نیشانەکانی کەمی متمانە بەخۆبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-29-21:35:00 - کۆدی بابەت: 8433
نیشانەکانی کەمی متمانە بەخۆبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەموو کەسێک بەوەدا تێپەڕیووە لە چەند ساتێکی ژیانیدا شەرم بکات و بترسێت لەوەی کە ڕای خۆی بڵێت یاخود کارێک ئەنجام بدات، هەربۆیەش متمانە بەخۆبوون لەدەست دەدەن.
کاتێک بەهەڵە بیر لە هەموو شتێک دەکەیتەوە و بەردەوام چاوەڕێی شکستیت دەترسیت لەوەی کارێک ئەنجام بدات واتە تۆ متمانەت بەخۆت نییە.

نیشانەکان چین؟

خۆسەرقاڵکردن 

ئەو کەسانەی کە متمانەیەکی کەمیان بەخۆیان هەیە، لەناو کۆبوونەوەکاندا ئاسوودە نین بەتایبەت کاتێک کە هاوڕێ و دۆستێکی ئاشنایان لەوێ نییە، قسەکردن لەو کۆبوونەوانەدا زۆر قوورسە بەلایانەوە، بەردەوام هەوڵ دەدەن بە ڕێگای جیاواز خۆیان سەرقاڵ بکەن تاکوو دووربن لە کەسانی دەوروبەریان، ئەم کەسانە زۆرجار خۆیان مەشغوڵ دەکەن بە مۆبایلەوە یاخود کارێک دەدۆزنەوە تاکوو دووربن لەوێ.
بۆیە ئەگەر لە کۆبوونەوەیەکدا بوویت بەسەر خۆتتدا زاڵ ببە و دەست مەبە بۆ مۆبایلەکەت و خۆت سەرقاڵ مەکە، بیر لەوە بکەرەوە کە جیاوازیت نییە و دەتوانیت گفتوگۆ بکەیت.

بەخێرایی ڕازی دەبن

ئەو کەسانەی کە متمانەیەکی کەمیان بەخۆیان هەیە، لە گفتوگۆ و قسەکاندا ناتوانن کەسی بەرانبەر ڕازی بکەن، هەروەها کاتێکیش کە هەق بە کەسی بەرانبەر نەبێت هەقی پێ دەدەن لەپێناو ئەوەی کە زوو باسەکە دابخرێت و زۆر قسە نەکرێت، بەڵام وریابن کاتێک کەسێک ڕایەکی هەیە ئەوە بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆیەتی بۆ ژیان، بۆیە دەبێت وریابیت کاتێک کەسێک ڕای خۆی دەڵێت ئەگەر تۆش ڕای خۆت نەڵێیت و بەرگری لە بیروباوەڕەکانت نەکەیت ئەوە سووکایەتیت بە هەموو حەز و بیرکردنەوە و بیروباوەڕەکانی خۆت کردووە.

زۆر گرنگی بە ڕواڵەت دەدەن

ئەم کەسانە زۆر گرنگی بە ڕواڵەت و شێوازی دەرکەوتنیان دەدەن، بەردەوام ئارایشت دەکەن بۆ هەموو جێگایەک و لەبەردەم ئاوێنە دەبن و سەیری خۆیان دەکەن، پاکوخاوێنی و جوان دەرکەوتن بۆ هەموو کەسێک گرنگە بەڵام دەبێت زیاد لە پێویست نەبێت و بۆ هەر جێیەک جلی تایبەت بەو شوێنە بپۆشیت.

ڕەخنە قبووڵ ناکەن

کەسانێکن کە بەگشتی ڕەخنە قبووڵ ناکەن، کاتێک کەسێک ڕەخنەت لێ دەگرێت هەڵبەتە بەمەرجێک کە ڕەچاوی شێوازی ڕەخنە گرتنی کردبێت، یەکێک لە نیشانەکانی کەمی متمانە بەخۆبوون ئەوەیە کە کاتێک ڕەخنەیەکت لێ دەگیرێت بەخێرایی زوویر دەبیت و بەرهەڵستی دەکەیت و تووڕە دەبیت.

لە باسکردنی بیروباوەڕی خۆیان دەترسن

سەرەتا بیربکەرەوە و دواتر قسە بکە، ئەمە ڕێگای سەرکەوتنتە لە کاتی گفتوگۆکاندا، کاتێک لە قسەکانت دڵنیای و لە ئەنجامی قسەکە ناترسیت، پاشان ڕا و بیروباوەڕی خۆتت باسکرد بەهیچ شێوەیەک مەترسە و دڵەڕاوکێت نەبێت و متمانەت بە خۆت هەبێت.

بەخێرایی بیروباوەڕیان دەگۆڕن 

ئەو کەسانەی متمانەیەکی کەمیان بەخۆیان هەیە، هەرگیز بیروباوەڕێکی جێگیریان نییە و بەخێرایی بەپێی هەر بارودۆخێک بیروباوەڕی خۆیان دەگۆڕن، ئەم کەسانە توانای ئەوەیان نییە کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆیان بکەن.

وەڵامدانەوەی نەگونجاو

کاتێک وەسفێکیان دەکرێت لەجێی ئەوەی سوپاسی کەسی بەرانبەر بکەن وەڵامدانەوەیەکی نەگونجاو و ناشرینیان دەبێت، بەشێوەیەک دەردەکەوێت متمانەیەکی کەمیان بەخۆیان هەیە و پێیان شەرمە وەسف بکرێن، بۆ نموونە کاتێک بە کەسێک دەوترێت ئەم جلەت زۆر جوانە، لە وەڵامدا لەجێی سوپاسکردن دەڵێت، نا ئەمەم زۆر هەرزان کڕیووە.

بەخێرایی پاشەکشێ دەکەن

ئەو کەسانەی متمانەیەکی کەمیان بە خۆیان هەیە زوو پاشەکشێ دەکەن و هەوڵی تەواو نادەن بۆ ئامانجەکانیان، و کاتێک سەختییەک دێتە ڕێگایانەوە پەشیمان دەبنەوە.

بەراوردی خۆیان دەکەن بە کەسانی تر

یەکێکی تر لە نیشانەکان بەراوردکردنی خۆیانە بە کەسانی تر، بەتایبەت کەسە سەرکەوتووەکان، ئەم کەسانە لەجێی ئەوەی سەرنجیان لەسەر ئامانج و ڕێگای خۆیان بێت هەردەم بیریان لای ڕێگای کەسانی ترە و خەڵکییان لە خۆیان پێ باشترە، زۆر گرنگە تەنها بیر لە ئامانجی خۆت بکەیتەوە و هەوڵ بدەیت و خۆت بەراورد نەکەیت بە هیچ کەسێک.

بە چەماوەیی بە ڕێگادا دەڕۆن 

ئەو کەسانەی متمانەیەکی کەمیان هەیە بەخۆیان، کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن خۆیان دەچەمێننەوە و بەجۆرێک ڕێ دەکەن وەک بڵێی شەرم دەکەن و خۆیان پێ کەمە.

ڕوونکردنەوە دەدەن

کاتێک کارێک دەکەن ڕوونکردنەوەی بۆ دەدەن، ئەگەر بێت و کەسیش داوای ڕوونکردنەوەی نەکردبێت، ئەم کەسانە جیاوازی نییە بۆیان کارەکەیان هەڵە بێت یاخود دروست بۆ هەموو کارێکیان ڕوونکردنەوە دەدەن.

کەسانی تر تۆمەتبار دەکەن

لە ژیانیاندا هەموو هەڵەکان دەخەنە ئەستۆی کەسانی تر و ئەوان تاوانبار دەکەن، بەگشتی بۆ کارە هەڵەکانیان پاساو دەهێننەوە و دەیخەنە ئەستۆی ئەوانی تر خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، بەم ڕەفتارانە هەرگیز پێش ناکەون چونکە هەڵەی خۆیان قبووڵ ناکەن تاکوو هەوڵی چاککردن و دووبارە نەکردنەوەی بدەن.

شێوەیان وەک بەرگریکارێکە

شێوە و ڕواڵەتی دەرەوەی مرۆڤ کەسایەتی ئەو کەسە دەردەخات، ئەم کەسانە بەردەوام دەستیان بە سنگیانەوەیە و چەماونەتەوە بۆ خەڵک و شێوەیان وەک بەرگریکارێکە و جووڵەی جەستەیان نائاساییە و دەترسن.

چاوەڕێ دەکەن هەمووان لێیان ڕازی بن 

تەنانەت ئەگەر باشترین، جوانترین، سەرکەوتووترین، کەس بیت هێشتا چەند کەسێک هەن کە دژت دەوەستنەوە و تۆیان بەدڵ نابێت، هەربۆیە ئەمە زۆر ئاساییە، و ئەو کەسانەی متمانەیان بە خۆیان کەمە چاوەڕێ دەکەن هەمووان لێی ڕازی بن و بەرگەی ڕەخنە ناگرن.

چێژ لە بردنەوەکانیان نابینن

ئەم کەسانە ئەگەر بێت و لە بەشێکی ژیانیشیان سەرکەوتووبن و بیبەنەوە هێشتا چێژی لێ نابینن و دەیبەسنەوە بە شەنس و پێیان وایە کە تەنها هەلێک بووە بۆیان و شەنسیان هەبووە و جارێکی تر ئەمە نایەتەوە پێشیان.

لە گۆڕانکاری دەترسن

هەموو کەسێک پێویستە گۆانکاری بکات لە ژیانیدا، ئەم کەسانە لە گۆڕانکاری دەترسن و پێیان وایە ناتوانن ئەوە بکەن و بەسەریدا زاڵ ببن.

لە داهاتوو دەترسن

ئەم جۆرە کەسانە چێژ نابینن لە ژیانی ئێستایان و بەردەوام بیرییان لای داهاتووە و لێی دەترسن و هەردەم پێیان وایە داهاتوویەکی ترسناک چاوەڕێیانە.

ڕەشبینن

کەسانی ڕەشبین بەردەوام بۆڵە دەکەن و گلەییان لە هەموو بەشێکی ژیانی خۆیان و دنیا هەیە، ئەو کەسانەی لە ژیانیاندا متمانەیەکی کەمیان بەخۆیان هەیە، بەردەوام ڕەشبینن لە هەموو بارودۆخێکدا تەنانەت ئەگەریش ڕووداوێکی خۆشیش ڕووبدات،
و ئەم ڕەشبینییە دەگوازنەوە بۆ کەسانی دەوروبەریشیان، بەجۆرێک ئەگەر هاوڕێیەکت هەیە کە متمانەی بەخۆی کەمە هەوڵبدە یارمەتی بدەیت، ئەگەر نەیویست لێی دووربکەوەرەوە تاکوو کاریگەری نەخاتە سەر تۆش.


سەرچاوەکان



2077 بینین