پەردەی کچێنی و جۆرەکانی

پەردەی کچێنی و جۆرەکانی

له‌لایه‌ن: دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-08-31-00:36:00 - کۆدی بابەت: 6447
پەردەی کچێنی و جۆرەکانی

ناوه‌ڕۆك

بەشی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە

بەشی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، یەکێک لە بەشەکان دوو لێوی گەورە کە بە موو داپۆشراوە کە چەند ڕژێنێکی تێدایە وەک ئارەقە ڕژێن و چەورییە ڕژێن، لەگەڵ دوو لێوی بچووک کە هیچ موویەکی پێوە نییە و ڕەنگەکەی پەمەییەکی کاڵە، بەشی سەرەوەی یەکگرتنی ئەم دوو لێوە بچووکە، پارچەیەک گۆشت هەیە کە درێژییەکەی ١ بۆ ١.٥ سانتیمە، ئەم ناوچەیە سێ دەرچەی تێدایە، دەرچەی میز، دەرچەی زێ، دەرچەی پیسایی لە خوارەوە، دەرچەی میز کە بۆ دەرچوونی میزە و بەشی خوارەوەی کە کۆتایهاتنی هەردوو لێوە بچووکەکەیە دەرچەی زێیە و بە پەردەی کچێنی داپۆشراوە.

پەردەی کچێنی 

دەرچەی زێ بە پەردەیەکی ناسک و تەنک داپۆشراوە کە پێی دەوترێت پەردەی کچێنی، کە ڕۆڵی هەیە وەک دیوارێک یاخود پەردەیەک و ڕێگری دەکات لە چوونە ژوورەوەی میکرۆبەکان بۆ ناو زێ، لە سەرەتاکانی تەمەنی کچاندا واتە کچانی منداڵ ئەم پەردەیە زۆر ناسکە و وردە وردە لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی کچەکەدا ئەستوورتر دەبێت، ئەویش بە هۆی گەورەبوون و بوونی لێوەکان و ڕژانی هۆڕمۆنی ژنانەوە، ئەم پەردەیە جۆری جیاوازی هەیە و هەر جۆرێکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە.

پەردەی کچێنی لەکوێدایە؟

پەردەی کچێنی بە گشتی لە دەرچەی زێدایە و ٢ بۆ ٢.٥ سانتیم لە ڕووی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێوە دووره، و بەڵام بە پێی جەستەی کچەکە لە کچێکەوە بۆ کچێکی دیکە دەگۆڕدرێت و هەروەها بە پێی شێوەی جیاوازی ناوچەی حەوز لە کچەکاندا.

ئایا مەرجە هەموو کچێک پەردەی کچێنی هەبێت؟

هەموو کچێک پەردەی کچێنی هەیە و گوومان لەوەدا نییە، بەڵام جۆرێکی پەردەی کچێنی هەیە کە پێی دەوترێت شریتی ئەوەندە باریک و تەنکە کە وەک ئەوە وایە نەبێت، هەندێک جار بە سێ پزیشکەوە پشکنینی بۆ بکەن لەوانەیە نەبینرێت، ئەمەیە کە خەڵک واتێدەگات ئەگەر هەیە کچێک خۆی پەردەی کچێنی نەبێت، پەردەی شریتی لە کاتی دڕانیدا بە هیچ جۆرێک خوێن نابینرێت.

جۆرەکانی پەردەی کچێنی

پەردەی کچێنی جۆری جیاوازی هەیە، کە هۆکارێکە تاکوو کچەکان بە پێی جۆری پەردەکەیان بارودۆخەکەیان جیاوازتر بێت لە یەکتری، جۆری شێوەی پەردەکە، جۆری خوێنبەربوونەکە لە کاتی دڕانی پەردەکە، یان نەبوونی خوێن هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە جۆری پەردەی کچێنییەکەوە هەیە.

پەردەی ئەڵقەیی

باوترین جۆری پەردەی کچێنی پەردەی ئەڵقەییە کە پێشی دەوترێت نیو مانگ، کە دوو لای مانگێکن یەکتری دەگرن شێوەیەکی ئەڵقەیی پێک دەهێنن کە پەردەیەکی ئاساییە و کونێکی زۆر بچووکی تێدایە تاکوو خوێنی سوڕی مانگانەی لێوە بێتە دەرەوە، کە لە کاتی دڕان و لەدەست چوونیدا مەرج نییە هەمووی لابچێت لەوانەیە هەر سەرەکەی یاخود خوارەکەی بێت و لە کاتی دڕانیدا کەمێک خوێن دەبیندرێت کە لەوانەیه تەنها دڵۆپێک بێت، یاخود دڵۆپێکی قاوەیی و یاخود تەنانەت هیچ خوێنێک نەبینرێت.

پەردەی هێڵەکی

ئەم پەردەیە وەک بێژن وایە و کون کونی زۆر بچووکی تێدایە، ئەم پەردەیەش لە کاتی دڕانیدا خوێنی لێ دێت و یەکەمین شەو کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەخەوێت خوێن دەبینێت، زۆر جار خوێنەکە زۆرە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی توند، ئەو کچانەی ئەم پەردەیان هەیە لە کاتی سوڕی مانگانەدا ئازارێکی زۆریان دەبێت و خوێن بە قورسی دەتوانێت بێتە دەرەوە، و هەموو خوێنەکە لەودیووی پەردەکەوە کۆدەبێتەوە و ناتوانێت بێتە دەرەوە، بۆیە گرنگە کە ئەگەر کچێک ئازارەکەی پێناسەنەکراو بوو ببرێتە لای پزیشکی ژنان و منداڵبوون تاکوو پشکنینی بۆ بکات بزانرێت پەردەکەی لەم جۆرەیە یاخود نا.

پەردەی دیواری

کە جۆرێکە پەردەکە دوو کونی شێوە هیلالی تێدایە و دیوارێک لە نێوانیاندایە، کە دیوارێکی زۆر ناسکە و لە شەوی یەکەمی هاوسەرگیریدا زۆر جار خوێن نابینرێت و تەنها دەدراوێکی ئاڵ یاخود قاوەیی دەبیندرێت.

پەردەی داخراو

ئەم جۆرە پەردە زۆر دەگمەنە و لە ١٠٠٠٠ کچدا یەکێکیان ئەم جۆرەیان هەیە، ئەم حاڵەتە لەو کچانەدایە کە دەگەنە تەمەنی باڵغبوون و بەڵام ناکەونە سوڕی مانگانەوە و لەگەڵ ئەوەشدا هەموو مانگێک ئازارێکی زۆریان دەبێت لە منداڵدان و خوارەوەدا، چونکە خوێنی منداڵدان کە مانگانە دێتە خوارەوە لەوێدا دەگیرێت و چونکە پەردەکە داخراوە ناتوانێت بێتە دەرەوە، هەموو مانگێک بڕێک خوێن بەو شێوەیە کە ڕەش دەبێت خوێنەکە و کۆدەبێتە و زۆر جار دەبێتە هۆی هەوکردن، و زۆر جار خوێنە کۆبووەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێیەک و نیشانەکەشی بریتییە لە ئازارێکی زۆری ناوەوەی سک، لەم کاتەدا پێویستە کچەکە ببرێتە لای پزیشک و کونێکی بچووک بکرێتە پەردەکەیەوە تاکوو ئەو خوێنە بێتە دەرەوە مانگانە.


سەرچاوەکان

1247 بینین