کێن مایلس

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-14-17:00:00 - کۆدی بابەت: 12902
کێن مایلس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کێن مایلس (بە عەرەبی: كين مايلز، بە ئینگلیزی: Ken Miles) ئەندازیاری ئۆتۆمبیلی پێشبڕکێ و شۆفێری پێشبڕکێکار بووە. ناوبانگی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ کاروانە وەرزشییەکەی وەکو شۆفێری پێشبڕکێکار. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواوی کێنێس هێنری جارڤز مایلس
بەرواری لە دایکبوون ١ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨.
شوێنی لە دایکبوون سادن، کۆلدفیڵد، واروکشێر، ئینگلتەرا.
بەرواری مردنی ١٧ی ئابی ساڵی ١٩٦٦.
شوێنی مردن کالیفۆرنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
تەمەن ٤٧ ساڵ
نەتەوە ئینگلیز
هاوسەر مۆڵی
منداڵ پیتەر مایلس.
ماوەی خزمەتی سەربازی : ساڵانی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٥. لە سوپای بەڕیتانیا.

پێشەکی

کێن مایلس، ئەندازیاری ئۆتۆمبێلی پێشبڕکێکاری وەرزشی و شۆفێری پێشبڕکێکار بووە. مایلس ناسراوە بە کاروانە وەرزشییەکەی کە لەگەڵ دەستەیەکی ئەمەریکی لە پێشبرکێی ئۆتۆمبێلە خێراکان تۆماری کردووە. لە ساڵی ٢٠٠١ خرایە نێو (Motor sport Hall of Fame of America) وەک ڕێزگرتن لە کاروانە وەرزشییەکەی.

سەرەتای ژیانی

مایلس لە ١ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨ لە سادن، کۆلدفیڵد، واروکشێر کە  شاری بریمینگهامە لەم سەردەمەدا لە وڵاتی ئینگلتەرا لە دایکبووە. کوڕی (ئیرک مایلس) و (کلارێس جارڤز) بووە. دوای ئەوەی شکستی هێنا لەوەی کە بچێت بۆ ئەمەریکا، لە تەمەنی ١٥ ساڵی وازی لە قوتابخانە هێنا. لە کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی (وۆلسلی مۆتۆرس) بوو بە کارمەند. لەوێ ناردیان بۆ خولێکی فێربوونی میکانیکی، تا زیاتر زانست و زانیاری فێرببێت لەسەر دروستکردنی ئۆتۆمبێل. پێش ئەوەی بچێتە ڕێزی سوپا لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەم، پێشبڕکێکاری ماتۆرسکیل بوو. 

لە سەرەتای پەیوەندی کردنی بە سوپا ئەرکی فێرکردنی شوفێری لە کەمپەکانی مەشقی سەربازی ئەنجام دەدا. لە ١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٢ لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تر دەستەی ( ڕۆیال ئەلیکترۆنیک و ئەندازیاری میکانیکی)یان دامەزراند. لە ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٤ لە کەناراوەکانی نۆرمەندی دابەزی و تا کۆتای جەنگی دووەمی جیهانیی بەژدار بوو لە جەنگەکە لە ناوچەی باکووری ڕۆژاوای ئەورووپا. لە یەکی نیسانی ساڵی ١٩٤٦ لە خزمەتی سەربازی بەخشراو و گەڕایەوە نیشتیمان.

ژیانی تایبەتی

کێن مایلس هاوسەگیری لەگەڵ (مۆڵی) کردووە. کوڕێکیان هەبوو بە ناوی پیتەر مایلس (کە لە ٢٨ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٥٠ لە دایکبووە). کێن هاوڕێیەکی نزیکی (کاڕۆل شێلبی) بووە. پیتەری کوڕی تەمەنی ١٦ ساڵ بووە کاتێک باوکی مردووە لە ڕووداوێکی هاتۆچۆ لە ساڵی ١٩٦٦. دوای مردنی کێن، پیتەری کوڕی لەلای هاوڕێکەی باوکی (دێک تراوتمان) دەستی بەکارکرد کە خاوەنی پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل بوو لە شاری (کولڤەر)ی کالیفۆرنیا. پیتەری کوڕی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەو شوێنە کاری کرد. لە ساڵی ١٩٨٦ کوڕەکەشی ڕێچکەی باوکی گرت، پەیوەندی بە دەستەی پێشبڕکێکاری (پی پی ئای) کرد. بوو بە سەرپەرشتیاری دەستەی پێشبڕکێکاری بەناوبانگ (ئیڤان ستیوارت) لە ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ دەستەکە توانی پێشبرکێی (مێنت ٤٠٠ یاخود نیسان ٤٠٠) ببەنەوە. لە ساڵی ٢٠١٩ کاتێک سەردانی مەیدانی پێشبڕکێی (لێ مانس)ی کرد لە وڵاتی فەڕەنسا، کوڕەکەی گووتی کە دواین جار سەردانی ئێرەم کرد لەگەڵ باوکم بوو لە ساڵی ١٩٦٥، دوای ئەوە هەرگیز سەردانی ئێرەم نەکردووەتەوە.

کاروانی وەرزشی وەک شوفێری ئۆتۆمبێلە خێراکان

دوای جەنگ، پەیوەندی بە یانەی (ڤێنتج)ی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەکانی پێشبرکێ کرد. لەگەڵ ئەواندا پێشبرکێی بە ئۆتۆمبێلەکانی بوگاتیس، ئەلفا رۆمیۆس، ئەلڤێسس، فۆرد ڤی ٨ دەکرد.

لە ساڵی ١٩٥٢ کۆچ دەکات بۆ وڵاتی ئەمەریکا، لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەگیرسێتەوە. لەوێ دەبێتە بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری کۆمپانیای (گاف)ی پیشەسازی لە باشووری کالیفۆرنیا. لە ساڵی ١٩٥٣، ١٤ سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکی لە پێشبڕکێی (ئێس سی سی ئەی) تۆمارکرد بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (ئێم جی) کە خۆی کاری دیزاین و دروستکردنی بۆ کردبوو. 

لە ساڵی ١٩٥٥، ئۆتۆمبێلێکی تری جۆری (ئێم جی) بۆ خۆی دیزاین کرد و دروست کرد، ناوی لێنا (شینگلی فریو). ئۆتۆمبێلەکە دووبارە  سەرکەوتوو بوو لە پێشبڕکێی (ئێس سی سی ئەی). لە پێشبرکێی (چلە خورمەکانی بەهار) لە مانگی ئادار بەشداری کرد بەم ئۆتۆمبێلە و لەوێش سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا. دواتر لە پێشبرکێکە کرایە دەرەوە، چونکە شوێنی تایەی ئۆتۆمبێلەکەی زیاد لە پێویست پان بوو. لە ماوەی ساڵی ١٩٥٦، مایلس پێشبڕکێی بە ئۆتۆمبێلی (پۆرش ٥٥٠) کرد لە هەردوو پێشبڕکێی (کال کلاب) و (ئێس سی سی ئەی).

لە وەرزی ساڵی ١٩٥٧، (پێکەوە لەگەڵ ئۆتۆ زیپەر)، مایلس بەشداری کرد لە دروستکردنی مەکینەی (پۆرش ٥٥٠ ئێس) و بەشداربوو لە دروستکردنی هەیکەلی ئۆتۆمبێلی (کوپەر). ئۆتۆمبێلی کوپەر سەرکەوتنێکی  باشی بە دەست هێنا و بووە دووەم سەرکەوتووترین ئۆتۆمبێلی پێشبرکێی (وێست کۆست)، ئۆتۆمبێلەکە ناسرا بە ( زە پووپەر). ئەم ئۆتۆمبێلانەی کە دروستی کردن کۆنتڕۆلی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلی خێرای ئەمەریکای کرد بۆ ساڵانی ١٩٥٧ و ١٩٥٨ کە مایلس خۆی شوفێری دەکردن.

بەهۆی زیرەکی و لێهاتوویی لە هەردوو پیشەی شوفێری و ئەندازیاری ئۆتۆمبێل، لە دەستەی پێشبرکێی  (شێلبی/کوبرا) بووە ئەندامێکی کاریگەر لە ساڵی ١٩٦٠. مایلس لە لێدوانێک دەلێت: (من میکانیکم، ئەم کارەش هەمیشە ئاڕاستەی پشووەکانی ژیانمی دیاریکردووە. شوفێری کردن خووی منە، کە هەمیشە ئارامیم پێ دەبەخشێت، وەک چۆن یاری گۆڵف وایە بۆ کەسانی تر. حەزم لەوێیە ئۆتۆمبێلی فۆرمولا وان لێ بخوڕم، چونکە حەزم لێیە نەک بۆ ئەوەی خەڵاتی پێببەمەوە. وا بیری لێ دەکەمەوە زۆر خۆش بێت).

کێن مایلس، بەوە ناسرابوو کە بە شێوەزارێکی بریمینگهامی قسەی دەکرد کە تێگەیشتن لێی قورس بوو، و بەردەوام ڕەخنەی تەنزئامێزی دەگرت. ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەری بینی لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی (شێلبی کوبرا ٢٨٩) کە سەرکەوتنێکی باشی بە دەستهێنا لە پێشبڕکێکانی (ئێس سی سی ئەی، یوو ئێس ئاڕ ئار سی، ئێف ئای ئەی سپۆرت) لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٢ بۆ ١٩٦٥. لە ساڵی ١٩٦٣ بووە شوفێر و بەرپرسیاری تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی (ئەمەریکان شێلبی). لە کاروانی وەرزشیدا زۆرجار بە پێشبڕکێکار (ستێرلینگ ماس) دەچوێندرا.

لە ساڵی ١٩٦٥ بە هاوبەشی لەگەڵ (بروس ماکلەرین) ئۆتۆمبێلی (فۆرد جی تی ئێم کەی ٢) لێ خوڕی لە پێشبرکێی(لێ مانس)ی ٢٤ کاتژمێری، بەڵام کشانەوە لە پێشبڕکێکە دوای ئەوەی کێشەیەک کەوتە بۆکسی گێڕی ئۆتۆمبیلەکە. هەر لەم ساڵەدا بە دووبارە بە هاوبەشی لەگەڵ بروس ماکلەرین بەشداریان لە پێشبڕکێی(سێبرینگ)ی ١٢ کاتژمێری کردوو پلەی ٢میان بەدەست هێنا.

لە ساڵی ١٩٦٦ پێشبڕکێی (دەیتۆنا)ی ٢٤ کاتژمێری بردەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ (لیۆد روبی) پێکەوە ئۆتۆمبێلی (فۆرد جی تی ئێم کەی ٢) لێخوڕی لەم پێشبڕکێیە. دواتریش پێشبرکێی(سێبرینگ)ی ١٢ کاتژمێریان بردەوە. دوای چەند مانگێک بە هاوبەشی لەگەل (دێنی هولم) لە پێشبڕکێی (لێ مانس) ساڵی ١٩٦٦ی  ٢٤ کاتژمێری لە پلەی یەکەم بوو تا نیوەی کاتی پێشبرکێکە، بەڵام دواتر کۆمپانیای فۆرد داوایان کرد کە ئۆتۆمبێلەکەی هێواش بکاتەوە تا دوو فۆردەکەی تریش پێی بگەنەوە، تا وێنەی سێ فۆردەکە بە یەکەوە لەسەر هێڵی کۆتایی پێشبڕکێکە بگرن و ببێتە ڕیکلامێکی باش بۆ کۆمپانیاکە. ئەویش داواکەی پەسندکردن کە بە بۆچوونی زۆربەی شارەزایان گەورەترین هەڵە بووە ئەنجامی دابێت. بە یەکەوە لەگەڵ دوو شوفێرەکەی تری ئۆتۆمبێلی فۆرد کە ناویان (بروس ماکلەرین، کریس ئامون) بوون هێڵی کۆتایی پێشبرکێکەیان بڕی. دواتر فیدراسیۆنی پێشبرکێی فەرەنسا ڕایگەیاند کەوا هەر سێ فۆردەکە لە یەک کاتدا هێلی کۆتایان نەبڕیوە، بەڵکو فۆردی دووەم کە (ستیڤ ماکلەرین) لێی دەخوڕی بە جیاوازییەکی یەکجار بچووک پێش دووەکەی تر بڕیویەتی بۆیە ئەو بە تەنها براوەیە. بەمەش کێن مایلس بێبەش بوو لە بردنەوەی سێ خەڵاتە گرنگەکەی جیهانی پێشبرکێی ئۆتۆمبێلە خێراکان لە یەک ساڵدا. کە بریتین لە (لێ مانس، سێبرینا، دەیتۆنا) و تەنها دوو دانەی بەدەست هێنا. 

مردن

چاوەڕوان دەکرا  ئۆتۆمبێلی (فۆرد جی-کار) ببێتە جێگرەوەی (فۆرد جی تی ئێم کەی ٢)  سەرەڕای ئەو کەم و کورتیانەی لە ئۆتۆمبێلەکە هەبوو. دوای مردنی (واڵت هانسگن) لە کاتی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە بۆ پێشبڕکێی (لێ مانس)، بۆیە کۆمپانیای فۆرد بڕیاریدا ئۆتۆمبێلی (فۆرد جی-کار) واز لێبێنێت و پەرە بە ئۆتۆمبێلی(فۆرد جی تی ئێم کەی ٢ ئێس) بدات. بۆ ئەم مەبەستەش چەند گۆڕانکارییەکیان لە ئۆتۆمبێلەکە کرد تا بۆ پێشبڕکێکانی ساڵی ١٩٦٦ ئامادەبێت. لە مانگی ئابی  ساڵی ١٩٦٦ کۆمپانیای (ئەمەریکان شێڵبی) لەگەڵ کێن مایلس کە شۆفێری سەرەکیان بوو بەردەوام بوون لە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی تر و بەرەو پێش بردنی واتا ئۆتۆمبێلی (فۆرد جی-کار). دوای ڕۆژێک لە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە و لە کەش و هەوای گەرمی بیبانی باشووری کالیفۆرنیا، لەو کاتەی کێن مایلس بە خێرای ٢٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ئۆتۆمبێلەکەی لێدەخوڕی، ئۆتۆمبێلەکە بەرگەی ئەم فشارە زۆرەی نەگرت و تەقیەوە و بووە چەند پارچەیەک و کێن مایڵس ڕاستەوخۆ دەست بە جێ گیانی لە دەستدا لەم کارەساتە دڵتەزێنە. دوای ئەم کارەساتە کۆمپانیای فۆرد کە ئەمە دووەم جار بوو لەماوەی پێنج مانگ کارەساتی لەو شێوەیە لە ئۆتۆمبێلەکانی ڕووبدات، بۆیە بە ناچاری دەستی کرد بە دانانی سیستمی پاراستنی (رۆل کەیج) بۆ پاراستنی سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە.

ئەو فیلمەی لەسەر ژیانی دروستکراوە


لە ساڵی ٢٠١٩ فیلمی (فۆرد دژی فێراری) بڵاوکرایەوە، لەسەر ژیاننامەی (کێن مایلس).لە هەندێک وڵاتی ئەورووپا فیلمەکە لە ژێر ناوی ( لێ مانس ساڵی ١٩٦٦) بڵاوکرایەوە. (کریستیان بێڵ) نواندنکاری بەناوبانگ لە فیلمەکەدا ڕۆڵی کێن مایلس دەبینێت. (کاترینا بالف) ڕۆڵی هاوسەری کێن (مۆڵی) بینی و (نوح جوپ) ڕۆڵی کوڕەکەی (پیتەر)ی بینی. فیلمەکە سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا و هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ناساندنی چیرۆکی کێن مایلس بە جیهان.

خەڵات و ڕێزلێنان

  • لە ساڵی ٢٠٠١ خرایە نێو (مۆتۆرسپۆرت هال ئۆف فەیم ئۆف ئەمەریکا) وەک ڕێزگرتن لە کاروانە وەرزشییەکەی.
  • لە ساڵی ٢٠٢٠ خرایە (وێست کۆست ستۆک کار هال ئۆف فەیم) وەک ڕێزلێنانێک.


سەرچاوەکان



2977 بینین