هەتا کەی - کاکەی فەلاح

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-03-21-21:40:00 - کۆدی بابەت: 8023
هەتا کەی - کاکەی فەلاح

ناوه‌ڕۆك

هەتا کەی

شاعیر: کاکەی فەلاح

بەرهەم: دیوانی کاکەی فەلاح

شیعر: هەتا کەی

ئەگەرچی مات و بێ دەنگم، دەمم پڕهات و هاوارە
دڵیشم گەرچی ڕووناکە، دەروونم پڕ لە ئازارە

برینی سەخت و ناسۆری هەناو قەتماخە نابەستێ؟ 
سەرم سوڕماوە، تێ ناگەم هەتاکەی خوێنی ناوەستێ؟ 

هەتاکەی داخی جێ ماوی نەوەی ئەم کوردە داماوە؟ 
لەتەختی سینەما ئاخ و هەناسەی پڕ لە زووخاوە

هەتاکەی دەردی ناکۆکی لەناو ئەم قەومەدا باوە
هەزاران داخی ناسۆری بەسەر جەرگ و دڵا ناوە

هەتاکەی بۆیە یەک ئەگرین کە ئیتر پشتی یەک نەگرین
هەتاکەی پڕبەدڵ تواخوا بەدڵ بۆ حاڵی یەک نەگرین؟ 

هەتاکەی کردەوەی چاکە بە واتەی بەد بفەوتێنین؟ 
هەتاکەی تەڕ لەگەڵ وشکا بەبێ تاوان بسووتێنین؟ 

هەتاکەی زۆر دلێ گەورە بە چاوی کەم تەماشا کەین؟ 
لەڕەنجی پاک وپیرۆزی هونەرمەندانە حاشا کەین؟ 

هەتاکەی گیانی خەمخۆری کز و لاواز و بێ ڕەنگ بێ
وەکوو پەیکەر لە کونجێکی دەروونا مات و بێ دەنگ بێ؟ 

هەتاکەی بێخ و بنچینەی وەفا و ڕاست گۆیی بن کەن بێ؟ 
لەناو پەیوەندیی کۆمەڵدا وەفاداری بە دەگمەن بێ؟ 

هەتاکەی زۆر ڕەوشت و خوو نەچەسپێ شوێنەکەی لەق بێ؟ 
شکاتی گەردن و ئەستۆ لەسەر ئۆباڵی ناهەق بێ؟ 

هەتاکەی ژینی پیرۆز و تەمەن بدرێ بە دەم باوە
بەدەم بای عادەتی پووچ و قسە و ڕەفتاری بێ جاوە؟ 

***

کەس نەڵێ: گەورەم، تۆزە گەردێکە
ژاکاوی دەستی سووکە دەردێکە

خەزانی مردن کە گەڵای وەران
ون بووی ژێر خاکی پەنا بەردێکە


سەرچاوەکان



240 بینین