دەرئەنجامەکانی هەبوونی چەند کارێک لەیەک کاتدا 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-15-15:52:00 - کۆدی بابەت: 8256
دەرئەنجامەکانی هەبوونی چەند کارێک لەیەک کاتدا 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەبوونی چەند کارێک پێکەوە و لەیەک کاتدا واتە کەسێک لە ژیانیدا زیاتر لە یەک کار ئەنجام بدات، ئەمە شتێک نییە کە هەموان حەزی لێ بکەن، بەڵام هەندێک کاتیش هەبوونی کارێکی زیادە پێویستییەکە و سوودی هەیە بۆ خاوەن کارەکە و فێری کاری جیاواز و ئەزموونی زیاتر دەبێت.
هەر کەسێک و بە هۆکارێک دەیەوێت چەند کارێکی هەبێت لە یەک کاتدا، هەندێک بەهۆی باری ماددییەوە، یان بۆ فێربوونی کاری جیاواز، یاخود پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکان، ئەمەش دەتوانێت کۆمەڵێک سوود و زیانی هەبێت.

سوودەکانی

  • فێربوونی توانای نوێ 
  • پەیداکردنی پارەی زیاتر
  • دروستبوونی پەیوەندی لە نێوان کاری پیشەیی و لێهاتووییدا

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەکرێت چەند کێشەیەکیش بەدوای خۆیدا بهێنێت وەک:

  • کەمبوونەوەی کات
  • زیادبوونی فشاری دەروونی
  • کەمتر دەتوانیت بە کارەکانی ڕۆژانەت بگەیت
  • کەمبوونەوە و سنوورداربوونی پەیوەندی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانتدا

بۆ ئەوەی بتوانیت ڕووبەڕووی ئەمانە ببیتەوە گرنگترین کار ئەوەیە کە بتوانیت کۆنتڕۆڵی کاتت بکەیت و بۆ ئەمەش کۆمەڵێک خاڵ جێبەجێ بکە:

تێنووسی پلان بەکاربهێنە

بۆئەوەی کە کارەکان و کاتی پەیوەندییەکانی ڕۆژانەت بیرنەچێتەوە دەبێت بەرنامە و پلانی ئەو ڕۆژەت لە تێنووسێکدا بنووسیتەوه، ئەمە وادەکات کە لەبەرچاوت بێت و ئەگەریش بەهۆی سەرقاڵییەوە هەر کارێکت بیرچوویەوە بە سەیرکردنی تێنووسەکەت بیرت دەکەوێتەوە.

بەڕێوەبەران ئاگاداربکەرەوە

کاتێک چەند کارێکت هەیە پێکەوە بەڕێوبەرانی کارەکانت لەمە ئاگاداربکەرەوە و با بزانن کە جگە لەم کارە کاری ترش دەکەیت، ئەمە وادەکات بتوانن بەپێی پێویست یارمەتیت بدەن.

ڕیزبەندی

کاتێک کارەکانت لە تێنووسەکەتدا نووسیوە بەپێی ڕیزبەندی لە گرنگترین کارەوە دەست پێ بکە و دوای ئەنجامدانی هەر کارێکیان خەتێک بهێنە بەسەریدا تاکوو لێت تێکنەچێت.

لە کاتی پێویستیدا داوای هاوکاری بکە

کاتێک چەند کارێکت دەبێت و ناتوانیت بەپێی پێویست بە هەموو کارێکی تر ڕابگەیت واباشترە کە داوای هاوکاری بکەیت لە کەسانی دەوورووبەرت، بۆ نموونە داوا لە کەسێک بکە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک منداڵەکەت بۆ بەخێو بکات یاخود لە کارێکی ماڵەوەدا یارمەتیت بدات.

کارەکان سادە بکەرەوە

کارەکانی ڕۆژانەت سادەتر بکەرەوە تاکوو کەمتر تووشی فشاری دەروونی ببیت بەهۆی هەبوونی چەند کارێکەوە وەک:

لەجێی ئەوەی هەموو ڕۆژێک چەند کاتژمێرێک بچیتە هۆڵی لەشجوانی، پیادەڕەوی یاخود پایسکیلسواری بکە تاکوو دەگەیتە شوێنی کارەکەت.

خواردنی خێراتر لێبنێ

ئەو خواردنانەی کە قوورستر دروست دەکرێن لە کاتێکی بەتاڵیدا زۆریان لێ درووست بکە و لە ساردکەرەوەدا دایبنێ بۆ ڕۆژانی سەرقاڵی.

سنووری نێوان کار و ژیانت ڕەچاوبکە

کاتێک چەند کارێکت هەیە لەوانەیە لە کارێکیاندا نوقم ببیت و کارەکەی تر بەباشی ئەنجام نەدەیت یاخود گرنگییەکی باش نەدەیت بە خێزان و هاوڕێکانت، بۆیە دەبێت کە سنوورێک دابنێیت و هاوسەنگی بپارێزیت.

کۆنتڕۆڵکردنی فشاری دەروونی

پێویستە چەند ڕێگایەک بەکاربهێنیت و کۆنتڕۆڵی فشاری دەروونیت بکەیت:

خۆت ڕابهێنە لەگەڵ بارودۆخەکەدا

هەبوونی دوو یاخود سێ کار بە واتای خێرابوونی ڕێڕەوی ژیانت دێت و پێویستە بتوانیت ڕۆژانە کارەکات خێرا ئەنجام بدەیت و کەمتەرخەمی نەکەیت تێیاندا.

ڕۆژێکی هەفتە تایبەت بکە بە خۆت

ڕۆژێکی تایبەت لە هەفتەکەدا دابنێ بۆ خۆت و دوورکەوە لە هەموو کارەکان و ئەو کارە ئەنجام بدە کە پێت خۆش بووە بیکەیت و بەڵام بەهۆی سەرقاڵییەوە کاتت نەبووە.

پەیوەندیت مەپچڕێنە لەگەڵ خزم و هاوڕێکانتدا

هەرچەندیش سەرقاڵ بیت دەبێت ئاگاداری پەیوەندیت بیت لەگەڵ خزم و هاوڕێکانتدا و ڕۆژانه نیو کاترمێرێک تەرخانبکە بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوە بکەیت و هەڵبەتە تەنها پەیوەندی بەس نییە و دەبێت کاتیش دابنێیت بۆ بینینیان.

لەبیرنەکردنی خەوی پێویست

هەبوونی چەند کارێک پێوویستی بە وزەیە، بەشێک لە وزەی ڕۆژەکەشت لەڕێگەی خەوی پێویستەوە دەست دەکەوێت، بۆیە لە هەر بارودۆخێکدا خەوی پێویست لەیاد مەکە و ئەگەریش ماوەیەک خەوت کەم و ناڕێک بوو چەند ڕۆژێک تەرخان بکە بۆ قەرەبووکردنەوەی.

بە خۆت ڕابگە

زۆرجار ئامانجت بەدەست خستنی پارەیەکی زیاترە بەڵام ئەگەر بەردەوام کار بکەیت و پارەکەت هیچ سوودێکت پێ نەگەیەنێت سوودی نابێت، بۆیە لەو پارەیەی کە دەستت دەکەوێت تاکوو ڕادەی پێوویست خزمەتی خۆتی پێ بکە.

کاری دووەمت ئاسانتر بێت

کاتێک لەیەک کاتدا دوو کار یان زیاتر دەکەیت هەمیشە با کارەکەی ترت بەجۆرێک ئاسانتر و سادەتر بێت، بۆ نموونە کاتێکی کەمتر ببڕیت بۆ ڕۆشتنت بۆ سەر کار.

چەند خاڵێکی گرنگ

ئەو کەسانەی چەند کارێک دەکەن دەبێت هەندێک خاڵی گرنگ ڕەچاوبکەن:

هەڵبژاردنی باشترین کاری دووەم

پێویستە لەگەڵ کاری یەکەمتدا کاری دووەمت جیاواز بێت و ئەم تایبەتمەندییانەی هەبێت:

  • چێژبەخش بێت و زانیاری زیاترت پێ بدات و ئەزموونی لێ وەربگریت.
  • داهاتێکی باشی هەبێت بەپێی ئەوکاتە کە بۆی تەرخان دەکەیت.
  • کارێکی قوورس نەبێت و ناچارنەبیت ڕێگای زۆری بۆ ببڕیت.

ئاگاداری سەرنجتدانت بە

مێشکی مرۆڤ بەجۆرێک نییە کە لەیەک کاتدا بتوانیت کۆمەڵێک کار بکەیت و نابێت هەردوو کارەکە پێکەوە بکەیت، دەبێت هەریەکەیان و لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەیت.

ئاگاداری کوالێتی بە

کاتێک دوو کارت هەیە ئەمە توانا و بەهرەداری تۆ دەردەخات، بەڵام دەبێت وریای کوالێتی کارەکانت بیت و بەهۆی سەرقاڵییەوە یەکێک یاخود هەموو کارەکانت کوالێتییان دانەبەزێت و شکست نەهێنیت تێیاندا.

وریابە ئەگەر کارەکەت دەدەیت بە کەسێکی تر

ئەگەر ناتوانیت هەموو کارەکانت بکەیت و ناچاریت کاری دووەم و سێیەمت بدەیت بە کەسێک کە لە جێگای تۆدا ئەنجامی بدات، ئەوە وریابە کە گونجاوترین کەس بدۆزیتەوە بۆ ئەو کارە چونکە ئەو کەسە وەک نوێنەرێکی تۆ کار دەکات و هەر هەڵەیەکی لەسەر تۆ دەکەوێت، بەباشی کارەکەی بۆ ڕوونبکەرەوە و هەر پرسیارێکی هەبوو یارمەتی بدە.


سەرچاوەکان



546 بینین