تەوێڵە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-18-02:09:00 - کۆدی بابەت: 8301
تەوێڵە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شارۆچکەی تەوێڵە یان گوندی تەوێڵە (بە ئینگلیزی: Tawella، بە عەرەبی: طويلة) گوندێکی گەورەیە و کەوتووەتە ناحیەی خورماڵ، لە پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان. لە باکوورەوە لەگەڵ گوندی کێمنە، لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی پاڵانیان، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی زەفەر و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ گوندی بەڵخە هاوسنوورە.

مێژوو

مێژووی دروستبوونی ئەم ناوچەیە نەزانراوە بەهۆی دێرینیی ناوچەكەوە، جوانی سروشتەكەی زۆری باخ و باخات و كانیاوی شێوەیەكی جوانی دڵڕفێنی بەخشیوەتە ناوچەكە، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر نووسەر و شاعیر و ئەدیب و مێژوونووس و پیاوانی ئایینی، بۆیە زۆربەیان لە نووسینەكانیاندا ئاماژەیان پێداوە، وەك مامۆستا (عەبدولڕەقیب یوسف، معبدولغەفوور، شاكرخەیبان، مامۆستا عەبدولڕەزاق، شاكر فەتاح و گۆرانی شاعیر) و زۆری تریش. 

لە مێژووی ڕێبازی تەسەوفدا ئەم ناوچەیە پێگەیەكی دیاری هەبووە و بە ئەزهەری كوردستان ناوی براوە. کولتوورێکی گەورەی هەورامی و شێوەزاری هەورامی بەسەر ناوچەکەدا زاڵە و ناوچەکە دوورە لە زۆرینەی نەریتە دواکەوتووەکانی وەک: (ژن بە ژن، گەورە بە بچووک، شیربایی). گەورەترین خانەقای ئەو ناوچەیە لە تەوێڵەدایە بووەتە مەملەكەتی عیشقی سەدان دانای ئایینی وەك (مەولەوی و شێخ سیراجەددین شێخ بەهادین و شێخ عوسمان).

ناوی تەوێڵە

سەبارەت بە ناولێنانی تەوێڵە چەند ڕاوبۆچونێکی جیاواز هەن کە گرنگترین و باوترینیان ئەمانەن:

  • هەندێک پێیان وەهایە کە لەوەوە هاتووە کاتێک دەچیتە ناو شارەدێی تەوێڵەوە ئەو شاخەی دەکەوێتە بەرامبەر دەروازەی سەرەکی شێوەی لە ناوچەوانی مرۆڤ دەچێت کە لە هەورامیدا بە ناوچەوان دەگوترێت (تەوێڵ).
  • هەندێک پێیان وەهایە ئەوکاتەی سوپای ئیسلام گەیشتۆتە ئەم شوێنە گوتویانە (اودیة طویلة) واتە دۆڵی درێژ، بۆیە هەر لەوەوە ئەم ناوەی بەسەردا بڕاوە.
  • هەندێکی تر ڕایان وەهایە پێش دروست بوون و ئاوەدانکردنەوەی تەوێڵە لەو جێیەی کە ئێستا ڕێگەی تەوێڵە و دزاوەرە شارێک هەبووە بە ناوی (شاری تارتێبا) کە ئێستا پێی دەگوترێت (دەرەو تەرتیبا و دەمەو شێنا)، شوێنەواری ئەم شارە تا ئێستاش ماوەتەوە، ئەم بۆچوونە دەڵێت دە کەس ئەو شارەیان بەجێهێشتووە و لە تەوێڵەی ئێستادا نیشتەجێبوون و خەڵکی تەرتیبا پێیان گوتون (دە وێڵە) پاشان ناوەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بووەتە (تەوێڵە).
  • لە تەوێڵە دارێکی خۆڕسکی بەردار هەیە کە پێی دەگوترێت (تایلە) و بۆ چارەسەری نەخۆشی تاعوونیش بەکارهێندراوە، بۆیە هەندێک دەڵێن ناوی تەوێڵە لەم دارەوە هاتووە.

قەڵاکان

چەندان قەڵا لە تەوێڵە بوونیان هەیە و تا ئێستاش پاشماوەیان ماوەتەوە کە ئەمانەن:

  • قەڵا بۆزان
  • قەڵا گاوران
  • قەڵای ویسورە
  • قەڵا مسین

کە قەڵای بۆزان شوێنەواری هۆزی بووزی مادەکان بووە و یەکێکە لەو هۆزانەی بناغەدانەری دەوڵەتی میدیا بوون کە بەم پێیە بێت دەگەڕێتەوە بۆ (٧٠٠ ساڵ پێش زایین).

پیشە و دەستڕەنگینی

تەوێڵە لە ڕووی پیشە دەستییەکانەوە لە پلەیەکی زۆر بەرزدایە و کەسانێکی زۆر سەرقاڵی ئەو کارەن. پەرەیان بە کڵاش داوە و باشترین جۆری کڵاش لە تەوێڵە دروستکراوە بەناوی کڵاشی ئەبووبەکری، هەروەها  کارامەییان لە هەموو ئەو شتانەدا دەرکەوتووە کە دروستیان کردووە و بەکارهێناوە وەکوو (ڕانکوچۆغە و پێڵاو و کڵاش و مشکی و کراس و جاجم و چەقۆ). هەروەها لە شێوازی دروستکردنی خانوو و باخەکاندا چەندین شێوازی جوانکارییان بە بەرد و دار بەکارهێناوە. 

بەشیکی زۆری خەڵکی تەوێڵە بەهۆی بوونی (سنووری هەرێمیی شوشمێ) خەریکی کاری قاچاخچێتیین و لەو ڕێیەوە بژێوی خۆیان پەیدا دەکەن.

خزمەتگوزاری

لە ساڵی ١٩٢٨ قوتابخانە براوەتە ئەم ناوچەیە، هەریەک لە مامۆستا گۆران و فایەق بێکەس تێیدا وانەیان وتووەتەوە. لە  ١٩٥٦/٩/٢٦ دوای سەردانێکی وەلی عەبدوڵڵا کارەبا و ئاوی بۆھاتووە. 

سەختی ناوچەکە و تەسکی کۆڵانەکانی بەشێک لە گەڕەکەکانی شارەدێی تەویڵەی ناوچەی هەورامان، وای لە شارەوانی تەوێڵە و کۆمپانیاکانی پاککەرەوە کردووە پەنا بۆ بەکار هێنانی وڵاخ بەرن بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک. 

لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەکی گەورەیە، بەڵام هیچ بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوەی لێ نییە و بۆ هەر ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە پێویستە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لە شارەکانی خورماڵ و هەڵەبجەوە داوا بکرێن.

مزگەوتەکان

تەوێڵە خاوەنی شەش مزگەوتە بە ناوەکانی:

  • مەلا نەزیری گەورە
  • باساکا
  • بابا ئەسکەندەر
  • مزگەوتی گەورە
  • کاکڵە پیرۆز
  • خانەقا

مزگەوتی گەورە لەدوای گەیشتنی ئیسلام بە ناوچەکە دروست کراوە و ساڵی ١٩٢٧ و ١٩٤٧ نۆژەنکراوەتەوە. دواتریش لە ١٩٩٨ دروست کراوەتەوە. ڕووبەری مزگەوتەکە ٢٥٠٠ مەتری دووجایە و پێنج نوێژە نووسراوەکە و نوێژی ھەینی و دوو جەژنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت. مزگەوتی مەلا نەزیری گەورەش لە ساڵی ٢٠١٤ دروست کراوە و  نوێژە فەرزەکان و فەرز و سوننەتەکانی مانگی ڕەمەزانی تێدا ئەنجام دەدرێت. مزگەوتی مەلا نەزیر قورئانێکی تێدایە کە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨١٠ـی زایینی، ئەو قورئانە دەستنووسە ٣٣ـیەمین لەبەرگیراوەی دەستنووسی قورئانە کە حاجی مەلا نەزیری گەورەی تەوێڵە بە دەستی خۆی نوسیویەتیەوە.

سروشت

ناوچەی تەوێڵە لە هەموو لایەکانەوە بە شاخ و لوتکەکانی (خەڵەفی و کەمەر سپی و قەڵا میرزا) دەورە دراوە، هەروەها هەردوو چەمی دزاوەر و ئاوێسەر لە ناوەڕاستی بازاڕی تەوێلەدا یەکدەگرن و بەرەو خوار دەکشێن.

کارگێڕی

تەوێڵە دەکرێتە سێ گەڕەکی سەرەکی کە ئەوانیش (چلانە و مالێدەر و وەراوەر)ـن.


سەرچاوەکان

345 بینین