یاریی بیروباوەڕی بکوژ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-21-22:46:00 - کۆدی بابەت: 7869
یاریی بیروباوەڕی بکوژ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بیروباوەڕی بکوژ یان ئەساسینس کرید (بە ئینگلیزی: Assassin's Creed، بە عەرەبی: أساسنز كريد) زنجیرەیەک یاریی ڤیدیۆیی جیهان کراوەی مێژووییە و لە جۆری خەیاڵیی زانستی و سەرکێشی و ئەکشن و فێڵ و سیخوڕی. شێوەی کامێرای کەسی سێیەمە و دەیان یاری و بەرهەمی لەسەر بەرهەمهێنراوە.

یاریەکە لە پلەیستەیشن ٣، پلەیستەیشن ٤، ئێکسبۆکس ٣٦٠، مایکرۆسۆفت ویندۆز، ماک سیستم، نینتێندۆ دی ئێس، پلەیستەیشن پۆرتەبڵ، پلەیستەیشن ڤیتا، ئێچ پی، وێب ئۆ ئێس، ئای ئۆ ئێس، ئەندرۆید، ویندۆز فۆن ٧ و وی یۆ بەردەستە. یارییەکە بەرهەمی کۆمپانیای یوبی سۆفت مۆنتڕیاڵە بۆ یاری تاکەکەسی و لە ساڵی ٢٠٠٧ بەرهەمهێنراوە.

چیرۆکی یاری

یاریی ئەساسینس کرید بە شێوەیەکی سەرەکی باس لە ناکۆکی نێوان دوو کۆمەڵگای نهێنی کۆن دەکات کە پیاوکوژەکان (Assassins) و سوارچاکانی پەرستگەن (Knights Templar). لەگەڵ پەیوەندی ناڕاستەوخۆیان بە ڕەگەزە کۆنەکانی پێش مرۆڤایەتی کە تەقینەوەیەکی گەورەی خۆر لەناوی بردوون. زنجیرەی یارییەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ بە چیرۆکی کەسێک دەست پێدەکات کە لە ساڵی ٢٠١٢ دەژی و ناوی دێسمۆند مایلسە، خزمەتکارێکی خواردنگەیە و سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە نەوەی بنەماڵەی بکوژەکان کە چەندین سەدە بوونیان هەبووە، بەڵام ژیانێکی ئاسایی دەژی.

هەموو شتێکی ژیانی دێسمۆند ئاساییە تاوەکوو ئەوکاتەی کۆمپانیای (بەرهەمەکانی ئەبستێرگۆ - Abstergo Industries) دەیڕفێنن، کە جۆری مۆدێرنی سوارچاکانی پەرستگەن و دەزانن دێسمۆند یەکێکە لە نەوەی بکوژەکان و دەیانەوێت بەهۆی بیرەواری باوانییەوە بگەن بە سەردەمانی کۆن بۆ دۆزینەوەی ئامانجەکانیان. ئەم ڕێکخراوە دێسمۆندی ناچار کرد کە ئەنیمس بەکاربهێنێت، ئەو ئامێرەی کە ڕێگەی پێدەدات یادەوەری باوباپیرانی بپشکنێت. ئەمەش بۆ دۆزینەوەی کۆمەڵێک پارچەی گرانبەها بەناوی پارچەکانی عەدەن یان Pieces of Eden. چونکە کۆمەڵێک هێزی گەورەی لەخۆی گرتووە و ڕێگە بە هەڵگرەکەی دەدات مرۆڤ کۆنتڕۆڵ بکات و چارەنووسی مرۆڤایەتی بگۆڕێت و مرۆڤ بخاتە ناو یەک کۆمەڵەی یەکگرتووەوە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا. پاشان دێسمۆند لەگەڵ تیمێکی بچووکی نەوەی بکوژەکان یان ئەساسینەکان کۆدەبێتەوە و ڕازی دەبێت لەگەڵیان کار بکات بە بەکارهێنانی ئامێری ئەنیمسی پێشکەوتووی جۆری دووەم بۆ تەواوکردنی گەشتەکەی لە گەڕان بەدوای بیرەوەرییەکانی باوباپیرانی، بۆ ئەوەی بتوانێت پارچەکانی عەدەن بدۆزێتەوە و هێزەکەی بەکاربهێنێت پێش ئەوەی کۆمپانیای ئەستێرگۆ بیدۆزێتەوە. لە کاتێکدا دێسمۆند ئەم بیرەوەرییانە دەدۆزێتەوە، هەندێک لە توانای باوباپیرانی بە شێوەیەکی بۆماوەیی دزە دەکەنە ناو ئەوەوە. ئەم دیاردەیە بە (کاریگەری خوێنڕشتن - Bleeding Effect) دەناسرێت، کە هەندێک کارامەیی بکوژەکانی پێدەبەخشێت.

بە بەکارهێنانی ئەنیمس، دێسمۆند بیرەوەرییەکانی ژمارەیەک لە باوباپیرانی بکوژی دەپشکنێت -تەنانەت تاهیر بن لا ئەحەد-. ئەم هەموو دۆزینەوە و گەڕانە وردە لەلایەن دێسمۆند و کەسی ١٦ کە کاراکتەرێکی ترە و کۆمپانیای ئەبستێرگۆ تاقی دەکەنەوە دەبێتە سەرکێشییەکی گەورە و یاریکەری یارییەکە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ڕووداوەکان مامەڵە بکات و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات کە پێی دەوترێت بۆ پاراستنی زەوی لە تەقینەوەی دووەم.

یارییەکان

ناوی یاری سەردەمی کەسی یەکەم ناوی کەسی یەکەم سەردەمی کەسی دووەم ناوی کەسی دووەم
Assassin's Creed Odyssey 431–422 پێش زایین ئەلێکسیۆس-كاساندرا   لەیلا حەسەن
Assassin's Creed Origins 49–43 پێش زایین بایک   لەیلا حەسەن
Assassin's Creed Valhalla 873 زایینی ئێیڤۆر   لەیلا حەسەن
Assassin's Creed 1165–1257 زایینی تاهیر 1987–2013 دێسمۆند مایلس
Assassin's Creed II 1476–1524 زایینی ئێزیۆ ئۆدیتۆری 1987–2013 دێسمۆند مایلس
Assassin's Creed: Brotherhood 1476–1524 زایینی ئێزیۆ ئۆدیتۆری 1987–2013 دێسمۆند مایلس
Assassin's Creed : Revelations 1476–1524 زایینی ئێزیۆ ئۆدیتۆری 1987–2013 دێسمۆند مایلس
Assassin's Creed Chronicles: China 1526 زایینی شاو یۆن    
Assassin's Creed IV : Black Flag 1693–1735 زایینی ئێدوارد کێنوەی    
Assassin's Creed Rogue 1758 زایینی شای پاتریک    
Assassin's Creed III 1753–1783 زایینی کۆنەر کێنوەی 1987–2013 دێسمۆند مایلس
Assassin's Creed Unity 1768 زایینی ئەرنۆ دۆریان    
Assassin's Creed Chronicles: India 1841 زایینی ئەرباز میر    
Assassin's Creed Syndicate 1868 زایینی جەیکۆب فرای و ئێفی فرای    
Assassin's Creed Chronicles: Russia 1918 زایینی نیکۆلای    

زانیاری لەسەر هەندێک لە یارییەکان

یاریی ئەساسینس کرید

ساڵی ٢٠٠٧ بڵاوبوویەوە. تێیدا کۆمپانیای ئەبستێرگۆ دێسمۆند دەڕفێنێت و ناچاری دەکات کە ئەنیمس بەکار بهێنێت بۆ دۆزینەوەی بیرەوەرییەکانی تاهیر لا ئەحەد لە ماوەی جەنگی سێیەمی خاچدا. دێسمۆند لەوێوە دەست بە سەیرکردنی ڕووداوەکان دەکات کە تاهیر لەکاتی ڕووبەڕووبونەوەی یەکێک لە خاچپەرستان بەناوی ڕۆبێرت دی سێبڵ یاسای بکوژەکان دەشکێنێت.

مامۆستا و سەرۆکی گرووپی بکوژەکان پلەی تاهیر دادەبەزێنێت و بۆ ئەوەی پێگەی پێشووی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، مامۆستا ڕەوانەی دەکات بۆ ئەرکێکی کوشتنی نۆ ئامانج لە چەند شارێکی جیاواز. کاتێک تاهیر ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات بۆی دەردەکەوێت هەموو ئەوانە پەیوەندییەک لە نێوانیان هەیە و شتێک بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە.

یاریی ئەساسینس کرید ٢

لە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکرایەوە، لوسی دەگەڕێتەوە و یارمەتی دێسمۆند دەدات کە لە ئەستێرگۆ دەرباز بێت، دەیهێنێتە حەشارگەیەک و بە هاوڕێکانی شۆن و ڕێبێکای دەناسێنێت، کە ئەوانیش لە ئەساسینەکانن. هەروەها لەم بەشەدا جۆرێکی نوێتری ئامێری ئەنیمس هەیە. لەڕێی ئامێرەکەوە دێسمۆند بیرەوەرییەکانی گەنجێک بەناوی ئێزیۆ ئۆدیتۆری دەبینێت کە لە ساڵی ١٤٧٦ لە فلۆرەنسا دەژی.

یاریی ئەساسینس کرید برەزەرهوود

ئەم یارییەش ساڵی ٢٠١٠ بڵاوبوویەوە و تەواوکاری یاریی پێشووی خۆیەتی و دەگەڕێتەوە بۆ شاری مۆنتی ڕێگێنی. یارییەکە بە شەڕێک دەست پێدەکات و کاراکتەری یاریکار بریندار دەبێت و دەڕواتە شاری ڕۆما لەوێوە ئەرکەکانی بەجێ دەهێنێت.

یاریی ئەساسینس کرید ڕێڤێلەیشنس

ئەم بەشە لە تشرینی دووەمی ٢٠١١ لەلایەن یوبی سۆفتەوە بڵاو کرایەوە. لەم بەشەدا تیشک خراوەتە سەر سێ کاراکتەری سەرەکی بەشەکانی پێشوو: تاهیر، ئێزیۆ و دێسمۆند. لەم بەشەدا، ئێزیۆ  بەدوای بنچینەکانی بکوژەکان دەگەڕێت و هەروەها هەوڵ دەدات زیاتر دەربارەی ڕابردووی تاهیر فێر ببێت.

یاریی ئەساسینس کرید ٣

ساڵی ٢٠١٢ دەرچووە، چیرۆکەکە باس لە ڕووداوەکانی شۆڕشی ئەمریکا دەکات لە نێوان ساڵانی 1753 و 1783. باس لە کاراکتەرێکی تر دەکات کە نیوەی ئینگلیزییە و نیوەکەی تری دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی مۆهۆکی هیندییە سوورەکان کە بە کۆنەر کێنوەی دەناسرێت. ماڵەکەی لەلایەن داگیرکەرانی بەریتانیاوە هێرش دەکرێتە سەری و ئەمەش هانی دەدات بچێتە ناو شەڕی دژ بە زوڵم و ستەمەوە.

یاریی ئەساسینس کرید: بلاک فلاگ

ساڵی ٢٠١٣ دەرچووە، یاریەکە باس لە ساڵی ١٧١٥ دەکات، پاڵەوانی یارییەکە ئێدوارد کێنوەی باپیری کۆنەر کێنوەی پاڵەوانی یاریی ئەساسینس کرید ٣ـە. ئێدوارد چەتەیەکی گەورەی ئینگلیزە.

یاریی ئەساسینس کرید: یونتی

ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە، یاریی ئەساسینس کرید: یونتی حەوتەمین بەشی زنجیرەی ئەم یارییەیە و تەواوکەری ڕووداوەکانی بەشی پێشووی یاریی ئەساسینس کرید: بلاک فلاگە. باس لە شۆڕشی فەڕەنسی و هۆکارەکانی دەکات.


سەرچاوەکان



366 بینین