خورانی لووت

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-09-01-23:47:00 - کۆدی بابەت: 11180
خورانی لووت

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

خورانی لووت (بە ئینگلیزی: Itching of the nose, بە عەرەبی: حكة الأنف). خورانی لووت بە شێوەیەکی بەردەوام دەکرێت بێزارکەر بێت، لەکاتێکدا نەخۆشی نییە و دەکرێت بەهۆی هەستیارییەوە ڕووبدات، بەڵام دەکرێت یەکێک بێت لە نیشانەکانی نەخۆشی دیکە وەک: جیوب، هەوکردنی ڕێڕەوی هەوا، وشکبوونەوە و ئەکزیمای پێست. دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی خورانەکە گرنگە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.

هۆکاری خورانی لووت چییە؟

زۆر شت دەبنە هۆکار، چ زیندەی یاخود نا زیندەی.
باوترین هۆکارەکان ئەمانەن:
 • هەستیاری: باوترین هۆکاری خورانی لووتە، هەستیاری کاتێک ڕوودەدات کە کۆئەندامی بەرگری جەستە بە هەڵە تەنێکی بێ زیان بە زیانبەخش دەبینێت لەکاتێکدا بۆ زۆرێک لە خەڵکی بێ زیانە و هیچ کاریگەری لەسەریان نییە، سیستەمی بەرگری جەستە هێرش دەکاتە سەری و کاردانەوەی بۆ دەبێت، لووت چونکە ڕێڕەوێکی کراوەیە، زۆرجار ڕوبەڕوی ئەم بارودۆخە دەبێتەوە و دەبێتە هۆی خوران لە ناوەوەی لووت و بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە.
 • تەنگە نەفەسی (ئەزما): هەمان ئەو گۆڕانە وەرزییانەی دەبنە هۆی هەستیاری، دەکرێت ببنە تەنگە نەفەسی و خورانی لووت، ئەم حاڵەتە دەکرێت هەندێ نیشانەی کەشی لەگەڵ بیت وەک: ئاو کردنی لووت، خیزە خیز، هەناسە کورتی و کۆکە.
 • بۆن و ماددە کیمیاییەکان: ئەمەیان جیاوازە لە هەستیاری چونکە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە خەڵک دروست دەکات.
 • هەوکردنی لووت و جیوب: هەردوو حاڵەتەکە بەهۆی هێرشی بەکتریا یان ڤایرۆسەوە ڕوودەدەن، نیشانەکان بریتین لە: ئاوکردنی لووت، خورانی لووت، گیرانی لووت، نیشانەکان دەکرێت بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت و هەروەها ئازاری لووتیشی لەگەڵ بێت.
 • ئەکزیما: نەخۆشییەکی پێستە دەکرێت لە هەر شوێنێکی پێستی جەستە ڕووبدات.
 • پۆلیپەکانی لووت: پۆلیپەکان ئەو پارچانەن کە لە جیوبەکانەوە گەشە دەکەن، دەتوانن ببنە هۆی گیرانی لووت و هەروەها خورانی بەردەوام لە لووتدا، بەگشتی بێ زیانن، بەڵام کاتێک دەبنە هۆی کێشە بۆ هەناسەدان، پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنینیان بۆ بکرێت.
 • وشکبوونەوەی پێست: بەهۆی گۆڕانی وەرزییەوە یان بەکارهێنانی زۆری ماددە پاکەرەوەکانی دەموچاو، دەکرێت پێستی لووت وشک ببێتەوە و ببێتە هۆی خوران.

چۆن خورانی لووت بووەستێنرێت؟

باشرین ڕێگا بۆ وەستاندنی خورانی لووت، زانینی هۆکارەکەیەتی.
لەوانەیە کاتی زیاتر پێویست بێت، بەڵام گونجاوترین چارەسەر وەرناگیرێت بەبێ زانینی هۆکارەکەی.
چارەسەرەکان بەگشتی بریتین لە:
 • دژە هیستامین: بۆ هەستیاری بەکار دەهێنریت، ئەم دەرمانە کیمییایە هەوکردن کەم دەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە زۆر دەردانی هیستامین کە هۆکاری سەرەکی هەستیارییە، بەم شێوەیەش خورانەکە نامێنێت.
 • سپرای لووت: ئەم سپرایە کۆرتیکۆستیرۆید یان دژە هیستامین لە پێکهاتەکەیدا هەیە و هەوکردن و هەڵاوسان کەمدەکاتەوە، ئەم سپرایانە ڕاستەوخۆ ڕێڕەوی لووت و جیوبەکان پاکدەکاتەوە.
 • شێدارکەرەوە و پاراستن: لە حاڵەتی وشکبوونەوەی پێستەکەدا بەکار دەهێنرێت، شێدارکەرەوەی بێ بۆن یان نەرمکەرەوە لە دەوری لووت بدە بە تایبەت دوای شۆردنی، هەروەها پارچەیەک پەڕۆ بەسەر لووتتدا بدە، بەتایبەت لە کەشوهەوای سارد و وشکدا یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی شێ و ڕێگریکردن لە خوران و وشک بوونەوە.
 • ئەو ماددە و تەنانەی کە هەستیارت بۆ دروست دەکەن بناسەرەوە و خۆت بەدوور بگرە لێیان، وەک دووکەڵی جگەرە و سابوونی بۆن توند یان هەر تەنێکی دیکە، هەروەها بە بەردەوامی هەوا گۆڕکێ بە ماڵەکەت بکە.

لە چی کاتێکدا پێویست بە بینینی پزیشک دەکات؟

ئەگەر نیشانەکانت بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بوون، چارەسەرت بەکارهێنا بەڵام بێ سوود بوو، یان نیشانەی زیاتری لەگەڵدا بوو وەک تا، سەرئێشە، دەردراوی نائاسایی لە لووت و کۆکە، شایەنی ئەوەیە بیر لە سەردانی پزیشک بکەیتەوە.  ئەمە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ هەوکردنی بەکتریا و پێویستی بە چارەسەرکردن یان پشکنینی زیاتر هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی گونجاوترین چارەسەر.


سەرچاوەکان



1860 بینین