مەترسییەکانی منداڵبوون پێش تەمەنی ٢٠ ساڵی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-17-16:59:00 - کۆدی بابەت: 5931
مەترسییەکانی منداڵبوون پێش تەمەنی ٢٠ ساڵی

ناوه‌ڕۆك

دووگیان بوون پێش ٢٠ ساڵی

دووگیانی پێش ٢٠ ساڵی دەتوانێت بە تەواوی ژیانی خانمەکە بگۆڕێت، واتە بەرپرسیارێتی کەسێکی دیکەش دەکەوێتە سەر شانی خانمەکە جگە لە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی، دووگیانی و منداڵبوون نەک تەنها دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە جەستەدا بەڵکوو لە ڕوانگەی دەروونیشەوە گۆڕانکاری زۆر دێت بە سەر خانمەکەدا.

ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر دایکەکەدا دێت چییە؟

  • بێخەوی شەوانە
  • چاودێریکردنی منداڵەکەی
  • بەردەوام سەردانکردنی پزیشک بۆ خۆی و منداڵەکەی
  • وازهێنان لە خوێندن

چەند توێژینەوەیەک لەسەر منداڵبوونی خوار تەمەن ٢٠ ساڵ

بە پێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە زۆرینەی ئەو دایکانەی، کە لە خوار تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە منداڵیان بووە، لە تەمەنەکانی ١٥ بۆ ١٩ ساڵیدا، دووچاری خەمۆکی دوای منداڵبوون بوونەتەوە، کە توشبوونیان بەم حاڵەتە دوو بەرامبەری ئەو خانمانەیە کە دوای تەمەنی ٢٥ ساڵی بوونەتە دایک، هەروەها ئەو خانمانەی کە لە تەمەنێکی کەمدا دەبنە دایک، پەستانی دەروونیان زیاتر لەسەر دەبێت و زیاتر پەنا دەبەن بۆ خۆکوشتن.

بارودۆخی دەروونی ئەو خانمانەی پێش تەمەنی ٢٠ ساڵی منداڵیان دەبێت

گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا

زۆرینەیان دووچاری، دڵەڕاوکێ، خەم خواردن، ئارەق کردنەوە، بێ خەوی و نەمانی حەزی خواردن دەبن.

خەمۆکی دوای منداڵبوون

ئەو دایکانەی زووتر لە کاتی خۆی منداڵیانبووە ئەگەری توشبوونیان بە خەمۆکی دوای منداڵبوون دوو بەرامبەری ئەو دایکانەیە کە لە تەمەنێکی گونجاودا منداڵیان بووە.

مەترسییەکانی منداڵبوون لە خوار تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە

بارودۆخی ئابووری

زۆرینەی ئەو دایکانەی کە تەمەنیان کەمە خوێندیان تەواو نەکردووە و کارێکی تایبەت بە خۆیان نییە، بۆیە لە ڕوانگەی ئابووریەوە ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە بتوانن بە باشی منداڵێک بە خێو بکەن.

تەندروستی جەستەی دایکەکە

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئەو خانمانەی تەمەنیان کەمە کاتێک دەبنە دایک، بە هۆی زۆر چاودێریکردنی منداڵەکەیانەوە خۆیانیان لە بیردەجێتەوە لە کاتێکدا کە تەمەنیان کەمە و پێویست چاودێری تەندروستی خۆشیان بکەن.

ئەو حاڵەتانەی تووشی ئەو خانمانە دەبێت لە تەمەنی کەمدا دووگیان دەبن

  • بەرزی فشاری خوێن لە ماوەی دووگیانیدا
  • کەمخوێنی
  • نەخۆشییە سێکسییەکان
  • منداڵبوونی پێشوەختە
  • کێشی کەم و بەدخۆراکی
  • ئۆتیزم
  • وەک چۆن دووگیانی لەسەر و تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە زیانی هەیە و ئەگەری حاڵەتی داون سیندرەم (مەنگۆلی) زۆرە بۆ منداڵەکە، بە هەمان شێوە ئەو خانمانەشی کە تەمەنیان لە خوار بیست ساڵەوەیە و دەبنە دایک ئەگەر زۆرە منداڵەکەیان ئۆتیزم بێت.

مەترسییەکانی منداڵبوون لە تەمەنێکی کەمدا لەسەر منداڵەکە

  • ئەگەری مردنی منداڵەکە لە کاتی لەدایکبوونیدا
  • لە دایکبوونی بە کێشێکی کەمەوە
  • ئەو منداڵانە لە داهاتوودا زیاتر تووشی کێشە دەبنەوە لە ژیانیاندا بە هۆی چاودێرینەکردنی باشی دایکەکەوە.
  • نەچوونە باخچەی ساوایان
  • زیادبوونی ئەگەری وازهێنان لە خوێندن لە تەمەنی نەوجەوانیدا

باشترین تەمەن بۆ بوونە خاوەنی منداڵ لە پیاوان و خانماندا

باشترین تەمەن بۆ خانمان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵییە و لەم کاتەدا هەموو مەترسییەکانی کاتی دووگیانی لەسەر دایک و منداڵەکە کەمە، هەروەها باشترین کاتیش بۆ پیاوان تەمەنی ٢٠ تاکوو ٣٠ ساڵییە و لەم کاتەدا توانای وەچە خستنەوەیان زۆرە.


سەرچاوەکان



4496 بینین