هەناسە توندی لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-30-13:34:00 - کۆدی بابەت: 6440
هەناسە توندی لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

هەناسە توندی لەماوەی دووگیانیدا چییە؟

هەناسە توندی حاڵەتێکە کە تێیدا دایکەکە ناتوانێت بە باشی هەناسە بدات، نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەو خانمانەی کە پێشتر هەناسە توندیان لەگەڵدا نەبووە لەماوەی دووگیانیدا تووشی هەناسە توندی دەبن، ئەگەر بارودۆخێکی لەو شێوەیەت بۆ هاتە پێشەوە نیگەران مەبە و مەشڵەژێ، زۆرینەی دایکان بە تایبەت لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا ئەم حاڵەتەیان بەسەردا دێت، هەناسە توندی لەماوەی دووگیانیدا بە جۆرێکە کە کاتێک دایکەکە لە ژوورێکەوە تا ژوورێکی دیکە دەڕوات هەناسە بڕکێی پێ دەکەوێت بە شێوەیەک کە وەک بڵێی لە ماراسۆنێکدا بەشداری کردووە.

هەناسە توندی لەماوەی دووگیانیدا نیشانەی چییە؟

لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

- قەفەزەی سنگ بە هۆی زیادبوونی قەبارەی سیەکانەوە زیاتر دەکرێتەوە و بەرەو سەرەوە دەڕوات، هەر بۆیە لەبەرکردنی جلی تەسک خانمەکە دووچاری هەناسە توندی دەکاتەوە

- هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن وادەکات کە جەستە ئۆکسجینێکی زیاتر بڕژێتە ناو خوێنەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارەی سییەکان، بۆیە جەستە هەوڵی زیاتر دەدات بۆ کردنە دەرەوەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن.

- خانمان لەماوەی دووگیانیدا قوڵتر هەناسە هەڵدەمژن و هەر ئەمەش وادەکات دووچاری هەناسە توندی ببنەوە.

- هەروەها لە سەرەتای دووگیانیدا بڕی خوێن ٪٥٠ زیاد دەکات، هەر بۆیە دڵ لە پێشتر زیاتر کار دەکات، ئەم حاڵەتەش دەبێتە هۆی هەناسەدانێکی زیاتر.

لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا

لە هەر مانگێکدا ئەگەری هەناسە توندی هەیە بەڵام بە گشتی هەناسە توندی لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا زیاترە کە ئەویش دوو هۆکاری هەیه

- خانمانی دووگیان پێویستیان بە ئۆکسجینی زیاترە، ئەمەش وادەکات کە دایکەکە هەناسەی توند ببێت.

- هۆڕمۆنەکان کاریگەری خۆیان هەیە، ڕێژەی بەرزی پڕۆجیسترۆن، سییەکان و ڕێڕەوی هەناسەدانی خانمەکە دەخاتە ژێر فشارەوە، و بەگشتی لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا هۆڕمۆنەکانی دووگیانی دەبنە هۆی هەناسە توندی.

هەناسە توندی لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا

- لە دەوروبەری هەفتەی ٣١ـدا کێشەی هەناسە توندی دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ دایکەکە، کە ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە منداڵدان فشارێکی زۆری خسۆتەتە سەر سییەکان بە هۆی ئەوەی لەو کاتەدا زۆر گەورە بووە.

- لە سێ مانگی کۆتایدا ئەگەر منداڵەکە زۆر لە سەرەوە بێت یاخود شلەی سەراو زۆر بێت.

- کاتێک کە بە پلکانەدا سەر دەکەویت، یان قورسایی بەرز دەکەیتەوە و یاخود کێشت زۆر زیادە.

- کاتێک دووگیانیت بە دوو منداڵەوە یاخود زیاتر

- ئەگەر لەماوەی دووگیانیدا کەمخوێن بیت ئەوا ئەگەری هەناسەتوندی زۆر زیاتر دەکات

- ئەو خانمانەی کە ڕەبۆیان هەیە لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا دووچاری هەناسە توندی زۆر دەبنەوە و پێویست دەکات پزیشک ئاگاداری ئەوە بێت کە دایکەکە ڕەبۆی هەیە.

- ئەگەر هەناسە توندییەکەت هاوکات دڵەکزە و لێدانی خێرای دڵ و ساردی پەنجەکانی دەست و قاچەکانی لەگەڵدا بێت، دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان.

هەناسە توندی و ڕەگەزی منداڵەکە

ئەمەی کە پێشتر باسکراوە بە نیشانەکاندا ڕەگەزی منداڵەکەیان دیاری کردووە هەڵەیە و هەناسە توندی هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەگەزی منداڵەوە نییە.

هەناسە توندی لەماوەی دووگیانیدا چەندە درێژە دەکێشێت؟

ئەگەر یەکەم دووگیانیت بێت، ئەوا دوای هەفتەی ٣٦ـی دووگیانیەکەت سەری منداڵەکە دێتە خوارەوە بۆ ناوچەی حەوز، ئەمەش تا ڕادەیەک یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەناسە توندییەکەت، بەڵام ئەگەر دووگیانی یەکەمت نییە لەوانەیە تاکوو کۆتایی دووگیانیەکەت سەری منداڵەکە نەیتە خوارەوە بۆ ناوچەی حەوزت.

دوای لەدایکبوونی منداڵەکە ڕێژەی پڕۆجیسترۆن کەم دەکات و هەناسە توندی نامێنێت، بەڵام بەداخەوە لەوانەیە چەند مانگێک درێژە بکێشت دوای منداڵبوون تاکوو کۆئەندامی هەناسەت بگەڕێتەوە حاڵەتی جارانی خۆی.

چ کاتێک دایکەکە دەبێت سەردانی پزیشک بکات؟

  • ئەگەر ئازارێکت هەبوو لە سەر سنگتدا و هەناسە توندییەکەت زۆر بوو 
  • نینۆک و لێوت شین بوویەوە
  • لێدانی دڵت زۆر خێرا بوو
  • قورسی هەناسەدان لە کاتی خەوتندا

ڕێگاکانی کەمکردنەوەی هەناسە توندی لەماوەی دووگیانیدا

ئارامی

کاتێک هەناسه توند دەبیت ئارامبە و مەشڵەژێ، چونکە ئەمە حاڵەتێکی ئاسایی ماوەی دووگیانییە، دڵگرانی و ترس و دڵەڕاوکێ هەناسە توندییەکە خراپتر دەکەن.

قورس مەیگرە

ڕۆژانە کاتێک کارێکی قورس یاخود وەرزش دەکەیت دووچاری هەناسە توندی دەبیتەوە، ئینجا ئەگەر بێت و خانمێکی دووگیان بێت و منداڵێک لەسکیدا بێت بۆیە بیر لەوە بکەرەوە کە ئێستا باری سەر شانت قورسترە و بۆیە ئەم حاڵەتە ئاساییە، زور خۆت هیلاک مەکە و پشووی زۆر بدە و قورسی مەکە حاڵەتەکە.

شێوازەکەت بگۆڕە

هەر کاتێک کە هەستت بە هەناسە توندی کرد شێوازی دانیشتن یاخود خەوتنەکەت بگۆڕە بۆ جۆرێک کە هەست دەکەیت بەم شێوەیە هەناسە توندییەکەت کەم دەبێتەوە.

بە جوانی دابنیشە

لە کاتی دانیشتدا بە ڕێکی دابنیشە و خۆت مەچەمێنەرەوە، ئەگەر لەسەر مێز دادەنیشیت و کار دەکەیت ڕۆژانە زۆر ئاگاداری دانیشتنت بە و شانەکانت خوار مەکە و خۆت مەچەمێنەرە.

ئاگاداری خەوی شەوانتبە

پێویست دەکات شەوان بە لای چەپدا بخەویت تاکوو هەناسەدانی سییەکانت باشتر ببێت، سەرینێک یاخود پەتوویەکی نەرمیش بخەرە ژێر ئەو لایەتەوە.

وەرزش یاخود یۆگا لەماوەی دووگیانیدا

وەرزش لەماوەی دووگیانیدا زۆر گرنگە بەو مەرجەی کە زیادەڕەوی تێد نەکەیت و وەرزشی قورس ئەنجام نەدەیت، وەرزشی خۆگەرم کردن و وەرزشە هەواییەکان بکە، ئەگەر دەتەوێت وەرزشێکی ئاسانتر و سادەتر ئەنجام بدەیت ئەوە یۆگا بکە کە دڵ و دەروونت ئارام دەکاتەوە و هۆکارێکە تاکوو بە شێوەیەکی باشتر هەناسە بدەیت.

دەستەکانت ببەرە سەرەوە

کاتێک دەستەکانت دەبەیتە سەرەوە ئەمە وادەکات کە فشارێکی زۆر نەمێنێت لەسەر سییەکان و ئۆکسجینی زیاتریان دەست بکەوێت.

وەرزشی هەناسەدان

کاتێک هەناسەت توند دەبێت هەوڵبدە دابنشیت و وەرزشی تایبەتی هەناسە بکەیت.

سەرت بەرزبکەرەوە و بیهێنە خوارەوە

هەناسەیەکی قووڵ هەڵبمژە تاکوو هەوایەکی زۆر ببەیتە ناو سییەکانتەوە و دەستەکانت بەرز بکەرەوە و بە هێواشی هەناسە بدەرەوە.

ئاو خوارنەوەی زۆر

هەناسە توندی نیشانەیەکە بۆ کەمبوونەوەی ئاو لە جەستەدا و وشکبوونەوە، دەبێت ڕۆژانە بڕێکی زۆر ئاو بخۆیتەوە و دوورکەویتەوە لە خواردنەوەی چا و قاوە و هەروەها ئەو خواردنەوانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی کێش.

خواردنی تەندروست 

خانمان دەبێت کۆنتڕۆڵی کێشی خۆیان بکەن لەماوەی دووگیانیدا، پێش ئەوەی دووگیان ببیت کێشی جەستەت جێگیر بکە و ئەوکات بیر لە دووگیان بوون بکەرەوە و هەروەها ڕۆژانە خواردنی تەندروست بخۆ.

دوورکەوتنەوە لە هەڵگرتنی قورسایی

لەماوەی دووگیانیدا دوورکەوە لە هەڵگرتنی شتی قورس، کە ئەمەش هۆکارێکە تاکوو هەناسە توند ببیت.


سەرچاوەکان



2993 بینین