زەرد

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-20-01:52:00 - کۆدی بابەت: 7863
زەرد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەنگی زەرد (بە عەرەبی: اللون الاصفر، بە ئینگلیزی: yellow) زەرد ئەو ڕەنگەیە کە لە شەبەنگی بینراو دەکەوێتە نێوان ڕەنگی سەوز و ڕەنگی پڕتەقاڵییەوە، ڕەنگی زەرد لە تێکەڵکردنی بڕێکی یەکسان لە ڕەنگی سوور و سەوز بەرهەمدەهێنرێت.
درێژی شەپۆلی ڕەنگی زەرد لەنێوان 570 بۆ 590 نانۆمەترە، ڕەنگی زەردی هەر ڕووەکێک بەهۆی بوونی کارۆتینەکانی ڕەنگی زەردە لەو ڕووەکەدایە، کە بە بڕی جیاواز لە هەر ڕووکێکدا بوونی هەیە، نموونەی گەڵای زەردی ڕووەکەکان لە پاییزدا، گەنمەشامی، گوڵی نێرگز، لیمۆ، مۆز، هەرمێ و کاڵەک، لەو ڕووەکانەدا ڕەنگی زەرد وزەی ڕووناکی هەڵدەمژێت و ڕووەکەکە دەپارێزێت لە خاڵیبوونەوەی ڕووناکی و نەمانی ڕەنگەکەی.
پلەی گەرمی ڕووی خۆر کاریگەری دەکاتە سەر ڕەنگی خۆر، بۆیە لەسەر ڕووی زەوییەوە ڕەنگی خۆر بە ڕەنگێکی زەردی کاڵ دەردەکەوێت و دەبینرێت.

مێژووی ڕەنگی زەرد

بەکارهێنانی بۆیە و ڕەنگی زەرد دەگەڕێتەوە بۆ 45 هەزار ساڵ پێش زایین، لە نێو وێنە و هێڵکارییەکانی ئەشکەوتە کۆنەکانی سەردەمی بەردین ئەم ڕەنگە دۆزراوەتەوە، لە کۆندا ئەم ڕەنگە ڕەنگی شانازی و سەرکەوتن بووە، چونکە بە ڕەنگی خۆر دانراوە.
لە میسڕی کۆندا لەشی خوداوەند و پەیکەرەکانیان بە ڕەنگی زەردی ئاڵتوونی دادەپۆشی چونکە پێیان وابوو ئەم ڕەنگە  پیرۆزە.
لە سەدەی چواردەیەم و سەدەکانی ناوەڕاست ئەم ڕەنگە پەیوەست بوو بە واتا نەرێنییەکان نموونەی ئیرەیی، درۆ، خیانەت و فێڵ، بە ڕەنگێکی دووڕوو ناوزەندە دەکرا چونکە لە هەمان کاتدا دوو واتا و دوو ئاماژەی دژ بەیەکی دەبەخشی.
زۆرێک لە ئەشکەنجەدەری زیندانییەکان ئەم ڕەنگەیان دەپۆشی، هەروەها بەشێک لە زیندانیان ڕەنگی زەردیان دەپۆشی وەکوو هێمایەک بۆ شەرمەزاریی و خراپەکارییەکانیان.
لە مێژووی شانشینی چینی کۆن ڕەنگی زەرد پیرۆز بووە، ئەو ڕەنگە تایبەت بوو بە جلوبەرگی پادشاکان و تەنها ئەوان ئەو ڕەنگەیان دەپۆشی، تەنانەت لەبری ڕەنگی فەرشی سوور، فەرشی زەردیان بۆ میوانەکانیان ڕادەخست، هەروەها کۆتا ئیمپراتۆریی وڵاتی چین ناوی ئیمپراتۆرییەتی زەرد بوو. 

واتا و هێماکانی ڕەنگی زەرد لەڕووی دەروونناسییەوە

لە دەروونناسیدا واتا و ئاماژەکانی ئەم ڕەنگە تا ڕادەیەک دژبەیەک و ئاڵۆزە، چونکە کاریگەرییەکەی لەسەر کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و جێگیر نییە، هەندێک پێیان وایە ڕەنگی زەرد هەستی گڕوتین و چالاکی و دڵخۆشییان پێدەبەخشێت، بە پێچەوانەشەوە هەندێکی تر پێیان وایە کە ئەم ڕەنگە بێزارکەرە چونکە هێمای ڕق و کینە و توڕەیی و خیانەتە.
هەندێک کات ڕەنگی زەرد ئاماژە بە خۆشی و شادومانی دەکات و جۆرێک لە هەستی زیندوویی و چالاکی دەبەخشێت، ڕەنگێکی سەرنجڕاکێشە و سەرنجی کەسی بەرامبەر ڕادەکێشێت، بۆیە لە زۆرێک لە ڕیکلام و هێما و لۆگۆکان بەکاردەهێنرێت، نموونەی زنجیرە خواردنگەکانی ماکدۆناڵدز کە لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ڕەنگی زەردی هێمای پیتی ئێمی سەر لۆگۆکەی زۆر ڕوون و دیارە بە تایبەتی سەرنجی منداڵان زیاتر ڕادەکێشێت.

واتا و بەکارهێنانی ڕەنگی زەرد لە کولتوورەکاندا

ـ ڕەنگی زەرد لە ڕۆژئاوا واتای دەوڵەمەندییە
ـ ڕەنگی زەرد هەر لە کۆنەوە هێما بووە بۆ فێڵ، گزیی، نەخۆشی، ڕاڕایی و ڕەشبینی.
ـ دەنگۆ ناڕاستەکان و پڕوپاگەندەکانی میدیا و ڕۆژنامەکان پێیان دەوترێت درۆی زەرد.
ـ لە یاریی کاراتی و گۆدۆ ڕەنگی پشتوێنی زەرد هێمایە بۆ ئاستی سەرەتا.
ـ پیاوانی ئایینی هیندۆسی جلوبەرگی زەرد دەپۆشن.
ـ لە هونەر و نیگارە کۆنەکانی ڕۆمانییەکان ڕەنگی زەرد تایبەت بوو بە پاپای کریستیانەکان.
ـ لە چەند کولتوورێکی کۆندا ئەو ژنانەی مێردەکانیان لە جەنگ بووە، سەرپۆشی ڕەنگ زردیان لەسەر کردووە وەکو هێمایەک بۆ هیوای گەڕانەوەیان.
ـ لە ڕابردوودا ئەو کەشتیانەی کە لە دەریاکان نەخۆشی گوازراوە و پەتاکانیان تێدا بڵاودەبووەوە ئاڵای زەردیان هەڵدەکرد. 

تایبەتمەندی ئەو کەسانەی ڕەنگی زەردیان لەلا پەسەندە

لە چەند توێژینەوەیەک دەرکەوتووە کە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا و ڕۆژئاوا بە گشتی، بە بەراورد بە ڕەنگەکانی تر ڕەنگی زەرد کەمتر پەسەندە لەلای هاوڵاتیان، خەڵکی پێیان وایە ڕەنگێکی پێچەوانە و دژبەیەکە، چونکە لەهەمان کاتدا واتایە بۆ چەند چەمکێکی دژ بەیەک، بەڵام لە چین و ئاسیای ناوەڕاست ڕەنگێکی پەسەند و باوە و ئارەزوومەندانی زۆرە.
ئەو کەسانەی کە ئارەزووی بەکارهێنان و پۆشینی ڕەنگی زەرد دەکەن تا ڕادەیەک زیرەک و بەهێزن، کەسایەتیییەکی پڕاکتیکیان هەیە و هەمیشە ڕووخۆش و چالاکن، تێڕوانینێکی گەشبینانەیان هەیە بۆ ژیان و کەسێکی ئەرێنین، ئارەزوومەندانی ئەم ڕەنگە هەمیشە دەیانەوێت ببنە جێی سەرەنجی کەسی بەرامبەر و هەستی ناوبانگبوونیان هەیە، ڕەنگی زەرد وزە و چالاکی و هەستی داهێنان دەبەخشێتە ئەو کەسەی کە بەکاریدەهێنێت، ڕەنگی زەردی ڕوون و درەوشاوە هێمای گەشبینی و خۆشی و شادییە، بە پێچەوانەوە ڕەنگی زەردی کاڵ تا ڕادەیەک هێمایە بۆ هەستی نەخۆشی و بێتاقەتی و ڕاڕایی.


سەرچاوەکان



1690 بینین