ناوهڕۆك
هامستەرەکان
هامستەر (بە ئینگلیزی: hamster)، گیانەوەرێکی بچووکە کە لە کۆمەڵەی قرتێنەرەکاندا پۆلێنکراوە، شێوەی زۆر لە مشک دەچێت، لە خێزانێکدا پۆلێنکراوە کە ٢٥ جۆر لە خۆ دەگرێت و لە نێو ٧ دەستەدا دابەشکراون، تایبەتمەندی دیاری ئەم قرتێنەرە جوانی ڕووخسارییەتی و زۆر بە خێرای خۆشدەویسترێت، چەندین ساڵ بەر لە ئێستا ماڵیکردنی سەرکەوتوبووە، بەڵام بە مەرجێک کە هەموو کات لە نێو قەفەسدا بمێنێتەوە، لە وەرزی زستاندا دەچێتە سوڕی متبوونەوە، بەڵام ئەگەر ماڵی بێت و کەشوهەوایەکی گەرمی هەبێت ئەوا بە چالاکی دەمێنێتەوە، نشینگەی هامستەر چەندین جێگە و وڵاتی جیاواز دەگرێتەوە وەک، ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و باشوور و ناوەڕاست، دوورگەکانی گالاپاگۆس، باشووری ئاسیا، ئەفریقا و چەندین ناوچەی دیکە، دەکرێت جێگەکەی شاخ و لەوەڕگاکان بێت و دەتوانێت لە بیابانەکانیشدا بژی، بە گشتی هامستەرەکان بە تاک دەژین، تەنها لە وەرزی زۆربووندا نێرینە و مێینەکان پێکەوە دەبن، بەڵام دەکرێت هەندێک جۆریان بە شێوەی کۆمەڵەی بچووک بژین وەک هامستەری کامبل.
شێوەی دەرەوەی
هامستەرەکان گیانەوەری قەبارە بچووکن و لە شێوەی دەرەوەیاندا زۆر لە شێوەی مشکەکانەوە نزیکن، جەستەیان بە فەروویەکی درێژ و ئەستوور داپۆشراوە، و ڕەنگەکەی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕیت، تایبەتمەندی جیاوازی هامستەر هەبوونی گیرفانە لە نێو دەمیدا، بە هۆیانەوە دەتوانێت خۆراک خەزن بکات، و کاتێک پڕی دەکات لە خۆراک ئەوا قەبارەی سەری گەورە دەبێت و شێوازێکی نوێ و جیاوازی پێدەدات، لە کاتی مەلەکردندا ڕوومەتەکانی پڕ دەکات لە هەوا، و بەهۆیانەوە ڕووخساری سەر ئاو دەکەوێت و دەتوانێت بە بێ شەکەتبوون و بەسەلامەتی بچێتەوە وشکانی.
خۆراک
خۆراکی هامستەر هەمەڕەنگە و لە چەندین جۆری جیاوازەوە ژەمە خۆراکییەکانی بەدەستدەهێنێت، سەڕەڕای ئەوەی زۆرترین بەشی ژەمە خۆراکییەکانی ڕووەکە، بەڵام هامستەرەکان بە گیانەوەری گۆشتخۆر هەژمار دەکرێن، پەسەندترین خۆراکی بریتییە لە تۆوەکان، بە تایبەتی گوڵەبەڕۆژە و پاشان تۆوی میوەکان، هەروەها دەتوانێت سەوزە و ڕەگی ڕووەکەکانیش بخوات، هامستەر گۆشت دەخوات بەتایبەتی کوللە و کرم و پەپوولە و مێروولە و کرمۆکەی جۆرە جیاوازەکانی مێرووەکان، جگە لە ئەمانە هەندێک دۆخ تۆمارکراوە کە تێیدا هامستەر بۆق و مارمێلکە و دووپشک و مار و مشک و تەنانەت گۆشتی خراپبووش (لاک) دەخوات، لە هەمان کاتدا هامستەریش خۆی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەری دیکە، بەڵام لە سروشتدا دوژمنی زۆر نییە، بە جۆرێک کە بە زۆری هەندێک لە باڵندەکان و ڕێوی و سەگە کێوییەکان دەتوانن ڕاویبکەن.
یەکگرتن و زۆربوون
هەندێک لە جۆرەکانی هامستەر تەنها پاش مانگێک لە لەدایکبوونیان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان هەیە، هەندێک لە جۆرەکانی دیکەش پاش سێ مانگ دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، لە سروشتدا هامستەرەکان تونێل لێ دەدەن و تیایدا دەمێننەوە، بەڵام کاتێک وەرزی زۆربوون و دروستکردنی خێزانی دێت، ئەوا تونێلی دووەم هەڵدەکۆڵێت بۆ خەزنکردن و هەڵگرتنی خۆراک، وەرزی زۆربوونیان ماوەیەکی درێژ خایەنە و لە مانگی چواری بەهارەوە هەتا مانگی دەی پاییز بەردەوام دەبێت، پاش یەکگرتن لە ماوەی سکپڕیدا مێینەکە شەڕانگێز دەبێت بەرامبەر بە نێرینەکە، کە هەندێکجار دەکرێت شەڕەکەی بگاتە ڕادەیەک کە بیکوژێت، بۆیە وا باشترە کە ئەگەر هامستەرەکان ماڵی بن جێگەی مانەوەی نێرینە و مێینەکە لێک جیا بکرێنەوە، هەروەها ماوەی سکپڕییەکەشی کورتخایەنە و بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت، هەندێکیان تەنها ٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت جۆری دیکەشی دەگاتە زیاتر لە مانگێک، مێینەکان هاوشێوەی پشیلەکانن بێچووەکانیان بە دەم هەڵدەگرن و دەیانگوازنەوە، هەروەها هامستەر گیانەوەرێکی زۆر خاوێنە و هەر لە تەمەنی ساواییەوە دەتوانێت خۆی پاکبکاتەوە، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە قرتێنەرە لە نێوان ٤-٥ ساڵدایە، بەڵام ئەوانەی دیلن دەکرێن و ماڵیکراون دەکرێت هەتا ٦ ساڵی تەمەن بکەن.
جۆرە سەرەکییەکانی
هەر یەک لە جۆرەکان تایبەتمەندی جیاوازی خۆیان هەیە، و بەتایبەتی لە ڕووی خۆراکەوە کە ژەمەکانیان جیاوازە، دیارترین جۆرەکانیش ئەمانەن:
- هامستەری سپی زستان
- هامستەری چینی
- هامستەری ڕووسی
- هامستەری سووری
- هامستەری کورتەباڵا
شێوازی ماڵیکردنی دروستی هامستەرەکان
لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لە ماڵەکانیان هامستەر ڕادەگرن و گرنگی پێدەدەن، چونکە گیانەوەرێکی خۆشەویست و ناسکە و جووڵەی سەرنجڕاکێشی هەیە، لە هەمان کاتدا چەندین ڕەنگ و قەبارەی جیاوازیشی هەیە کە دەتوانێت زۆرینەی خەڵک ڕازیبکات، پێویستی بە کۆمەڵێک پێداویستی هەیە وەک، دابینکردنی قەفەس یان جێگەیەکی مانەوەی داخراو، کە باشترە قەبارەی گەورەبێت چونکە هامستەرەکان ئارەزوویان هەیە کە سەرکەون بەسەر بەرزاییەکاندا، لە نێو قەفەسەکەدا دەفری ئاو خواردنەوە و دوو دەفری جیاوازی خۆراکی هەبێت، یەکێکیان بۆ خۆراکی وشک و ئەوی تریان بۆ خۆراکی نوێ، هەروەها پێویستی بە بەردێکی کانزاییە کە تەباشیرێکی تایبەتە، بەهۆیەوە ددانەکانی ساف دەکات و کانزاکانی جەستەی نوێ دەکاتەوە، جگە لە ئەمانەش هامستەرەکان پێویستیان بە تایەیەکی خولاوە هەیە کە ڕووپۆشیکی توندی هەبێت، بۆ ئەوەی قاچەکانی تووشی پێکان نەبن، و هەرچەند گەورەتربێت گونجاوترە.