غیرەکردن

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-09-18:07:00 - کۆدی بابەت: 7139
غیرەکردن

ناوه‌ڕۆك

غیرەکردن چییە؟

غیرەکردن کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Jealousy) زۆرجار هەستێکی لە ڕادەبەدەری بڕوا بە خۆ نەبوون و نائاسوودەییە دەربارەی لەدەستدانی شتێک بە شاراوەیی، هەروەها دەستەواژەکە بەکاردێت بۆ پێناسەکردنی هەستێکی پەیوەست بە خاوەندارێتی بەرامبەر بە کەسێکی تر وەک خۆشەویست یاخود هاوڕێ، بە گوێرەی کات زۆرینەی خەڵک ئەزموونی هەستی ئیرەییان کردووە، بەڵام ئیرەیی لە ڕادەبەدەر دەکرێت دەست وەربداتە کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەوە، هەروەها ئەو کەسانەی کە بۆیان دەرکەوتووە ئیرەیی بە شێوەیەکی بەرچاو دەستی وەرداوەتە کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەیان ئەوا دەبێت بە زووترین کات سەردانی کەسێکی پسپۆڕی دەروونناسی بکەن تاکوو باشتر تێبگەن کە چی دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەم هەستە.

جیاوازی نێوان غیرەکردن و ئیرەیی پێبردن

دەستەواژەی غیرە بە شێوەیەکی زۆر باو زۆرینەی جار لەگەڵ وشەی ئیرەیی بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەم دوو دەستەواژەیە دوو دەستەواژەی جیاوازن و هەریەکە لەم دوو دەستەواژەیە پێناسەی جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەیە، بۆ نموونە، غیرەکردن بەوە پێناسە دەکرێت کە بریتییە لە هەبوونی ترسێک بەرامبەر کەسێک کە هەوڵی داگیرکردنی شتێک دەدات کە هی تۆیە یاخود شتێک کە تۆ بە هی خۆتی دەزانیت، بەڵام ئیرەیی پێبردن بەوە پێناسە دەکرێت کە بریتییە لە هەبوونی حەز و ئارەزوو بەرامبەر شتێک کە هی کەسێکی کەیە، هەروەها هەریەکە لەم دوو هەستە دەبێتە هۆی دروستبوونی باوەڕ نەبوون بە خود و نائاسوودەیی.

ئیرەیی زیاتر دەبێتە هۆی هەستکردن بە خەم و ئارەزووکردن بۆ گۆڕانکاری، لە کاتێکدا، غیرە زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە کە ببێتە هۆی پەیدابوونی تووڕەیی و ڕق و کینە، هەروەها هەندێک جار هەستی غیرەکردن و ئیرەیی پێبردن بەیەکەوە پەیدا دەبن، چونکە کاتێک کەسێک هەست غیرە دەکات ئەوا لە هەمان کاتدا ئیرەیی بەو کەسە دەبات کە غیرەی لێ دەکات.

نیشانەکانی غیرەکردن

کاتێک کە کەسێک غیرە دەکات، ئەوا بە چەند شێواز و ڕێگایەک ئەو هەستە دەردەبڕێت، لە کاتێکدا هەندێک لە ڕەفتارەکانی غیرەکردن زۆر ورد و نەرمن و تێبینی ناکرێن بەڵام هەبوونی هەستێکی بەهێزی غیرەکردن دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی خراپ لەگەڵ خەڵکی ڕەفتار بکەیت یاخود زیان بە کەسانی دیکە بگەیەنێت ئەو نیشانانەی کە هەستی پێدەکرێت لە کاتی غیرەکردن بریتین لە:

١- دەربڕینی توڕەیی بەرامبەر هەر کەسێک یاخود بارودۆخێک کە بایەخ بەو کەس و شتانە دەدات کە بە لای تۆوە گرنگن.

٢- ڕق لە دڵ هەڵگرتن بەرامبەر بە هاوڕێیەکت یاخود خۆشەویستەکەت کاتێک ناتوانن کات لەگەڵ تۆ بەسەر ببەن.

٣- بە ئەستەم خۆشی دەربڕین کاتێک هاوکارەکەت یاخود هاوڕێکەت ئەو شتەی بەدەست دەگات کە تۆ دەتەوێت.

٤-هەبوونی هەستی ڕقلێبوونەوە بەرامبەر بە کەسێک کە چووبێتە ناو ژیانی هاوڕێ و کەسێکی نزیکتەوە. 

جۆرەکانی غیرەکردن

غیرەکردن هەستێکی زۆر باوە لە نێوان خەڵکیدا، هەروەها خەڵکی لە زۆرینەی کولتوورەکاند ئەزموونی ئەم هەستەیان کردووە، کە بە هۆی چەند بارودۆخێکی جیاوازەوە سەرهەڵدەدات و چەن جۆرێکی هەیە هەروەها باوترین جۆرەکانی غیرەکردن بریتین لە:

غیرەکردن لە خۆشەویستیدا

ئەم جۆرە غیرەکردنە لە ئەنجامی هەبوونی ترسی جێگرتنەوەی کەسێک لەلایەن کەسێکی دیکەوە لە پەیوەندیەکی بەهاداردا دروست دەبێت، بۆ نموونە وەک توڕەبوونی ژنێک کاتێک کە دەبینێت هاوسەرەکەی لەگەڵ ژنێکی دیکە قسە و گاڵتە دەکات، یاخود پیاوێک کە دەبینێت خۆشەویستەکەی یاخود هاوسەرەکەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا کات بەسەر دەبات، یاخود لە تەمەنی هەرزەکاریدا هەستی غیرەکردن لە نێوان خوشک و براکاندا پەیدا دەبێت کاتێک کە براکە دەزانێت خوشکەکەی لەگەڵ باشترین هاوڕێکەی دەڕوات بۆ تەماشاکردنی فیلم، هەموو ئەمانە نموونەن بۆ غیرەکردن لە جۆری خۆشەویستیدا، غیرەکردن لە نێوان هاوڕێکاندا پێی دەگوترێت غیرەکردنی نموونەیی، لە کاتێکدا غیرەکردن لە نێوان دوو خۆشەویست ئاماژە بە جۆری غیرەکردنی خۆشویستی دەکات.

غیرەکردن لە پلە و پایە و دەستەڵات

ئەم جۆرە غیرەکردنە زۆرینەی جار لە شوێنی کارکردن ڕوودەدات، کە زۆرینەی جار پەیوەندی بە پێشبڕکێی نێوان کارمەندەکانەوە هەیە، بۆ نموونە کەسێک لە هاوکارەکەی بێزار و توڕە دەبێت چونکە پلەکەی بەرزکراوەتەوە، ئەم جۆرە غیرە کردنەوە پێی دەگوترێت غیرەکردن لە جۆری پلە و پۆست.

غیرەکرنی نائاسایی

ئەم جۆرە غیرەکردنە پێشی دەگوترێت غیرەکردنی لە ڕادەبەدەر و نەخۆشکەر، کە هەندێک جار بە هۆی هەبوونی کێشەیەکی دەروونییەوە دەستنیشان دەکرێت، وەک شیزۆفرینیا و خەمۆکی یاخود ئەو کێشە و نەخۆشیانەی کە توانای کۆنتڕۆڵ کردنیان هەیە، زۆر جار بەکاردێت بۆ پێناسەکردنی جۆرە غیرەیەک کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسێک کە لە پەیوەندییەکی خۆشەویستیدایە هەروەها لە هەمان کاتدا نیگەرانییەکی نائاسایی هەبێت بەرامبەر بە دڵسۆزی و پاکی خۆشەویستەکەی لە پەیوەندیەکەدا و لەوانەیە هەندێک جار ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی خراپ یان نادڵنیایی بەرامبەر بەو خۆشەویستەی هەڵسوکەوت بکات، لە ڕاستیدا ئەوە شتێکی ئاساییە کە لەنێوان دوو کەسدا کە یەکیان خۆشدەوێت غیرەکردن هەبێت و ئەمە هەموو کات ئاماژە بە هەبوونی نەخۆشی و کێشەی تەندروستی ناکات، بەڵکوو ئەم کەمە غیرەکردنە دەتوانێت ئەوە نیشان بدات کە مرۆڤ گرنگی بە سەرکەوتنی پەیوەندیەکەی دەدات.


سەرچاوەکان



1649 بینین