ویپت

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-14-14:04:00 - کۆدی بابەت: 7978
ویپت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ویپت یان ویپتی ئینگلیزی (بە ئینگلیزی: Whippet)، یەکێکە لە جۆرەکانی سەگی ڕاو و جۆرێکی هێمن و زیرەکە، نشینگە بنەڕەتییەکەی لە ئینگلتەرا بووە بەڵام لە ئێستادا دەکرێت لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا هەبێت، ئەو باوانەی کە بەکارهاتووە بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە سەگە دیار و ئاشکرا نییە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە هەردوو باوانەکەی لە جۆرە ڕاوکەرەکانن، هەروەها سەرەتا لە ئینگلتەرادا دەرکەوتووە کە بۆ چەندین مەبەست بەکاریان هێناوە وەک، ڕاوکردنی کەروێشک، نمایشکردن، پێشبڕکێ لەگەڵ سەگی تردا یاخود بۆ فریودان و چەشەکردن، ناوی ویپتیش لە وشەیەکی ئینگلیزی کۆنەوە هاتووە کە بە واتای وەڕین دێت.

شێوەی دەرەوەی

ئەم جۆرە سەگە تایبەتمەندە بە سنگێکی قوڵ لەگەڵ کەمەرێکی باریک، ملی درێژ و کەوانەییە پەلەکانیشی لاوازن کە هاوکاری دەکەن لە وەرزش و پێشبڕکێ کردندا، کلکی کورتە و چاوەکانیشی گەورە و تیژن، هەروەها یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی شێوەی گوێچکەکانییەتی کە شۆڕبوونەتەوە، جەستەی بە فەرووی کورت داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک ڕەش، سپی، مەیلەو زەرد و بازوو، قەبارەی مامناوەندە درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٥٥ سانتیمەتر و کێشی دەگاتە ١٣ کیلۆگرام، ویپت سەگێکی خێرایە و دەتوانێت لە کاژێرێکدا زیاتر لە ٥٦ کیلۆمەتر ببڕێت، کە خێراترین سەگە بە گوێرەی کێشی جەستەی.

خۆراک

ویپت گیانەوەرێکی هەموو شت خۆرە، واتە لە هەمان کاتدا دەتوانێت گۆشت و ڕووەکیش بخوات،  بە گشتی ماڵیکراوە و لە سروشتدا ناژی هەر بۆیە خۆراکی گونجاو و دیاریکراوی هەیە، هاوشێوەی ئەو ژەمە خۆراکییانەیە کە بۆ سەگە ماڵییەکان ئامادە دەکرێت، خواردنەکە لە جۆری وشک بێت یان تەڕ ئاساییە بەڵام بڕ و ژەمی پێگەیشتووەکانی دیاریکراو و کەمە، جگە لە بێچووەکان کە دەبێت ژەمی زۆریان پێ بدرێت هەتا دەگەنە %٩٠ قەبارەی پێگەیشتنیان پاشان ژەمەکانیان کەم دەکرێتەوە، هەروەها ئەو جۆرە خۆراکانەی کە پێیان دەوترێت خۆراکی خاوی سەگ و ڕێژەیەکی زۆری پڕۆتینی تێدایە یەکێکە لە باشترین بژاردەکان، کە هاوکاری کرداری هەرسکردنی ویپتەکان دەدات. 

زۆربوون

مێینەی ویپت لە ساڵێکدا دەتوانێت دوو جار بێچووی ببێت، ماوەی سکپڕییەکەی شەش هەفتە دەخایەنێت بە دوایدا لە هەر جارێکدا دەتوانێت ١-١٠ بێچووی ببێت، بەڵام ناوەندی بوونی بێچووەکان شەش یان هەشت دانەیە، کێشی بێچووەکان لە سەرەتای لەدایکبوونیاندا زۆر کەمە و دوای نزیکەی ١٢ هەفتە دەگاتە  نزیکەی ٢.٥ کیلۆگرام، هەروەها لە تەمەنی ١٤ مانگدا بە تەواوەتی گەشە دەکەن و توانای زۆربوونیان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی سەگی ویپت دەگاتە نزیکەی ١٥ ساڵ.  

ماڵیکردن

ویپت جۆرێک سەگی گونجاوە و هاوشێوەی زۆرینەی جۆرەکانی تری سەگ دەکرێت ماڵی بکرێت، لەبەر ئەوەی سەگێکی هێمنە و کەم دەوەڕێت، دەکرێت ماڵیکردن و پەروەردەکردنی ئارامبەخش بێت، هەروەها لەگەڵ منداڵ و مرۆڤی نەناسراو و جۆرەکانی تری سەگدا بە خێرایی دەبێت بە هاوڕی، تەنها لەگەڵ پشیلەدا ناگونجێت شوێنی دەکەوێت، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر هەر لە سەرەتادا لەگەڵ پشیلەی ماڵیدا پێکەوە گەورەبکرێن ئەوا کێشەی نابێت، جگە  لە ئەمانەش ویپت سەگێکی سەلامەتە و نەخۆشی زۆر ناگرێت تەنها کۆمەڵیک نەخۆشی بەکتریایی دەگرێت ئەویش زۆر بە دەگمەن، بۆ ماڵیکردنی هەر گیانەوەرێک دەبێت پێویستییەکانی دابینبکرێت، ویپتیش پێویستی بە ئەم خاڵانە هەیە:

  • کەشوهەوای گەرم، چونکە فەرووەکەی کورتە و پارێزگاری لێناکات لە دژی سەرما و پلە گەرمییە نزمەکان.
  • جل لەبەر کردنی لە وەرزی زستاندا.
  • ڕاهێنان و ئەنجامدانی وەرزشی کەم، ویپت پێویستی بە مەودایەکی کەم هەیە بۆ ئەوەی ڕابکات تێیدا، بەڵام ئەگەر جێگەی نەبێ بۆ ڕاکردن و ڕاهێنان کردن ئەوا دەبێتە سەگێکی بێزار و وێرانکەر.
  • پێدانی بڕی گونجاوی خۆراک، چونکە خۆی لە بنەرەتدا سەگێکی لاوازە و قەڵەوبوون دەبێتە هۆی زیان بۆ جەستەی.
  • خاوێنکردنەوەی بە شێوەیەکی ڕێکخراو.
  • شانەکردنی فەرووەکەی، تەنها لە بەهار و پاییزدا مووەکانی دەوەرێت و لە ئەم کاتانەدا پێویستی بە شانەکردنی هەفتانە دەبێت.
  • لە کاتی جێهێشتنی بە تەنها لە ماڵەوە دەبێت کۆمەڵێک یاری و بوکەڵەی پێبدرێت بۆ کات بەسەر بردن.


سەرچاوەکان



379 بینین