سانتی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-28-01:25:00 - کۆدی بابەت: 6740
سانتی

ناوه‌ڕۆك

سانتی چییە؟

سانتی جۆره پارچەیەکە کە لە ڕووی شێوەیەوە وەک دایبی منداڵە بەڵام لەو بچووکترە، و لە چەند ماددەیەکی کیمیایی پێکهاتووە، خانمان لە ماوەی سوڕی مانگانەدا بەکاریدەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونیان بە خوێن، و کاتێک خوێنەکە دێتە خوارەوە سانتی ڕێگری دەکات لەوەی کە بێتە خوارەوە و خانمەکە پیس ببێت و خوێنەکە هەڵدەمژێت.

پێش ئەوەی سانتی هەبێت خانمان چیان بەکاردەهێنا؟

سانتی ئەم ماوەیەی دوای خەڵکی زۆر بەکاری دەهێنا و کەوتە بازاڕەوە، پێشتر خانمان پارچە پەڕۆیان بەکار دەهێنا و دایان دەنا تاکوو پیس نەبن و لەگەڵ لابردنی هەر پارچە پەڕۆیەکیشدا دەبوایە پەڕۆکەیان بشۆردایە.

مێژوو

لە کۆندا خانمان سوودیان لە پەڕۆ و لۆکە و خوری وەرگرتووە بۆ کاتی سوڕی مانگانە، کە دوای پیسبوونیان شۆردونیان و دووبارە بەکاریان هێناوەتەوە، لە سەردەمانی کۆندا تەنانەت سوودیان لە فەرووی کەروێشک و لە زۆر کۆنیشدا سوودیان لە شتی زۆر سەیرو سەمەرە وەرگرتووە.
ئەو سانتییەی کە ئێستا هەیە لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا لە سەدەی ١٩ـدەی زاینیدا لە لایەن (بنجامین فرانکلین)ـەوە دروستکرا و  بەکاردەهێنرا لە جەنگەکاندا بۆ ڕێگریکردن لە خوێنبەربوونی توندی بریندارەکان و یەکجار بەکاردەهێنرا و فڕێدەدرا، بە هۆی ئەوەی هەڵمژینێکی باشی هەبوو دوای ماوەیەک لە کۆمپانیای (جانسۆن) لە ئەمریکا ئەو بیرۆکەیان برد و دەستیان کرد بە دروستکردنی و بە ناوی سانتی بڵاویانکردەوە بۆ کاتی سوڕی مانگانەی خانمان.
لە سەرەتادا سانتی زۆر گرانبوو تەنها کەمینەیەک لە خەڵکی دەیانتوانی بیکڕن و خانمان دەخیلەیان دادەنا و پارەیان کۆدەکردەوە تاکوو بتوانن سانتی بکڕن، و هەروەها ئەو دووکانانەی کە سانتیان دەفرۆشت لە دەرەوەی دووکانەکە دەخیلەیەکیان دانابوو ئەو کەسەی سانتییەکەی دەکڕی پارەی سانتییەکەی دەکردە ناو ئەو دەخیلەوە.

چۆنیەتی بەکارهێنانی سانتی

سانتی پشتەکەی چەسپی پێوەیە کە دوو لاشی هەیە وەک باڵی پەپولەیە و چەسپی پێوەیە، کاتێک چەسپی پشت سانتیەکەت لابرد و لکاندت بە جلەکانی ژێرەوە، چەسپی ئەو دوو لایەش لادەبەیت و هەڵیدەگێڕیتەوە و دەیدەیت لە پشتی جلەکەی ژێرەوەت تاکوو بە جوانی جێگیر ببێت و ڕێکی دەکەیت.

جۆرەکانی سانتی

  • سانتی بە بوونی دوو باڵی شێوە پەپولە.
  • سانتی سادە و بەبێ باڵ.
  • سانتی شەوانە.
  • سانتی ڕۆژانە.
  • پادی بچووک بۆ دەردراوەکانی زێ.
  • سانتی بۆ پێستی هەستیار.
  • سانتی بە بۆن خۆشی.
  • تامپۆن.

بە دەست خستنی سانتی

دەتوانیت سانتی بکڕیت لە دەرمانخانە و دووکانەکانی کەمالیاتی خانمان و هەندێک دووکانی لەچک و جلوبەرگی خانمان و سوپەرمارکێت و دووکانە بچووکەکاندا، هەروەها بە قەبارە و بۆن و ڕەنگی جیاواز بەردەستە، بە پێی بڕی خوێنبەربوونەکەت قەبارەی سانتییەکەشت هەڵبژێرە، دەتوانیت ئەو ڕۆژانەی کە خوێنت زۆرە سانتی قەبارە گەورە بەکار بهێنیت و ئەو ڕۆژانەشی کە کەمە بچووکەکان بەکار بهێنیت.

گۆڕینی سانتی

  • گرنگ نییە کە بڕی خوێنبەربوونەکەت زۆرە یان کەمە، دەبێت ٤ کاتژمێر جارێک سانتییەکەت بگۆڕیت، ئەگەر سەیریش دەکەیت سانتییەکەت خوێنی کەمی تێدایە و وشکە هەر گرنگە بیگۆڕیت چونکە سانتییەکە خوێنەکەی هەڵمژیووە، زۆر مانەوەی سانتی پێتەوە دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێت و بۆنی ناخۆشی سانتییەکە چونکە خوێنەکە زۆر دەمێنێتەوە.
  • کاتێک دەتەوێت سانتیەکەت بگۆڕیت دوای ئەوەی سانتییە پیسەکەت فڕێدا بە باشی دامێنت بشۆ و وشکی بکەرەوە بە کلێنس و ئەگەریش جلەکەی ژێرەوەشت خوێناوی بوو ئەویش بگۆڕە و ئینجا سانتییەکی نوێ دابنێ.
  • کاتێک جلەکەت پیس بوو بە خوێن بە ئاوی سارد و سابوون بیشۆ تاکوو زوو خوێنەکەی لێ ببێتەوە.

بەکارهێنانی سانتی گونجاو

ئەو ماددانەی کە سانتییان پێکهێناوە ماددەی کیمیایین دەتوانن ببنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی مەترسیدار، (Dioxin) پێکهاتەیەکی ناو سانتییە کە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی نائاسایی خانەکان و ببێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە بە تایبەت شێرپەنجەی مەمک و کۆئەندامی زاوزێی خانمان، بۆیە گرنگە ئەو سانتییە بەکاربهێنیت کە پێت دەکەوێت و هەستیاریت پێی نییە.

ڕێنمایی بۆ ئەو خانمانەی کە پارچە پەڕۆ بەکاردەهێنن لە جێی سانتی 

  • زوو زوو پارچە پەڕۆکە بگۆڕە.
  • پەڕۆ پیسەکە بە سابوون و ئاوی سارد بشۆ بە باشی.
  • پەڕۆکە وشک بکەرەوە بە بەر خۆرەوە و دواتر ئووتوی بکە.
  • گرنگە کە نەهێڵیت هیچ پەڵەیەک بە پارچە پەڕۆکەوە بێت و هەموو هەوڵی خۆت بدە کە لێی بکەیتەوە ئەگەر چەند جارێکیش بیشۆیتەوە.
  • ئەو پەڕۆیانەی کە پەڵەیان زۆر پێوەیە و پاک نابنەوە باشترە کە بەکار نەهێنرێنەوە ئیتر.


سەرچاوەکان



2344 بینین