محەمەد عەلی کلای

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-09-29-13:55:00 - کۆدی بابەت: 6752
محەمەد عەلی کلای

ناوه‌ڕۆك

محەمەد عەلی کلای کێیە؟

"کازیەس کلای" ناسراو بە "محەمەد عەلی کلای" لە 17ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1942 لەدایکبووە و لە 3ـی حوزەیرانی 2016 و لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، محەمەد عەلی یاریزانێکی بۆکسێنی پیشەگەری ئەمریکی و چالاکوان و خێرخواز و شاعیر و چاکەخوازێک بووە، بە شێوەیەکی گشتی وەکو یەکێک لە گرنگترین و ناسراوترین کەسایەتییەکانی سەدەی بیستەم دانراوە، هەروەها زۆرجار پلەی باشترین یاریزانی بۆکسێنی پێدراوە بۆ کێشی زیاتر لە 79.5 کیلۆگرام.

عەلی لە شاری "لویسڤیل" لە ولایەتی "کنتاکی" لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورەبووە، وەکو ئارەزوومەندێکی بۆکسبازی لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەستی کردووە بە ڕاهێنانکردن و لە تەمەنی 18 ساڵیدا و لە هاوینی ساڵی 1960 مەدالیای ئاڵتوونی بردەوە لە يارييە ئۆڵۆمپييەكان وەکو بۆکسبازێکی لێهاتوو "کێشی نێوان 75 تا 81 کیلۆگرام" و پاش ئەو ساڵە بوو بە پیشەگەر، هەروەها لەدوای ساڵی 1961 موسوڵمان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە تەمەنی 22 ساڵیدا و لە 25ـی شوباتی 1964دا پاڵەوانیەتی جیهانی بۆکسێنی لە "سۆنی لیستۆن" بردەوە، لە 6ـی ئازاری 1964دا ئەوەی ڕاگەیاند کە چیتر وەکو "کازیەس کلای" ناناسێندرێت بەڵکو وەکو محەمەد عەلی، لە ساڵی 1966ـدا ڕەتی کردەوە ناونووس بکرێت وەکو سەربازێک و بنێردرێت بۆ جەنگ، بەڵگەی لەسەر باوەڕه ئاینییەکەی دەهێنایەوە و دژی جەنگی ڤێتنام وەستایەوە، محەمەد بە گوناهی دەزانی خۆی ناونووس بکات و بچێت بۆ جەنگ بۆیە 5 ساڵ زیندانی کرا و نازناوەکانی بۆکسبازی لێ سەندرایەوه، لە چاوپێکەوتنێکدا گووتی "ئەگەر ئەمریکا لە کێشەدا بێت و ڕووبەڕوی جەنگی ڕاستەقینە بێتەوە و هێرش بکرێتە سەرمان ئەوا لە بەشی پێشەوە دەبم و بەرگری لێ دەکەم، بەڵام نەمتوانی جەنگی ڤێتنام بە ڕاست و دروست بزانم."

محەمەد عەلی پاڵەوانی یاری بۆکسێن 61 یاری ئەنجامداوە و 56 یاریانی بردۆتەوە و تەنها 5 یاری دۆڕاندووە، هەروەها نازناوەکانی "مەزنترین و پاڵەوانی خەڵک"ـی هەیە، محەمەدی ئەفسانەی یاری بۆکسێن یەکێکە لەو کەسە ناودارانەی کە لە ساڵی 2002 لەبەر دەستکەوتەکانی داوای لێکرا ئەستێرەیەکی بۆ دروست بکرێت لەسەر شەقامی هۆڵیوود بەڵام عەلی ڕەتی کردەوە و نەیویست ناوی لەسەر شەقامەکە بێت چونکە ناوی محەمەد ناوی پێغەمبەر محەمەد (دخ)ـە و نابێت خەڵکی بەسەریدا بڕۆن، بۆیە ناوی ئەویان لەسەر دیوارەکە هەڵواسی، عەلی تاکە کەسە کە ناوی لەسەر دیوارەکەیە و ئەو ڕێچکەیەی شکاند.

ژیانی تایبەتی

عەلی چوار جار هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی حەوت کچ و دوو کوڕ بووە، سەرەتا لەلایەن "هێربێرت محەمەد"ـەوە بە شاگردێکی کۆکتێل ناسێنرا بەناوی "سۆنجی ڕۆی" و دوای یەکەم ژووانیان عەلی داوای هاوسەرگیری لێ کرد، پاشان دوای نزیکی مانگێک لە 14ی ئابی ساڵی 1964 هاوسەرگیریان کرد، هەروەها بەهۆی ئەوەی سۆنجی هاوسەری ڕێکخراوی نەتەوەی ئیسلامی ڕەتدەکردەوە ناکۆکی لە نێوانیاندا دروست بوو، بە پێی قسەی عەلی " هاوسەرەکەی ئەوەی دەبوو ئەنجامی بدات ئەنجامی نەدەدا و میکیاجی دەکرد و دەچوو بۆ ناو باڕەکان و لەگەڵ ئەوەشدا جل و بەرگی کراوە و نەگونجاوی لەبەر دەکرد"، ئەمەش بووە هۆی جیابوونەوەیان لە 10ی کانوونی دووەمی ساڵی 1966 و خاوەنی هیچ منداڵێک نەبوون، پێش ئەوەی داوای جیابوونەوەکەیان تەواو پەسەندبکرێت عەلی نامەیەکی کورتی بۆ سۆنجی نارد و گووتی "تۆ بەهەشتت بە جەهەنم گۆڕییەوە، ئازیزم"، "ڕەحمان"ـی برای "عەلی" گووتی سۆنجی تاکە خۆشەویستی ڕاستەقینەی عەلی بووە و ڕێکخراوی نەتەوەی ئیسلام وای لە عەلی کرد لێی جیابێتەوە و هەرگیز ئەم بابەتەی بیر نەچوویەوە.

لە 17ی ئابی ساڵی 1967، عەلی هاوسەرگیری لەگەڵ "بێڵیندا بۆید" دا کرد کە لە خانەوادەیەکی شیکاگۆیی لەدایکبووە و ئاینی خۆیی کۆڕیوە و هاتۆتە ناو ڕێکخراوی نەتەوەی ئیسلامەوە، پاشان ناوی خۆی گۆڕی بۆ "خەلیلە عەلی"، هەرچەندە لەلایەن خانەوادەکەی و هاوڕێ دێرینەکانییەوە هەر بە "بێڵیندا" بانگ دەکرا، عەلی و خەلیلە خاوەنی چوار مناڵبوون: ئەوانیش "مەریەم" کە لەدایکبووی ساڵی 1968ـە، لەگەڵ دووانەیەک بە ناوەکانی "جەمیلە" و "ڕەشیدە" کە لەدایکبووی ساڵی 1970ن، لەگەڵ  "محەمەد عەلی" ی کە لەدایکبووی ساڵی 1972ە.

عەلی لە سەرەتای ساڵی 1970 کانەوە نیشتەجێ بوویەکی ولایەتی نیوجێرسی لە ناوچەی چێری هیڵ بوو، لە تەمەنی 32 ساڵی و لە ساڵی 1974 و لە پەیوەندییەکی دەرەوەی ژن و مێردایەتیدا لەگەڵ "واندا بۆڵتن"ـی تەمەن تەنیا 16 ساڵ بوو "دوا بەدوای پەیوەندیەکەیان ناوی خۆی گۆڕی بە عائیشە عەلی"، لەگەڵ ئەم خانمەشدا عەلی خاوەنی منداڵێکە بە‌ ناوی خەلیە و لە ساڵی 1974دا لەدایکبووه، لەکاتێکدا عەلی هێشتاش هاوسەری بێڵیندایە و هاوسەرگیری لەگەڵ عائیشەدا کرد لە مەڕاسیمێکی ئیسلامیدا کە بەپێی یاسا پەسەندکراوە، بەگوێرەی خەلیەیە، عائیشە و دایکی لە شارۆچکەیەکی بچووک "دەریاچەی دێر" دەژیان کە ڕاهێنانگایەک بوو چەندین ساڵ عەلی مەشقی تێدا دەکرد لە تەنیشت بێڵیندا و منداڵەکانی، لە کانوونی دووەمی ساڵی 1985دا عائیشە داوای لەسەر علی تۆمارکرد بەهۆی دابین نەکردنی خەرجیەوە، کاتێک علی قایل بوو بە دانانی 200,000 دۆلار بۆ خەلیە وەکو پارەی سپاردەیی، لە ساڵی 2001دا خەلیە ئەم قسەیەی زۆرجار دەگووتەوە کە "پێیوایە باوکی وەکو هەڵەیەک لە کچەکەی ڕووانیووە"، هەروەها علی خاوەنی کچێکی ترە بە ناوی "مییا" کە لە ساڵی 1972 لەدایکبووە، لە پەیوەندیەکی دەرەوەی ژن و مێردایەتی لەگەڵ "پەتریشیا هارڤڵ".

لە هاوینی ساڵی 1977دا، بەهۆی دووبارەبوونەوەی ناپاکی ژن و مێردایەتی کۆتایی بە دووەم هاوسەرگیری عەلی هات و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەکتەر و کچە مۆدێل "ڤێرۆنیکا پۆرشە"دا کرد، بە درێژایی ژیانی هاوسەرییان بوون بە خاوەنی کچێک بە ناوی "هانا"، هەروەها "ڤێرۆنیکا" دووگیان بوو بە منداڵی دووەم و کچی دووەمیان بە ناوی "لەیلا عەلی" لە کانوونی یەکەمی 1977 لەدایکبوو، هەروەها بەهۆی ناپاکی بەردەوامی عەلییەوە له پۆرشەش جیا دەبێتەوە.

لە 19ی تشرینی دووەمی ساڵی 1986، علی هاوسەرگیری لەگەڵ یۆلاندا ویلیەم "لۆننی" کرد، سەرەتا لۆننی لە تەمەنی شەش ساڵیدا چاوی بە عەلی کەوت، کاتێک خانەوادەکەی لە ساڵی 1963دا ماڵیان گواستەوە بۆ لویسڤیل، لە ساڵی 1982دا، لۆننی بوو بە گرنگی پێدەری تەندروستی عەلی و لە بەرامبەردا عەلی خەرجی خوێندنی بەکالۆریۆسی بۆ دابینکرد لە UCLA، لۆننی و عەلی پێکەوە کوڕێکیان هەڵگرتەوە بە ناوی ئەسعەد ئەمین کە لەدایکبووی ساڵی 1986ـە، کاتێک ئەسعەد تەمەنی تەنیا پێنج مانگ بوو.

داهاتی محمەد علی کلای

لە ساڵی 1978 کۆی داهات و بڕی ئەو پارەیەی کە پێش یاریکردن لەسەری ڕێکەوتوون بەنزیکەیی 60 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە 47.45 ملیۆن دۆلار لە نێوان ساڵانی 1970 و 1978دا بەدەستی هێناوە، لە ساڵی 1980 کۆی داهاتەکەی بە زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، دوای مردنی لە ساڵی 2016ـدا سامانەکەی بە 50 بۆ 80 ملیۆن دۆلار خەمڵێندرا.

ئاین و بیروباوەڕەکانی عەلی

بە گووتەی عەلی لە ساڵی 1959 کاتێک لە شیکاگۆ لە خولی وەرزشی دەستکێشی ئاڵتوونی شەڕی دەکرد یەکەمجار گوێبیستی ڕێکخراوی نەتەوەی ئیسلام بوو، هەروەها لە ساڵی 1961 بەژداری یەکەم کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوەی ئیسلام کرد، دواتر بە بەردەوامی بەژداری کۆبوونەوەکانی دەکرد بەڵام بەشداربوونەکەی دەشاردەوە و بە خەڵکی ڕانەدەگەیاند.

کلای سەرەتا بەهۆی پیشەی بۆکسبازییەکەیەوە ڕەتی کردەوە بچێتە نێو ڕێکخراوی نەتەوەی ئیسلام، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1964دا پاڵەوانێتیەکەی لە "لیستۆن" بردەوە، ڕێکخراوی نەتەوەیی ئیسلام زیاتر قبوڵیانکرد و بە ئەندامێتییەکەی قایلبوون لە نێو کۆمەڵگادا، پاشان لە 6ـی ئازاری 1964دا "ئیلیجا محەمەد" موسڵمانبوونی عەلی ڕاگەیاند و بە ڕادیۆیەکی ڕاگەیاند کە چیتر کلای بە مەحەمەد بانگدەکرێت، پاشان عەلی ماڵی گواستەوە بۆ بەشی باشووری شیکاگۆ و لە نزیک مزگەوتی موسڵمانان و شوێنی نیشتەجێی "ئیلیجا محەمەد" نیشتەجێبوو، عەلی بۆ ماوەی نزیکەی 12 ساڵ لە شیکاگۆ مایەوه، لە ساڵی 1972 چوو بۆ شاری مەککەی پیرۆز و فەڕیزەی حەجی جێبەجێ کرد.

دوای هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەری ساڵی 2001، عەلی گووتی" ئیسلام دینی ئاشتیە و پێشنیاری تیرۆریزم ناکات و خەڵک ناکوژیت"، توڕەبوو و ئاماژەی بەوە کرد کە جیهان وا دەزانن کۆمەڵە شوێنکەوتوویەکی ئیسلام هۆکاری ئەم وێرانکارییە بوون بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کۆمەڵە موسڵمانی ڕاستەقینە نین، ئەوەشی ڕاگەیاند کە دەبێت ئێمەی موسڵمان دژی ئەوانە بووەستینەوە کە ئیسلام بەکاردەهێنن بۆ پەرەدان بە کارنامەی خۆیان، هەروەها دوای خانەنشین بوونی لە بۆکسبازی، عەلی بوو بە خوێندکاری قورئانی پیرۆز و موسڵمانێکی ئاینخواز، هەروەها ئارەزوومەندی ڕێبازی سۆفیگەری بوو، عەلی بە کارە خێرخوازی و چاکەخوازییەکانیەوە ناسراوە، سەرنجی دەخستە سەر بەجێهێنانی ئەرکە ئاینییەکان و کاری چاکە و کاری خێرخوازی ئەنجامدەدا، بەخشینی ملیۆنانەها بە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان و خەڵکی لێقەوماوی هەموو باکگراوندە ئاینییەکان، وا مەزەندە دەکرێت کە عەلی زیاتر لە 22 ملیۆن کەسی برسی تێرکردووە کە لە سەرانسەر جیهاندا بەهۆی برسێتییەوە دەیانناڵاند، هەروەها پێشتریش لە پیشەکەی خۆیدا یەکێک لە سەرنجە سەرەکییەکانی پەروەردەی گەنجان بوو، لە چەندین زانکۆ و کۆلێژەکاندا باسی گرنگی پەروەردەی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی 1967 بوو بەیەکێک لەو تاکه بەخشەرە ڕەشپێستانەی کە 10,000 دۆلاری بەخشی، هەروەها عەلی لە ساڵی 1964ـەوە دەستی کرد بە گەشتکردن بۆ ئەفەریقا و لە ساڵی 1974 سەردانی کامپێکی پەنابەرانی فەڵەستینی کرد لە باشووری لوبنان کە عەلی تێیدا پشتیوانی لە خەباتی فەڵەستینییەکان کرد بۆ ئازادکردنی نیشتیمانەکەیان، لە ساڵی 1984ـدا عەلی نيشانەکانی نەخۆشی پارکینسۆنی لێ دیاریکرا کە هەندێکجار دەبووە هۆی کۆستێکی دەروونی لە سەریدا بەهۆی چالاکییە جەستەییەکانی بۆکسێنەوە، بەڵام هەر بە چالاکی مایەوە هەتا 2ـی حوزەیرانی 2016 لە شاری "سکۆتسدەیل" لە "ئەریزۆنا" لە نەخۆشخانە خەوێنرا بەهۆی هەبوونی کێشەی هەناسەدانەوە، هەرچەندە لە سەرەتادا بارودۆخی باش و جێی هیوا بوو بەڵام خراپتر بوو و چەند ڕۆژێک دواتر لە تەمەنی 74 ساڵیدا بەهۆی شۆکی ژەهراویبوونی خوێنەوە گیانی لەدەستدا.

خەڵات و دەستکەوتەکان

عەلی وەکو یاریزانێکی بۆکسێن و کەسایەتییەکی کاریگەری ناو کۆمەڵگا چەندین خەڵات و دەستکەوتی بەدەست هێناوە لەوانەش:

  1. ساڵی 1959، دەستکێشی ئاڵتوونی نێودەوڵەتی بۆ یارییە پاڵەوانییەکانی بۆکسێن "بۆ کێشی 75 بۆ 81 کیلۆ".
  2. ساڵی 1959، یەکێتی وەرزشکارانی ناپیشەیی
  3. ساڵی 1960، دەستکێشی ئاڵتوونی نێودەوڵەتی بۆ یارییە پاڵەوانییەکانی بۆکسێن "بۆ کێشی 75 بۆ 81 کیلۆگرام".
  4. ساڵی 1960، یەکێتی وەرزشکارانی ناپیشەیی
  5. ساڵی 1960، مەدالیای ئاڵتوون، ئۆڵۆمپی ڕۆما، بۆ یاری بۆکسێن کێشی 75 بۆ 81 کیلۆگرام
  6. ساڵەکانی 1964-67، پاڵەوانی یاری بۆکسێنی جیهانی بۆ کێشی زیاتر لە 79.5 کیلۆگرام
  7. ساڵی 1970، خەڵاتی یادکردنەوەی دکتۆر ماڕتین لوثەر کینگ
  8. ساڵی 1974، وەرزشکاری ساڵ، لە گۆڤاری ئەمریکی هەفتانە
  9. ساڵی 1974، زۆرانبازی ساڵ، کۆمەڵەی نووسەرانی بۆکسێن
  10. ساڵەکانی 1974-78، پاڵەوانی جیهانی بۆکسێن بۆ کێشی زیاتر لە 79.5 کیلۆگرام.
  11. ساڵەکانی 1978-79، پاڵەوانی جیهانی بۆکسێن بۆ کێشی زیاتر لە 79.5 کیلۆگرام.
  12. ساڵی 1979، شەقامێک بەناوی ئەوەوە نراوە لە لویسڤیل، کنتاکی
  13. لە ساڵی 1987، هەڵبژێردرا بۆ گڵکۆی نێودەوڵەتی بۆکسێن
  14. لە ساڵی 1990، هەڵبژێردرا بۆ گڵکۆی نێودەوڵەتی بۆکسێن لە شاری نیویۆرک
  15. ساڵی 1996، ئۆڵۆمپی ئەتلانتا

پلانی یەکگرتنەوەی بیتڵزەکان

لە ساڵی 1976ـدا، "ئالان ئارمۆن"ـی داهێنەر و "جۆڵ ساکەر"ـی بازرگان هاوبەشیان کرد لەگەڵ عەلی بۆ فراوانکردنی لیژنە نێودەوڵەتییەکەیان بۆ یەکگرتنەوەی بیتڵزەکان، ئەم سێ کەسایەتییه داوایان لە هەوادارەکانیان کرد لە سەرانسەری جیهاندا کە هەر یەکەیان و یەک دۆلار ببەخشێت، علی گووتی ئەم بیرۆکەیە بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی نێودەوڵەتییە بۆ یارمەتیدانی منداڵانی هەژار، گووتیشی "ئەوە پارەیە لە ئەنجامدا یارمەتی مرۆڤەکانی تەواوی جیهان دەدات" و "ئەم دەزگایە کەسانێکی زۆر دڵخۆش دەکات".


سەرچاوەکان

417 بینین