یاریی بلیارد

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-15-09:56:00 - کۆدی بابەت: 7833
یاریی بلیارد

ناوه‌ڕۆك

یاریی بلیارد چییە؟

بلیارد یان بلیاردۆ (بە عەرەبی: بلیاردو، بە ئینگلیزی: Bliardo) یارییەکی باوی سەردەمه، بە زۆریی لەناو چینی گەنجان بڵاوە چونکە چێژ و خۆشیان پێدەبەخشێت. یاریی بلیارد لە زۆرێک لە گازینۆ و کافێکان ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە ڕێگەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە ئەم یارییە لە تابلێت و ئامێرە زیرەکەکانی تر فەراهەم کراوە.
لە ئەمڕۆدا یاریی بلیارد وەکوو یارییەکی وەرزشی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرێت، پاڵەوانێتی و پێشبڕکێی تایبەتی خۆی هەیە، ساڵانە بەشداربووییەکی زۆر لە لە یانەکان وەردەگرێت و بەشدار دەبن، هەروەها یاری و پاڵەوانێتییەکان و تیمەکانی ئەم وەرزشە لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەکرێن و خاوەنی هۆڵی تایبەتی خۆیانن.
یاریی بلیارد پێویستی بە سەرنجێکی تیژ و وورد هەیە، هەروەها کۆنتڕۆڵکردنێکی باش و جەستەیەکی تاڕادەیەک وەرزشی پێویستە.

مێژووی یاریی بلیارد

ـ زۆرێک لە وڵاتانی وەکوو چین و ئیتاڵیا و بەریتانیا خۆیان بە داهێنەری ئەم یارییە دادەنێن، بەڵام بەپێی بەڵگە مێژووییەکان فەڕەنسییەکان یەکەم کەس بوون کە یاریی بلیاردیان داهێناوە.
ـ لە سەدەی سیازدەوە ئەم یارییە لە بەریتانیا لەسەر زەوی ئەنجام دەدرا، دواتر لە فەڕەنسا پەرەی پێدرا یارییەکە لە هۆڵی تایبەت لەسەر مێز ئەنجام درا.
ـ لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دوای بڵاوبوونەوەی یارییەکە لە ئەمریکا، مێز و دارەکانی بلیارد زیاتر پەرەیان پێدرا.
ـ لە ساڵی 1958 یەکێتیی ئەورووپا بۆ یاریی بلیارد دامەزرا.
ـ لە ساڵی 1959 یەکێتیی نێودەوڵەتی بلیارد UMB دامەزرا. 

جۆرەکانی یاریی بلیارد

ـ بلیاردی فەڕەنسی: سێ تۆپ لەسەر مێزی بلیاردەکە دادەنرێت، یەک تۆپی ڕەنگ سوور و دوو تۆپی سپی یەکێکیان خاڵی ڕەشە، کێشی سێ تۆپەکە یەک کیلۆگرامە، داری بلیاردەکە لە پلاستیک دروست کراوە درێژییەکەی 90 سانتیمەترە.
ـ بلیاردی ئینگلیزی یان سنۆکەر: بە 15 تۆپی ڕەنگاوڕەنگ یاریی دەکرێت، دەبێت بخرێنە نێو چاڵەکانی مێزی بلیاردەکەوە، تۆپە ڕەنگ ڕەشەکەیان حەوت خاڵ دەبەخشێتە خاوەنەکەی.
ـ بلیاردی ئەمریکی: تۆپی بلیاردەکان لە 15 تۆپ پێکهاتووە، لە ژمارە 1 بۆ 8 بە ڕەنگێک ڕەنگکراون، لە ژمارە 9 بۆ 14 بە ڕەنگێکی تر بۆیە کراون، تۆپی کۆتایی ڕەنگی سپییە بۆ لێدانی تۆپەکانی تر بەکاردەهێنرێت، پێویستە یاریزانەکە زۆرترین تۆپ بکاتە نێو چاڵەکانەوە و لەسەر ژمارەی تۆپەکان خاڵی بۆ هەژمار دەکرێت. 

ئامرازەکانی یاریی کردن

ـ تۆپەکانی بلیارد: چێوەی تۆپەکان لە نێوان 61 ـ 61.5 سانتیمەترە، لە چەند پێکهاتەیەکی ڕەق دروستدەکرێت و ڕەنگاوڕەنگن، لە ژمارە1ـەو بۆ ژمارە 15 لەسەر تۆپەکان نەخشێنراون، قەبارەی تۆپەکان بەندە بە جۆری یاریی بلیاردەکەوە و ژمارەیان 16 تۆپە.
ـ مێزی بلیارد: شێوەی مێزی یاریی بلیارد لاکێشەییە و پانییەکەی 2.8 بە 1.4 مەتر، بەرزییەکەی لەسەر زەوییەوە 79 بۆ 80 سانتیمەترە، لەسەر چوار ستوونی ڕاگر دانراوە، ڕووەکەی پان و لووسە بە پارچە قوماشێکی ڕەنگ سەوزی توند داپۆشراوە، مێزی بلیارد بە چوارچێوەیەکی لە دار دروستکراو دەورە دراوە کە ناوەکەی لاستیکە و بۆ گەڕانەوەی تۆپەکان بەکاردەهێنرێت.
ـ سێگۆشەی تۆپەکان: سێگۆشەیەکی تایبەتە بە تۆپەکانی بلیارد کە لە ئەلەمنیۆم یان دار یان پلاستیک دروستکراوە، بۆ ڕێکخستنی هەشت بۆ نۆ تۆپ بەکاردەهێنرێت.
ـ داری بلیارد: درێژییەکەی لە نێوان 140 بۆ 150 سانتیمەترە، لە داری سپی دروست دەکرێت، کێشی نزیکەی 460 بۆ 520 گرامە، دارێکی درێژە لە یەک یان دوو بەش پێکهاتووە، تیرەکەی لە دواوە سێ سانتیمەترە و شوێنی گرتنی دەستەکان بە پارچە چەرمێک دادەپۆشرێت بۆ ئاسانکردنی هەڵگرتنی، لە پێشەوە کە شوێنی لێدانی تۆپەکانە تیرەکەی لە نێوان 1 بۆ 1.2 سانتیمە.
ـ تەباشیر و دادەر: تەباشیر لە کاتی لێدانی تۆپەکان بۆ نووکی دارەکە بەکادەهێنرێت تاکوو تۆپەکان نەخلیسکێن و بە ئاسانی بجووڵێن، دادەریش بۆ تیژکردنی داری بلیاردەکە بەکاردەهێنرێت.
ـ پۆشاکی فەرمی یارییەکە: لە یاریی فەرمی و پاڵەوانییە جیهانییەکان، زۆرجار یاریزان قەمیسی سپی، پانتۆڵ و پێڵاوی ڕەش دەپۆشن، یان هەر جۆرە پۆشاکێکی فراوان و ئاسوودەبەخش لە کاتی یاریکردندا دەپۆشن.


سەرچاوەکان



756 بینین