ئۆتمار هیتزفێلد

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-11-21:48:00 - کۆدی بابەت: 12867
ئۆتمار هیتزفێلد

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئۆتمار هیتزفێلد (بە عەرەبی: أوتمار هيتسفيلد، بە ئینگلیزی: Ottmar Hitzfeld) یاریزانی تۆپی پێ و ڕاهێنەری چەندین یانەی تۆپی پێ بووە کە توانیویەتی گەلێک دەستکەوت تۆمار بکات بۆ خۆی و یانە و هەڵبژاردە  وەک یاریزان و ڕاهێنەر. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواو ئۆتمار هیتزفێلد.
بەرواری لە دایکبوون ١٢ی مانگی ١ ساڵی ١٩٤٩. 
شوێنی لە دایکبوون لۆراچ، ئەڵمانیا. 
تەمەن ٧٤ ساڵ و هێشتا لە ژیاندایە.
ڕەگەزنامە ئەڵمانی
ئەو یانە وەزشیانەی وەک یاریزان یاری بۆ کردوون بازل، ڤی ئێف بی شتوتگارت، لوگانۆ، لوزێرن. 
ئەو یانە وەرزشیانەی ڕاهێنەرایەتی کردووە ئێس سی زەگ، ئاراو، گراسهۆپەرس، بۆروسیا دۆرتمۆند، بایرن میونخ، هەڵبژاردەی سویسرا.

ئۆتمار هیتزفێلد، بیرکاری زانێکی لێهاتوو و مامۆستایەکی وەرزشییە،  یەکێکە لە  ڕاهێنەرە گرنگەکانی ئەڵمانیا و تۆپی پێ بە گشتی. برازای ژەنەراڵی ناسراوی ئەڵمانی لە جەنگی جیهانیی دووەم (ئۆتۆ هیتزفێلد) بووە. دوو جار وەک ڕاهێنەری هەڵبژێردراوە. یەکێکە لەو شەش ڕاهێنەرەی کە توانیاویانە لەگەڵ دوو یانەی جیاواز ببنە پاڵەوانی خولی پاڵەوانی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگ). کە ئەوانیش جۆزێ مۆرینیۆ، یۆب هاینکس، پێپ گواردێلا، ئێرنست هاپێل، کارلۆ ئەنچیلۆتی. ئۆتمار لەگەڵ هەردوو یانەی بایرن میونخ و بۆروسیا دۆرتمۆند نازناوەکەی بردووەتەوە. ناوێکی دیارە لەنێو باشترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێ، بە تایبەت بەهۆی نازناوەکەی لەگەڵ یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند کە شکستیان بە یۆڤانتۆس هێنا لە یاری کۆتایی کە خاوەنی پێکهاتەیەکی زێڕین بوو.

ژیانی تایبەتی

لە لۆراچ لە باشووری ڕۆژاوای ئەڵمانیا لە دۆڵی ویز هاتۆتە دونیاوە نزیک لە سنووری سویسرا. هەر لەو شوێنەش گەورە بووە. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤ لە ڕاهێنەرایەتی بایرن دوورخرایەوە بە وتەی خۆی هەستی بە دڵتەنگیەکی زۆر کردووە ماوەی دوو ساڵی ویستبوو تا لەم دۆخە ڕزگاری بێت. دوای ئەم ڕووداوە وتیەتی مرۆڤ نابێت زۆر پەرۆش بێت بۆ هیچ شتێک و نابێت زۆر دڵتەنگ بێت بۆ هیچ شتێک دەبێت هاوسەنگی ڕابگرێت و تاک لایەنە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.  ئەوەی زیاتر سەیرە لە ژیانامەی ئەو ڕاهێنەرەی ئەڵمانیا ئەوەیە کە مامی ژەنەرکڕاڵی سوپای ئەڵمانیای نازی بووە لە جەنگی جیهانیی دووەم و ناوی ئۆتۆ هیتزفێلد بووە. هیتزفێلد هاوسەرگیری لەگەڵ بیوترێکس هیتزفێلد کرد. منداڵێک و سێ نەوەی هەیە. یاریگای ئۆتمار هیتزفێلد ئەرینا بە ناوی ئەو کراوە.

کاروانی وەرزشی وەک یاریزان

لە لۆراچ کە شاری لە دایکبوونی بوو، دەستی کرد بە یاریکردن لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٠ لە هەردوو یانەی (توس ستێتن) و (ئێف ڤی لۆراخ). دواتر بووە جێی سەرنجی یانەی بازلی سویسری کە لە خولی پلە یەک بوو، ئۆتماری گواستەوە یانەکەی لە ساڵی ١٩٧٠. بووە پاڵەوانی خولی سویسری لەگەڵ یانەی بازل لە ساڵانی ١٩٧٢ و ١٩٧٣. لەو ماوەیە بە یەکێک لە باشترین هێرشبەرانی خولی سویسری دادەندرا. لە ساڵی ١٩٧٥ توانی جامی سویسریش لەگەڵ یانەکە بباتەوە. لە ساڵی ١٩٧٣ هەر لەو کاتەی لە یانەی بازل یاری دەکرد، توانی کۆڵێژ تەواو بکات و ببێتە بیرکاری زان و مامۆسای وەرزش. لە ساڵی ١٩٧٢ بانگهێشتکرا بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تا لە ئۆلۆمپیادی هاوینەی ساڵی ١٩٧٢ بەشداری بکات. لەوێ (ئۆلی هۆنێس)ی ناسی کە یاریزانی بایرن میونخبووە و ئێستا کە ساڵی ٢٠٢٣یە بەردەوامە  لە کارکردن لە یانەکە، لە دەستەی کارگێڕی و یارمەتیدەریش کاری کردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕاهێنەر لە ساڵی ١٩٩٠. یەکێک لە شتە سەیرەکانی ئەو ئۆلۆمپیادە بەر یەکەوتنی هەردوو ئەڵمانیا ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات بوو، کە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا یارییەکەی دۆڕاند و نەیتوانی بگات بە یاری پێش کۆتایی کە ئەنجامی یاریەکە( دوو بە چوار) بۆ ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بوو.

ئۆتمار هیتزفێلد ٥ گۆڵی تۆمارکردبوو لەو پاڵەوانەتییە کە یەکێکیان لەو یارییە بوو کە دەرکران. لە ١٩٧٥ دەستەوارەی یانەی (ڤی ئێف بی شتوتگارت) پەسند دەکات و ڕوودەکاتە ئەو یانەیە کە لە خولی پلە دووی ئەڵمانی یاری دەکرد. کاروانێکی زۆرباشی لەگەڵ یانەی شتوتگارت بەڕێکرد بەشێک بوو لەو وەرزەی کە یانەکە توانی ١٠٠ گۆڵ تۆماربکات، ئۆتمار لە یارییەک بەرانبەر (یان ریگنسبۆرگ) توانی ٦ گۆل لە یارییەک تۆمار بکات ببێتە ژمارەی پێوانەی بۆ یاریزانێک لە خولی پلە دووی ئەڵمانی لە یارییەک ئەوەندە تۆماربکات. دوای دوو ساڵ یاریکردن لە یانەکە لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٧٧ توانی بە هاوکاری هاوپێکهاتەکانی یانەکە بگەیەنێتە  بۆندسلیگای پلە یەک. هیتزفێلد لەو کاتەدا لە ٥٥ یاری ٣٣ گۆڵی تۆمارکردبوو. دوای گەیشتنیان بە بۆندسلیگای پلە یەک هەر لە یەکەم وەرز دەستکەوتێکی زۆرباشیان بەدەست هێنا کە پلەی چوارەم بوو لە خولەکە. ئۆتمار بەشداری پێنج گۆڵی کردبوو لە ٢٢ یاریدا. دوای سێ ساڵ لەگەڵ یانەی شتوتگارت لە ساڵی ١٩٧٨ گەڕایەوە سویسرا کە لای هیتزفێلد نیشتیمانی دووەمی بوو. لەوێ لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨٠ یاری بۆ یانەی (لوگانۆ) کرد و دواتر پەیوەندی بە یانەی (ئێف سی لوزێرن) کرد، هەر لەوێ لە ساڵی ١٩٨٣ لە تەمەنی ٣٤ ساڵی وازی لە یاریکردن هێنا. 

کاروانی وەرزشی وەک ڕاهێنەر

کاری راهێنەرایەتی لە سویسرا لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٩١

لە هاوینی ساڵی ١٩٨٣، ئۆتمار هیتزفێلد یەکەم گرێبەستی ڕاهێنەرایەتی خۆی لەگەڵ یانەی (ئێس سی زەگ) واژۆ کرد، کە یانەکە لە خولی پلە دووی سویسری بوو. یانەکە بووە پاڵەوانی خولی پلە دووی سویسرا بۆ وەرزی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٤. بەمەش یانەکە بەرزکرایەوە بۆ خولی پلە یەکی سویسری کە ئەمە یەکەم و کۆتا جار بوو یانەکە ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنێ لە مێژوویدا. لە ساڵی ١٩٨٤ دەستەوارەی یانەی ( ئێف سی ئاراو)ی پەسندکرد و بوو بە ڕاهێنەری یانەکە و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەیە بەردەوام بوو. توانی دووەم نازناوی خۆی وەک ڕاهێنەر بباتەوە و بووە پاڵەوانی جامی سویسری لە ساڵی ١٩٨٥. بەمەش بووە جێگای سەرنجی یانە گەورەکانی سویسرا و بوو بە ڕاهێنەری یانەی (گراسهۆپێر) کە بارەگای یانەکە لە شاری زیورخ بوو. لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١، کە ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەی کرد توانی چوار نازناوی گەورە بۆ یانەکە بەدەست بهێنێت، هەر لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یانەکە بووە پاڵەوانی جامی سویسرا.  لە کۆتا ساڵیشی دوو نازناوی گەورەی بۆ یانەکە بردەوە کە یەکێکیان پاڵەوانی خولی سویسری بوو لە ساڵی ١٩٩١. 

بوون بە ڕاهێنەری بۆروسیا دۆرتمۆند لە ماوەی ساڵانی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٨

لە ساڵی ١٩٩١، هیتزفێلد بوو بە ڕاهێنەری بۆروسیا دۆرتمۆند کە لە خولی پلە یەکی ئەڵمانی یاری دەکرد. بە هەماهەنگی لەگەڵ مایکڵ هانک و دەستەی بەڕێوەبردنی یانەکە توانیان پلەی دووەم بەدەست بهێنن لە خولەکە و بگەنە جامی ئەورووپا. بۆ وەرزی دواتر دۆرتمۆندی گەیاندە یاری کۆتایی جامی ئەورووپا، بەڵام بەیانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دۆڕان. لە ساڵی ١٩٩٥ یەکەم نازناوی خولی ئەلمانی بۆ دۆرتمۆند بەدەست هێنا، کە یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند لە دوای ساڵی ١٩٨٩ کە جامی ئەڵمانی بردبوو هیچ نازناوێکی تری بەدەست نەهێنابوو، ئەمە یەکەم نازناوی هیتزفێلد بوو لە ئەڵمانیا وەک ڕاهێنەر. بۆ وەرزی دواتر واتا بۆ ساڵی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦ دووبارە بووە پاڵەوانی خولی ئەڵمانی بۆ دووەم جار لەسەر یەک. لە ساڵی ١٩٩٧ ساڵێکی گرنگی کاروانی ڕاهێنەرایەتی هیتزفێلد بوو لە جیهانی تۆپی پێ. ئەگەر چی لە خولی ئەڵمانی پلەی سێیەمی بەدەست هێنا، بەڵام خۆی گەیاندە یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگ). لە یاری کۆتایی بە شێوەیەکی چاوەڕوانەکراو شکستی بە یۆڤانتۆسی ئیتاڵی هێنا، یۆڤانتۆسێک کە زێنەدین زێدان و دیدیە دیشامپ و کریستیان ڤێری سەکردایەتیان دەکرد. سێ بە یەک لە یانەی یۆڤانتۆسیان بردەوە لە یاریگای ئۆلمپیۆستادیۆم لە میۆنخ. هیتزفێلد ناوبانگێکی یەکجار گەورەی پەیداکرد و بووە باشترین ڕاهێنەری ساڵ دوای ئەم نازناوە. هەموو شتێک کۆتایی هەیە کاروانی هیتزفێلدیش لەگەڵ یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند کۆتایی هات و نیڤیۆ سکاڵا شوێنی گرتەوە لە ساڵی ١٩٩٧. توانی لە ماوەی ڕاهێنەرایەتیدا ١٤٤ بردنەوە و ٦٣ یەکسان بوون، ٦٥ دۆڕان تۆماربکات. 

بوون بە ڕاهێنەری بایرن میونخ لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٨ بۆ ٢٠٠٨

لە ساڵی ١٩٩٨ بووە ڕاهێنەری یەکێک لە سەرکەوتووترین یانەکەی ئەورووپا. هەر لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یانەکە بووە پاڵەوانی خولی ئەڵمانی بە جیاوازی ١٥ خاڵ لەگەڵ پلەی دووەم. بە لێدانی یەکلاکەرەوە جامی ئەڵمانیای بە ڤەردە برێمەن دۆڕاند. و توانیان بگەنە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگ) کە لە میۆنخ بە مانچێستەر یونایتد دۆڕان. سەرەتا بە گۆلێک لە پێش بوون و لە کۆتا خولەکەکان دوو گۆڵیان لێ تۆمار کرا و یارییەکەیان دۆڕاند. 

بۆ وەرزی دوای ئەویش توانیان دووبارە ببنەوە پاڵەوانی خولی ئەڵمانی لە کۆتا یاری خولەکە لە بایەر لیڤەرکوزنیان بردەوە نازناوەکەیان بەدەست هێنا. لە یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیاش لە برێمەریان بردەوە بوونە پاڵەوان و تۆڵەی وەرزی ڕابردوویان لێکردەوە. لە چامپیۆنزلیگیش لە یاری پێش کۆتایی بە ڕیاڵ مەدریدی براوەی جامەکە دۆڕان. 

بۆ وەرزی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١ وەرزێکی زێڕینی لەگەڵ بایرن بەرێکرد. بایرنی گەیاندە یاری کۆتایی خولە یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگ) کە لە ڕێگای گەیشتن بە یاری کۆتایی شکستی بە ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد هێنابوو تۆڵەی لە هەردووکیان کردەوە. لە یاری کۆتایی بە لێدانی یەکلای کەرەوە شکستی بە ڤالێنسیا هێنا و بووە پاڵەوان. لەو کاتە دووەم ڕاهێنەر بوو بتوانێت لەگەڵ دوو یانەی جیاواز چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنێت دوای ئێرنست هاپێل.

دووبارە خەڵاتی باشترین ڕاهێنەری ساڵی بردەوە.  توانی جامی جیهانی یانەکان بۆ ساڵی ٢٠٠١ بباتەوە و وەرزەکەی زیاتر جوانتر بکات، بەڵام لە خول تەنها توانیان پلەی ٣یەم بەدەست بهێنن. بۆ وەرزی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٣ دووبارە توانیان کۆنترۆلی نازناوەکانی ئەڵمانیا بکەنەوە و بوونە پاڵەوانی خولی ئەڵمانی بە جیاوازی ١٦ خاڵ لەگەڵ شتوتگارتی دووەم. جامی ئەڵمانیاشیان بردەوە هەر لەو وەرزە.

لەگەڵ بایرن میونخ بۆ وەرزی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٤ وەرزێکی باشیان نەبوو نەیان توانی هیچ نازناوێک بەدەست بهێنن. پلەی دووەم بوون لە خول. لە جامی ئەڵمانیا بە یانەی ئەلیمانیا دۆڕان و لە چامپیۆنزلیگ بە ڕیاڵ مەدرید دۆڕان لە یاری قۆناغی شازدەهەم. بۆیە هەر لەو وەرزە کاتێک ئۆتمار هیتزفێلد تەمەنی ٥٥ ساڵ بوو لەلایەن یانەی بایرن میونخەوە لابردرا لە ڕاهێنەرایەتی یانەکە بەهۆی وەرزە خراپەکەیەوە. بە تۆمارکردنی ١٩٣ بردنەوە و ٧٣ یەکسان بوون و ٥٣ دۆڕاندن یانەکەی جێهێشت.

ڕەتکردنەوەی بوون بە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دووبارەبوونەوە بە ڕاهێنەری بایرن میونخ

دوای ڕۆیشتنی لە بایرن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا داوایان کرد ببێتە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانی، بەڵام ڕەتیکردەوە، چونکە دەیویست بۆ ماوەیەک پشوو بدات. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٧ دوای دوورخستنەوەی فیلێکس ماگاس داوایان لە ئۆتمار کرد دووبارە ببێتەوە ڕاهێنەری یانەکە، ئەویش پەسندی کرد. لە یەکەم یاریدا بە ئەنجامی سێ بەرانبەر هیچ بە یانەی نۆرنبێرگ دۆڕان. ئەگەر چی هەوڵێکی زۆریدا تا لەو ڕێژە یارییەی کە ماوە بایرن بکاتە پاڵەوان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو پلەی چوارەمیان بەدەست هێناوە و نەیان توانی بگەنە چامپیۆنزلیگ کە ئەوە یەکەم جار بوو لە مێژووی  بایرن میونخ ڕووبدات لە دەیەیەک. دوای خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ وەرزی دوای ئەو دووبارە بایرنی گەڕاندەوە سەکۆی نازناوەکان خولی پۆکاڵ و جامی ئەڵمانیا و خول بباتەوە. لە جامی ئەورووپیش لە یاری پێش کۆتایی بە سانت پیتسبۆرگ دۆڕان. دوای ئەو وەرزە ڕایگەیاند کە ئەمە کۆتا وەرزی بووە لەگەڵ یانەکە و دەست لە کاردەکێشێتەوە و یۆرگن کلیزمان شوێنی گرتەوە. لە کۆتا یاری وەک ڕاهێنەری بایرن بە ئەنجامی چوار بە یەک لە هێرتا بەرلینی بردەوە.

بوون بە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی سویسرا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤

هیتزفێلد لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٨ بووە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی سویسرا. لە یەکەم یاریدا بەرانبەر قوبرس بە ئەنجامی چوار بە یەک بردیەوە. لە یەکەم یاری فەرمی خۆی بە ئەنجامی دوو بە دوو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسڕائیل یەکسان بوو لە پاڵاوتنەکان بۆ مۆندیالی ٢٠١٠ لە باشووری ئەفریقا. توانی بە پلەی یەکەم لە کۆمەڵەکەی خۆی بگاتە مۆندیالی ٢٠١٠ی باشووری ئەفریقا. لە قۆناغی کۆمەڵەکان دەرکران لە جامی جیهانیی ساڵی ٢٠١٠. بۆ یۆرۆی ٢٠١٢ سەرکەوتوو نەبوون لەوەی بگەنە پاڵەوانیەتیەکە دوای ئەوەی پلەی سێیەمیان بەدەست هێنا لە دوای مۆنتینیگرۆ و ئینگلتەرا.

لە جامی جیهانیی ساڵی ٢٠١٤ توانی هەڵبژاردەی سویسرا بگەیێنێتە جامەکە دوای ئەوەی لە پاڵاوتنەکانی پاڵەوانێتییەکەی بەبێ دۆڕان تەواوکرد. توانی لە قۆناغی کۆمەڵەکانیش لە جامەکە سەرکەوێت لە قۆناغی ١٦ بە کاتی زیادکراو بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دۆڕا کە گەیشتە یاری کۆتایی. ئۆتمار هیتزفێلد پێش جامی جیهانی ٢٠١٤ ڕایگەیاند بوو کە دوای پاڵەوانێتییەکە واز لە کاری ڕاهێنەرایەتی کردن دەهێنێ و خانەنشین دەبێت و ئەو کارەشی ئەنجامدا.

خانەنشین بوون

دوای جامی جیهانیی بڕیاری خانەنشین بوونی ڕاگەیاند. لە ١ مانگی ٧ ساڵی ٢٠١٤ پاتکۆڤیچ شوێنی گرتەوە لە هەڵبژاردەی سویسرا. ئەگەر چی دەستەوارەیەکی بە بڕێکی یەکجار زۆر بەدەست گەیشتبوو لە خولی چینی، بەڵام لە بڕیارەکەی پەشیمان نەبوویەوە لە بڕیاری وازهێنانی کۆتایی و هیچ ئەرکێکی تری وەرنەگرتەوە.

ئەو خەڵات و نازناوانەی کە بەدەستی هێناوە وەک ڕاهێنەر

  • دوو جار بووەتە براوەی باشترین ڕاهێنەری ساڵ کە دانەیەکیان وەک ڕاهێنەری بۆروسیا دۆرتمۆند و ئەوەی تریش وەک ڕاهێنەری بایرن میونخ.
  • دوو جار بۆتە براوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگ) لە هەردوو وەرزی ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٨، ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١ لەگەڵ هەردوو یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند و بایرن میونخ. 
  • حەوت جار بووەتە پاڵەوانی خوڵی ئەڵمانی لەگەڵ یانەکانی بایرن میونخ و بۆروسیا دۆرتمۆند.
  • سێ جار بووەتە براوەی جامی ئەڵمانیا.
  • دوو جامی سوپەری ئەڵمانی بردووەتەوە.
  • دوو جامی سویسری بردووەتەوە. 
  • یەک جامی سوپەری سویسری بردووەتەوە. 
  •  چوار جامی خولی ئەڵمانی بردووەتەوە.


سەرچاوەکان



1930 بینین