شێوازی ڕێنمایی کردنی کچەکەت پێش کەوتنە سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-07-13:54:00 - کۆدی بابەت: 6526
شێوازی ڕێنمایی کردنی کچەکەت پێش کەوتنە سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

زانیاری پێش وەختە بۆ کچەکەت پێش کەوتنە سوڕی مانگانە

دایک و باوک دەبێت وریابن کە کچیان هەبوو کە کاتێک گەورە دەبێت و دەچێتە تەمەنی باڵغبوونەوە دەکەوێتە سوڕی مانگانەوە، کە ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و پێویستە پێش وەختە دایکەکە بە تایبەت زانیاری بدات بە منداڵەکەی تاکوو لەوکاتەدا تووشی شۆک نەبێت، بۆیە گوێ پێنەدان و گرنگی نەدان بەم بابەتە لەلایەن دایکەوە شتێکی هەڵەیه.

شێوازی ڕێنمایی کردنی کچەکەت پێش کەوتنە سوڕی مانگانە

خۆت ئامادەبە

پێش هەموو شتێک دایکەکە دەبێت خۆی ئامادە بێت تاکوو بتوانێت قسە لەگەڵ کچەکەیدا بکات، زانیاری باشی پێ بێت لەو بوارەدا و بە هیچ جۆرێک شەرم نەکات لە وتنی بە کچەکەی، شەرم کردن هیچ سوودێک بە کچەکەت ناگەیەنێت و زیانی پێ دەگات و ئەگەر پێشتر ڕێنمایت پێ نەدابێت لەو کاتەدا قورسە بتوانێت ئەوە قبوڵ بکات، هەست دەکات کە توانای ناشکێت بەسەر ئەم حاڵەتەی کە بە سەریدا هاتووە، بۆیە گرنگە به متمانە بەخۆبوونی تەواو و زۆر ئاسایی لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەیت لەگەڵ کچەکەتدا.

دایکانە و کچانە

دایک و کچ هەردووکیان ڕەگەزی مێینەن و لە ڕووی جەستەیی و دەرونییەوە هاوشێوەن، بۆیە کاتێک دایکێک قسە بۆ کچەکەی دەکات لەم بارەیەوە زۆر باشترە لەوەی کە باوک بێت یاخود کەسێک کە کچەکە شەرمی لێبکات، ئەگەر هات و کچەکە شەرمی لە دایکی دەکرد پێویست دەکات هاوڕێ یاخود پوور و خوشکی ئەم ئەرکە بگرنە ئەستۆ، واتە پێویستە ئەو کچە ئەم ڕێنمایانە لە دەمی کەسێکەوە ببیستێت کە شەرمی لێنەکات و تێکەڵی بێت.

ئاگاداربن

هەمیشە ئاگاداربە و سەرنجی جەستە و ڕەفتاری کچەکەت بدە، چونکە ڕەنگە کچەکەت زووتر پێش ئەو کاتەی کە چاوەڕێی دەکەیت بکەوێتە سوڕی مانگانەوە، لەوانەیە یەکەم سوڕی مانگانەی لە قوتابخانە، بازاڕ، دەرەوە، شوێنی گشتیدا بێت، بۆیە گرنگە کە پێشتر باسی ئەوەت بۆ کردبێت تاکوو پێش چوونە دەرەوەی ئاگاداربێت و سانتی پێ بێت، کاتێک کچەکەت زانیارییەک دەبیستێت لەسەری و پرسیار دەکات مەڵێ کاتی نەهاتووە جارێ، بێدەنگ جارێکی دیکە ئەم قسانەت لێ نەبیستمەوە بەڵکوو هەوڵبدە بە پێی تەمەنەکەی ئەم بابەتەی لەگەڵدا باس بکەیت.

ڕاستگۆبە

هەرگیز دەربارەی سوڕی مانگانە و نیشانەکانی باڵغبوون درۆ مەکە لەگەڵ کچەکەتدا و مەڵێ نا ئەوەی تۆ دیووتە لە خوشکەکەت شتێکی وانییە و هەڵبەتە نەخۆش بووە کە خوێنی هەبووە، مەترسە لەوەی کە ئەگەر بۆی باس بکەیت بترسێت لەوە بەڵکوو پێویست دەکات لای ئاسایی بکەیتەوە و باسی بکەیت وردە وردە بە درۆ کردن هیچ شتێک چارەسەر نابێت.

ڕاستییەکانی بۆ باس بکە

باسی گرنگی سوڕی مانگانەی بکە بۆ جەستەی و ئەوەی کە جەستەی هەموو خانمێک بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێت، جەستەی ئامادە دەبێت بۆ دووگیانی و ڕۆژێک دێت دەبێت بە دایک، ئەمە ڕاهێنانێکی مانگانەیە و جیاوازییەک و سوودێکت پێ دەبەخشێت.

کێشەکانی سوڕی مانگانە لەبیرمەکە

گرنگە کە دەربارەی ئێش و ئازارەکانیشی لەگەڵ کچەکەتدا قسە بکەیت، باسکردنی ئازاری پشت و سک و پەستانی دەروونی و کەشەنگبوونی ماسولکەکان، تاکوو ئەگەر ئازاری هەبوو سەیر نەبێت لەلای و ئامادەبێت بۆی.

کچەکەت ئامادە بکە

ئەگەر زۆر نزیکە بۆ کەوتنە سوڕی مانگانەوە، ئاگاداریکەوە کە ئاگای لە خۆی بێت و خۆی پاکوخاوێن ڕابگرێت و کاتێک لە ماڵەوە دەچێتە دەرەوە گرنگە جلی ژێرەوە و سانتی پێبێت، چونکە ئەگەری هەیە بەم نزیکانە لە شوێنێکدا وای لێبێت.

فێرکاریت بیر نەچێت

گرنگە بچووکترین شتی فێر بکەیت، لەوەی چۆن سانتی دابنێت و بیگۆڕێت و چ کاتێک تەواو بوو خۆی بشوات.

ئەزموونی خۆتی بۆ باس بکە

باسی ئەزموونی یەکەم سوڕی مانگانە و چیت کردووە و چۆن بۆت تێپەڕیووەی بۆ بکە، ئەمە جگە لەوەی کە متمانە زیاتر دەکات لە نێوانتاندا، دەکرێت کەشێکی پێکەناویش دروست بکات کە سوڕی مانگانە لەوکاتەدا چۆن بووە و دایکەکە بە پێکەنینەوە باسی دەکات.

بابەتەکە بە عەیبە پیشان مەدە

ڕاستە کە پیاوان سوڕی مانگانەیان نییە بەڵام مێردەکەت کە باوکی کچەکەت دەکات گرنگە ئەوە بزانێت و ڕەچاوی حاڵی کچەکەی بکات، پێویست ناکات بە شێوەیەکی زۆر نهێنی و شەرمەزارییەوە باس بکرێت، دایکەکە پێویست دەکات مێردەکەی ئاگادار بکاتەوە تا کاتێک کچەکەیان ڕەفتاری دەگۆڕدرێت و بێتاقەت و خەمۆک دەبێت باوکی زیاتر گرنگی پێ بدات، لەبری ئەوەی بۆڵە بۆڵی بەسەردا بکات.

ڕێنمایی بۆ ئەو کچانەی دایکیان نییە 

کاتێک بە تەنها لەگەڵ کچەکەتدا دەژیت و دایکیت لەگەڵدا نییە، گرنگە وەک باوکێک ئەمە باس بکەیت بۆ کچەکەت، ئەگەر دەزانیت کچەکەت لای قورس دەبێت ئەمانە لە باوکییەوە ببیستێت بە خوشکی یان پور و هاوڕێی نزیکی بڵێ کە ئەمانەی لا باس بکات و یارمەتیدەری بن.


سەرچاوەکان



1782 بینین