کەمبوونەوەی ئاوی جەستە لە کاتی ڕۆژووگرتندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-21-00:01:00 - کۆدی بابەت: 8337
کەمبوونەوەی ئاوی جەستە لە کاتی ڕۆژووگرتندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئاو باشترین خواردنەوەیە بۆ جەستەی مرۆڤ، یەک لەسەر سێی جەستەی مرۆڤ لە ئاو پێکهاتووە، هەر بۆیە ئاو ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی کار و فەرمانەکانی جەستەدا، جەستە ناتوانێت ئاو بهێڵێتەوە لە خۆیدا و بە هۆکاری جیاواز بەردەوام دەکرێتە دەرەوە، بۆیە بەشێوەیەکی ئاسایی مرۆڤەکان ڕۆژانە دەبێت هەشت بۆ ١٢ پەرداخ ئاو بخۆنەوە.
لە مانگی ڕەمەزاندا و لە کاتی ڕۆژووگرتندا جەستە تووشی کەمبوونەوەی ئاو دەبێت، بەڵام دەبێت بتوانرێت ڕێگری بکرێت لەم کەمبوونەوەیە تاکوو زیانی نەبێت بۆ جەستە.

بڕی پێویستی ئاو

بەگشتی ڕۆژانە نزیکەی خانمان پێویستیان بە ٢.٢ لیتر ئاو و پیاوان پێویستیان بە ٢.٨ لیتر ئاو هەیە، ٪٦٠ـی جەستەی پیاوان لە ئاو پێکهاتووە، بەڵام لەبەرئەوەی جەستەی خانمان بڕی چەوری زیاترە بۆیە ٪٥٠ بۆ ٪٥٥ـی جەستەیان لە ئاو پێکهاتووە.
نزیکەی ٪٢٠ـی شلەمەنی لە خواردنەکانەوە دەستمان دەکەوێت و ئەوی تری لە ڕێگەی شلەمەنیی و خواردنەکانەوە وەک: ئاو، قاوە، چا، شیر.

لەدەستدانی ئاو

  • لە کاتی هەناسەدان لەگەڵ هەوادا کەمێک لە ئاویش لە جەستە دێتە دەرەوە
  • لە کاتی ئارەقکردنەوەدا ئاوی جەستە لەدەست دەدەین تاکوو جەستە سارد ببێتەوە
  • لە کاتی میز و پیسایی کردندا 

سوودەکانی

  • جەستە پڕ وزە و چالاک دەکات
  • پلەی گەرمی جەستە ڕێک دەخات
  • یارمەتی کۆئەندامی هەرس دەدات
  • ماددە خۆراکییەکانی جەستە دەجووڵێنێت و یارمەتی نەرمبوونەوەی جومگە و ماسولکەکان دەدات
  • ماددە زیادەکانی جەستە دەکاتە دەرەوە و یارمەتی کارەکانی ڕیخۆڵە دەدات

کێن ئەوانەی پێویستیان بە ئاوی زیاترە؟

منداڵ

هەرچەندە  کە جەستەیەکی بچووکی هەیە بەڵام پێویستی بە ئاوی زۆرە.

بەتەمەن

کەسانی بەتەمەن کەمتر هەست بە تینوێتی دەکەن بەڵام دەبێت ئاوی زۆر بخۆنەوە، مەرج نییە تەنها تینوویان بوو ئینجا ئاو بخۆنەوە.

وەرزشکاران

وەرزشوانەکان لەبەرئەوەی وەرزشی زۆر دەکەن و جووڵەیان زۆرە، زۆریش ئارەق دەکەنەوە و ئاوێکی زیاتر لەدەست دەدەن هەربۆیە پێویستە ئاوی زیاتر بخۆنەوە.

نیشانەکانی کەمی ئاوی جەستە

  • تینوێتی
  • وشکبوونەوەی دەم و لێو
  • سووربوونەوەی پێست
  • ماندوویەتی و بێتاقەتی
  • سەرئێشە، سەرگێژخوواردن، بوورانەوە
  • دابەزینی پەستانی خوێن
  • میزی زەرد یاخود خوێناویی و هەبوونی بۆنێکی توند لە میزەکەدا
  • نەبوونی فرمێسک
  • کەشەنگبوونی ماسولکەکان
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • خێرا لێدانی دڵ و هەناسە کورتی

ڕێنوێنی بۆ ڕێگریکردن لە کەمبوونەوەی ئاو 

خواردنەوەی ئاو

هەموو شەوێک جەستەت ئامادە بکە بۆ بەیانی کە بەڕۆژوو دەبیت، دوای بەربانگ تاکوو پارشێو ئاو لە نزیکی خۆتەوە دابنێ و بیخۆرەوە، دەبێت ڕۆژانە ٣ لیتر ئاو بخۆیتەوە بەڵام ئەگەر شیرینی یاخود ماددە کافایینەکان زۆر دەخۆیت دەبێت بڕی خواردنەوەی ئاو زیاتر بکەیت.

جلی گونجاو

دەبێت ئەو جلانەی لە کاتی بەڕۆژووبووندا لەبەری دەکەیت گونجاو بێت، بەتایبەت کاتێک کەشوهەوا زۆر گەرم بێت و تیشکی خۆر زۆر بێت، کاتی چوونە دەرەوە دەبێت جلی فێنک و ڕەنگ کاڵ لەبەربکەیت تاکوو گەرما ڕانەکێشێت و نەبێتە هۆی زیاتر تینوێتی و وشکبوونەوە.

خۆشۆردن بە ئاوی سارد

دوای چەند ڕۆژێک لە ڕۆژووگرتن تینوێتی لەلات ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە تینووت نەبێت، ئەگەر هەستێکی زۆری تینوێتیت هەبوو یاخود یەکێک لە نیشانەکانی کەمبوونەوەی ئاوی جەستەت هەبوو، ئەوا پێنج بۆ دە خولەک بڕۆ ژێر دوشی ئاوی سارد و خۆتی پێ بشۆ.
ساردی ئاوەکە با ئاسایی بێت نەک ئەوەندەی کە بەرگەی نەگریت، ئەگەر لە شوێنێکیت کە ناتوانیت بە ئاوی سارد خۆت بشۆیت، خاولییەک بە ئاوی سارد تەڕ بکە و لەسەر سەر و ڕووخسارتی دابنێ.

نەخواردنەوەی ئاوی سەهۆڵاو

ئەو کاتەی کە ئاوی سەهۆڵاو دەخۆیتەوە بەخێرایی تینوێتیت ناهێڵێت، بەڵام سوودی نییە و بۆماوەیەکی باش بەشێداری ناتهێڵێتەوە.

خواردنی گونجاو

ئەو خواردنانە هەڵبژێرە کە یارمەتی شێداری جەستە دەدەن، بۆ نموونە سەوزە و میوەکان، دوورکەوەرەوە لەو خواردنانەی کە ئاوی جەستە کەم دەکەنەوە وەک خواردنە شیرینەکان و ئەوانەی ماددەی کافایینیان زۆر تێدایە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە خواردنی سوێریش کە وادەکات جەستە پێویستی بە ئاوی زۆربێت.
 لە بەربانگەوە تاکوو پارشێو بەردەوام شلەمەنی و ئاو و سەوزە و میوە بخۆ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لە یەک کاتدا بڕێکی زۆر ئاو مەخۆرەوە بەسەریەکەوە.

وەرزشکردن

هەرچەندە وەرزشکردن وادەکات جەستە ئارەق بکاتەوە و بە ئارەکردنەوەش ئاوی جەستە دەڕوات، بەڵام ڕێگایەکە تاکوو ئەو ماددە ژەهراویی و زیانبەخشانەی کە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاوی جەستەن بێنە دەرەوە.
دوو بۆ سێ کاتژمێر دوای ئێوارە وەرزش بکە و چەند ئاو لەدەست دەدەیت لەوکاتەدا دواتر ئەوەندە بخۆرەوە.


سەرچاوەکان



667 بینین