مێروولەی سپی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-02-11-16:08:00 - کۆدی بابەت: 7797
مێروولەی سپی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێروولەی سپی (بە ئینگلیزی: Termite)، سەرەڕای ئەوەی شێوازی ژیانکردنی نزیکە لە مێروولەی ئاسایی و هەنگەکانەوە، بەڵام مێروولەی سپی بە کۆمەڵەیەکی جیاواز لە مێرووەکان پۆلێنکراوە، کە زیاتر تایبەتمەندییەکانی نزیکە لە قالۆنچەکانەوە، نشینگەی ئەم جۆرە مێروولەیە مەودایەکی فراوان دەگرێتەوە بەتایبەتی لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی، و بە دیاریکراویش لە دارستانە باراناوییەکاندا، چەندین جۆری جیاوازی هەیە و بە نزیکەیی دەگاتە ٢٧٥٠ جۆر، هەموو ئەم جۆرانەش دابەشکراون بۆ سێ بەشی سەرەکی، بەڵام شایەنی باسە کە هەموو جۆرەکانی مێروولەی سپی زیانبەخشن، و دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە کەلوپەل و ماڵی مرۆڤەکان بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز، بۆ نموونە دەکرێت لەگەڵ خۆراکدا بەرکەوتنی هەبێت بەمەش دەبێتە هۆی گواستنەوەی بەکتریا و ڤایرۆسی زیانبەخش، یاخود هەستێت بە خواردن و شیکردنەوەی پێکهاتە تەختەییەکان، شێوازی ڕزگاربوونیش لە مێروولە سپییەکان ئاسانە و چەندین جۆری هەیە، وەک:

  • بەکارهێنانی ترشی بوراکس، خوێی بەرد یان زەیتی پرتەقاڵ.
  • دانانی تەڵە.
  • سوودوەرگرتن لە ئاوی کوڵاو.
  • جێگیرکردنی کرمی نیماتۆد کە یەکێکە لە ڕاوچییە سەرەکییەکانی مێروولە سپییەکان.

شێوەی دەرەوەی

دەتوانرێت بە ئاسانی جەستەی مێروولەی سپی جیابکرێتەوە لە مێرووەکانی دیکە، چونکە تایبەتمەندی جیاواز و دیاری هەیە وەک ئەوەی کە قەبارەی زۆر بچووکە و تەواوی جەستەی لاکێشەییە، واتە لە ناوەڕاستیدا کەمەری نییە، دوو شاخی هەستکردنی هەیە لەسەر سەرییەوە، بەهۆیەوە دەتوانێت هەست بە چەندین لەرەلەر و بۆنی جیاواز بکات، هەروەها دوو باڵی هاوشێوەی هەیە، کە باوەڕ وایە درێژییەکەیان لە درێژی جەستەی زیاتر بێت، جگە لە ئەمانەش بەهۆی ڕەنگییەوە بە ئاسانی دەناسرێتەوە، کە مێروولەی سپی ڕەنگی کاڵە و لە نێوان سپی و بێجیدایە یاخود هەندێکجار دەکرێت قاوەیی بێت.

خۆراک

بە مێروولە سپییەکان دەوترێت سلیلۆز خۆر، واتە سەرچاوەی سەرەکی خۆراکیان بریتییە لە ڕووەکەکان و گیانەوەری گیاخۆرن، هەریەک لە گەڵا و ڕووەک و پاشەڕۆی گیانەوەرە گیاخۆرەکان دەکەن بە ژەمی خۆراکییان، یاخود ئەو ماددانەی کە کارتۆن و لۆکەیان تێدایە، هەروەها هەموو جۆرەکانی مێروولەی سپی لە ژێر زەوی بن یاخود لە سەر زەوی توانای خواردنی تەختە و پارچە شیبووەکانی تەختەیان هەیە، بە تایبەتی ئەو بەشانەی تەختەکە کە کەڕووی تێدابێت، سوودیان زۆرە و دەبن بە سەرچاوەی ڤیتامین و نایترۆجین و کانزاکان، هەروەها شایەنی باسە کە ئەندامەکانی کۆمەڵگای مێرووە سپییەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ خۆراک بخۆن، بەڵکو سەرەتا پێویستە مێرووە پێگەیشتووەکان و کرێکارەکان بیخۆن، پاشان خۆراکەکە وەک ئەوەی هەرسکرابێت و هەڵبهێنرێتەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەندامەکانی دیکەی کۆمەڵەکە. 

پەیوەندیکردن

لە ژیانی مێروولە سپییەکاندا پەیوەندیکردن بەکاردێت بۆ دەربڕینی چەندین زانیاری، کە لە ڕێگەی لەرینەوە و دەردانی ماددەی کیمیاییەوە  دەبێت وەک دەردانی بۆن، بۆ نموونە کاتێک یەکێک لە مێرووەکان سەرچاوەیەکی خۆراکی دەدۆزێتەوە، ئەوا هەر لە سەرەتای دەرچوونی لە کۆمەڵگەکەی ماددەی فیرۆنی دەرداوە بۆ ئەوەی مێرووەکانی تر بۆنیبکەن لە ڕێگەی وەرگرەکانیانەوە و بگەن بە جێگەکەی، بەڵام کاتێک هەست بە مەترسی دەکەن ئەوا لە ڕێگەی لەرەلەر و بەرکەوتنی جەستەیی و دەردانی بۆنەوە ئەندامەکانی دیکە ئاگەدار دەکەنەوە، چونکە هەموو ئەندامەکان لەسەر سەریاندا هەستەوەر و وەرگری لەرەلەریان هەیە.     

یەکگرتن و زۆربوون

نێرینە و مێینەی مێروولە سپییەکان کە پاشا و شاژنەکانن بەرپرسن لە زۆربوون، سەرەتا پاشا و شاژنەکان لە کۆمەڵگەکە دەچنە دەرەوە و لە جێگەیەکی گونجاودا یەکگرتن ئەنجام دەدەن، پاشان شاژنەکە لە جێگەیەکی پارێزراوی دوور لە مێرووی زیانبەخش و گیانەوەرە دڕندەکان هێلکەکانی دادەنێت لە شێوەی کۆمەڵەدا، دوای هەڵهاتنیان لە هێلکەکان دەبنە کرمۆکەی بچووک و دەچنە جێگەیەکی ڕووناک و درەوشاوە، ئەمەش یەکێکە لە ئەو دەرخەرانەی کە کرمۆکەی مێروولەی سپییە و پێی دەناسرێتەوە، دواتر بۆ تەواوکردنی گەشەیان کرێکار و جەنگاوەرەکان بە بەردەوامی خۆراکی پێویست بۆ کرمۆکەکان دەبەن، پاش ئەوەی جەستەیان بە تەواوەتی پێدەگات ئەوا دەبن بە مێروولەیەکی سپی پێگەیشتوو لە یەکێک لە چینە دیاریکراوەکاندا.

چینەکانی کۆمەڵگە

مێروولە سپییەکان بە تەنها ناژین بەڵکو لە کۆمەڵگەی تایبەتدا دەژین کە زۆر لە مێروولە ئاساییەکان دەچن، لە شاژن، کرێکار، مێرووی پێگەیشتوو و چەندین پلەی جیاواز پێکهاتوون، هەریەکەیان تایبەتمەندی و ئەرکی جاوازی هەیە، کە لە ئەنجامدا پێكەوە کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی کۆمەڵگەکەیان، بەم شێوەیە:

  • پاشا و شاژنەکان: تایبەتمەندن بە ڕەنگیان کە قاوەیی تۆخ یان ڕەشە، دوو باڵی درێژیان هەیە کە بە تەواوەتی ڕوون و ئاشکران واتە ڕەنگدار نین، ئەم چینە تاکە بەرپرسی زۆربوونن لە کۆمەڵگەکەدا.
  • جەنگاوەرەکان: ژمارەیان کەمترە لە چینی کرێکارەکان، و فرمانی سەرەکییان پاراستنی کۆمەڵگەیە لە هێرشی دەرەکی، بە سوود وەرگرتن لە شەویلگەکانیان.
  • کرێکارەکان: ئەم چینە تایبەتمەندە بە گەورەیی شەویلگەکانیان و ڕەنگی زەردی سەریان، درێژی هەر دانەیەکیان دەگاتە ٠.٦٣ سانتیمەتر و دەتوانن بۆ ماوەی پێنج ساڵ بژین.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • مێروولەی سپی ژێر زەوی: ئەندامەکانی ئەم جۆرە لە نێو خۆڵدا دەژین، کە کۆمەڵەکانیان جێگەی مانەوە لە ژێر زەویدا دروست دەکەن، جێگەکانیان بە چەندین کەناڵی جیاواز کۆتایی هاتووە کە پەیوەستە بە سەرچاوەی خۆراک وەک درەخت و ماڵەکان.
  • مێروولەی سپی وشک: ئەم جۆرە مێروولە لە درەختە ڕزیوەکاندا دەژی، یاخود لە تەختە بڕاوەکان و زەوییە سەختەکان، بە هیچ جۆرێک لە ژێر زەویدا ناژی هاوشێوەی جۆری پێشوو، هەروەها ئەم جۆرەیان قەبارەی بچووکترە لە مێروولەی سپی ژێر زەوی و توانای زیانگەیاندنیشی کەمترە.
  • مێروولەی سپی شێ: ئەم جۆرەیان لە نێو درەخت و تەختەیەکدا دەژی کە ڕێژەیەکی شێی بەرزی هەبێ، و بە دەگمەن لە نێو خاک و ماڵەکاندا دەژی.


سەرچاوەکان



898 بینین