هاوڕێی باش کێیە؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-17-23:48:00 - کۆدی بابەت: 7847
هاوڕێی باش کێیە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ساڵانێکی زۆر دێت و دەڕوات و زۆر کەس وەک هاوڕێ دێنە ناو ژیانتەوە، بەڵام هەموان نامێننەوە و هەر کەسە و بە هۆکارێک دەگۆڕێت یاخود دەڕوات، بەڵام هاوڕێی باش هەمیشە لەگەڵت دەمێنێتەوە و هیچ هۆکارێک ناتوانێت نێوانتان تێک بدات، هاوڕێی باشیش دەبێت چەند تایبەتمەندییەکی تێدا بێت پاشان ناو دەبرێت بە هاوڕێی باش.

تایبەتمەندییەکان

ڕاستگۆیی

ئەگەر دەتەوێت ببیتە هاوڕێیەکی باش و خەڵکی متمانەت پێ بکەن دەبێت ڕاستگۆ بیت، کاتێک لە هەموو ڕوویەکی ژیانتەوە ڕاستگۆ بوویت، بەتایبەت دەربارەی هەستی خۆت بەرامبەر بە هاوڕێیەتییەکەتان، ئەوا متمانەت لای هاوڕێکەت زیاتر دەبێت و زیاتر دەردەدڵت لەلا دەکات، لە هیچ شتێک مەترسە و لە هەموو بارودۆخێکدا ڕاستییەکە بڵێ و پەنا مەبە بۆ درۆکردن.

گوێگرێکی باش

هاوڕێی باش دەبێت بە وردی گوێ بۆ قسەکانی هاوڕێکەی بگرێت و تاک لایەنە بڕیار نەدات، چەند خۆت قسە دەکەیت دەبێت ئەوەندەش گوێ بۆ هاوڕێکەت بگریت، بە گوێگرتن بۆ هاوڕێکەت ئەوە پشتڕاست دەکەیتەوە بۆ هاوڕێکەت کە بتوانێت متمانەت پێ بکات.

ڕێنوێنی ڕاستی پێ بدە

بۆ ئەوەی کە هاوڕێیەکی باش بیت دەبێت، لە ڕوانگەی هاوڕێکەتەوە سەیری ژیانی بکەیت نەک لە ڕوانگەی خۆتەوە سەیری ژیانی ئەویش بکەیت، هەرگیز بڕیاری هەڵە مەدە لەسەر هاوڕێکەت و ڕێنوێنی هەڵەی مەکە، وە تەنها کاتێک کە دەردەدڵت لەگەڵدا دەکات ئامۆژگاری یاخود ڕێنوێنی بکە، چونکە هاوڕێ نابێت بەردەوام ئامۆژگاری هاوڕێکەی بکات و هاوکارییەکانی دەبێت کرداری بێت، تەنها لەو کاتانەدا نەبێت کە هاوڕێکەت پێویستی پێیەتی و داوای دەکات.

لێبووردەیی

ئەگەر دەتەوێت هاوڕێیەتیتان بەردەوامی هەبێت فێرببە کە لێبووردە بیت، ئەوەت لەبیر بێت کە هیچ کەسێک بێ کەموکوڕی نییە و هەمووان دەکەونە هەڵەوە و دەکرێت ئەو هەڵەیەی کە هاوڕێکەت کردوویەتی تۆش بیکەیتەوە، کاتێک لە ناخی دڵییەوە داوای لێبووردن دەکات لە هەر هەڵەیەک کە بەرامبەر تۆ ئەنجامی دابێت دەبێت لێی خۆشبیت و گەورەیی خۆت بنووێنیت، هەرگیز نابێت بەرامبەر هاوڕێکەت کینە لە دڵ بیت.

وەفاداریی

وەفاداری زۆر گرنگە و بەوەفابوون بۆ کەسێک پەوەندییەکەتان زیاتر پتەوتر و جوانتر دەکات، وەفاداری واتە ئەوەی کە هەرگیز لە خۆوە باوەڕ بە هیچ قسە و قسەڵۆکێک نەکەیت کە دەکرێت لەبارەی هاوڕێکەتەوە، تەنانەت هاوڕێ زۆر باشەکانیش هەندێک جار زویر دەبن لە یەک بەڵام هەرگیز پشت لە یەک ناکەن و لە پشتەوە باسی یەکتری ناکەن و بێ وەفایی نانوێنن.

جێی متمانە

هاوڕێی باش ئەو کەسەیە کە بتوانیت متمانەی پێ بکەیت لە هەموو بارودۆخێکدا و دڵنیابیت لەوەی کە هەرگیز خیانەتت لێ ناکات، ئەگەر کەسێکت هەبوو کە دڵنیابوویتەوە لەوەی دەتوانی متمانەی پێ بکەیت ئەوا بە ئاسانی دەتوانیت هەموو قسەکانی دڵتی لەلا بکەیت.


سەرچاوەکان



13738 بینین