ناوهڕۆك
ناساندن
بەدر شاکر سەیاب (بە عەرەبی: بدر شاکر السیاب، بە ئینگلیزی: Badr Shakir al-Sayyab) گەورە شاعیری عێراقی و داهێنەری شیعری ئازاد لە ئەدەبی عەرەبیدا، لە ساڵی 1926 لە گوندێکی دوورەدەستی باشووری عێراق لە شاری بەسڕە لەدایکبووە، لە خێزانێکی هەژار و کەمدەرامەت پەروەردە کراوە، ناوچەکەیان بە کشتوکاڵی دارخورما ناودار بووە و خێزانەکەیشی هەر لەو بوارەدا کاریان کردووە و بژێوی ژیانیان دابینکردووە، کاتێک تەمەنی شەش ساڵ بووە دایکی کۆچی دوایی کردووە، هەر لە مناڵییەوە لە هەست و سۆزی دایکایەتی بێبەش بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە نێوان لادێکەی و ناوچەی ئەبوو خەسیب و شاری بەسڕە تەواو کردووە، لە ساڵی 1943 چووەتە خانەی مامۆستایان لە بەغداد بۆ ماوەی دوو ساڵ زمانی عەرەبی خوێندووە، بەڵام لە ساڵی سێیەم وازی لە زمانی عەرەبی هێناوە و پسپۆڕییەکەی گۆڕیوە بۆ کۆلێجی ئاداب بەشی زمانی ئینگلیزی، پاشان لە ساڵی 1949 بڕوانامەی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی بەدەستهێناوە، بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانی و ئاڵۆزی دۆخی عێراق و بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتە لە ساڵی 1952 بەرەو وڵاتی کوەیت هەڵهاتووە، بارودۆخی لەو وڵاتە سەخت و دژوار بووە لەوێ شیعرە ناودارەکەی بە ناوی "غریب علی الخلیج" بڵاوکردووەتەوە، بە ناچاری دوای ساڵێک گەڕاوەتەوە عێراق.
ئەزمووی ئەدەبی
ـ هەر لە تەمەنی لاوییەوە شیعری نووسیوە، سەرەتاکانی نووسینی شیعرەکانی بە شێوەزاری عەرەبی عێراقی بووە و پاشان بە ڕێزمانێکی پاراوی عەرەبی شیعر و هۆنراوە و هەڵبەستی ناوازەی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکردووەتەوە.
ـ سەیاب نوێخوازی و تازەگەری لە شیعری عەرەبیدا دروستکرد، بە پێشەنگ و دانەری "شیعری عەرەبی ئازاد - شعر العربي الحر" دادەنرێت.
ـ کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو یەکەمین شیعر بە جۆرێکی نوێ و تازە بڵاوکردەوە بە ناوی "هل کان حباا"، کە بوون بە بنەما بۆ شیعرەکانی دواتری.
ـ شیعرەکانی لە فۆڕم و قاڵبی شیعری کلاسیکی جیاواز بوون و ڕێچکەشکێن و نوێگەری تێدا بەدی دەکرێت، هەروەها ناوەڕۆکی هۆنراوەکان وێنەدانەوەی ڕووداو و سەختییەکانی ژیانی خۆی بوونە، دڵتەنگی و ئازار و خەم بە ڕوونی لە شیعرەکانیدا بەدیدەکرێت.
ـ چەندان بەرهەمی ناوداری هەیە، نموونەی دیوانە شیعرەکانی کە گرنگترینیان: (شەناشیل کچی چەلەبییە، ئیقبال، قیسارەی با، گەردەلوول، دیاری، بەرەبەیانی ئاشتی)، بێجگە لە شیعر بەرهەمی پەخشان و نووسینی هەیە.
ـ کاری وەرگێڕانی بۆ چەندان بەرهەمی پەخشان و شاعیرە ناودارەکانی ئینگلیز کردووە نموونەی ئێدس ستیۆل.
باری سۆزداریی
بەدر شاکر سەیاب بە چەند ئەزموونێکی دڵداریدا تێپەڕیووە تەنانەت دوای هاوسەرگیرییەکەشی هەمیشە هەستی بە بۆشایی لایەنی سۆزداریی کردووە، لە پەیوەندییەکانی سەرکەوتوو نەبووە هۆکارەکەشی بۆ هەژاری و کەمدەرامەت و لایەنی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، لە قۆناغی زانکۆ عاشقی کچێکی دەوڵەمەند بووە و بەهۆی جیاوازی ئاستی کۆمەڵایەتییانەوە بۆ یەک نەبوونە، پەیوەندییەکی سۆزداری و خۆشەویستی هەبووە لە نێوان خانمە شاعیری عێراقی "لەمیعە عەباس عەمارە" و بەدر شاکر سەیاب، تەنانەت سەیاب شیعرە ناودارەکەی "أحبيني لانن جميع من أحببت قبلك ما احبوني"، بۆ ئەو نووسیوە و بە ئاشکرا ناوی لەمیعەی هێناوە بەڵام بەهۆی بەجێهێشتنی وڵات لەلایەن لەمیعەوە چیرۆکی ئەویندارییەکەیان بە نامۆیی ماویەوە و بۆ یەک نەبوون، لە ساڵی 1955 هاوسەرگیری لەگەڵ خزمێکی خۆی کردووە بە ناوی "ئیقبال".
کۆچی دوایی
لە ساڵی 1964 بەدر شاکر سەیاب دووچاری نەخۆشی ئیفلیجی بوو و نەخۆشییەکەی گەیشتبووە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار کە توانای جووڵەکردنی نەمابوو، بار و گوزەرانی سەخت بوو، بە یارمەتی هاوڕێیەکی شاعیری لە کوەیت بە مەبەستی چارەسەر کۆچی بۆ ئەو وڵاتە کرد، بەڵام لە 24ی کانوونی یەکەمی 1964 لە نەخۆشخانەیەکی کوەیت کۆچی دایی کرد و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ بەسڕە و هەر لەوێش بە خاکسپێردرا