دووگیانی بە دوانەوە

له‌لایه‌ن: مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-20-13:55:00 - کۆدی بابەت: 5970
دووگیانی بە دوانەوە

ناوه‌ڕۆك

منداڵی دوانە

زۆرێک لە دایک و باوکان حەزدەکەن دوانەیان ببێت و زۆر جار پێش ئەوەی بڕیاری وەچە خستنەوە بدەن سەردانی پزیشک دەکەن، تاکوو ڕێنمایان پێ بدات کە سکەکە دوانە بێت، گەرچی نیشانەکانی دووگیانبوون بە دوانەوە لەگەڵ نیشانەی دووگیانی ئاسایدا زۆر جیاوازی نییە، بەڵام دووگیانی بە دوانەوە زووتر دەردەکەوێت.

نیشانەکانی دووگیانی بە دوانەوە چین؟

دڵتێکچوونێکی توندی بەیانیان

لە ماوەی دووگیانی بە دوانەوە لەوانەیە دڵتێکچوونی بەیانیان زۆر زۆر بێت، تەنانەت ڕەنگە بە درێژایی ڕۆژەکەش دڵتێکچوونی هەبێت، هەرچەندە دەکرێت خانمێکیش کە بە یەک منداڵەوە دووگیانە ئەم نیشانانەی هەبێت، بەڵام لێرەدا ئەم نیشانانە زۆر توندن و هەروەها ماندوویەتی و هیلاکیەکی زۆریشی هەیە.

قورسبوونی کێشی جەستە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

ئەگەر کێشت لە سێ مانگی یەکەمدا زۆر زیاد بکات، ئەوە ئەگەری زۆرە دووگیان بیت بە دوانەوە.

گەشەکردنی بێ سنووری منداڵدان

ئەگەر منداڵدانت زۆر کێشی بێت و سکت لە ئەندازەی خۆی گەورەتر بێت ئەوە ئەگەری زۆرە دوانە بێت.

بیستنی دوو لێدانی دڵ

هەندێک کات پزیشکان لە کاتی پشکنیندا دوو دەنگی لێدانی دڵ دەبیستن.

هەستکردن بە جوڵەی زۆر و خێرای منداڵەکە

ئەو خانمانەی کە دووگیانن بە دوانەوە زووتر لە هەفتەی هەژدەیەم هەست بە جوڵە دەکەن، هەروەها لەقە هاویشتنێکی زۆری منداڵەکە.

دوانە چۆن دروست دەبێت؟

کاتێک کە هێلکەکان بە شێوەیەکی سروشتی دابەش دەبن بۆ دوان و دەبێت بە دوو بەشەوە، دوو دوانەی چوونیەک دروست دەبن، بەڵام کاتێک کە هێلکەکان لە یەک کاتدا بە هۆی سپێرمی جیاوازەوە دەپیتێنرن ئەوکات دوانەی ناچوونیەک دروست دەبن.

چەند هۆکارێک وادەکەن ئەگەری دروستبوونی دوانە زۆر بێت

بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت یان منداڵی بلوری

هەندێک لە دەرمانی تایبەت بە منداڵبوون و دووگیانی هۆکارێکە تاکوو هێلکەی زۆر بەرەڵا ببێت، هەروەها دەکرێت لەکاتی ڕێگای دانانی منداڵی بلوریدا زیاتر لە هێلکەیەک بپیتێنرێت و دابنرێت لە منداڵداندا.

تەمەنی گونجاو

ئەو دایکانەی کە تەمەنیان سەرو ٣٠ ساڵە سەبارەت بەو دایکانەی کە تەمەنیان کەمە دەتوانن هێلکەی زیاتر بەرەڵا بکەن لە هەر سوڕێکدا.

پێشینەی دووگیانی بە دوانەوە

ئەو دایکانەی پێش ئەم سکەیان دووگیانبوون بە دوانەوە ئەگەری زۆرە کە دووبارە دووگیانییەکەیان بە دوانەوە بێت.

پێشینەی خێزان

ئەگەر لە خێزانەکەتاندا خزمێکتان دوانەی هەیە ئەوا ئەگەری زۆرە کە ئەمە لە کەسانی تری خێزانەکەشدا ڕووبدات.

نەژاد

نەژاد ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە بە جۆرێک کە خانمانی ڕەشپێست زیاتر ئەگەری دووگیانیان هەیە بە منداڵی دوانەوە تاکوو خانمانی سپی پێست.

دیاریکردنی دووگیانی بە دوانەوە

  • سۆنەرکردن

لە سەرەتای سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا کاتێک پزیشک سۆنەر بۆ خانمەکە دەکات، ئەگەر دووگیان بێت بە دوانەوە خانمەکە ئەوە زوو دەردەکەوێت و دەزانێت ئایا دوانەی چوونیەکن یاخود ناچوونیەک، هەندێک کات بە هۆی ناتەواوی کرومۆسۆمی یەکێک لە دوانەکە ون دەبێت، بەم نەخۆشییە دەڵێن کۆنیشانەی ونبوونی یەکێک لە دوانەکە، ونبوون و نەمانی یەکێک لە دوانەکە لە سەرەتای دووگیانیدا هیچ کێشەیەک دروست ناکات بۆ کۆرپەلەکەی تریان.

ئەو مەترسییانەی لەسەر خانمانی دووگیانە بە دوانەوە

  • منداڵبوونی پێش وەختە
  • زۆرینەی ئەو خانمانەی کە دووگیانن بە دوانەوە پێش هەفتەی ٣٧ منداڵەکانیان دەبێت.
  • گەشکەی دووگیانی
  • ئەگەری گەشکەی دووگیانی لەو خانمانەدا زیاترە کە دووگیانن بە دوانەوە.
  • هەستکردن بە ماندوویەتی
  • هەستکردن بە ماندوویەتیەکی زۆر ئاساییە و نیشانەیەکی تایبەتی دووگیانییە بە تایبەت دووگیانی بە دوانەوە ئەویش بە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسنە لە جەستەدا.


سەرچاوەکان

1092 بینین