سوودەکانی سەماکردن

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا - به‌روار: 2022-01-02-16:11:00 - کۆدی بابەت: 7472
سوودەکانی سەماکردن

ناوه‌ڕۆك

سەما

سەما بریتییە لە جۆرێکی تایبەت بە هونەر کە پێکهاتووە لە زنجیرەیەک جووڵەی بەردەوام و یەک لە دوای یەک و دەبێتە هۆی ئارامبوونەوە و ئاسوودەبوونی کەسەکە لە ڕووی جەستەیی و مێشکییەوە، هەندێک لە خەڵکی حەزدەکەن سەما بکەن کاتێک گوێیان لە گۆرانییە دڵخوازەکانیان دەبێت، هەندێکی دیکەیان ئارەزوویانە فێری جۆرە جیاوازەکانی سەما ببن، وەک سەمای بۆڵڕووم (Ballroom) یاخود سەمای هیپ-هۆپ (hip-hop) یان خولێکی سەمای تانگۆ وەربگرن و فێری ببن، چونکە ئەگەر سەما بکرێتە بەشێک لە ژیان ئەوا کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر دەروون و جەستە دەبێت.

سەماکردن تەنیا بریتیی نییە لە جوڵاندنی جەستە لەگەڵ ئاوازێکدا بەڵکو بەڵکو هاوکارە بۆ بەفیڕۆدانی وزەی لەش و هاوشێوەی مەشقکردنێکە بۆ جەستە، هەروەها ئەم چالاکییە کاریگەرییەکی باشی لەسەر فرمانەکانی مێشک هەیە، بۆ نموونە لەوکاتەدا کە سەما دەکەیت کاتی بیرکردنەوەت نابێت و فشاری دەروونیت بۆ دروست نابێت، هاوکات پشوویەک وەردەگریت، لە خێزان و کاری ڕۆژانەت دووردەکەویتەوە و کاتی سەرزەنشت کردنی خۆتت نابێت، هەروەها سوودی سەماکردن بۆ تەندروستی مێشک ڕاستەوخۆ ڕوون و ئاشکرا و دیاریکراو نین بەڵکو ڕێژەیەکی زۆر و کاریگەرن.

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆڕنیا، لۆس ئەنجلس کە لە مانگی ٨ـی ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە سەماکاران چارەسەرکردنی دەروونییان لە نۆرینگەکاندا بەهۆی ڕاهێنان و سەمای ئازاد و سەمای ئاگاییەوە بەدەست هێناوە، کە چەندین سوودی ئەرێنییان لەسەر تەندرووستی مێشکییان هەبووە، لەسەر بنەمای ڕاپرسی کردنێک کە ١٠٠٠ سەماکار کە دوودڵی و خەمۆکی و زەبری دەروونیان هەبووە لە تەواوی جیهاندا بەشدارییان تێداکردووە، لە ٪٩٨ـی سەماکارەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە ڕاهێنانکردن دۆخی دەروونیانی باشتر کردووە و ئەوانی دیکەیان لێدوانی ئەوەیان دا کە بەهۆی سەمای ئاگاییەوە بڕوابەخۆبوون و ئاسوودەبونێکی زۆریان بۆ دروست بووە.

لە توێژینەوەیەکی دیکەدا دوو توێژەر هەستان بە بەراورد کردنی کاریگەرییەکانی بە پێ ڕۆیشتن (پیاسەکردن) و خۆکشاندن (سترێچین) و سەماکردن، کە لە ئەنجامدا سەماکردن بووە دیارترینیان، دوای ئەوەی ئەندامانی تر کە تەمەنیان لە نێوان (٦٠ بۆ ٧٠) ساڵآن دەبوو و خاوەن مێشکێکی تەندروستی دوور لە لاوازی بوون بەشداریان کرد، توێژەرەکان جیایان کردنەوە بۆ سێ کۆمەڵە ئەوانیش، گرووپی ڕۆیشتن بە پێ، گروپی سترێچینگ بە شێوەیەکی هاوسەنگ و تەندروست و گروپی سێیەمیش کە فێری سەمای وڵات (Country dance) کران، هاوکات هەموو ئەو چالاکییانەی بۆیان دانرابوو، سێ جار لە هەفتەیەکدا ئەنجامیان دەدا، دوای شەش مانگ دووبارە پشکنینی مێشکییان بۆ ئەنجام درا بۆ بەراورد کردنیان لەگەڵ ئەو کاتەی کە دەستیان بە چالاکییەکانیان نەکردبوو، پاشان ئەگنیسکا بورزینسکا (Agnieszka Burzynska) نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە کە دکتۆری دەمار و بەڕێوەبەری تاقیگەی (BRAiN) بووە لە زانکۆی ویلایەتیی کۆلۆرادۆ لە ساڵی ٢٠٢١ و پێشتریش لە زانکۆی ئیلینۆی شاری ئۆربانا بووە و تێبینی ئەوەی کرد کە تەنیا یەک گرووپ گەشەیان سەندبوو ئەوانیش گرووپی سەماکارانی وڵات بوون.

سوودەکانی سەماکردن

- میزاجت باشتر دەکات: کاتێک پێیەکانت لەگەڵ لێدانی مۆسیقادا سەما دەکەن، هۆڕمۆنەکانی دڵخۆشی دەردەدات کە یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی میزاجت، لەگەڵ ئەمەشدا سەما یارمەتیت دەدات لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.

- دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕەقبوونی جەستە و ئازار تێیدا: ناتوانین نکۆڵی لەو ڕاستیە بکەین کە جووڵەی جەستە لەشی مرۆڤ نەرم دەکات، ئەم جۆرە جووڵانە ڕەقبوونی لەش کەم دەکەنەوە و یارمەتی کەمکردنەوەی ئازارە درێژخایەنەکان یان نەخۆشیە درێژخایەنەکان دەدەن، بۆ نموونە وەک سەمای بالێ و سەمای هاوچەرخ (سەردەمیانە).

- هۆکارە بۆ بەهێزکردنی ماسولکە و توانای بەکارهێنانی ئۆکسجین لەلایەن جەستەوە: کاتێک جەستە دەجوڵێت یارمەتی بەهێزکردنی ماسولکەکان و توانای بەکارهێنانی ئۆکسجین دەدات لە لەشدا نموونەی سەمای ئەیرۆبیک (هەوایی بە ئینگلیزی: Aerobic) کە تەندروستی جەستەیی و دەروونی نوێ دەکاتەوە، هەروەها ئەو سەمایانەی کە یارمەتیدەرن لە بەهێزکردنی ماسولکەکان و توانای بەکارهێنانی ئۆکسجین لە لەشدا بریتین لە سەمای ئەیرۆبیک، سەمای هیپ-هۆپ، سەمای تاپ (tap) و سەمای فری ستایڵ (freestyle).

- مێشک بە بیرتیژی دەهێڵێتەوە: چارەسەر کردن بە سەما، بیرگە بە بەهێزی دەهێڵێتەوە و بەرەو پێشی دەبات و دەتکاتە کەسێکی داهێنەر، هەروەها سەماکردن سوود بەخشە بۆ منداڵانی ئۆتیزم و نەخۆشییە دەروونییەکانی تری وەک (کەمی هۆشپێدان، فرە جوڵەیی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی) چونکە توانای فێربوون باشتر دەکات و گەیاندنی زانیاری و فرمانەکان لەڕێی سیگناڵ و هەستەوەرەکانەوە لە ناو جەستەدا بەهێز دەکات، ئەو سەمایانەی یارمەتیدەرن بریتین لە سەمای بۆڵڕووم، هیپ هۆپ، سەمای هاوچەرخ.

- ڕێژەی هەناسەدان باشتر دەکات: ڕێکخستنی هەنگاوەکانی سەماکردن لەگەڵ ئاوازی مۆسیقا و گۆرانییەکاندا، یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی کێشەکانی هەناسەدان سەرەڕای ئەوەش، سەما ڕزگارت دەکات لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی دڵ چونکە دەبێتە هۆی باشترکردنی سوڕی خوێنی لەش وەک سەمای بالێ و ساڵسا و فری ستایڵ و سەمای ئێرلەندی.

- فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە: سەما هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی بڵاو دەکاتەوە کە یارمەتیدەرن لە هێورکردنەوەی فشارە دەروونییەکان و میزاج هێور دەکاتەوە و جەستە بە گەشبینی و هێمنی دەهێڵێتەوە بۆ نموونە وەک سەمای هیپ هۆپ، فری ستایڵ، سەمای هاوچەرخ، سەمای هەوایی و سەمای ساڵسا.

- متمانە بەخۆبوون و رێزگرتنی خود زیاد دەکات: لەگەڵ سوودە هەمەجۆرەکانی تەندروستی دەروونی و جەستەیی سەمادا، هاوکات یارمەتیدەریشە لە زیادکردنی بڕوا بەخۆبووندا و یارمەتی ئەو کەسانەی دەدات کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ترس و دڵەڕاوکێیان.

- ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دەماری کەم دەکاتەوە: ڕاستیە زانستییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە چارەسەری سەماکردن تۆڕی مێشک و گواستنەوەی ماددە کیمیاییەکان باشتر دەکات کە یارمەتیدەرن لە جێگیرکردنی تەندروستی دەروونی و گواستنەوەی باشترکراوی ماددە کیمیاییەکان و هەلی نەخۆشییەکانی تەندروستی دەروونی و دەماری کەم دەکاتەوە بۆ نموونە وەک سەمای هیپ هۆپ و تاپ و فری ستایڵ.

- فرمانەکانی مێشک باشتر دەکات: چارەسەر بە سەماکردن، جەخت دەکاتەوە لەسەر دەربڕینی سۆزداری و جووڵەی لەش کە یارمەتیدەرە لە کاڵبوونەوەی نیشانەکانی خەمۆکی، هەروەها سەما یادەوەری بەهێز دەکات کە ئەمەش واتا تەندروستی جەستەیی و دەروونی پەیوەستن بە یەکترەوە و کاتێک جەستە هەست بە باشتربوون دەکات ئەوا کاردەکاتە سەر فرمانەکانی مێشک و بەرەو پێشیان دەبات بۆ نموونە وەک سەمای هەوایی و هیپ هۆپ و تاپ و فری ستایڵ (جۆری ئازاد).

- بەهێزکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی: سەماکردن پەیوەندییەکی بەهێزی مێشکیی لە نێوان سەماکەرەکان دروست دەکات و یارمەتیدەرە لە دروستکردنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی، هەروەها یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و نەخۆشی کەمی هۆشپێدان و فرە جووڵەیی (ADHD) و تێکچوونی کەسایەتی ڕاڕا (OCPD) و نەخۆشییە دەروونییەکانی دیکەیان هەیە، بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێت، بۆ نموونە وەک سەمای ساڵسا و بۆڵڕووم.


سەرچاوەکان



455 بینین