ڕیاڵی سعودی

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-28-18:15:00 - کۆدی بابەت: 6079
ڕیاڵی سعودی

ناوه‌ڕۆك

دراوی ڕیاڵی سعودی

ڕیاڵ دراوی فەرمیی شانشینی عەرەبیی سعودییە، هەر ڕیاڵێک دابەش دەکرێت بۆ 100 هەلەلە، ڕیاڵ لە بانکی ناوەندیی سعودییەوە بڵاودەکرێتەوە و بە زێڕ پشتگیری دەکرێت، بۆیە هیچ کۆت و بەندێک لەسەر ئاڵوگۆڕی دراوەکە نییە و بە بێ هیچ ئاستەنگێک دەکرێت پارە بۆ و لە سعودییەوە بگوازرێتەوە، لە ساڵی 1986ـەوە یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 3.75 ڕیاڵ و دراوەکە لەو کاتەوە بەندە لەسەر دۆلار.

مێژووی ڕیاڵی سعودی

مێژووی ڕیاڵی سعودی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ''شا عبدالعزیز'' پاش ئەوەی ناوی وڵاتەکەی لە شانشینی حیجازەوە گۆڕی و کردی بە شانشینی عەرەبی سعودی، ڕەشنووسێکی فەرمیی شاهانە بە ژمارەی (2716) دەرچوو لە بەرواری (7-جمادی الأولی-1351 هـ) کە هاوکاتە لەگەڵ (22-9-1932) و بڕیاری دابوو کە دەبێت لەمەودوا نازناوی شای شانشینی عەرەبیی سعودیی بۆ بەکاربێت لە جیاتی ''شای حیجاز و نەجد و ناوچەکانی دەوروبەری''.

ئەم نازناوە بە فروانی بەکارنەهێنرا هەتا ساڵی 1354ـی کۆچی یاخود 1935ـی زاینی، کاتێک یەکەم دراوی سعودی خرایە بازاڕەوە و ناوە نوێیەکەی وڵاتی پێوە چاپ کرابوو، لە سەردەمی شا سعودی کوڕی عەبدولعەزیز و فەیسەڵ و خالید کۆمەڵە وەشانێکی نوێ لە دراوەکە بڵاوکرانەوە کە پێکهاتبوون لە:

  • 1 ڕیاڵ.
  • 5 ڕیاڵ.
  • 10 ڕیاڵ.
  • 50 ڕیاڵ.
  • 100 ڕیاڵ.

لە سەردەمی شا فەهدی کوڕی عبدالعزیز جۆرێکی نوێ بڵاوکرایەوە کە جۆری 500 ڕیاڵ بوو و وێنەی شا عبد العزیزی لەسەر بوو.

ڕیاڵی سعودی لە ئێستادا

دراوە کانزاییەکان

ئەم جۆرانە لە ساڵی 2016 بەکاردێن:

  • 1 هەلەلە
  • 5 هەلەلە
  • 10 هەلەلە
  • چارەکە ڕیاڵێک
  • نیو ڕیاڵ
  • یەک ڕیاڵ
  • 2 ڕیاڵ

دراوە کاغەزییەکان

ئەم جۆرە کاغەزیانە سەر بە وەشانی ساڵی 2016ـن و لە ئێستاشدا بەکاردێن:

  • 5 ڕیاڵ کە ڕەنگی مۆرە و وێنەی شا سەلمان و یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی چارەگی بەتاڵی وڵاتەکەی لەسەرە.
  • 10 ڕیاڵ کە ڕەنگی قاوەییە و وێنەی شا سەلمان و کۆشکی چوارگۆشەی لەسەرە کە دەکەوێتە ڕیازەوە.
  • 50 ڕیاڵ کە ڕەنگی سەوزە و وێنەی شا سەلمانی لەسەرە لەگەڵ گومبەتە ئاڵتوونییەکەی مزگەوتی ئەقسا  لە قودس.
  • 100 ڕیاڵ کە ڕەنگی سوورە و وێنەی شا سەلمانی لەسەرە لەگەڵ وێنەیەکی گومبەتە سەوزەکەی مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ.
  • 500 ڕیاڵ کە وێنەی شا عبدالعزیز بن عبدالحرمن آل سعودی لەسەرە لەگەڵ وێنەیەکی کەعبەی پیرۆز.


سەرچاوەکان



2655 بینین