ناوهڕۆك
ناساندن
ململانێ و بنەما دەروونییەکانی (بە ئینگلیزی: Confilct and the psychological principle، بە عەرەبی: الصراع و مبدأ النفسية)، هیچ ڕەفتار و بیرکردنەوە و هەڵچوونێک بەبێ بنەما و پاڵنەری دەروونی نابێت، ململانێش وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ـ دەروونی بنەمای دەروونی خۆی هەیە، لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێت بە سەرکەوتووانە مامەڵەی لەگەڵ بکەین ئەوا دەبێت دەستنیشانی پێکهاتە و هۆکار و سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی بکەین.
پێناسەی ململانێ
دەتوانرێت بە جۆرەها شێوە پێناسە لێک بدرێتەوە، بەڵام سادەترین پێناسە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بۆ ململانێ:
(بریتییە لە نەگونجاندن و ڕێک نەکەوتنی نێوان دوو کەس یان زیاتر یان دوو کۆمەڵ یان دوو دەوڵەت).
لەوانەیە ململانێ باش بێت و خۆی لە کێبڕکێ و پێشبڕکێدا ببینێتەوە بە خزمەتی کۆمەڵگا و تاکەکانی تەواو بێت، لەوانە ململانێ خراپ بێت، هیچ بەرهەم و دەرئەنجامێکی باشی نەبێت و بە پێچەوانەشەوە بە زیان و پارچە پارچە بوونی کۆمەڵ و دام و دەزگاکانی تەواو ببێت.
جۆرەکانی ململانێ
دەتوانین ململانێ بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا دابەش بکەین:
ململانێی ناوەکی
بریتییە لە ململانێی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی و حەز و ئارەزووەکانی، ئەم جۆرەش سێ جۆر لە خۆ دەگرێت:
١- ململانێی چوونە پێش
بریتییە لەو جۆرو ململانێیەی کە تاک دەکەوێتە نێوان دوو شت و دیاردە، کە هەردووکیان خۆش و سەرنج ڕاکێشن و ئەو کەسە ناتوانێت یەکێکیان هەڵبژێرێت و ململانێیەکە یەکلای بکاتەوە، ئینجا هەتا ئەو کاتەی بڕیار دەدات و کێشە و ململانێکە یەکلای دەکاتەوە ئەو کەسە لە بارێکی دەروونی گرژ و ئاڵۆز دەژی و بە دەست ئەو ململانێیەوە دەناڵێنێت.
٢- ململانێی پاشەکشێ
ئەم جۆرە ململانێیە بە پێچەوانەی جۆری یەکەم، مرۆڤ دەکەوێتە نێوان دوو شتی زۆر ناخۆشەوە، هەر کامێکیان هەڵبژێرێ بە زیانی تاک خۆی تەواو دەبێت، ئینجا هەتا ئەو کاتە بڕیار دەدات و یەکێکیان هەڵدەبژێرێت یان ململانێکە بە لایەکدا دەخات، ئەوا ئەو کەسە لە گرژی و بارێکی دەروونی ناخۆشدا دەژیت.
٣- ململانێی چوونە پێش
ئەم جۆرە ململانێیە بریتییە لەوەی کە تاک دەکەوێتە نێوان دوو هەڵبژاردنەوە، یەکێکیان خۆشە و تاک دەیەوێت لێی بچێتە پێشەوە بەڵام لەبەر ئەوەی لە داهاتوودا زیانی لێ دەدات یان زیان بە هەڵبژاردن و شتەکەی دووەم دەگەیەنێت، بۆیە دەیەوێت پاشەکشە بکات، ئینجا هەتا تاک یەکێکیان هەڵدەبژێرێ و بڕیاری خۆی دەدات، لە بارێکی دەروونی ئاڵۆزدا دەژی و بە دەست ئەو ململانێیەوە دەناڵێنێت.
ململانێی دەرەکی
ئەم جۆرە ململانێیە پەیوەستە بە تاک لەگەڵ کۆمەڵ و دام و دەزگاکانی لەلایەک و کۆمەڵ و دام و دەزگایەکی تر لە لایەکی تر.
ئەم جۆرە ململانێیەش چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە:
١- ململانێی ناوخۆ: لە نێوان دوو گەڕەک، دوو تاک یان زیاتر، یان دوو کۆمەڵ یان دوو شاری یەک وڵات.
٢- ململانێی ناوچەیی: لە نێوان دوو وڵات، دوو حکومەت، چەند وڵاتێکی یەک ناوچە.
٣- ململانێی نێودەوڵەتی: لە نێوان چەند وڵاتێکی جیهانی کە تا ڕادەیەک دوورن کە یەکتری و هەندێکیان دراوسێ نین، وەک ئەوەی لە شەڕی جیهانی یەکەم و دووەمدا ڕوویدا.
ژینگەی دەروونی و ململانێ
ململانێ تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە ژینگەی دەروونی و جۆری کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگاوە هەیە و دەبن بە پاڵنەر و داینەمۆی دروست کردن و بەردەوام بوونی ململانێ، کاتێک ململانێ لە نێوان دوو کەس یان دوو ڕێکخراو یان دوو کۆمەڵ دروست دەبێت، بێ گومان هۆی سەرەکی ململانێکانی نێوانیان پەیوەستە بە جۆری بیرکردنەوە و ئەو بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییانەی کە هەر لایەک بڕوای پێیەتی. واتا کاتێک لایەک بڕوای بە کۆمەڵێک بیر و بۆچوون و بەها و داب و نەریت هەیە و تا ڕادەیەک جیاوازە لە لایەکی تر و لە هەمان کاتیشدا پێکەوە کار دەکەن، یان بەرژەوەندییان لەگەڵ یەکدا هەیە، ئەو کات دەکەونە ململانێ و دروستکردنی کێشە و گیر و گرفت بۆ یەکتری، نەک لەبەری ئەوەی خۆیان دەیانەوێت و هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵکو لەبەر ئەوەی دوو شێوازی جیاواز لە دیاردە و بابەتەکان لێک دەدەنەوە و بیر و باوەڕ و بۆچوون و بەهاکانیان جیاوازە، ئینجا هەتاوەکو کۆمەڵ و دام و دەزگاکان بە شێوازی جیا جیا بیربکەنەوە، لە چین و توێژ و توخم و ڕەگەز و مەزهەبی جیا جیا بن و ئاستی ڕۆشنبیرییان وەک پێویست نەبێت و زەمینەی هاوبەش بۆ پێکەوە ژیان و کارکردن دروست نەکەن و هەر لایەک خۆی بەڕاست بزانێت، لە گۆشە نیگای بەرژەوەندی و بەها تایبەتییەکانی خۆیەوە سەیری کۆمەڵ و دام و دەزگاکانی بکات ئەوا هەمیشە زەمینە خۆشە بۆ ململانێ و سەرهەڵدانی کێشە و شەڕ و ئاژاوە.
بەڵام کاتێک تاک و کۆمەڵ و دام و دەزگاکان لە ئاستێکی ڕۆشنبیری بەرزدا دەبن و هەر لایەنە و ڕەچاوی بەرژەوەندی و خواست و جۆری بیرکردنەوەی لایەنەکانی تر دەکات و زەمینەیەکی هاوبەش بۆ کارکردن و چالاکی دەخوڵقێنن، ئەو کاتە ڕێژەی ململانێکان زۆر کەم دەبێتەوە و بەرەو کێبڕکێ دەگۆڕێت و دواتر بە خزمەتی کۆمەڵ و دام و دەزگاکانی تەواو دەبێت.
کەمکردنەوە و نەهێشتنی هۆکاری ململانێکان
١- هەوڵی دابین کردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هەموو تاکێک بدرێت.
٢- دیاریکردنی ماف و ئەرکەکان، واتا دەبێت هەموو تاکێک لە کۆمەڵگا و دام و دەزگاکان بەپێی یاسا و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی ئەرک و مافەکانی خۆی بزانێت و داوای لێبکرێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی مافەکانی خۆی وەربگرێت.
٣- دانان و دۆزینەوەی پێوەری زانستی گونجاو بۆ دانانی کەسی باش و گونجاو لە شوێنی گونجاو و پێویست.
٤- جیاوازی نەکردن لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵ بەپێی ڕەگەز و توخم و پلە و پایەی کۆمەڵایەتی.
٥- دروستکردنی دەروازەی پێویست بۆ ڕادەربڕین و خاڵی کردنەوەی فشارە دەروونییەکانی ناوەوە و پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵ لە لادان و سەرەڕۆیی و نەخۆشی و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی.
هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی ململانێکان
١- کۆکردنەوە و دانانی هەردوولای ناکۆک لەسەر مێزی گفتوگۆکردن.
٢- گفتوگۆکرد و تاوتوێکردنی کێشەکە هۆکار، چۆنیەتی سەرهەڵدانی، شوێن و کات، کێ دەستپێشخەر بووە و هەوڵی دروستکردنی داوە، ئاکامەکانه و دانووستان کردن.
٣- دەستنیشانکردنی بەرپرسیارێتی هەردوولا، بۆ ئەوەی هەردوولا براوە بن و لایەک بە تەنها تاوانبار نەکرێت چونکە هەردوولا کەم تا زۆر بەرپرسیارن.
٤- دانانی ناوبژیکار و لایەنی سێیەم و بێلایەن بۆ نزیک کردنەوەی هەردوولا.
٥- پەنابردن بۆ ناوبژیوانێک بۆ بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی کێشەکە و دەست نیشانکردنی بەرپرسیارێتی هەر لایەک و دانانی ڕێککەوتن نامەیەک.
٦- بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە و چارەسەرکردنی کێشەی لاوەکی.