دەرزی ژانی دەستکرد

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-30-23:24:00 - کۆدی بابەت: 6761
دەرزی ژانی دەستکرد

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرینەمان لە فیلمەکاندا دیمەنی منداڵبوونی خانمانمان دیووە، منداڵبوونی خانمانمان زۆرجار بە تەقینی پەردەی سەراو دەست پێدەکات و خوێن و ئاو لە دامێنی خانمەکە دێتە دەرەوە و دەیبەنە نەخۆشخانە و منداڵی دەبێت، بەڵام ئەمە تەنها لە فیلمەکاندا بوونی هەیە و هەموو ڕاستییەکان وەک خۆی نییە، لە ڕاستیدا منداڵبوون زۆر لەوە قورسترە کە لە فیلمێکدا پیشان بدرێت، لە هەر پێنج خانمێک یەکێکیان ژانی دەستکردی بۆ دادەنرێت چونکە ناتوانێت بە ژانی ئاسایی منداڵی ببێت.

ژانی دەستکرد یاخود دەرزی Pitocin چییە؟

دەرزی پیتۆسین کە یەکێکە لە ڕێگاکانی هاندانی منداڵبوون لەبەرگیراوەیەکی دەستکردە لە هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین، جەستەی خانمان بە درێژایی ماوەی دووگیانی بە شێوەیەکی سروشتی ئۆکسیتۆسین بەرهەم دەهێنێت، وە ئەم هۆڕمۆنە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە وروژاندن و گرژبوونی منداڵداندا لە هەندێک کاتدا دەرزی زیادەی ئۆکسیتۆسین بە شێوەی پیتۆسین دەدرێت لە خانمەکە تاکوو یارمەتی بدات ژانەکەی زیاتر بکات و زوو منداڵەکەی ببێت.
تیمی پزیشکی ئەم دەرزییە بەکاردەهێنن بۆ توندکردنی ژانی منداڵبوون، بەڵام هەمیشە ئەمە هەڵبژاردەی یەکەم نییە و لە هەندێک کاتی دیکەدا پزیشک لەوانەیە دەست بکات بە کردنەوەی ملی منداڵدان یاخود تەقاندنی پەردەی سەراوی خانمەکە و بەمەش منداڵبوون زووتر ڕوودەدات.

ژانی دەستکرد چ کاتێک پێویستە؟

ئەگەر کرانەوەی ملی منداڵدان و تەقینی پەردەی سەراو زوو ڕوونەدەن و نەتوانن گرژبوونی منداڵدان پێش بخەن، یاخود گرژبوونی منداڵدان بە پێی پێویست خێرا نەبێت، ئەوا پزیشک دەرزی پیتۆسین بەکاردەهێنێت کە لە ڕێگەی دەمارەوە دەدرێت لە خانمەکە.
پزیشکەکە لە بڕێکی کەمەوە دەست پێ دەکات و وردە وردە زیادی دەکات تاکوو ئەوکاتەی کە گرژبوونی منداڵدان ٢ تا ٣ خولەک مەودایان لە نێواندا بێت، کاتێک کە خانمەکە پیتۆسین وەردەگرێت، پزیشک و کارمەندان چاودێری دایک و منداڵەکە دەکەن تاکوو بزانن کاریگەرییەکەی چۆن بووە و گرژبوونەکە چی لێدێت، دوای دەرزییەکە ئەگەر گرژبوونەکە زیاد لە پێویست بوو ئەوا پێدانی دەرزییەکە دەوەستێندرێت، بە گشتی پیتۆسین منداڵبوونەکە خێراتر دەکات و ژانی دایکەکە زیاتر دەکات بەڵام ئەگەر دوای ٨ تاکوو ١٢ خولەک منداڵبوون دەستی پێ نەکرد، پزیشک بڕیار دەدات کە پێدانی دەرزییەکە ڕابگرێت تاکوو خانمەکە بتوانێت کەمێک پشوو بدات و دواتر دووبارە پێدانی دەرزییەکە دەست پێ دەکەنەوە.

دەرزی ژانی دەستکرد بە خێرای چەند کار دەکات؟

بە لایەنی زۆرەوە ئەم دەرزییە لە ماوەی ٣٠ خولەکدا دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان، گرژبوونەکان زۆر توندن و خێراتر و توندترە لەو گرژبوونانەی کە بە شێوەیەکی سروشتی ڕوودەدات.

زیانەکانی دەرزی ژانی دەستکرد

لەبەرئەوەی بە هۆی دەرزی پیتۆسینەوە گرژبوونەکان توندتر دەبێت و جیاوازە لە گرژبوونی ئاسایی منداڵدان دەکرێت زیانەکانی ئەمانە بن:

  • گۆڕانکاری لە لێدانی دڵی منداڵەکەدا.
  • کێشەکانی ناوکە پەتک.
  • ئەگەری زۆریبوونی ئەو مەترسییەی کە خانمەکە پێویست بکات بە نەشتەرگەری منداڵەکەی ببێت.
  • تەقینی منداڵدان.
  • هەوکردن.
  • خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون.


سەرچاوەکان



6190 بینین