میوەی ئەژدیها

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-09-14-19:34:00 - کۆدی بابەت: 6579
میوەی ئەژدیها

ناوه‌ڕۆك

میوەی ئەژدیها چییە؟

میوەی ئەژدیها لەسەر ڕووەکی کاکتۆس گەشە دەکات، هەروەها بە شاژن هۆنۆلولو ناسراوە، گوڵێکە تەنها لە شەودا دەکرێتەوە، نیشتیمانی ئەم میوەیە باشوری مەکسیک و ناوەندی ئەمریکایە، بە چەندین ناو بەناوبانگە لەوانەش: پیتایا، پیتاهیا، میوەی ئەژدیها (دراگۆن فروت).

دوو جۆرە باوی هەیە کە پێستی سووری گەشاوەیان هەیە لەگەڵ توێژاڵی سەوز کە شێوەی دەچێتەوە سەرئەژدیها بۆیە بەو ناوەناسراوە، باوترین جۆری کە زیاتر بەردەستە ئەو جۆرەیە کە ناوەخنێکی سپی و تۆوی وردی ڕەشی هەیە، هەروەها جۆرێکی دیکەی کە کەمتر باوە ناوەخنی سوور و تۆوی ڕەشی هەیە، جۆرێکی دیکەی کە بە میوەی زەردی ئەژدیها ناودەبرێت پێستی زەرد و ناوەخنی سپی هەیە لەگەڵ تۆوی ڕەش، میوەی ئەژدیها لەوانەیە نامۆ دیار بێت، بەڵام تامەکانی هاوشێوەی میوەکانی دیکەیە، تامەکەی کەمێک شیرینە تێکەڵەیەکە لەنێوان کیوی و هەرمێ.

پێکهاتەی میوەی ئەژدیها

میوەی ئەژدیها بڕێکی کەم لە بەها خۆراکییەکانی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی ئاسن و مەگنیسیۆم و ڕیشاڵەکانە.

بۆ ١٠٠ گرام لەم میوەیە بەها خۆراکییەکانی بەم شێوازەیە:

  • کالۆری ٦٠ 
  • پڕۆتین ١،٢ گرام
  • چەوری ٠گرام
  • کاربۆهیدرات ١٣ گرام
  • ڕیشاڵ ٣ گرام
  • ڤیتامین C ٪٣ ی بەکارهێنانی ڕۆژانە
  • ئاسن ٪٤ ی بەکارهێنانی ڕۆژانە
  • مەگنسیۆم ٪١٠ی بەکارهێنانی ڕۆژانە

بە هۆی بوونی بڕێکی زۆری فایبەر و مەگنسیۆم، هەروەها کالۆری زۆر نزم، میوەی ئەژدیها دەکرێت بەمیوەیەکی زۆر چڕ لە چەند ڤیتامینات و کانزاکان لە قەڵەم بدرێت.

سوودە تەندروستییە شاراوەکانی چین؟

- هەردوو جۆری سوور و سپی میوەی ئەژدیها یارمەتی کەمکردنەوەی بەرگری دژی ئەنسۆلین و کەمکردنەوەی چەوری جگەر دەدەن.

- میوەی ئەژدیها ڕیشاڵی پریبایۆتیکی تێدایە کە پەرە بە گەشەی بەکتریای سوودبەخش دەدات لە ناو ڕیخۆڵەکاندا و بە شێوەیەکی نهێنی کردارە کیمیاییەکان ئاسانتر دەکات.

- ئەنجامی توێژینەوەکان لەسەر کاریگەرییەکانی میوەی ئەژدیها لەسەر نەخۆشی شەکرەی جۆری ٢ لەناو خەڵکدا تەواو دروست نین، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو کاریگەرییە سوودبەخشانە توێژینەوەی زیاتر پێویستە.

‌‌‌حەوت هۆکاری گرنگ بۆ زیادکرنی میوەی ئەژدیها بۆ لیستی خواردنەکانت

  1. بەرزی بەهای خۆراکی: میوەی ئەژدیها کەم کالۆرییە بەڵام دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکان، کانزاکان و پێکهاتە بەسوودە ڕووەکییەکان.
  2. یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەدات: میوەی ئەژدیها ڤیتامین C، بێتاکارۆتین، لیکۆپێن و بێتالینی تێدایە، کە یارمەتی کەمبوونەوەی مەترسی نەخۆشییە درێژ خایەنەکان دەدات.
  3. دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ: میوەی ئەژدیها بۆ یەک جار خواردن 7 گرام فایبەرت پێدەبەخشێت، کە بژاردەیەکی نایابە بۆ ئەوەی ڕیشاڵی پێویستی ڕۆژانە بەدەست بهێنیت.
  4. ڕیخۆڵەکان تەندروست دەکات: میوەی ئەژدیها گەشەی بەکتریا تەندروستەکانی ناو ڕیخۆڵە زیاد دەکات، کە پەیوەندیدارە بە تەندرووستی ڕێڕەوەکانی کۆئەندامی هەرسەوە.
  5. سیستەمی بەرگریت بەهێز دەکات: ڤیتامین C و کارۆتێنۆییدەکان لە میوەی ئەژدیهادا سیستەمی بەرگریت بەهێز دەکات و رێگری لە هەوکردن دەکات بە پاراستنی خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە کاتی بەرکەوتنی زیاندا، چونکە خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە سیستەمی بەرگریدا هێرش دەکەنە سەر ماددە زیانبەخشەکان و تێکیان دەشکێنن، هەروەها ڤیتامین C و کارۆتینۆییدەکان توانای بەرگری کردنیان هەیە لە خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە ئەنجامی بەرکەوتنی هەر زیانێک.
  6. لەتوانایدا هەیە ڕێژەی ئاسنی جەستە زیاد بکات: میوەی ئەژدیها یەکێکە لەو چەند میوە نوێیەی کە ئاسنی تێدایە، ئاسن ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە گواستنەوەی ئۆکسجین بە ناو هەموو جەستەدا، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە تێکشکاندنی خۆراک بۆ وزە. میوەی ئەژدیها یەکێکە لە باشترین بژاردەکانی بەدەستهێنانی ئاسن،لەگەڵ یەک جار خواردن ٪٨ ی ئاسنی ڕۆژانە دابیندەکات.
  7. باشترین سەرچاوەی مەگنسیۆمە: میوەی ئەژدیها لە زۆربەی میوەکان زیاتر مەگنسیۆم دەبەخشێت، بۆ یەک جار خواردن 18٪ ی مەگنسیۆمی ڕۆژانەت دابین دەکات، کە زیادبوونی ڕێژەی مەگنسیۆم هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشک.

چۆن میوەی ئەژدیها بخۆین؟

  1. بە بەکارهێنانی چەقۆیەکی تیژ، بە نیوەیی کەرتی بکە.
  2. میوەکە بە کەوچک هەڵبکۆڵە بەبێ بڕینی توێکڵەکەی، پاڵ بە توێکڵەکەوە بنێ تا بەشە هەڵکۆڵراوەکە دەربکەوێت پاشان بە کەوچک یاخود پەنجەکانت لایبدە.
  3. بۆ چێژی زیاتر دەتوانرێت زیاد بکرێت بۆ زەڵاتەکان یان ماست، وە یاخود بە سادەیی دەتوانرێت بخورێت.


سەرچاوەکان



1247 بینین