ئەحمەد سالار

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-23-23:17:00 - کۆدی بابەت: 7879
ئەحمەد سالار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەحمەد سالار (بە ئینگلیزی: Ahmed Salar) هونەرمەند و نووسەرێکی کوردی بواری شانۆیە. یەکێکە لە کەسایەتییە دیارە هونەرییەکانی کوردستان و خزمەتێکی بەرچاوی کردووە بە هونەری کوردی.

ژیان

ئەحمەد سالار هونەرمەندێکی بواری شانۆیە، لە ١٩٤٧/٦/٢٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو کردووە. لە ١٤ ساڵییەوە دەستی کردووە بە نووسینی بەرهەمی هونەری. پاشان کۆلێجی هونەرە جوانەکانی لە شاری بەغداد تەواو کردووە و لە ١٩٦٧ لە ڕادیۆی کوردی بەغداد کاری کردووە. ساڵی ١٩٧٠ تیپی هونەریی قوتابیانی دامەزراندووە و ساڵی ١٩٧١ بووەتە سەرۆکی بەشی دراما لە ڕادیۆ. ساڵی ١٩٧٢ بەشی شانۆی لە ئەکادیمیایی هونەره جوانەکانی بەغداد تەواو کردووە. ساڵی ١٩٧٣ تیپی پێشڕەوی شانۆیی دامەزراندووە. لە بواری هونەریدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە لەوانە دامەزراندنی هەردوو تیپی هونەری پێشڕەو و سالار. لە ساڵی ١٩٧٧ لە ڤیستیفاڵی هونەری عێراق خەڵاتی باشترین دەرهێنەری وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩١ مامۆستای پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بووە. ساڵی ١٩٨٤ تیپی شانۆیی سالاری دامەزراندووە. ساڵی 1991 دەبێتە بەڕێوبەری تەلەڤزیۆنی کوردستان لە سلێمانی، دواتر لە ١٩٩٢ دەبێتە جێگری وەزیری ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەر لەو ساڵەدا دەستی لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە و دەبێت بە ئەندامی یەکەمی خولی پەرلەمانی کوردستان.

ساڵی ١٩٩٩ دەبێتە نەقیبی هونەرمەندانی کوردستان و لە ٢٠٠٥ دەبێتە سەرۆکی ڕێکخراوی هونەرمەندانی کوردستان و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری شانۆ کە دەگەڕێتەوە بۆ تیپەکەی، واتە تیپی شانۆیی سالار.

بەرهەمەکانی

ئەحمەد سالار زیاتر لە ٣٦ شانۆگەری نووسیوە و ٤٠ کتێبی بڵاوکراوەی هەیە کە ٢٤ـیان دەربارەی شانۆن. سەدان کاری شانۆیی کردووه وەک نووسەر و ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداری چەندین کاری درامی و سینەمایی کردووە، دەیان خەڵاتی ناوخۆیی و عێراقی وەرگرتووە.

  • سیزەرت لەبیربێ /ساڵی 1968
  • ڕۆمیۆ جۆلێت / ساڵی 1969
  • خەبات / ساڵی 1970
  • کاوەی ئاسنگەر / ساڵی 1970
  • من مرۆڤم / ساڵی 1970
  • گلۆر / ساڵی 1970
  • پێنج کەس لە هۆتێلێکدا / ساڵی 1970
  • لەژێر خۆڵەمێشەوە / ساڵی 1971
  • ئەوانەی لەژێرەوەن / ساڵی 1971
  • قبوڵ / ساڵی 1971
  • جەنابی موفەتیش / ساڵی 1971
  • ئۆتۆمۆبیلچی / ساڵی 1972
  • پیسکەی تەڕ پیر / ساڵی 1972
  • چاڵی جەرگی پیرێژن / ساڵی 1972
  • گوڵی خوێناوی ئۆپەرێن / ساڵی 1972
  • شەو چەره / ساڵی 2006
  • ئارەزوو / ساڵی 2018


سەرچاوەکان



693 بینین