ڕۆماتیزمی دڵ 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-13-21:49:00 - کۆدی بابەت: 5871
ڕۆماتیزمی دڵ 

ناوه‌ڕۆك

تای ڕۆماتیزمی 

تای ڕۆماتیزمی حاڵەتێکی هەوکردنە کە ڕوودەدات لە دەرئەنجامی توشبوون بە هۆکاری نەخۆشی وەکوو بەکتریای خڕی تەزبیحی وەکوو هەوکردنی مل و سوورهەڵگەڕانی تادار، ئەم تایە ڕوودەدات کاتێک چارەسەری ئەم هەوکردنە ناکرێت، کاتێکیش ڕوودەدات نیشانەکان بە شێوەیەکی ئاسایی پاش ٢-٤ هەفتە لە هەوکردنەکە دەردەکەون، هەروەها بە شێوەیەکی بەربڵاو توشی هەردوو ڕەگەز دەبێت لە تەمەنی ٥-١٥ ساڵی، بەڵام دەکرێت کەسانی پێگەیشتوو و منداڵانی کەمتر لەو تەمەنەش توشبنن، هەروەها لێکەوتە دەمارییەکان زیاتر لای ئافرەتان دەردەکەون، بەڵام دەکرێت پەرەبسەنێت و نەخۆشەکە توشی ڕۆماتیزمی دڵ بکات بە ئەگەری لە سەدا ٣٠-٤٥، ڕۆماتیزمی دڵیش بەرپرسە لە ڕوودانی ٢٣٠٠٠-٥٠٠٠٠٠ حاڵەتی مردن لە ساڵێکدا. 

ڕۆماتیزمی دڵ 

نەخۆشی ڕۆماتیزمی دڵ پەرەدەسەنێت پاش توشبوون بە تای ڕۆماتیزمی، کە ئەم نەخۆشییەش ئاماژەیە تەسک و تەنگبوونەوەی یەکێک یان زیاتر لە زمانەکانی دڵ، کە زۆرجار پەلدەکێشێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ چاککردن یان  گۆڕینی زمانە توشبووەکان، دەکرێت ئەم حاڵەتی هەوکردنە ببێتە هۆی زەرەرێکی بەردەوام بۆ دڵ، زۆرجاریش زمانەی توشبوو زمانەی دووپەڕەییە، کە ئەویش زمانەی نێوان گوێچکەڵە و سکۆڵەکانی لای چەپی دڵە، کە دەکرێت ببێتە هۆی: 

  • تەسکبوونەوەی زمانەکان: زمانەکان تەسک دەبنەوە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وروژمی خوێن. 
  • ڕەقبوونی زمانەکان: خوێن بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە وروژم دەکات بەهۆی ڕەقبوونی زمانەکانەوە. 
  • لەناوچوونی ماسولکەکانی دڵ: هەوکردنەکە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ماسولکەکانی دڵ، کە دەبێتە هۆی پاڵنەنانی خوێن بەشێوەی پێویست. 

لەو حاڵەتانەی تریش کە ڕوودەدات ئەگەر هاتوو پەککەوتنی ماسولکەکانی دڵ یان تێکچوونی زمانەی دووپەڕەیی زمانەکانی تری دڵ بریتین لە: 

  • کورتهێنانی دڵ: ئەویش نەخۆشییەکی مەترسیدارە، کە دڵ پاڵ بە خوێنەوە نانێت بۆ هەموو بەشەکانی لەش بە باشی، دەکرێت ئەم حاڵەتە کار لە لای ڕاست یان چەپ یان هەردوو لاکەی دڵ بکات. 
  • فڕینی گوێچکەڵە: ڕیتمی دڵ نائاسایی دەبێت بو جۆرێک هیچ پێکەوەییەک نییە لە نێوان ژوورەکانی سەرەوە "گوێچکەڵە" و ژوورەکانی خوارەوە "سکۆڵە" کە ئەویش دەبێتە هۆی کورتبوونەوەی دڵ بە شێوەیەکی رێکنەخراو یان زۆر خێر یان هەردووکیان، کە ئەمەش وادەکات توانای پاڵنانی خوێن وەکوو پێویست نەبێت، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی مێشک.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی ڕۆماتیزمی دڵ

بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی ڕۆماتیزمی دڵ پزیشکەکە لەڕێگەی زانینی مێژووی نەخۆشی تەواو و ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی نەخۆشەکە پێی دەگات، هەروەها لە گرنگترین پشکنینەکانی تریش بریتین لە: 

  • نەخشەکێشانی دەنگی دڵ: ئەم پشکنینە شەپۆلی دەنگ بەکاردەهێنێت بۆ پشکنینی ژوور و زمانەکانی دڵ، کە شەپۆلەکانی دەنگ وێنەیەک دروستدەکەن لەسەر شاشەکە لەکاتی تێپەڕینی وزەی سەروو دەنگ بەسەر پێستی داپۆشەری دڵدا، ئەویش پشکنینێکی زۆر بەسوودە بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکانی زمانەکانی دڵ. 
  • نەخشەکێشانی کارەبایی دڵ (ECG): ئەم پشکنینە هێز و کاتی چالاکییەکانی دڵ دەپێویت، کە چەند تۆنێکی نا ئاسایی دەردەکەوێت "ناڕێکی لێدانەکانی دڵ یان تێکچوونی ڕێکخراوییەکەی" هەروەها دەکرێت لە هەندێک حاڵەتدا لەناوچوونی ماسولکەکانیش دەستنیشان بکات. 
  • تیشکی ئێکس بۆ سنگ: تیشکی ئێکس ئەم پشکنینە ئەنجامدەدرێت بۆ سەیرکردنی سییەکان و بۆ زانینی ئەوەی ئایا دڵ گەورە بوو یاخود نا. 
  • وێنەگرتن بە لەرینەوەی موگناتیسی بۆ دڵ: ئەو پشکنینەیە کە چەند وێنەیەکی جیا جیای دڵ وەردەگرێت، هەروەها دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ دەستکەوتنی وێنەیەکی تەواوتری زمانەکانی دڵ و ماسولکەکانی. 
  • پشکنینەکانی خوێن: دەکرێت ئەم پشکنینانە بەکاربهێنرێت بۆ گەڕان بەدوای هۆکاری نەخۆشی و هەوکردندا. 

نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشی ڕۆماتیزمی دڵ 

ئەگەر نەخۆشەکە لەم کۆتاییانەدا هەوکردنێکی بەکتریایی هەبێت یان تای ڕۆماتیزمی هەبێت ئەوە کلیلی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەکانی دڵە، نیشانەکانی تای ڕۆماتیزمیش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، زۆرجاریش ڕوودەدات لە نێوان ١-٦ هەفتە لە توشبوون بە هەوکردنی قوڕگ، لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت هەوکردنەکە هێندە هاوسەنگ بێت کە ناسینەوەی قورس بێت، یان لەکاتی بینینی نەخۆشەکە لەلایەن پزیشکەوە دیارنەمێ، لە گرنگترین نیشانەکانی تای ڕۆماتیزمیش بریتین لە: 

  • تا.
  • ئاوسانی جومگەکان و سووربوونەوەیان و هەبوونی ئازار بەتایبەتیش جومگەی ئەژنۆ و پاژنەکان. 
  • دەرکەوتنی لیمفەگرێ "کۆبوونەوەیان لەژێر پێستدا
  • پەڵەی سووری پێست، کە زۆرجار لەسەر سنگ یان پشت یان سک دەبێت. 
  • هەناسەتەنگی و تەنگبوونی سنگ.
  • جووڵەی نارێکخراوی قۆڵەکان و لاقەکان و ماسوکەکانی دەموچاو. 
  •  لاوازیی و شەکەتی گشتی.

نیشانەکانی ڕۆماتیزمی دڵ دەگۆڕێت بەپێی ئاستی لەکارکەوتنی زمانەکان، هەروەها پێویستی بە وردی تێبینی نیشانەکان بکرێت، چونکە زۆر گرنگە لە دەستنیشانکردنی چارەسەرێک بۆ ڕۆماتیزمی دڵ، لە گرنگترین ئەو نیشانانەش: 

  • هەناسەتەنگی، بەتایبەتیش لەکاتی چالاکیدا یان لەکاتی پاڵکەوتن.
  • ئازاری سنگ.
  • ئاوسان.

چارەسەرکردنی ڕۆماتیزمی دڵ

چارەسەری ڕۆماتیزمی دڵ بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بەو زیانانەی گەیاندوویەتی بە زمانەکان و شانەکانی دڵ، لە هەندێک حاڵەتی قورسدا، ڕەنگە چارەسەر بکرێت لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ گۆڕین یان چاککردن یان گێڕاندنەوەی ئەو زمانانەی دڵ کە زۆر تێکشکاون، لە ڕاستیدا باشترین ڕێگە بۆ چارەسەری ڕۆماتیزمی دڵ خۆپارێزییە لە توشبوون بە تای ڕۆماتیزمی، دەکرێت هەندێک دەرمانی وەکوو دژە زیندەییەکان ببنە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنی بەکتریایی و ڕێگری لە زۆر پەرەسەندنی تای ڕۆماتیزمی، هەروەها دەکرێت دژە هەوکردنەکان بەکاربهێنرێن لە چارەسەری ڕۆماتیزمی دڵدا، ئەویش لەڕێگەی کەمکردنەوەی هەوکردن و کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەکانی دڵ، ڕەنگە چەند دەرمانێکی تریش هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی دڵ، وە زۆرجار نەخۆشانی ڕۆماتیزمی دڵ دەرمانی ڕۆژانە یان مانگانەی دژە زیندەییەکانیان پێ دەدرێت، ڕەنگە ئەمە بە درێژایی ژیانی بەردەوام بێت، ئەویش بۆ خۆپارێزی لە هەوکردنە دووبارەوەبووەکان و کەمکردنەوەی مەترسی زیان گەیشتنی زیاتر بە دڵ، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکان دەکرێت ئەسپرین و ئازارشکێنەکان و دەرمانە ناستیرۆیدییەکان بدرێت کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکە بۆ ئەوەی بدرێن بە نەخۆش.


سەرچاوەکان



1833 بینین