دووگیانی و نەشتەرکاری جوانکاری لووت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-19-14:50:00 - کۆدی بابەت: 7636
دووگیانی و نەشتەرکاری جوانکاری لووت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەشتەرکاری جوانکاری لووت یەکێکە لە نەشتەرکارییە باوەکان و زۆرینە ئەنجامی دەدەن، لەم نەشتەرکارییەدا لووت ڕێک دەکرێتەوە و جوانکاری بۆ دەکرێت، وەک هەر نەشتەرکارییەکی دیکە پێش و پاشی کەسەکە پێویستە چاودێری بکرێت هەروەها ئەم نەشتەرکارییە بە بێهۆشکردنی تەواو دەکرێت و کەسەکە تەواوی جەستەی بێهۆش دەکرێت نەک تەنها نیوەی جەستە، بۆیە خانمان دەبێت وریابن ئەگەر دووگیانن و یاخود دەیانەوێت دووگیان ببن.

نەشتەرکاری جوانکاری لووت لەماوەی دووگیانیدا

نەشتەرکاری جوانکاری لووت بەهیچ شێوەیەک لەماوەی دووگیانیدا ناکرێت بۆ خانمان، چونکە پێویستی بە بێهۆشکردنی تەواوی جەستە و بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمانە کە هەموو ئەمانە بۆ ژنێکی دووگیان و قەدەغەیە و مەترسیدارە بۆ دایک و کۆرپەلەکەشی، هەر بۆیە پزیشک پێش ئەنجامدانی نەشتەرکارییەکە پشکنینی دووگیانی دەکات بۆ ئەو خانمانەی هاوسەرگیرییان کردووە تاکوو دڵنیاببنەوە لەوەی کە دووگیان نین و ئەگەر خانمێک پشکنینەکەی ئەرێنی بێت، واتە دووگیان بێت ئەوا نەشەرکارییەکەی بۆ ئەنجام نادرێت.

دووگیانی دوای نەشتەرکاری جوانکاری لووت

ئەو خانمەی کە نەشتەرکاری جوانکاری لووتی کردووە و دەیەوێت دووگیان ببێت دەبێت چاوەڕێ بکات تاکوو شەش مانگ ئینجا دووگیان ببێت، دوای نەشتەرکارییەکە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەکانی دوای نەشتەرکاری و ئەو لێکەوتانەی کە هەیەتی ناتوانێت دووگیان ببێت، چونکە لەماوەی دووگیانیدا خانمەکە ناتوانێت هیچ جۆرە دەرمانێک بەکاربهێت کە زیانی هەبێت بۆ منداڵەکە، هەروەها دووگیانی کۆمەڵێک نیشانەی هەیە کە کار دەکاتە سەر ئەنجامی نەشتەرکارییەکە، وەک ئاوسان لەماوەی دووگیانیدا لە هەموو بەشەکانی جەستەدا ڕوودەدات و لووتیش بەشێکە لەوە، کاتێک لووتی خانمەکە خۆی بریندارە و هەستیارە بەهۆی نەشتەرکارییەکەوە و دووگیانییەکەش ئەوەندەی دیکە کار دەکاتە سەری و نیشانەکانی خراپتر دەکات و هەروەها دەکرێت کۆمەڵێک زیانی دیکەی هەبێت وەک:

  • گیرانی لووت و هەناسەتووندی بەهۆی ئاوسانی لووتەوه.
  • خەستبوونەوەی دەردراوەکانی لووت.
  • تەقینی مولوولە خوێنەکانی لووت.

نەشتەرکاری جوانکاری لووت دوای دووگیانی

چەند مانگێک دوای منداڵبوون و چاکبوونەوەی بارودۆخی دایکەکە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ئەوکات دەتوانێت ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرکاری جوانکاری لووت.

نەشتەرکاری جوانکاری لەماوەی شیرداندا 

لەدوای لەدایکبوون تەنها سەرچاوەی خۆراکی منداڵ شیری دایکییەتی، بۆیە دەبێت دایکەکە ئاگاداری خۆراکی خۆی بێت چونکە دایکەکە هەر شتێک بەکاربهێنێت ڕاستەوخۆ دەچێتە شیری دایکەکەوە و لەوێشوە بۆ جەستەی منداڵەکە، هەر بۆیە هەر خۆراک و دەرمانێک خراپ بێت بۆ جەستەی منداڵەکە نابێت دایکەکەش بەکاری بهێنێت، دوای نەشتەرکاری منداڵبوون دایکەکە دەبێت تاکوو ماوەیەک دەرمان وەربگرێت تاکوو ڕێگری بکرێت تووشبوونی میکرۆبی و ئازار، بۆیە واباشترە تاکوو شیر دەدەیت بە منداڵەکەت نەشتەرکاری جوانکاری لووت نەکەیت.

ئەنجامی نەشتەرکاری

بۆ ئەوەی ئەنجامی نەشتەرکارییەکە باش بێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:

  • واباشە ئەو خانمانەی کە نیازی نەشتەرکاری لووتیان هەیە پێش هەر هەنگاوێک دڵنیاببنەوە لەوەی کە دووگیان نین.
  • ئەگەر هاتوو دایکەکە گوومانی هەبوو لە دووگیانبوونی بەدڵنییایەوە دەبێت پشکنینی دووگیانی بکات.


ئایا بێهۆش کردن کاریگەری هەیە لەسەر شیری دایک؟

دەرمانەکانی بێهۆشکاری بەلایەنی زۆرەوە تاکوو ١٢ کاتژمێر دوای نەشتەرکاری لووت لە جەستەدا نامێنن و هیچ کاریگەرییەکیان نامێنێت، هەر بۆیە ١٢ کاتژمێر دوای نەشتەرکاری دەتوانیت شیر بدەیت بە منداڵەکەت بەو مەرجەی کە دەرمانی دیکەت بەکارنەهێنابێت.

شۆڕبوونەوەی لووت و دووگیانی

دوای دووگیانی شۆڕبوونەوەی لووت ڕوونادات، ئەو خانمانەی کە نەشتەرکاری جوانکاری لووتیان ئەنجام داوە و دووگیان بوون دوای ماوەیەکی گونجاو وەک هەموو کەسانێکی ئاسایی لووتیان دەئاوسێت و دوو بۆ سێ مانگ دوای منداڵبوون ئاوسانەکە بەتەواوی نامێنێت.

حەپی دژە دووگیانی و نەشتەرکاری جوانکاری لووت

ئەو خانمانی ڕێگری دەکەن لە دووگیانی بە ڕێگای بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی پێویست ناکات حەپەکە ڕاگرن چونکە هیچ کاریگەییەکی خراپی نییە لەسەر نەشتەرکارییەکە.


سەرچاوەکان



1132 بینین