سوودەکانی خوێندنەوە بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-12-21-16:58:00 - کۆدی بابەت: 7340
سوودەکانی خوێندنەوە بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

خوێندنەوە چییە؟

خوێندنەوە بە عەرەبی: (القراءة)، بە ئینگلیزی (reading) بريتييە لە گرنگترین بنەماکانی فێربوون، هەموومان لە گرنگی پەروەردە و فێرکردن بۆ پەروەردەکردنی منداڵان تێدەگەین، خوێندنەوە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستمی پەروەردە، لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا لە ژیانی ڕۆژانەدا، بووەتە پیشەیەکی بنچینەیی، گرنگی خوێندنەوە بۆ منداڵان ئەوەیە کە ئەوان لە هەمان کاتدا هەلی فێربوونی شتی جیاواز زیاد دەکەن، ئەو منداڵانەی کە دەخوێننەوە باشتر لە بابەتەکان تێدەگەن، زیاتر بەئاگاترن دەربارەی بابەتی جیهان و کولتوور و شوێنە جوگرافییەکان، ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی سەرەتاییاندا لە خوێندنەوە بێبەشبوون، لە ژیانی دواتریاندا تووشی زەحمەتی دەبنەوە، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەە منداڵانەی لە تەمەنێکی کەمدا ئاشنای خوێندنەوە دەبن مێشکێکی باش و پێشکەوتوویان هەیە، ئەوان داهێنەرتر و زیرەکترن، خوێندنەوەش وا دەکات کە قسەکەرێکی باشتریان لێ پەیداببێت، گرنگە دایک و باوکان لە تەمەنی زۆر زوودا چیرۆک بۆ منداڵەکانیان بخوێننەوە، چونکە دەبێتە هۆی پەیدابوونی چەند گفتوگۆیەکی پەروەردەیی گرنگ لە نێوان منداڵ و دایک و باوکدا، ئەو زانیاریانەی لەلایەن دایک و باوکەوە بڵاوکراوەتەوە وا لە منداڵ دەکات کە زیاتر ڕۆشنبیرتر و پەرۆشتر بێت دەربارەی بابەتەکە، ئەمەش چالاکییەکانی مێشک و وشە و توانای بینین و داهێنەری و  توانای شیکاردنەوە باشتر دەکات، هەروەها ئەوان لە سەردەمەکانی ژیان تێدەگەن کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵیان دەمێننەوە.

سوودەکانی خوێندنەوە

١- فەرهەنگ (وشەکار)ــی مێشکی مرۆڤ بەهێزتر دەکات: بە شێوەیەکی سەرەکی منداڵان لە ڕێگەی گوێگرتنەوە پێویستییەکانی زمان فێردەبن، بەڵام خوێندنەوە بە دەنگێکی بەرز ڕێگە بە منداڵان دەدات بە بەردەوامی لە چوارچێوەی ناوەڕۆکی تێکستی نوێدا وشەی نوێ ببیستن کە ئەمەش وشەی نوێیان لا دروست دەکات و یارمەتیان دەدات بۆ پەرەپێدانی هۆشیارییەکی بەهێزتر لە پەیوەندیەکانی زماندا.

٢- دروستکردنی پەیوەندییەک لە نێوان وشە (وتراوەکان و نووسراوەکان): کاتێک منداڵان بە دەنگی بەرز وشەکان دەخوێننەوە و دەبیستن، دەست دەکەن بە وێناکردنی ئەوەی کە چۆن وشە نووسراوەکان لە نزیکەوە گرێدراون بە وشە وتراوەکانەوە، هەروەها ئەمە یارمەتیان دەدات جیاوازی نێوان ڕێکخستنی زمانی قسەکردن و دەقی چاپکراو بناسنەوە.

٣- چێژوەرگرتن لە خوێندنەوە: بە شێوەیەکی گشتی منداڵان چێژ لە خوێندەوە وەردەگرن، کە ئەمە هانیان دەدات تاکوو خوێندنەوە وەک شتێکی خۆش و ئەرێنی ببینن و ئەزموونی بکەن، خوێندنەوە بە دەنگی بەرز وا دەکات کە زیاتر ئارەزوویان بۆ فێربوونی چۆنییەتی خوێندنەوە هەبێت، کە پێدەچێت دواتر خۆشەویستییەکی هەتاهەتاییان بەرانبەر بە خوێندنەوە بۆ پەیداببێت.

٤- زیادبوونی تەرکیز: جیاواز لە سەیرکردنی تەلەڤزیۆن، خوێندنەوە یاخود بوون بە خوێنەر یارمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی بیرۆکەکان و وەبیرهاتنەوەی ڕووداوەکان دەدات، هەروەها ئەمەش منداڵان هاندەدات بۆ گوێگرتن، سەرنجدان و تەرکیزکردن، دەتوانێت سەرنجی تەواویان زیاد بکات.

٥- بەهێزکردنی ئاستی فێربوون: پەرتووکە باش نووسراوەکان منداڵان دەخاتە بەر زمانی پێشکەوتوو کە دەتوانن توانا مەعریفییەکانی خۆییان پێ بەهێز بکەن، کاتێک منداڵەکان بە شێوەیەکی ورد ڕووبەڕوی زمانە ئاڵۆزەکانی جۆرەکانی ئەدەب دەبنەوە، فێری ئەوە دەبن کە چۆن تواناکانی خۆیان دەرخەن بۆ تێگەیشتن لە دەقەکە.

٦- دۆزینەوەی ڕێگایەکی گونجاو بۆ هەستە بەهێزەکان: خوێندنەوەی چیرۆک بە دەنگی بەرز کە هەستە تایبەتەکان دەدۆزێتەوە یارمەتی هەندێک منداڵ دەدات کە هەستەکانی خۆیان قبوڵ بکەن و تێبگەن کە کەسانی تر چۆن هەست دەکەن، خوێندنەوەی چیرۆکەکان بە دەنگی بەرز و بەیەکەوە، دەتوانن یارمەتی منداڵان بدەن کە هەست بە ئاسوودەیی زیاتر بکەن و هەستەکانیان لەگەڵ ئەوانی تر تاوتوێ بکەن.

٧- بەهێزکردنی توانای نووسین: خوێندنەوەی پەرتووکە جیاوازەکان نەک تەنها فەرهەنگی مێشکی منداڵ لە ڕووی وشە و دەستەواژەکان بەرز دەکاتەوە بەڵکو، توانای نووسینی منداڵ باشتر دەکات چونکە، هەموو نووسەرێک شێوازی نووسینێکی جیاوازی هەیە، کاتێک پەرتووک زیاتر دەخوێننەوە ئەوا، بە وشەی نوێ ئاشنا دەبن و فێری ئەوە دەبن کە بۆچی و بە چی مەبەستێک ئەو وشەیە لەو بارودۆخەدا بەکارهاتووە.


سەرچاوەکان



1783 بینین