وشکبوونی لێوەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-16-23:14:00 - کۆدی بابەت: 6902
وشکبوونی لێوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وشکیی و قڵیشانی لێوەکان دەبێتە هۆی کزانەوە و سووتانەوە و زبربوون و هەستکردن بە نائاسوودەیی لێوەکان، زۆربەی کەس پێیان وایە کە وشکبوونەوەی لێو تەنها لە وەرزی زستاندا ڕوودەدات، بەڵام ئەگەر گرنگیان پێ نەدرێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە لێوەکان وشکدەبنەوە و دەقڵیشێن و بریندار دەبن لە هەر وەرزێکی ساڵدا بێت، ئەمە زۆربەی جار بۆ ئەو کەسانە ڕوودەدات کە خووی مژین و گازگرتن لە لێوی خۆیانیان هەیە، یاخود بەرهەمێک بەکاردێنن کە لێو وشک دەکاتەوە و دەیسووتێنێتەوە. 

نیشانەکان

  • وشکی زۆر.
  • قڵیشان، هەڵدانی پێست، دروست بوونی توێژاڵ.
  • خوێن لێهاتن.
  • سووربوونەوە.
  • سووتانەوە، زبربوون، کزانەوە.

هۆکارەکان

  • کەشوهەوای وشک.
  • کەمی ڕێژەی شێ لە ماڵەوە.
  • نەبوونی چەورییە ڕژێنەکان لە لێودا.
  • شێدارنەکردنەوەی لێوەکان.
  • بەکارهێنانی شێدارکەرەوە و نەرمکەری نەگونجاو.
  • بەرکەوتنی پێکهاتەی سووتێنەری وەک ترشی سالیسالیک (salicylic acid) و مێنسۆڵ (menthol) و کافور (camphor).
  • بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر.
  • زۆر تەڕکردن و مژین و دەست لێدانی لێوەکان.
  • خواردنەوەی ئاوی کەم.

چارەسەر و ڕێگریکردن

بەکارهێنانی نەرمکەری لێو

نەرمکەری لێوی باش دەتوانێت پێستە ناسکەکەی لێو بپارێزێت لە توخمە نامۆکان، باشترین نەرمکەری لێوەکان ئەوانەن کە پێکهاتەی نەرمکەری وەک ڤازلین (بە ئینگلیزی: petrolatum)یان تێدایە کە پێست شێدار دەکاتەوە، هەروەها دامێسیکۆن (بە ئینگلیزی: dimethicone) کە ڕێگری دەکات لە قڵیشان و وشکبوونی لێو.

زوو زوو شێدارکردنی لێو

جۆری ئەو بەرهەمەی بەکاردێت هەرچۆنێک بێت، دەبێت پێش لێدانی سووراو بدرێت لە لێو نەک دواتر، بۆ ئەوەی لێو بە پارێزراوی بهێڵرێتەوە دەبێت زوو زوو تازە بکرێتەوە، پێویستە بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە شەش بۆ هەشت جار بدرێت لە لێو، کەواتە دەبێت یەکەمجار لە بەیانیان و دواجار لە شەو و هەروەها بە درێژایی ڕۆژەکە هەموو دوو کاتژمێر جارێک نوێ بکرێتەوە.

پاراستنی لێوەکان

دەست و پێیەکان لەکاتی دابەزینی پلەی گەرمیدا دادەپۆشرێن، کەواتە پێویستە بە هەمان شێوە پارێزگاری لە لێوەکان بکرێت، دەبێت ڕووپۆشێک یان ملپێچێک بدرێت بەسەر لێوەکاندا و نەرمکەری لێویش بەکاربێت بۆ ئەوەی ساردی و وشکی کەشوهەوا کار لە لێو نەکات.

خواردنەوەی ئاوی زۆر

زۆر خواردنەوەی ئاو چەندین سوودی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ، یەکێک لە سوودەکانی ئەوەیە کە ڕێگری دەکات لە وشکبوونەوە، کە ئەم وشکبوونەوەیە کار لە لێوەکانیش دەکات.

بەکارهێنانی ئامێری شێ

ئەم ئامێرانە شێداری دەبەخشن بە لێو و پێست، بۆیە پێویستە زۆربەی کات بەکاربێت لە وەرزی زستاندا، لە شەودا و لەکاتی خەوتندا دابگیرسێنرێت تاکوو پێست تەڕ بکاتەوە.

تەڕنەکردنی لێو

لە کاتێکدا کە بە بیرۆکەیەکی باش دادەنرێت ئەگەر زمان بهێنرێت بە لێودا و تەڕ بکرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە خراپترین شتە بۆ لێوەکان، کاتێک کە لیکەکە وشک دەبێتەوە شێی زیاتر لە پێستی لێوەوە هەڵدەمژێت و زیاتر وشکی دەکاتەوە.

پێستی هەڵدراو لێ مەکەرەوە

لێکردنەوەی پێستی هەڵدراو و مردوو دەبێتە هۆی خوێن لێهاتن و ئازار، کاتی چاکبوونەوە دوا دەخات و دەبێتە هۆی زیاتر کزانەوەی لێو.

پێستی مردووە و زبر لێ مەکەرەوە

لێکردنەوەی پێستی مردووی سەر لێو دەبێتە هۆی زیاتر زیانگەیاندن بە لێوی وشکبوو، لەبری ئەوە باشترە کە نەرمکەرێک بدرێت لە لێو.

بزانە لێوت بە چی ئاسوودەیە

هەندێک بەرهەم هەیە لەبری چارەسەر زیاتر لێو خراپ دەکەن، بۆیە پێویستە بزانیت کامە بەرهەمە و کام پێکهاتەیە گونجاوە لەگەڵ لێوەکانتدا.


سەرچاوەکان



1427 بینین