ناوهڕۆك
تڕۆکردنی منداڵ
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە تڕۆکردنی منداڵ، بە واتایەکی دیکە، هەندێ دایک و باوک، منداڵەکانیان لە ناو خەڵک و دۆست و هاوڕێکانیاندا سووک و تڕۆ دەکەن، ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- پەنگخواردنەوەی ڕق و کینە لە ناخ و دەروونیاندا.
- هەبوونی هەستی تۆڵەسەندنەوە.
- هەبوونی توندوتیژی جەستەیی.
- نەبوونی پلان و بەرنامەڕێژی.
- بێکاری و هەژاری.
- بە چاوێکی کەم سەیرکردنی منداڵ.
- ئاشنا نەبوون بە مافەکانی منداڵ.
- فرە منداڵی.
- سەقاڵی و پڕکاری.
- بەهەڵە سەرەدەریکردن لەگەڵ منداڵ.
- ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
- فشارە دەروونی، ژیری، خێزانی، کۆمەڵایەتییەکان.
- نەبوونی توانای خۆ کۆنترۆڵکردن و، پەنا بردن بۆ توندوتیژی و شەڕەنگێزی.
- هەبوونی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی، وەک: دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
- ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان.
- کێشە ئابوورییەکان.
- کێشە کەسۆکی و خێزانییەکان.
- چاولێکەری.
- لاساری و دەستنەخۆشی منداڵ.
زیانەکانی ئەم هەڵەیە
ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک هەڵەی خۆیان ڕاست نەکەنەوە و بەردەوام بن لەسەر تڕۆکردنی منداڵ، ئەوا منداڵ، ڕووبەڕووی زەرەر و زیانێکی زۆر دەبێتەوە، کە لەم چەند خاڵەدا چڕ دەکەینەوە:
- منداڵ هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.
- مندال ناتوانێ گەشە بە توانا زەینی و هزری و زانستی و جەستەیی و ژیرییەکانی خۆی بدات.
- لە بەهرەکانی بێبەش دەبێت.
- خەڵک بە چاوێکی کەم سەیری دەکات.
- دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.،
- بڕوا و متمانەی بە خۆی نامێنێ.
- لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
- بە لاڕێدا دەچێت و دووچاری لاساری و یاخیبوون دەبێ.
- دایک و باوک و کۆمەلگەی بە گشتی لە بەهرە و تواناکانی بێبەش دەبن و دەبێتە بار بەسەر شانیانەوە.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
پێویستە دایک و باوک واز لە تڕۆکردنی منداڵ بهێنن، بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستەش، پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:
- وەک مرۆڤ سەیری منداڵ بکەن، مرۆڤیش خاوەن ڕێز و بەها و شکۆمەندییە.
- مافە ماددی و مەحنەوییەکانی منداڵ بپارێزن.
- ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی منداڵ بگرن.
- لە پێش چاوی خەڵک و هەڤاڵانی نەیشکێننەوە و تەریقی نەکەنەوە.
- خۆیان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەدوور بگرن.
- دادپەروەری لە نێوان منداڵەکانیان بەرپا بکەن.
- لە کاتی کێشە و قەیرانەکاندا، دان بە خۆیاندا بگرن.
- ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
- چاو لە کەسانی نەزان و نەفام نەکەن.
- کێشەکانیان بە گفتوگۆ و دان و ستاندن چارەسەر بکەن.
- لە کاتی پێویست سەردانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بکەن.
- سۆز و خۆشەویستی خۆیان بە منداڵ ببەخشن.
سەرچاوەکان
915 بینین