی ئاوی ناوخۆیی، واتە لە بنکی دەریاوە ڕووی ئاوەکە و ئاسمانی ڕووبەرە ئاوییەکە دەسەڵاتی تەواویان ھەیە.
  • ئاوی ناوخۆیی: ئەم ناوچەیە کەنداوەکان و بەندەرەکان و ڕێژگەی ڕووبارەکان و دەریاچە کەنارییەکان و دەرگا کەنارییەکان دەگرێتەوە، دوای ئەم ناوچانە ئاوی ھەرێمایەتی دەستپێدەکات. دەوڵەتە کەنار ئاوییەکان لە ناوی ئاوی ناوخۆیی، واتە لە بنکی دەریاوە ڕووی ئاوەکە و ئاسمانی ڕووبەرە ئاوییەکە دەسەڵاتی تەواویان ھەیە.
  • ئاوی ھەرێمایەتی: ئەم ناوچەیە لە کەناراوەکانەوە درێژ دەبێتەوە تاکوو ماوەیەکی دیاریکراو، ئەم ماوەیەش بە (١٢ میل) دیاریکراوە. لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ بەشێک لە وڵاتانی جیھان ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی ئاوی ھەرێمی بە دوور ھاوێژترین چەک، کە ماوەکەی (٣ میلی دەریایی) دەبڕی بۆ ئەوەی ھەر وڵاتێك پارێزگاری لە کەناراوەکانی خۆی بکات. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیا و ئامێرەکانی جەنگ وڵاتان پێیان وابوو کە (٣ میل) کەمە بۆ پاراستنی سنوورە دەریاییەکان، ھەڵسان بە بەستنی ڕێککەوتننامەیەك و کردیان بە (٦میل) و پاشان ھەندێك لە وڵاتان ئەو ژمارەیان زیاترکرد. لە ئەنجامی ئەم ناکۆکییە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٥٨) ھەڵسان بە بەستنی کۆنفڕانسیك لە (جنێفی پایتەختی وڵاتی سویسڕا) بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی ھەرێمی، بەڵام دەوڵەتان نەگەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی، چونکە ھەندێک لە وڵاتان بەرژەوەندییەکانیان وای دەخواست کە سنووری ئەو ناوچانە فراوانتر بکەن لە ژێر فەرمانڕەوایەتیان. ئەم ناوچەیە دەسەڵات و سەروەری دەوڵەت بەسەریدا زاڵە، تەنھا لەو کاتە نەبێت کە کەشتییەکی بیانی پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەو مەرجەی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو دەوڵەتە نەبێت، بەڵام ھەمان ئەو مافە بۆ تێپەڕبوونی فڕۆکە بیانییەکان بەسەر ئاوی ھەرێمایەتییەکاندا نییە، چونکە (١ میلی دەریایی =  ١٨٥٠ کیلۆمەتر).
  • ئاوی نزیک ناوچەی (لکێنەر): فراوانی ئەم جۆرە پشتێنەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازی ھەیە، ھەر وڵاتێك دەتوانێت بە مەبەستێکی دیاریکراو بەکاریبھێنێت، وەکوو پشکنینی کەشتییەکان و ڕێگریکردن لەلادانی گومرگی یان کۆچکردنی نایاسایی.
    ھەرچەندە بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنامەیەی لە ساڵی (١٩٥٨) کراوە نابێت ئەم ناوچەیە زیاتر بێت لە (١٢ میلی دەریایی) لە ھێڵی ئاوی ھەرێمایەتییەوە، واتە بە گوێرەی ڕێککەوتنی سێیەمی مافی دەریاکان ئاوی ھەرێمی و ناوچەی چاودێری بەسەر یەکەوە بە (٢٤ میلی دەریایی) دیاریکراوە.
  • ناوچەی قۆرخکراوی ئابووری: ئەم ناوچەیە دەکەوێتە ئەودیو سنووری ئاوی ھەرێمایەتییەوە کەسەر بە ڕێسایەکە لەم بەشەدا ھاتووە، لەژێر ڕۆشنایی ئەم یاسایە مافەکان و مەیدانی دەسەڵاتی حکوومکردنی وڵاتی کەنار مافە ئازادەکانی ھەموو وڵاتی پەیوەست بەم ڕێککەوتننامەیە دیاری دەکات. پانتایی ئەم ناوچەیە نابێت لە (٢٠٠ میلی دەریایی) زیاتربێت، ئەو مافانەی کە لە ناوچەی قۆرخکراوی ئابووری بە دەوڵەتانی تری داوە بریتییە لە ئازادی کەشتیوانی لە ئاوی ئەم ناوچەیە و فڕین لە ئاسمانی ئەم ناوچەیە و مافی جێبەجێکردن و ڕاکێشانی کێبڵ و لوولە لە بنکی دەریای ئەم ناوچەیە.
  • ناوچەی بێلایەن (شۆستەی کیشوەری): بریتییە لەو ڕووبەرە وشکانییە کە ژێر ئاوی دەریاکە کەوتووە و لێژدەبێتەوە تاکوو دەگاتە قوڵایی (٢٠٠ مەتر)، ئەم بەشە دەوڵەمەندە بە (سامانی ماسی و کانزا و پتڕۆڵ) ئەمەش وایکردووە کە کێشە و ناکۆکی لە نێوان دەوڵەتان سەبارەت بەم ناوچەیە دروست ببێت. بۆ نموونە وڵاتی پیرۆ داوایدەکرد کە ناوچە ڕاوگەکانی لە کەناراوەکانی درێژببێتەوە بە ئەندازەی (٢٠٠ میلی دەریایی) بە ھەمان شێوەی تشیلی و ئیکوادۆر و کۆستاریکا، بەڵام ئەرجەنتین ڕایگەیاند لە ساڵی (١٩٤٦) فەرمانڕەوایەتی لە کەناراویەکانی درێژ دەبێتەوە بۆ دوورگەی فۆکڵاند کە (٢٨٠ میل دوورە لە کەناراویەکانی بە بیانووی ئاسایش و بارودۆخی تایبەتی وڵاتەکەی.

سنوورە دەستکردەکان (ناسروشتییەکان) یاخود سنوورە مرۆییەکان

مەبەست لە سنووری مرۆیی یان ناسروشتی بریتییە لە بەیەك بەستنەوەی کۆمەڵە مرۆڤێک بەیەکەوە لە چوارچێوەی سنوورێك و یەکەیەکی سیاسی (ڕامیاری). زۆرێك لە پسپۆڕان بۆچوونیان وایە کە ئەو جۆرە سنوورە بۆ دڵنیاییە بۆ دروستکردنی بۆشایی و بەربەستی ڕاستی لە نێوان کۆمەڵە مرۆڤێکی دیاریکراو کۆمەڵەیەکی تر کە لە دوویەکەی سیاسی جیاوازدان، کە ئەمەش باشترین سنوورە لە نێوان نەتەوەیەك و دەوڵەتێکی تر. بۆ ئەم مەبستەش سنوورە ناسروشتییەکان یان سنوورە مرۆییەکان پۆلێندەکرێن بۆ چوار جۆری سنوور کە بریتین لە:

١- سنوورە ئەسنۆگرافییەکان: بریتییە لەو جۆرە سنوورەی کە دابەشکردن و جیاکردنەوەی نەژاد و میللەتان لەسەر نەخشەی سیاسی جیھانیدا دەردەخات، ھەروەھا دابڕانی گەلان لەسەر بنەمای چەند ھۆکارێکی دیاریکراو وەکوو (زمان و ئایین و ڕەچەڵەك) ئەگەر سنوورەکە بە وردی دابنرێت ئەوا داسەپاندن و داگیرکاری بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە لە نێوان گەلان.

لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم سنووری سیاسی کێشرایەوە لە نێوان زۆرێك لە  وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژھەڵات، ئەم دابەشکردنە بە گوێرەی نەژاد و زمان و فەرھەنگ و جیاوازی لە ھەست و لایەنگیری بوو کە ئەوەندەی توانیان جێبەجێیانکرد. بە ھەمان شێوە لە نێوان یۆنان و تورکیا ڕوویدا، کاتێك ئاڵوگۆڕی دانیشتوانیانکرد لە ناوچەی تراقیا، ھەمان بارودۆخیش لە نێوان ھیندستان و پاکستان ڕوویدا کاتێك ئاڵۆگۆڕی دانیشتوانیان کرد موسڵمانان بەرامبەر بە ھیندۆسەکان.

ئەم جۆرە سنوورە زۆر بەربڵاو نییە لە جیھانی سیاسەتدا، بەھۆی تێکەڵاوی و تێکھەڵکێشی گەلان لەگەڵ یەکتر، بۆیە کارێکی سەختە دانانی سنووری لە نێوانیاندا، ئەم جۆرە سنوورە بەربڵاوە لە نێوان ھەریەک لە وڵاتان (تورکیا و سوریا و عێراق و ئێران و چین و ھیندستان).

٢- سنوورە ئەستڕۆنۆمییەکان: بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (١٤٨١) پاپا سوودی لەم جۆرە سنوورە وەرگرت بۆ جیاکردنەوەی ئیسپانیا لە پورتوگال، لەگەڵ ئەوەی لایەنی باشی ئەم جۆرە سنوورە ئەوەیە کە بە ئاسانی لەسەر نەخشە دیاریدەکرێت، بەڵام لە دیاریکردنی ئەم جۆرە سنوورە باری فەرھەنگی و دیمۆگرافی دانیشتوان لەبەر چاو ناگیرێت. نموونەی ئەم جۆرە سنوورە لە نێوان کەنەدا و ئەمریکادایە لە بازنەی پانی (٤٩)°پلە کە بووە بە ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە، ئەم سنوورە پێش نیشتەجێبوونی دانیشتوان دیاریکراوە بۆیە کێشەی دانیشتوانی نییە. ھەروەھا سنووری نێوان میسر و سودان کە بازنەی پانی (٢٢)°پلەی باکوورە بەپێی پەیمانی ساڵی (١٨٩٩) دیاریکراوە، ھەروەھا سنووری سنووری لەگەڵ لیبیا کە ھێڵی درێژی (٢٥)°پلەی ڕۆژھەڵاتە.

٣- سنوورە ئەندازەییەکان: زۆرێک لە وڵاتانی جیھان سوودیان وەرنەگرتووە لە بەربەستە سروشتییەکان یان لەسەر بنچینەی دانیشتوان و مێژوو بە ئامانجی دیاریکردنی سنوور، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئەندازەیی دارێژراون و ھێڵەکانی درێژی و بازنەکانی پانیان بەکارھێناوە بۆ دیاریکردنی ئەم جۆرە سنوورە. کۆمەڵێك لایەنی سیاسی و سەربازی نەخشەی ئەم جۆرە سنوورەیان کێشاوە بە مەبەستی دابەشکردنی ناوچەیەکی دیاریکراوی زەوی بۆ دوو بەش یان زیاتر، بە گوێرەی بارودۆخی ئەو ناوچانەی کە ھێڵەکانی پیادا تێپەڕدەبێت، زۆربەی کات ئەم جۆرە سنوورە لەو ناوچانە تێبینی دەکرێت کە دانیشتوانی تیادا نیشتەجێنین. نموونەی سنوورە ئەندازەییەکان وەکوو سنووری وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا (کۆماری میسری عەرەبی و لیبیا و مالی و ئەنگۆلا) و کەنەدا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کیشوەری ئەمریکای باکوور.

٤- سنووری بەنێودەوڵەتی کراو (ئاگربەست): ئەم جۆرە سنوورە سیاسییە دوای جەنگی جیھانی دووەم ھاتە ئاراوە کە بە خاوەن سروشتێکی یاسایی و کاتی دەناسرێت لە ئەنجامی دابڕانی دوو ھێزی ناکۆك و دژبەیەك کە ھەندێك جار بە ھێڵی ئاگربەست دەناسرێت. ئەم جۆرە سنوورە لای ھەندێك لە پسپۆڕان و زانایان پەسندە و ھەندێکیشیان ڕەتی دەکەنەوە، نموونەی ئەم جۆرە سنوورانە وەکوو (بازنەی پانی (٣٦)°پلەی باکووری گۆی زەوی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، بازنەی پانی (٣٨)°پلە لە نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور و ھێڵەکانی سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل و سنوورەکانی ھەرێمی کشمیر لە نێوان ھیندستان و پاکستان).

سنووری ئاسمانی

دوابەدوای جەنگی جیھانی یەکەم و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و سەربازی بە تایبەتی لە بواری فڕۆکەوانی، دیاریکردنی سنووری ئاسمانی بوو بە پێویستییەك کە سەرجەم دەوڵەتانی جیھان خواستیان لەسەر ئەم پێویستییەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆنگرەی جنێف لە ساڵی (١٩١٩) بڕیاردار کە سەرجەم وڵاتانی جیھان خاوەن سەروەری ئاسمانی خۆیانن لەسەر وڵاتانی تریش ئەرکە ڕێز لە سەروەری ئاسمانی وڵاتانی تر بگرن و نەیبەزێنن.

بە شێوەیەکی یاسایی دەسەڵاتی ھەردەوڵەتێك لە سنووری وشکانی و ئاوی کۆتایی دێت، ئەم جۆرە سنوورانەش بە شێوەی ڕووکار دەردەکەون کە تاکوو ئاسمانی زەویەك درێژەی ھەیە و لە ھەمان کاتدا قەڵەمڕەوی ئاسمانی دوو دەوڵەتی دراوسێش لەیەکتر جیادەکاتەوە. ھەربۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی (١٩٤٤) کۆنگرەی شیکاگۆ تایبەت بە ڕێکخستنی سنووری ئاسمانی بەسترا، کە تیایدا کۆمەڵێک مەرج خرانە ڕوو بۆ وڵاتان: 

  • ھەر دەوڵەتێك خاوەنی سەروەری ئاسمانی خۆیەتی.
  • سنووری ئاسمانی ھەر دەوڵەتێك بە تەواوبوونی بەرگی گازی کۆتایی دێت.
  • پێویستە لەسەر وڵاتان ڕەزامەندی وەربگرن بەر لەوەی بچنە ئاسمانی وڵاتێکی تر.

بەڵام زۆرێك لە توێژەران و پسپۆڕانی بواری جوگرافیای سیاسی بۆ دیاریکردنی سنووری ئاسمانی دەوڵەتان کۆمەڵێك پێشنیاریان خستۆتەڕوو: 

  • سنووری ئاسمانی ھەر دەوڵەتێك لەو خاڵە کۆتایی دێت کە ھێزی کێشکردنی زەوی کەمتر دەبێتەوە بەرامبەر بە ھێزی کێشکردنی خۆر.
  • سنووری ئاسمانی ھەر دەوڵەتێك بە تەواوبوونی ڕەنگی (شینی) ئاسمان کۆتایی دێت.
  • سنووری ئاسمانی ھەر دەوڵەتێك لەو خاڵە کۆتایی دێت کە پلەی گەرمی تیادا دەگاتە نزمترین پلە.
  • سنووری ئاسمانی ھەر دەوڵەتێك تا بەرزایی (١٨) میل بێت.

بەڵام ئەمریکییەکان پێشنیاری ئەوەیانکرد کە ئەم بەرزییە بۆ (٢٥ میل) زیاد بکرێت، دواتر لەگەڵ وڵاتان ڕێککەوتن کە سنووری ئاسمانی ھەر دەوڵەتێك (٥٥ میل بێت) و دواتر ببێت بە ناوچەی ئازاد. بەڵام دواتر زانا (کۆپر) پێشنیاری ئەوەی کرد کە ناوچەی بەرزایی (٣٠٠ میل) بەسەرەوە لە بۆشایی ئاسمان ناوچەیەکی بێلایەن بێت کە ھەموو دەوڵەتان بتوانن بۆ بوارەکانی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان و کەشتییە ئاسمانییەکان بەکاری بێنن.

سەرەڕای دانانی کۆمەڵێك مەرج و سنوور دوای چەندین کۆبوونەوە و کۆنگرە بە مەبەستی نەبەزاندنی سەروەری ئاسمانی دەوڵەتان، بەڵام لە سەدەی بیست و یەک و لەو پەڕی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لە ئێستادا زۆر جار سەروەری و سنووری ئاسمانی وڵاتان دەبەزێنرێت بە ھۆکاری سیاسی و ئەمنی و بیانووی جۆراوجۆر نموونە وەکوو بەزاندنی سەروەری ئاسمانی (وڵاتی عێراق لەلایەن وڵاتانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا) زۆرجاریش لەلایەن وڵاتانی زلھێزی وەکوو (ئەمریکا و ئیسرائیل) بە بیانووی ھەبوونی مەترسی ئەمنی لەسەر ھێزەکانیان لە عێراق.


سەرچاوەکان



22 بینین