هۆکارەکانی گریان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-07-23:30:00 - کۆدی بابەت: 7529
هۆکارەکانی گریان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گریان بریتییە لە ڕشتنی یان هاتنە دەرەوەی فرمێسک لە چاوەکان لە ئەنجامی کاردانەوەی هەستێکی سۆزداری یان ئازار، ئەو هەستانەی دەبنەهۆی گریان بریتیین لە: خەمباری، توڕەیی و هەندێکجار دڵخۆشی، کرداری گریان بە کردارێکی ئاڵۆزی هاندانی دەردان پێناسە دەکرێت کە تێیدا فرمێسک دەردەدرێت لە ڕێگەی فرمێسکە ڕژێنەکانەوە بەبێ بوونی هیچ کزانەوە و سووتانەوەیەک لە پێکهاتەی بیناییدا، بەڵکوو پشوو بە چاوەکان دەدات تاکوو ڕێگربێت لە هەوکردنی چاو.

بۆچی مرۆڤ دەگری؟

گریانی خۆشی

بەهۆی خۆشەویستی و پەیوەندی کەسییەوەیە، وەک: هاوسەرگیری و منداڵبوون.

گریانی پشوودان

ئەم جۆرە کەمێک لە گریانی خۆشی جیاوازە، ئەم گریانە کاتێکە کە کەسێک دوای ماوەیەکی زۆر لە پەستان و ناخۆشی دەگات بەو شتەی کە دەیەوێت.

فشاری دەروونی

هەموو مرۆڤێک بە بارودۆخی ناخۆش و هەستی خەمباری و نیگەرانیدا تێدەپەڕێت کە هەموو ناخی داگیر دەکات، دەکرێت بەهۆی پەستانی کارکردن یان پەیوەندی کەسیی یان گۆڕانکاری ژیانەوە ڕووبدەن، گریان بەهۆی پەستانی دەروونییەوە دەبێتە هۆی ئاسوودەکردنی دەروون و ڕزگاربوون لەو هەستە نەخۆشانە.

ماندوویەتی زۆر

دوای بوونی ڕۆژێکی پڕ لە ماندوویەتی مرۆڤ بەرامبەر ئەو هەستە بەهێزانەی کە هۆکاری گریانن لاواز دەبێت.

توڕەیی

گریانی کاتی توڕەیی لە زۆربەی کاتەکانی نائاسودەییدا ڕوودەدات، بۆ نموونەی لە کاتی گفتوگۆیەکدا کە دەتەوێت بەهێز دەرکەویت یان هەوڵ دەدەیت بە هێمنی بمێنیتەوە لە ژێر پەستانێکدا.

ئازاری جەستەیی

گریان هۆکارێکی جیاکەرەوەیە، کاتێک کەسێک دەگری مانای وایە کێشەیەک هەیە و پێویستی بە یارمەتییە، بوونی ئازارێک یان پاڵنەرێک بۆ گریان کە پێویستی بە چارەسەر و بەهاناوەچوون بێت.

هەستی ئازار

مرۆڤ لە کاتی گفتوگۆیەکدا کە بێزاربێت پێی زۆرجار دڵی پڕ دەبێت و دەگری، کاتێک کەسێک کە خۆشی دەوێت خیانەتی لێ دەکات، گریان ڕێگایەکە کە تێیدا مرۆڤ دەریدەبڕێت تا چەند بەو کارە ئازار دەچێژێت.

بێهیوایی

بێهیوایی زۆرجار لە هەمان هۆکاری توڕەییەوە سەرچاوە دەگرێت، هەستێکی بەهێزە کاتێک دروست دەبێت کە پێشبینییەکانی مرۆڤ نەهاتووەتە دی، هەستێکی نائاسوودە و ئازاردەرە کە لە ڕێگای فرمێسکەوە دەردەبڕدرێت.

خەمباری و لەدەستدان

گریان یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەستی خەمباری و لەدەستدان، هۆکاری ئەم هەستانە ناتوانرێت بە ئاسانی لەبیر بکرێت، دەربڕینیان یارمەتیدەرە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەیان بەپێی تێپەڕبوونی کات، فرمێسک وەک گەواهیدەرێکە بۆ ئەوەی دەوروبەر هەست بە ئازاری ناخ بکەن و بەزەییان هەبێت، 

هاودەردی

گریانی هاودەردی واتە هاوبەشی پێکردنی هەستەکان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، خەمباربوون بۆ خەمی کەسێکی دیکە یەکێکە لە کردارە جوانەکانی مرۆڤ، هەستی بەزەییە وا لە مرۆڤ دەکات کە لەگەڵ گریانی خۆشەویستەکەیدا بگری.

جۆرەکانی فرمێسک

کاتێک کەسێک دەگری سێ جۆری جیاواز لە فرمێسک دەڕژێت، کە هەریەک لەو جۆرانە کاری تایبەتی خۆی هەیە و لە جۆگەی فرمێسکەوە دەڕژێن لەبەر هۆکاری جیاواز:

فرمێسکی بنچینەیی - Basal tears

ئەم جۆرەی فرمێسک بەدرێژایی ڕۆژ چاوەکانت دادەپۆشن، چاو تروکاندن یارمەتی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرەی فرمێسک دەدات بەسەر ڕووکاری چاودا، یارمەتی بەرەوپێش بردنی بینین دەدەن، چاوەکان شێدار دەکەنەوە، سەرنج تیژ دەکەنەوە، چاوەکان دەپارێزن و لە تەپوتۆز بەدووری دەخەن، ئەم فرمێسکانە ئۆکسجین و ماددەی خۆراکی دەگوازنەوە بۆ ڕووکاری چاوەکان.
بۆ ئەوەی کاری خۆیان ئەنجام بدەن ئەم جۆرەی فرمێسک پێکدێت لە:

  • ئاو: بۆ شێدارکردنەوەی چاو.
  • لینجاو: بۆ بڵاوکردنەوەی فرمێسک لەسەر ڕووکاری چاو.
  • چەوری بۆ چەورکردن، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە بە هەواداچوونی فرمێسک.
  • دژەتەن و پڕۆتینی تایبەت بۆ بەرگری دژی بەکتریا و ڤایرۆس.

فرمێسکی سووتێنەرەوە - Irritant tears

ئەم جۆرەی فرمێسک لە ڕژێنەکانی ژێر برۆوە دەردەدرێن کاتێک کە پیاز ورد دەکەیت یان تەپوتۆز دەچێتە چاوەکانت، دەبێتە هۆی پاککردنەوەی چاوەکان لە ماددەی هۆکاری سووتانەوە و پاراستنیان.

فرمێسکی سۆزداری - Emotional tears

جۆرەی فرمێسک لە ئەنجامی هەستێکی توندەوە دەڕژێن، وەک خەمخۆری، بەزەیی، ئازاری جەستەیی یان ئازاری خوشەویستی، هەروەها هەستی ڕۆحی و بەسۆزی دەکرێت ئەم فرمێسکانە هان بدەن، فرمێسکەکان هەستەکان بەیەکەوە پەیوەست دەکەن.
فرمێسکی سۆزداری دەبێتە هۆی هەستکردن خەمخۆری کە دەکرێت پەیوەندییەکان بەهێزتر بکات، گریان خەڵکی کۆدەکاتەوە، دەرخەری پەژارە و خۆشەویستی و بەزەیی و چەندین هەستی بەهێزی دیکەی سۆزدارییە، گریان دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی چواردەورت زیاتر هاودەردت بن و بەزەییان هەبێت بۆت، توڕەیی و هەستی نەخوازراو کەم دەکاتەوە.
فرمێسکی سۆزداری زیاتر لە جۆرەکانی دیکەی فرمێسک هۆڕمۆنی پەستانی دەروونی و ئازارشکێنی سروشتی تێدایە.

جیاوازی گریان لە مرۆڤەکاندا

هەندێک کەس لە کەسانی دیکە زیاتر دەگرین، خانمان ٦٠٪ زیاتر لە پیاوان دەگرین، تاکوو ئێستا هۆکاری تەواوی ئەم جیاوازییە نەزانراوە، بەڵام دەکرێت هۆکاری کەمتر گریانی پیاوان بریتی بێت لە ئەوەی کە پیاوان:

  • جۆگەی فرمێسکیان بچوکترە
  • هۆڕمۆنی تێستێستیرۆنیان زیاترە کە ڕێگری لە گریان دەکات
  • پڕۆلاکتینیان کەمترە کە هانی گریان دەدات
  • بەوە ناسراون کە گریان بۆیان شەرمە

توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئەو کەسانەی پەیوەندی سۆزداری دڵنیاکەرەوەیان هەیە زیاتر ئاسوودەن لە دەربڕینی هەستەکانیاندا، بە هۆکاری ئاسایی و پێویست دەگرین، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە پەیوەندی سۆزداری نادڵنیاکەرەوەیان هەیە لە کاتی نەگونجاودا دەگرین، هەر ئەو توێژینەوەیە ئەوەی سەلماندووە ئەو کەسانەی خۆیان لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ کەسانی دیکەدا بەدوور دەگرن، ئەگەری گریانیان کەمترە و قورستر هەوڵ دەدەن کە دووربن لە فرمێسک ڕشتن.

گریانی بێ هۆکار

لە زۆربەی بارودۆخەکاندا گریان شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر کەسێک بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک بگری و فرمێسک بڕێژێت، دەکرێت ئەوە نیشانەی بوونی حاڵەتێکی جدی تەندروستی بێت، ئەگەر هەست دەکەیت هەموو ڕۆژێک لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی ئاسایی ڕۆژانەدا دەگریت، دەکرێت تووشی خەمۆکی بووبیت، نیشانەکانی دیکەی خەمۆکی بریتیین لە:

  • هەستکردن بە بێهیوایی، تەنهایی و خەمباری
  • نەمانی چێژی ژیانی ڕۆژانە
  • نەمانی ئارەزووی خواردن، یان زۆر خواردن
  • کەمخەوی
  • هەستکردن بە تاوان و خراپی


سەرچاوەکان



836 بینین