ماڵکۆم ئێکس

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-19-23:34:00 - کۆدی بابەت: 5968
ماڵکۆم ئێکس

ناوه‌ڕۆك

ماڵکۆم

ماڵکۆم ئێکس یەکێکە لە زانا و بانگخوازە بەناوبانگەکانی مێژووی ئیسلام و ئەمریکا، کەسێکی ڕەشپێست بووە و بەردەوام لە هەوڵی بنبڕکردنی جیاوازی چینایەتی و گەیاندنی ئایینی یەکسانی و دژەجیاوازی و ئیسلام بووە و هەر لە تەمەنێکی کەمدا هەزاران کەسی موسوڵمان کردووە، کە یەکێک لەوان محەمەد عەلی کلای بووە.

ژیانی منداڵی

ماڵکۆم لیتڵ لە ڕۆژی ١٩/٥/١٩٢٥ لە ئۆماهای ویلایەتی نێبراسکای ئەمریکا لەدوای هەشت منداڵی کوڕ لەدایکبووە لە بنەماڵەیەکی ئەفریقی-ئەمریکی، لەو سەردەمەی کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ڕەشپێست و سپی پێستەکان هەبوو، لە تەمەنی منداڵیدا و ساڵی ١٩٣١ باوکی بەهۆی جیاوازی ڕەنگەوە لەلایەن چەند سپی پێستێکەوە دەخرێتە بەردەم ڕێگای شەمەندەفەر و سەری پان دەکرێتەوە، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دایکی تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت و لە ساڵی ١٩٣٨ دەخرێتە نەخۆشخانەی دەروونی، منداڵەکانیش لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵدەگیرێنەوە و دابەش دەکرێن بەسەر چەند ماڵێکدا.

خوێندن

کاتێک لە قوتابخانە بوو تاکە کەسی ڕەشپێست بوو لەوێ، بۆیە هەمووان بە "ڕەشە" بانگیان دەکرد و پێیاندەوت کە ڕەشپێستەکان ئەهریمەنی سەر زەوین، خەونی ئەوەبوو لە کۆلێژی یاسا بخوێنێت، هەرچەندە زیرەکترین قوتابی خوێندنگا بوو، بەڵام مامۆستاکانی دەترسان ڕەشپێستێک ببێتە کەسێکی سەرکەوتوو، هەر بۆیە بەهۆی سوکایەتی و گاڵتەپێکردنی لەلایەن مامۆستاکانیەوە واز لە قوتابخانە دەهێنێت، دوای ئەوە دەستی کرد بە کارکردن وەک کارگوزار و سەماکار و بۆیاخچی پێڵاو، دواتریش دەست دەکات بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و جگەرەکێشان و دزیکردن و ئۆتۆمبێل دەدزێت لە سەرەتای تەمەنی بیست ساڵییەوە، ساڵی ١٩٤٦ لەکاتی دزیکردن دەستگیر دەکرێت و سزای زیندانی ١٠ ساڵی بەسەردا دەسەپێندرێت، لەگەڵ ئەوەی هاوکارە سپی پێستەکانی سزاکەیان ٥ ساڵە، لەو ماوەیەدا لە زیندان کەسێک بەناوی جۆن پێمبری دەناسێت و بەهۆی ئەوەوە دەست دەکات بە خوێندنەوە و هەزاران کتێب دەخوێنێتەوە لە یاسا و مێژوو و ئایین و ئەدەب، و تەواوی ئەو کێشانەی لە خۆیدا هەیە چارەسەری دەکات، دواتریش براکانی پێی دەڵێن کە موسوڵمان ببێت و ئەوان لەسەر دەستی سەرۆکی حیزبی ئوممەتی ئیسلام موسوڵمان بوون کە ناوی ئیلیجا محەمەدە، ماڵکۆم دەست دەکات بە خوێندنەوە دەربارەی ئیلیجا و کارەکانی و موسوڵمان دەبێت و دەست دەکات بە بانگەشەی ئیسلام لە زیندان، بەرپرسانی زیندان بەهۆی ئەوەی دەترسن ئایینەکە لە زیندان پەرەبسێنێت، هەر بۆیە دوای ٧ ساڵ زیندانی ئازادی دەکەن لە ساڵی ١٩٥٢، ئەویش لە حیزبی ئوممەتی ئیسلام نزیک دەبێتەوە و دەبێتە کەسێکی زۆر کارا تێیدا، دوای ئەوە نازناوی ئێکس بۆ خۆی و خێزانەکەی بەکاردێنێت لەجێی نازناوی لیتڵ کە وەک نازناوێک بۆ بەردەبوونی ڕەشپێستەکان بەکارهاتووە.

دوای ئازادبوونی

ساڵی ١٩٥٣ دەبێتە وتەبێژی یەکەمی ڕێکخراوەکە و چەندین پەرستگا بونیاد دەنێت لە دیترۆیت و نیویۆرک، ساڵی ١٩٥٧ ڕۆژنامەیەک دادەمەزرێنن بەناوی "ئیلیجا محەمەد قسەدەکات".

بەهۆی ماڵکۆمەوە هەزاران ڕەشپێست شوێن حیزبەکە کەوتن و موسوڵمان بوون، بەو پێیەی لە ساڵی ١٩٥٢دا ٥٠٠ کەس بوون، بە هاتنی ساڵی ١٩٦٣ ژمارەیان گەیشتە ٣٠ هەزار کەس.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە دووەم پڕخوێنەرترین وتاربێژی ئەمریکا دیاری کرد، لەو ماوەیەدا چەندین وتار و بڵاوکراوە و کۆڕی بەست و خەڵکی ڕەشپێستی هان دەدا بۆ هاتنە ناوەوەی ئایینی ئیسلام و خۆبەکەمنەزانین.

بەهۆی ئەوەی ناوبانگی زیاتر لە سەرۆکی حیزبەکە بڵاوبوویەوە، ئیلیجا محەمەد لە پۆستی وتەبێژی دووری خستەوە و ناکۆکی کەوتە نێوانیان.

ساڵی ١٩٦٤ ماڵکۆم لەگەڵ یاریزانی بۆکسێنی بەناوبانگ کاسیۆس کلای قسەدەکات و ئایینەکەی بۆ ڕووندەکاتەوە، ئەویش موسوڵمان دەبێت و دوای ئەوە ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ محەمەد عەلی کلای.

جێهێشتنی حیزب

لە ئاداری ١٩٦٤ ماڵکۆم ئێکس حیزبی ئوممەتی ئیسلام جێدەهێڵێت دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت ئیلیجا محەمەد لەگەڵ شەش لە سکرتێرەکانی نوستووە و یەکێکان دووگیانە، زۆرێک لە ئەندامەکانی حیزبیش کە کاریگەر بوون بەو پێیان ناخۆشبوو کە حیزبەکەی جێهێشتووە.

حیزبی ئوممەتی ئیسلام و کێشەکانی

ئەم ڕێکخراوە لە سەردەمێک کاری دەکرد کە ڕەشپێستەکان پێیان دەوترا ئەهریمەنی زەوی، بۆیە ڕێکخراوەکە بڕوای وابوو کە ڕەشپێستەکان لە سەرووی سپی پێستەکانەوەن، هەرچەندە باکگراوندێکی ئایینی ئیسلامی هەبوو، بەڵام زۆرینەی بنچینەکانی بە هەڵە داڕێژرابوو، باوەڕی وابوو کە ئەهریمەنەکان سپی پێستەکانن و فریشتەکانیش ڕەشپێستن، دواتریش ئیلیجا محەمەد ڕایگەیاندبوو کە ئەو پێغەمبەری خودایە، وە خوداش کەسێک نییە کە دیار نەبێت بەڵکو ئەو کەسێکە کە لەناو خەڵکی دەژیێت و دواتریش دامەزرێنەری حیزبی ئوممەتی ئیسلامی وەک خودا ناساند کە پیاوێک بوو بەناوی "فەرد"، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٤ لە پڕ ونبوو و هیچ ئاسەوارێکی نەمایەوە.

نوێژکردن لەلای ئەوان بریتیبوو لە خوێندنەوەی سورەتی فاتیحە و خوێندنی نزای مەئثورات، هەروەها سەردانی حەج و هێنانە پێشچاوی وێنەی سەرۆکی پێشووی حیزب، ئیلیجا باوەڕی بە ئەو شتانە نەبوو کە نایانبینێت، وەک فریشتە و بابەتە غەیبییەکان، بە فتوای ئەو ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان خرابووە مانگی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، ئیلیجا و سەرۆکی پێشووش ئایینەکەیان بە هەڵە وەرگرتبوو و بۆ پاراستنی ڕەشپێستەکان لە دەستی سپی پێستەکان بەکاریان دەهێنا.

دوای ئەوەی ماڵکۆم حیزبی جێهێشت، بڕیاری دا سەردانی هەندێک وڵاتی کیشوەری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، دوای ئەوەی هەندێک بابەتی خوێندەوە لەسەر حەج، بڕیاری دا حەج بکات و لەوێ بینی کە ئیسلام تەنیا بۆ ڕەشپێستەکان نییە، بەڵکو کەسانێک هەن کە چاویان شینە و قژیان زەردە و موسوڵمانن، چینییەکان و کۆرییەکانیش بەهەمان شێوە، لەوێ ئاشنابوو بەوەی ئیسلام دینێکی دیکەیە و ئەوەی لە ئیلیجا فێربووە ڕاستی نەبووە، نوێژکردنی ڕاستی فێربوو و دووبارە شایەتی هێنایەوە بە خودا و پێغەمبەرەکەی، چونکە پێیوابوو پێشتر موسوڵمان نەبووە لەبەر ئەو هەموو هەڵەی لەجێی ڕاستییەکان ئەنجامی دابوون، هەستێکی زۆریشی بە شەرمەزاری دەکرد کاتێک بیری دەکردەوە هەزاران کەس موسوڵمان بوون لە ڕەشپێستەکان بەبێ ئەوەی هۆکاری موسوڵمانبوونیان خۆی بزانێت نوێژ بکات کە یەکەمین کاری ئایینەکەیە.

دوای ئەوەی گەڕایەوە بۆ ئەمریکا، ڕێکخراوی مزگەوتی ئیسلامی و ڕێکخراوی یەکبوونی ئەفریقی ئەمریکی بونیاد نا، ماڵکۆم گەڕایەوە دەستی کردەوە بە بانگەوازی نوێ بۆ هەردوو ڕەشپێست و سپی پێستەکان و ڕایگەیاند کە ئەوان یەکسانن و ئایینی ئیسلام بۆ هەمووانە بەبێ جیاوازی و دەبێت ڕەشپێستەکانیش وەک سپی پێستەکان بژین، ئەو بوو بە کەسێکی موسوڵمانی سوننی، هاوڕێکانی لە هەڵەکانیان ئاگادارکردەوە، بەوەش ڕقی ئیلیجا و ئەندامەکانی زیاتر بوو لێی.

لە دوای حەج ماڵکۆم ناوی خۆی گۆڕی بۆ "حاجی مالیک شاباز".

ماڵکۆم بەهۆی دروستکردنی ئەو دوو ڕێکخراوەوە ویستی سیستمێکی سۆسیالیستی پەیڕەوبکات بۆ تەواوی ئەو کەسانەی ڕەشپێستن و بۆ مافەکانی خۆیان هەوڵدەدەن و شۆڕش دەکەن، زۆریش هەوڵی دا خۆی بەدوور بگرێت لە شەڕکردن لەگەڵ حیزبی ئوممەتی ئیسلام بەڵام حیزبەکە و ئەندامەکانی ڕقیان لێ هەڵگرتبوو و دەیانوت دەبێت ماڵەکەشی چۆڵ بکات چونکە موڵکی حیزبە.

بەهۆی ئەوەی ماڵکۆم بەردەوام چەوتییەکانی بیری ئوممەتی ئیسلامی لای موسوڵمانان ڕاست دەکردەوە و ڕاستییەکانی پێدەگەیاندن، حیزبەکە ڕقی زیاتربوو لە جاران و چەند جارێک هەڕەشەیان لێیکرد.

تیرۆر

بەهۆی کارەکانییەوە لەلایەن ئیلیجا محەمەدەوە فرمانی کوشتنی بۆ دەرچوو و لە ڕۆژی ١٤/٢/١٩٦٥ هێرش کرایە سەر ماڵەکەی و گولـلەباران کرا، بەڵام خۆی و خێزانەکەی ڕزگاریان بوو، لە ڕۆژی ٢١ـی هەمان مانگدا دوای ئەوەی ماڵکۆم بانگهێشت کرابوو بۆ هۆڵی کۆنگرەکان لە نیویۆرک، ماڵکۆم هاتە سەر ستەیج و دەستی کرد بە قسەکردن بۆ بانگهێشتی خەڵکی بۆ ئایینی ئیسلام، لە کاتی قسەکردنی دوو کەس بوو بە شەڕیان و خەڵکەکەش سەرقاڵ بوون پێیانەوە، لەو کاتەدا کەسێک لە ماڵکۆم نزیک بوویەوە و دەستڕێژی گولـلەی کردە سەر ماڵکۆم و هەر لەوێدا گیانی سپارد بەهۆی ئەوەی شانزە گولـلە جەستەی بڕیبوو.

دوای دەستگیرکردنی سێ کەسەکە، هیچکامیان دانیان بەوەدا نەنا کە حیزبی ئوممەتی ئیسلام ئەوانی ناردووە و بۆیە ئیلیجا محەمەد هیچ سزایەکی وەرنەگرت لەگەڵ ئەوەی هەمووان دەیانزانی کاری ئەوە.

دوای کۆچی دوایی

دوای تیرۆرکردنی ماڵکۆم، زۆرێک لە ئەندامەکانی ئوممەتی ئیسلام وازیان لە حیزبەکە هێنا و بوونە ئەندامی حیزبەکەی ماڵکۆم، دوای مردنی ئیلیجا محەمەدیش، "والاس محەمەد"ـی کوڕی بووە سەرۆکی حیزبەکە و لەسەر بیروبۆچوونەکانی ماڵکۆم بڕوا و بنەماکانی حیزبی دووبارە داڕشتەوە و باوەڕە هەڵەکانی تێدا لابرد و زیاتر فیکرێکی میانڕەوی وەرگرت.

تەنیا دوای مانگێک لە تیرۆرکردنی ماڵکۆم، سەرۆکی ئەمریکا "جۆنسۆن" بڕیاری دا بە پێدانی مافی دەنگدان بە ڕەشپێستەکان و وشەی negroـی قەدەغە کرد کە بە ڕەشپێستەکان دەوترا و واتای ڕەشی هەبوو.

ساڵی ٢٠١٠ و دوای ٤٥ ساڵ لە زیندانیکردنی، بکوژی ماڵکۆم کە ناوی "تۆماس هاجان"ـە ئازادکرا.

فیلم

ساڵی ١٩٩٢ فیلمێک لەسەر ژیانی ماڵکۆم دروستکرا کە ڕۆڵی ماڵکۆم لەلایەن "دیزل واشنتن"ـەوە دەگێڕدرا، فیلمەکە لە ١٩٩٣ بووە پاڵێوراوی دوو خەڵاتی ئۆسکار و دیزل واشنتن بووە براوەی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەری سەرەکی.


سەرچاوەکان

68 بینین