خۆپێشاندانی خوێندکاران - ٢٠٢١

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-15-21:18:00 - کۆدی بابەت: 7257
خۆپێشاندانی خوێندکاران - ٢٠٢١

ناوه‌ڕۆك

خۆپیشاندانی خوێندکارانی ٢٠٢١

زنجیرەیەک خۆپیشاندانی ساڵی ٢٠٢١ـە کە لەلایەن چینی خوێندکارانی زانکۆوە لە کۆتاییەکانی مانگی یانزە سازکرا، خۆپیشاندانەکە بۆ داواکردنی مافی چینی خوێندکاری زانکۆ و پێدانی بڕەپارەی دەرماڵەبوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە بڕاوە.

خۆپیشاندان لە زانکۆی سلێمانییەوە لە ڕۆژی ٢١ـی ١١ دەستی پێ کرد و بەدوایدا کەمپی کۆلێجە پزیشکییەکانی زانکۆ و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گرتەوە، لەگەڵیشیدا لە هەریەک لە پارێزگاری هەڵەبجە و هەولێر و زانکۆی کۆیە و سۆران و گەرمیان و ڕاپەڕین و دەربەندیخان دەستی پێ کرد و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و بەڵتەجییەکانیش ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە و بە زەبری هێز بڵاوەیان پێ کردن.

دەرماڵە

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بڕێک پارەی مانگانەیە بۆ هاوکاری خوێندکاران، هەتاوەکوو ساڵی ٢٠١٤ دابەش دەکرا، بڕەکەی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار بە دوو بڕی جیاواز کە ١٠٠ هەزار و هەندێکیان ٦٠ هەزاربوو دابین دەکرا (زیاد و کەمی بڕەکە بەبپێ وەرگرتن و وەرنەگرتنی بەشە ناوخۆیی بوو) و خوێندکارانی ناوشاریش ٤٠ هەزاریان وەردەگرت، لەدوای هاتنی قەیرانی دارایی ئەو بڕە دەرماڵەیە بڕدرا.

بەیاننامەی خوێندکاران

خوێندکاران لەم خۆپیشاندانەدا ڕایانگەیاند کە ڕێگا نادەن هیچ حیزب و ڕێكخراو و كەس و لایەنێك خۆی بكات بە خاوەنی خۆپیشاندانەكان داوای گەڕاندنەوەی شكۆی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكەین. خۆپیشاندانمان نە ڕێكخەری هەیە و نە نوێنەر هەموومان ڕێكخەرین و هەموومان نوێنەر، بۆیە قبوڵمان نییە هیچ حیزب و ڕێكخراوێك و كەسایەتییەك خۆی بكاتە پاڵەوانی مەیدان، خۆپیشاندانمان بۆ دەرماڵە نییەو ئەوە دوایین شتە كە داوای بكەین، بەڵكو بۆ گەراندنەوەی شكۆیە بۆ زانكۆ و خوێندكاران، وامان لێهاتووە شەرم بكەین بڵێین لە زانكۆ دەخوێنین، چونكە زانكۆ نەیتوانیوە لەم چەند ساڵەی دواییدا هیچ ڕۆڵێكی هەبێت و خوێندكاریش نەیتوانیوە هیچ بكات.

ڕۆژی ٢٢ـی مانگ

ڕۆژی دووەمی خۆپیشاندان خوێندکاران ڕێگای بازنەی مەلیک مەحموودیان ڕاگرت و ڕێگرییان کرد لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان، دواتریش هێزە ئاساییشیەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر خوێندکاران و بە گازی فرمێسک ڕژ و لێدان دەیان خوێندکاریان بریندار کرد.

لەم ڕۆژەدا گرتەڤیدیۆی خوێندکارێکی کچ بڵاوکرایەوە کە ناوچاوانی بە سەختی بریندارکرابوو و لەهۆش خۆی چووبوو بەهۆی کاری هێزە ئەمنییەکانەوە.

لە شەویشدا خۆپیشاندەران ڕێگای تاسڵوجە – سلێمانییان داخست و ڕێگرییان لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان کرد، لە هەمان کات پێدانی ئاو و کارەبا و غازی بەشە ناوخۆییەکانی کوڕان ڕاگیرا و جیا لە دەرماڵە داوای پێدانەوەی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیش زیادکرا.

ڕۆژی ٢٣ـی مانگ

لە ڕۆژی سێیەمی خۆپیشاندان لە سلێمانی هەریەک لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی-کەمپی کۆلێجەکانی چوارچرا لە بەردەم بینای پارێزگاری سلێمانی یەکیانگرت و بە دروشمی "پارێزگارمان لەکوێیە، قردێلەی سوورمان پێیە" و "چیتان دەوێ خوێندکاران، دەرماڵە و مافی خۆمان" داوایان لە پارێزگاری سلێمانی و دەسەڵاتدارانی شار کرد بۆ ئەوەی گوێیان بۆ بگیرێت، لە نیوەڕۆدا خۆپیشاندەران بەرەو شەقامی سالم بەڕێکەوتن و لەگەڵ پەیمانگای بەختیاری یەکیانگرت و لەوێوە هێزەکانی چالاکی مەدەنی و هێزەکانی ئاسایش دەوروبەری خوێندکارانیان گرت و گرژی دروستبوو، بە گاز و دوکەڵ و لێدان و دەستگیرکردنی خوێندکاران هەوڵ درا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکرێت و زۆرێک بریندارکران، لەو گرژییەدا کۆمەڵێک بنکەی حیزبی و خزمەتگوزاری حکوومی سووتێنران.

هەر لەم ڕۆژەدا وێنەی خوێندکارێکی پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی بڵاوکرایەوە کە دوای ئەوەی لە دەستگیرکراوە و خراوەتە زەوی، لەلایەن پێشەنگێکی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانییەوە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هێرش دەکرێتە سەری و شەقێک لە سەری دەدا کە دواتر بە سەختی خوێندکارەکە بە سەختی بریندار دەکات، جیا لە چەندین ڕووداوی دیکە کە خوێندکاران شاهێدی بوون و نەتوانرا لە کامێراکاندا تۆمار بکرێت.

لەگەڵیشیدا گرتەڤیدیۆی خاتوونێک بڵاووبویەوە بەناوی نەغەدە عوسمان کە لەوپەڕی گڕ و تین بۆ داوای مافی خۆپیشاندەران لەو پەیامنێرەی کە گفتوگۆی لەگەڵ دەکات دەپرسێت "کچەکەی کەژاڵی؟"، ئەمەش دڵی زۆرێک لە خوێندکاران و ئەو کەسانەی خۆشکرد کە لەو ڕۆژەدا سەختییان بینیبوو.

نەغەدە عوسمان کەسێکی چالاکە و لە ساڵانی حەفتاکانەوە بەردەوام لەنێو خۆپیشاندان بۆ مافی ڕەوا بەشداربووە.

بەشە ناوخۆییەکانی کوڕانی مەجید بەگ لە نزیک زانکۆی سلێمانی-کەمپی کۆن لە ئێوارەدا خۆپیشاندانیان دەست پێکردەوە و لەوێوە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بە تەقەکردن بەسەر خۆپیشاندەراندا بڵاوەیان پێ کردن.

لە هەمان شەو لە زۆرێک لە زانکۆکان بڕیاردرا لە ڕۆژی ٢٤ی مانگ بەشەناوخۆییەکان دابخرێن و خوێندکاران بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، بەمەبەستی ڕێگری لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە و یەکگرتنی ئاسانی خوێندکاران.

لە هەڵەبجەی تازەش خوێندکارانی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، شەقامێکی سەرەکییان گرت و لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەش، خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە، رێگای سەرەکی چوونە نێو شارەکەیان گرت و داوای خەرجکردنی دەرماڵەیان کرد.

لە هەریەک لە هەولێر و سۆران و کۆیە و ناوچەکانی دیکەش خۆپیشاندەران بە گرتنی ڕێگا و کۆبوونەوە داوای مافەکانی خۆیان کرد.

ڕۆژی ٢٤ـی ١١

لە ڕۆژی ٢٤ـی مانگ خۆپیشاندان لە زانکۆی سلێمانی دەستی پێ کردەوە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە خێرایی دەوروبەری زانکۆیان گرت و ڕێگرییان لە هاتنەدەرەوە و چوونەژوورەوەی خوێندکاران گرت و بە گازی فرمێسک ڕژ و فیشەکی پلاستیکی هێرشیان کردە سەر خوێندکاران، خوێندکاران تاوەکوو دوای نیوەڕۆ لە زانکۆ گەمارۆدرابوون و دەیان خوێندکار لەهۆش خۆیان چوون و زۆرێکی تریش بریندارکران.

لە کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی-یش، خوێندکاران هاتنە نێو شەقامی سەرەکی گەڕەکی مامۆستایان و بە دانیشتن لەسەر شەقامەکە دروشمەکانیان دژی حکوومەت وتەوە و داوای گێڕانەوەی دەرماڵەکانیان کرد.

هەر لەم ڕۆژەدا دوای ئەوەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید هاتە نێو خۆپیشاندەران، لەلایەن کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەرانەوە دەرکرا و دوورخرایەوە.

لە ئێوارەدا خۆپیشاندان لە سەرای ئازادی سلێمانی دروستبوو و گرژی لێکەوتەوە و چەند کەسێک بریندارکران و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە فیشەکی ڕاستەقینە بەکارهێنرا.

ڕێگری لە خۆپیشاندانی ٢٥ـی مانگ

شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ـی مانگ لەلایەن نوێنەرانی خوێندکارانەوە، ئاگاداری بە خوێندکاران درا کە بەشداری هیچ خۆپیشاندانێکی ٢٥ـی ١١ نەکەن، چونکە هیچ خۆپیشاندانێک لەلایەن خوێندکارانەوە ڕێک نەخراوە و هەر هەوڵێک بۆ خۆپیشاندان هەبێت دەستی گێرەشێوێن و تێکدەرە.

چاوپێکەوتنی سەروەزیرانی هەرێم لەگەڵ خوێندکاران

ڕۆژی شەممە ٢٧ـی یانزەی ٢٠٢١ سەروەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت لەگەڵ نوێنەری خوێندکارانی زانکۆکان کۆبوویەوە و گوێبیستی داواکانیان بوو، لەم کۆبوونەوەیەدا سەرەتا نوێنەرێکی خوێندکاران داواکاری دەرماڵەی بە سەروەزیران گەیاند، دواتریش هەریەک لە خوێندکاران بەتایبەت باسی کێشەکانی زانکۆی خۆی کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی: "خۆپێشاندان مافە و پشتیوانیی لە خۆپێشاندانی ئاشتیانە دەکەین. بەڵام ئاراستەکردنی و دروستبوونی تووندوتیژی، خزمەتی داواکارییەکانی خوێندکاران ناکات. ئەگەر خۆپێشاندان دەکەن با ئاشتیانە بێت". "دەبێت ئەو ئەزموونە و ئەو وڵاتە بپارێزین و نیشتمانمان خۆش بوێت. دەزانم کێشەتان هەیە و چارەسەریشی بە گفتوگۆدەکرێت و دەبێت پێکەوە چارەسەری بکەین".

دەربارەی دەرماڵەی خوێندنیش سەروەزیرانی هەرێم وتی: "خوێندن لەو زانکۆیانەی کە حکومین بە خۆرایین و حکومەت بە خۆڕایی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەو قوتابییانەی کە لەم زانکۆیانە دەخوێنن. داواکردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە".

لەکاتێکدا ساڵانە وڵاتانی جیهان بۆ خوێندنی خوێندکاران بودجەی تایبەت تەرخان دەکەن و هاوکاری خوێندکاران دەکەن.

لە درێژەی قسەکانیدا ئیدانەی بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان کرد لەلایەن خوێندکارانەوە و داوای کرد سیمبولی وڵات بپارێزرێت، لەکاتێکدا ئەو ڤیدیۆیەی گوایە بێڕێزییە بە ئاڵای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کاتێک ئاڵای کوردستان بەهۆی هەڵکردنی باوە دەکەوێتە خوارەوە و ئۆتۆمبێلەکان بەسەریدا دەڕۆن، کۆمەڵێک قوتابی هەڵدەستن بە هەڵگرتنەوە و کۆکردنەوەی، بەڵام حکوومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢١ ئەم گرتە ڤیدیۆیەی لە دژی خوێندکارانی ناڕازی بەکارهێنا، بەڵام دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەروەزیرانی هەرێم داوای لێبووردنی لە خوێندکاران کرد کە ئەو تۆمەتەیان بەسەردا سەپێنراوە.

چاوپێکەوتنی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ خوێندکاران

بافڵ تاڵەبانی لە ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/١١/٢٩ لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری ناڕازی کۆبوویەوە بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر و نیو، لە کۆبوونەوەکەدا خوێندکاران باسی کێشە و گرفتەکانی خوێندن و دەرماڵەیان ئاڕاستەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی وتی: "ئەو تووندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆر نیگەرانی کردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم، کە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن لەپێناو نەکوژانەوەی چرای زانست و بژێوی ژیانیان و لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەکرد."

بافڵ تاڵەبانی کە تۆمارێکی دەنگی نهێنی لە کۆبوونەوەکەی بڵاوبوویەوە، کچەخوێندکارێک قسەکانی پێ دەبڕێت و چەندین گیر و گرفتی دەخاتە پێش چاو، ئەویش گلەیی لە دۆخی وڵات و حیزب و کارەکانیان دەکات و بەڵێنی خۆچاککردنەوە دەدات. دوابەدوای کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی چاکسازی و نوێکردنەوەی تاقیگە و بەشەناوخۆییەکان و نەهێشتنی کرێی پاسی هاتووچۆی خوێندکارانی دا.

ڕۆژی ٤ و ٥ـی مانگی ١٢

خۆپیشاندانی خوێندکاران لە زانکۆی ڕاپەڕین لە ڕۆژی ٤/١٢/٢٠٢١ دووبارە دەستی پێ کردەوە دوای هەفتەیەک ڕاگرتنی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆ لە زۆرینەی زانکۆکانی کوردستان، لە ڕۆژی ٥ـی مانگیش لە زانکۆی سلێمانی کەمپی نوێ، زۆرێک لە خوێندکاران دووبارە دەستیان بە خۆپێشاندان کردەوە بە دروشمەکانی:

  • "هەر بەشێک لە زانکۆدا شکۆ و بایەخی خۆی هەیە. چونکە ویستی خوێندکار خۆیەتی، ئێوە بە دانانی نمرە بۆیان بێ بەهای مەکەن!"
  • "دەتوانیت شۆڕشگێڕان بکوژیت، بەڵام ناتوانیت خودی شۆڕش بکوژیت"
  • "شۆڕشگێڕانی دوێنی، دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆن"
  • "ئاگرێک لە ناخی هەریەکێکماندا هەیە، خاشاکەکەی زوڵمە، بڵێسەکەی ئازادییە"
  • "ئێرە زانکۆیە نەک لق و ناوچە و کۆمیتە، وێنە و پەیکەری سیاسییەکانتان بەرنەوە ئەوێ"

بەڵام لە ڕۆژی ٥ـی مانگ لە زانکۆی پۆلیتەنکیکی سلێمانی هیچ خۆپێشاندانێک ئەنجام نەدرا و تەنیا کۆمەڵێکی کەم خوێندکاران بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.

کۆتایی

لە هەردوو ڕۆژانی ٦ و ٧ـی مانگ خۆپێشاندان لە کۆمەڵێک لە زانکۆکەکان بەردەوام بوو و ڕێگا سەرەکییەکانی شار لە نزیکی زانکۆکەکان بۆ ماوەیەک وەستێنران و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل تێیدا ڕێگەپێنەدراو بوو. لە زانکۆی پۆلی تەکنیکی سلێمانی خوێندکاران پێکەوە چوونە شەقامی مەلیک مەحموود و ماوەی کاتژمێرێک ڕێگاکەیان گرت.

ڕۆژی شەشی مانگ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سکرتاریەت و تەنفیزیی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان هەڵپەسارد کە هەندێکیان لە خۆپێشاندانەکاندا خوێندکارانیان لە داوای مافی خۆیان سارد دەکردەوە. لێپرسراوی لقی زانکۆکانی کۆمەڵەی خوێندکارانیش وتی هۆکارەکەی ئەوەیە کۆمەڵەکە سکرتێر و لێپرسراوی بۆردی نەماوە و چاوەڕێی ئەنجامدانی کۆنگرە و هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ دەکەن.

لە ڕۆژی ٧ـی ١٢ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، حکومەتی ھەرێم بڕی حەوت ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناری، وەك پێشینەی مانگانە و چارەسەركردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەكان و دابینکردنی خزمەتگوزاری، بۆ خوێندکارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، تەرخان کردووە.

بەمەش خۆپێشاندان کۆتایی هات و بڕیاردرا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ دەرماڵەی خوێندکاران بگەڕێتەوە و زۆرینەی بەشەناوخۆییەکان چاکسازی گەورەی تێدا کرا.

ئەنجام

لە ساڵی کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ دوای چەند ساڵێک دابڕاندنی لە خوێندکاران، دەرماڵە دووبارە دابەشکرایەوە.

هۆنراوە

یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی ئەم خۆپیشاندانە کە لەلایەن چەند لاوێکەوە خوێندرایەوە و بەناوبانگترینیشیان شیعری بەڕێز زامدار بوو کە بە بڵندگۆیەک خوێندرایەوە و دەیوت:

ڕێ ئەگرن لێم؟

کاربەدەست و چەکدارانی نامەردی حکوومەتی هەرێم..

تێکدەر نیم خۆپیشاندەرم

شیعاری ئازادی ئەڵێم

منی بێ ماف، منی پاکی دەست و دڵ ساف

بەبێ ترس، بۆ مافی بێ مافان ئەدوێم

ئەی چەکداری بێ نان و ئاو

ئەی کۆیلەی ژێر دەستی ناپیاو لەبەر دز تەقە ئەکەی لێم؟

بیرت نەچێ من ئازادیم

من ئەو خۆرەم

ئەمڕۆش نەبێ ڕۆژێک هەڵدێم

من شۆڕشی سکی برسیم

دژی جەلـلادی سەر کورسیم

ئاگرم بۆ گەل ئەسووتێم

لاوی بەشخوراوی خاکم

لە لولەی تفەنگ بێ باکم

ڕۆژێک سەری سەرۆکتان ئەخەمە ژێر پێم

کەڕ و لاڵێکی بێ مووچەم

موحتاجی کۆڵان و کوچەم

چیتر درۆ ناگاتە گوێم

گوێبگرن لێم

من ئێوە نیم لە جەنگ هەڵبێم

گەر بمکوژن گەر بمبڕن

لەژێر خاکەوە بۆتان دێم

لەهەرکوێ بم هاوارەکەم

ڕوو لە تۆی ستەمکارەکەم

بێ دوودڵی وات پێ ئەڵێم

ئەی سەرکردەی جاشی دوژمن

وەک قۆنەرە ئەتکەمە پێم


سەرچاوەکان



628 بینین