یووسف قەرزاوی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-03-26-13:34:00 - کۆدی بابەت: 8046
یووسف قەرزاوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یوسف عەبدووڵڵا قەرزوای (بە ئینگلیزی: Yusuf al-Qaradawi، بە عەرەبی: یوسف القرضاوي) بانگخواز و زانای میسڕی، سەرۆکی پێشووی یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە جیهاندا، لە ساڵی ١٩٢٦ـە و لە گوندێکی پارێزگای غەربیەی میسڕ لەدایکبووە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە، بۆیە مامی پەروەردەکردنی گرتووەتە ئەستۆ، تاکوو تەمەنی دە ساڵی هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە و بە تەواوی فێری هەموو یاسا و ڕێساکانی جوان خوێندنەوەی قورئان بووە. 

زانیاریی کەسی
ناوی تەواو یووسف عەبدوڵڵا قەڕزاوی
لەدایکبوون ١٩٢٦/٩/٩ لە گوندی سەفت توراب، پارێزگای غەربیە، شانشینی میسڕ
کۆچی دوایی ٢٠٢٢/٩/٢٦ لە تەمەنی ٩٦ ساڵی
شوێنی نیشتەجێبوون دەوحە، قەتەڕ
بیروباوەڕ ئەهلی سوننەی ئیسلام، ئەشعەری
منداڵەکان
عەبدولڕەحمان یووسف، ئیلهام قەرزاوی
ژیانی زانستی
ماوەی کارکردن ١٩٦٠ - ٢٠٢٢ 
قوتابخانەی دایک زانکۆی ئەزهەر (١٩٤٤-١٩٥٨)
پیشە ئیلاهیاتناس و نووسەر و شاعیر
زمانی دایک عەرەبی 
بوارەکان فیقھ، یەکێتیی نێودەوڵەتی زانایانی موسڵمان
پێگە
بەستەر پێگەی سەرەکی

قۆناغەکانی خوێندن

ـ لە دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی، چووەتە کۆلێجی بنەماکانی ئایین لە زانکۆی ئەزهەر و هەر لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ساڵی ١٩٥٣ بەدەستهێناوە، پاشان لە دوای ساڵێک مۆڵەتی وانە وتنەی زمانی عەرەبی لە هەمان زانکۆ پێدراوە.
ـ لە ساڵی ١٩٥٨ بڕوانامەی دیبلۆمی لە "پەیمانگای باڵا بۆ توێژینەوەی عەرەبی" بەشی زمان و ئەدەب بەدەستهێناوە.
ـ لە ساڵی ١٩٦٠ بڕوانامەی ماستەری لە  زانستەکانی قورئان لە کۆلێجی بنەماکانی ئایین بەدەستهێناوە، هەر لە هەمان زانکۆ لە ساڵی ١٩٧٣ بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی باڵا بەدەستهێناوە، تێزی دکتۆراکەی بە ناونشانی "زەکات و کاریگەرییەکانی لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان" بووە. 

پلە و پۆستەکانی

دکتۆر یوسف قەرزاوی لە سەرەتای ئەزموونی کارکردنی وەکوو وانەبێژی زمانی عەرەبی کاری کردووە، پاشان وەکوو چاودێری پەیمانگای پێشنوێژ و وتاربیژانی میسڕ کاری کردووە، دواتر بووە بە سەرپەرشت و چاودێری چاپکراوە ئیسلامییە ڕۆشنبیرییەکانی ئەزهەر لە میسڕ، هەروەها لە وڵاتی قەتەڕ لە ساڵی ١٩٦١ پەیمانگایەکی ئایینی تایبەتی دامەزراندووە و خۆیشی بووە بە بەڕێوبەر و لێپرسراوی ئەو پەیمانگایە، لە ساڵی ١٩٧٣ پەرەی بە کۆلێج و بەشەکانی پەیمانگاکەی قەتەڕ دا و بەشی کچانیشی کردەوە و بووە بەشێکی سەرەکی لە زانکۆی قەتەڕ، هەروەها لە ساڵی ١٩٧٧ کۆلێجی شەریعە و توێژینەوەی ئیسلامی لە زانکۆی قەتەڕ دامەزراند تاکوو ساڵی ١٩٩٠ بەڕێوبەڕی بەشەکانی بوو، بەهۆی پێگەی زانستی و تواناکانی ڕابەرایەتی زۆرێک لە نێردراو و کۆمەڵە و کۆبوونەوە ئایینی و زانستییەکانی وڵاتی قەتەڕ و میسڕ بووە لە وڵاتانی ئەفریقا نموونەی وڵاتی جەزائیر.
لە ساڵی ٢٠٠٤ دوای دروستبوونی یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانی وەکوو سەرۆکی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا، هەروەها بووەتە ئەندام و لێپرسراوی زۆرێک لە ڕێکخراوە زانستی و خێرخوازی و بانگخوازییە عەرەبی و جیهانییەکان نموونەی "کۆمەڵەی زانایانی ئیسلامی مەککە"، "ڕێکخراوی بانگخوازیی ئیسلامی لە خەڕتووم" و "ناوەندیی توێژینەوەی ئیسلامی لە ئۆکسفۆرد". 

بیروبۆچوونەکانی

قەرزاوی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو مێژووی جووڵانەوەی ئیخوان موسلمین و ڕۆڵی بەرچاوی لە نێو ئەو جووڵانەوەیەدا بینیوە، کاریگەر بووە بە ئیمامی غەزالی و حەسەن بەننا، هەمیشە کەسێکی نێوەندگێر و میانڕە و نوێخواز بووە، هەروەها لە بۆچوون و بڕیارەکانیدا ڕەچاوی بەرەوپێشچوون و گۆڕانکارییەکانی سەردەم کردووە و لەگەڵ بنەماکای ئیسلام گونجاندویەتی و نوێکاری لە زۆر بواردا کردووە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلامدا بگونجێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە زۆرێک لە بڕیار و فەتوا فیقهی و ئایینییەکانی مشتومڕی زۆری لەسەر کراوە، زۆر لایەن دژایەتیان کردووە. 

ئەزموونی بانگەوازیی

هەر لە قۆناغی ئامادەییەوە بووەتە ئەندامی ئیخوان موسلیمین لە میسڕ، بەوهۆیەوە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٤٩ چەندان جار ڕاپێچی زیندان کراوە، لە ساڵی ١٩٥٤ بەر لێشاوی گرتنی ئەندامەکانی ئیخوان کەوت و لەلایەن حکوومەتەکەی جەمال عەبدوولناسڕەوە دەستگیر کراوە.
هەر لە سەرەتای شەستەکانەوە زۆرێک لە کتێب و بیروبۆچوون و بەرهەمەکانی بوونەتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ جیهانی ئیسلامی و توێژەران و زانستخوازانی ئیسلامی، بەشداربووە و ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە بنیاتنان و دامەزراندنی زۆرێک لە دامەزراوە ئیسلامی و زانستی و خێرخوازیی ئابوورییەکانی جیهان.
بەهۆی پاڵپشتی کردنی جووڵانەوەکانی فەڵەستین و هەڵوێستەکانی دژی ئیسڕائیل، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا بۆ چەندان ساڵ ڕێگریان لێ کردووە کە سەردانی وڵاتەکەیان بکات، هەروەها لە وڵاتی میسڕ بۆ ماوی ٣١ ساڵ ڕێگریان لە وتاردانی کرد، هەریەک لە ئیماڕات و سعوودیە و میسڕ دژایەتییەکی زۆری بڕیارەکانیان کردووە.
لە ساڵی ٢٠١١ تەنها دوای چەند ڕۆژێک لە هەرەسهێنانی دەسەڵاتەکەی حوسنی موبارەک توانی وتاری هەینی لە "مەیدانی تەحریر"ـی  قاهیرە بۆ خۆپیشاندەران بدات و هەمیشە لەگەڵ شۆڕشگێڕانی میسڕ بووە، بۆیە هەڵوێستی هەبوو بەرانبەر بەهاری عەرەبی و شۆڕشەکانی لیبیا، تونس، یەمەن و سووریا، هەروەها پاڵپشتی خۆپیشاندەران و شۆڕشگێرانی وڵاتانی عەرەبی کردووە و دژی ڕژێم و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی وڵاتانی عەرەبی و هەڵوێستەکانیان بووە.

لە ساڵی ٢٠٠٨ بەپێی ڕاپرسییەکی گۆفاری "فۆڕین پۆڵسی" ئەمریکی و گۆڤاری "پڕۆسپێکتی" بەریتانی یوسف قەرزاوی وەکوو سێیەم کاریگەرترین بیست کەسایەتی جیهان دەستنیشان کراوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٩ بەپێی کتێبێک کە ناوەندی پادشایەتی لە ئوردن دەریکردبوو، وەکوو ٣٨ـەم کاریگەرترین پێنجسەد کەسایەتی ئیسلامی دیاریکرا.

بەرهەمەکانی

شێخ قەرزاوی کۆمەڵێک بەرهەمی بەپێزی هەیە، نزیکەی ١٧٠ کتێبی نووسراوی هەیە و ناوەڕۆکی بابەتەکانی پەیوەستن بە بیر و هزری ئیسلامی نموونەی بوارەکانی زانستی قورئان، فیقهـ، بنەماکانی ئایینی ئیسلام، تەسەوف و ئەدەبی ئیسلامی و شیعر، ژیاننامە و ڕێبازی پێغەمبەر ﷺ، گرنگترین بەرهەمەکانی بریتیین لە:
ـ عەقڵ و زانست لە قورئانی پیرۆز 
ـ حەڵاڵ و حەرام لە ئیسلامدا
ـ فیقهـی زەکات
ـ فیقهـی جیهاد
ـ ئیسلام و علمانییەت ڕووبەڕوو
ـ ئارامگرتن لە قورئاندا
ـ ڕۆڵی بەهاکانی ئیسلام لە ئابووری ئیسلامی

ڕێزلێنان و خەڵاتەکانی

شێخ یوسف قەرزاوی زۆرێک ڕێزلێنان و خەڵاتی بەپێزی جیهانیی بەدەستهێناوە گرنگترینیان:
ـ لە ساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی "بانکی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان" لە بواری ئابووریدا بەدەستهێناوە
ـ لە ساڵی ١٩٩٤ خەڵاتی "مەلیک فەیسەڵ"ـی جیهانی لە بواری توێژینەوەی زانستی ئیسلامی
بەدەستهێناوە
ـ لە ساڵی ١٩٩٦ لە مالیزیا خەڵاتی بەخشینی زانستی تایبەتی لە زانکۆی ئەو وڵاتە بەدەستهێناوە
ـ لە ساڵی ١٩٩٧ خەڵاتی "سوڵتان حەسەن"ـی لە فیقهـی ئیسلامی بەدەستهێناوە
ـ لە ساڵی ١٩٩٩ خەڵاتی "سوڵتان عوەیسی ڕۆشنبیری" بەدەستهێناوە
ـ لە ساڵی ٢٠٠٠ خەڵاتی "دووبەی بۆ قورئانی پیرۆز" بەدەستهێناوە
ـ لە ساڵی ٢٠٠٨ خەڵاتی ڕێزلێنانی بۆ توێژینەوە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی قەتەڕ پێبەخشراوە
ـ لە ساڵی ٢٠١٠ مەدالیای ڕێزلێنانی لەلایەن حکوومەتی ئوردنەوە پێبەخشراوە 

ژیانی تایبەتی

قەرزاوی بەشێکی زۆری ژیانی لە وڵاتی قەتەڕ بەسەربردووە، دوو ژنی هێناوە کە یەکەمیان خانمێکی بە ڕەچەڵەک میسڕییە و لە ساڵی ١٩٥٨ـەوە هاوسەرگیرییان کردووە و خاوەن چوار کچ و سێ کوڕن و منداڵەکانی پلە و پێگەی زانستی بەرزیان بەدەستهێناوە، کچە گەورەکەی بە ناوی "ئیلهام قەرزاوی" مامۆستا و پڕۆفیسۆری فیزیای ئەتۆمییە، "سوهام قەرزاوی" پلەی دکتۆرای لە بواری کیمیادا بەدەسهێناوە، ژنی دووەمی بە ڕەچەڵەک جەزائیرییە لە ساڵی هەشتاکانەوە ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە.

کۆچی دوایی

ڕۆژی دووشەممە لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٩/٢٦ قەرزاوی لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



1072 بینین